کێ دەتوانێت کێ تەکفیر بکات؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2022-08-24

بوونی تەفسیری جیاواز و تەنانەت تا ڕادەی لێکدانەوی دژیەک بۆ دەقی دینی "بەتایبەتی ئەو دەقانەی لەدەوری معریفە و شوناسی دینی دەسوڕێنەوە" بەڵگەی ئەوەیە کە دەقی دینی خۆی لەخۆیدا قسە ناکات و بێدەنگە، ڕاستە دەقی دینی بێ زمان نییە بەڵام بە دڵنیایی بێدەنگە، ئەوەی کۆدەکانی ئەم بێدەنگییەی دەشکێنێت ئێمەین، بەئەندازە دواندنەکانی ئێمە ئەویش دێتە گۆ.  

دینێکی وەک دینی ئیسلام هەر لەبنەڕەتەوە خودی دەقەکانی فیرقەپەوەر و جیاوازی پەروەرن. خراپترین تەفسیرێک کە بشێت بۆ ئەم دەقە فیرقەپەروەرە بکرێت تەفسیرێکی مێژوویی تاک فیرقەییە بۆ دین، گەوڕەترین هەڵەی تەفسیری مێژوویی بۆ دەق لەوێدایە کە یەک مێژوو و یەک جۆر کۆمەڵگای قەبوڵە و دەیەوێت ئەو جۆرە لە کلتوری دینی تەعمیم بکات بەسەر هەموو مێژ و کۆمەڵگەکاندا، لە سادەترین مانایدا هەموو هەوڵێکی بۆ گەڕاندنەوەی دین و شوناسەکەیەتی  بەنێو ئەو هەموو شیو و دۆڵەی پەرەسەندن و ئینتەگرەیشنە کلتوورییەی کە دینی پێدا تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ." دەقیق وەک ئەوەی سەلەفی و وەهابییەکان دەیکەن".  دەیەوێت جارێکی دیکە ئەم شەرابە بکاتەوە بە بەرسیلە.

 دەق بەتەنها خودی خۆی قسە ناکات، کەسی موفەسیریش هاوکات لەڕێگای دەقەوە قسە دەکات. هەندێ جار بە گوێرەی پێودانگەکانی دەق و هەندێ جاری دیکەش بە بێ گوێدانە ئەو یاسایانەی کە دق بۆ موفەسیرەکەی دادەنێت کەسی موفەسیر لێیەوە قسە دەکات. ئەمڕۆ لە جیهاندا ئێمە دینێکی ئۆرجیناڵمان نییە، ئەوەی هەیە فەهم و تەفسیری دەقی دینییە.  دەیان جۆری تەفسیری دینی هەن ئەمڕۆ بوونەتە دەق و مامەڵەی دەقی دینییان لەتەکدا دەکرێت.  لە هەندێ جۆری تەفسیری دینیدا سوڵتانیەتی موفەسیر و  تەفسیرەکەی بەجۆرێک زاڵ بووە، بەئاستەم لەگەڵ دەقە دینییەکەدا لێک جیادەکرێنەوە.

تەفسیری دینی بوارێکە زیاتر پەنجە لەگەڵ ئیعتیقاد و مەعریفەی دینیدا نەرم دەکات، هەندێ جار تا ئاستی شەعائیرەکانیش درێژ دەبێتەوە. ئەم باسە زیاد لە پێویست و لەسەر حیسابی ئیمانی دینی تا دێ قەڵە و قەڵەوتر دەکرێت، بەجۆرێک هەندێ جۆری تەفسیری دینی  تەنانەت هەندێ جۆری ئیجتیهادی فیقهیش بوونەتە جێگرەوەی دەقی ئۆرجیناڵی دینی و لادان لێیان وەک لادان لە ئیمانی دینی چاوی لێدەکرێت. هەربۆیە مەسائیلەکانی تەکفیر وا بەسانایی ڕۆژانە لەسەر مینبەری هەندێ بەدحاڵی و  کەم حاڵییەوە تەخشان و پەخشان دەکرێن و وەک نوقڵی بەرات دابەش دەکرێن بەسەر نەیارانی جۆرێک لە تەفسیری دینی و ئیجتیهادی فیقهیدا. ئەمە لەکاتێکدایە کوفر سەر بە جیهانبینی ئیمانی دینییە و لەبەرامبەر ئیمانی دینیدایە نەوەک شەعائیر و مەعریفە دینییەکان. کوفر پێچەوانەی ئیمانی دینییە نەوەک پێچەوانەی مەعریفەی دینی و شەعائیری دینی، واتە وەک ئەویش دۆخێکی وجودیی و کەسییە، مرۆڤ خۆی و بەویستی خۆی تێیدەکەوێت نەوەک پێویستیی بە دەستگیرۆیی کەسێک هەبێت بیباتە ناوییەوە.