تەنها یەک هەفتە بگەڕێوە

سەردار قادر

2023-05-22

داوایەکە، نزایەکە، قەدەرێکە، تەنها یەک هەفتە بگەڕێوە! بگەڕێوە، کۆڵێک گرێ کوێرە هەیە و ناکرێتەوە بەکەسمان، کۆمەڵێک برین هەیە و ساڕێژ نابێت، کۆمەڵێک دەرد هەیەو دەواکەی لای ئێمە لای هزری ئێمە، وای ئەبینین لای خۆت بێت.
بگەڕێوە تەنها بۆ هەفتەیەک، لە گردەکە حاڵ پەرێشانە، کێشەی دنیا هەیە و هەموو باسی لێ ئەکات، کەسیش بڕیاری پێنادرێت.
وەک جارانی خۆت بڕیار بدە چی بکەین و چی ئەکرێت.
بگەڕێوە کاک نەوشیروان تەنها هەفتەیەک!
یەکەم شت کەسمان بێزارت ناکەین، تەنها وەک جاران کاک ئیسماعیل بانگ بکە، پاکەتە جگەرەکەت بۆ بهێنێ، هەندێک دوکەڵ لە ژورەکەی خۆت بێت و بڕوات.
ئامانج وەک جاران بەخۆیی و چاکەوە بێت وماوەیەک بە هێمنی سەیری گوڵ و دارەکان بکە، ئەزانم خەمت بوو بێ خزمەت بن.
بگەڕێوە تەنها چەند کۆبوونەوەیەک بکە، سەرت نایەشێنین، گرێکوێرەکان دەخەینە بەردەمت، کەسمان خۆمان ناکەین بە قارەمان، کەسیشـمان گلەیی ناکەین، تەنها گرفتی گۆڕان و کێشەی ناوخۆمان ، شار و ووڵات  ئەخەینە بەردەمت.
بەهێمنی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی لە هۆڵەکەی جاران ببینە و زانیارییەکان بخەنە بەردەستت، دوای ئەوە سەرێک لە کتێبخانەکەی کۆمپانیای ووشە بدە، لەگەڵ نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەی عەلی ناجی، ئەزانم خەمی کتێبخانەکەتە، ببینە دەمێکە کەس بەلایدا نەچووە!
کەمن ئەوانەی خەمی کتێب و نوسراوەکانیان هەیە، جەماوەر بە خەمەوە وەزعەکەت بۆ باس ئەکات.
لەو نێوانەدا پرسیاری قەرزو قۆڵەی گۆڕان دەکەیت، سەیرێکی داهات و کۆمەک ئەکەی لە پلەدار و ئەندام پەرلەمانەکان کە چەند هاوکاری دارایی گۆڕان دەکەن! جگەرەیەکی تری ئەوێت و خەم داتئەگرێت.
وەک جارانێک هاوڕێکانی خۆت بانگ ئەکەی بە یادی سەرەتا بارودۆخەکە روون ئەکەیتەوە، ئەوانیش هەریەک بەشێوازێک رای خۆیان دەرئەبڕن، لە نێوان رازی و نارازی خەندەیەک ئەتگرێت و زاراواکەت پێ نوێ ئەبێت.
پرسیار ئەکەی چیتان کرد بۆ رێککەوتنی دەباشان؟
پرسیار لە پڕۆسەی چاکسازی ئەکەی؟ گەیشتنە چی؟ ماون لە حکومەتی هەرێم و خۆجێیی؟ دوای ئەوە وەک جارانی دوو قسەی خۆشی ناوشارت بۆ ئەگێڕینەوە.
باسێکی موڵک و ماڵ و تاپۆی گردەکەو بۆ باس ئەکرێت!
باسێکی کورسیەکانی پەرلەمان ئەکرێت کە لە عێراق قاچی کورسییەکمان نەهێنا.
لێت ئەپرسین کوا نامەکەی ناردت بۆ لیژنەکەی سێشەممان کۆئەبوینەوە لە کاتی نەخۆش بوونت هەموو بێ دەنگ ئەبن! لێژنەی راوێژیان ناونرا.
ئیتر بە هێمنی ئەڵێی هەفتەی ناوێت، من داوای لێبوردنتان لێئەکەم هەندێک گرفت لەو گرفتانە هۆکارەکەی خۆمم ئەبوایە وا جێم نەهێشتایە، گرفتەکانی تر، ئێوەش بە هەمووتان بە مناڵەکانم و هاوڕێکانم و بەگەنجەکانیشەوە بەرپرسن.
ئەوەی وونە خەڵک و دەنگدەری ئەم بزاوتە بوو، حەقیانە سزامان بدەن، بە بەردەوامی.