"هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوڕیانی بەرژەوەندیەکانی پارتی و یەکێتیدا"

کاروان مەحمود حاجی

2023-05-29

 پرۆسەی نەوتی لەهەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای هاتنی (داعش)، گەورەترین دەستکەوتی مێژوی کورد بوو ! بەڵام کەپارەکەی لەلایەن سەرانی دوو بنەماڵە و دوو حیزبی حوکمڕانەوە ئەدزرا، بوبەگەورەترین بەڵا بۆ ئێستا و ئایندەی کورد .

گەر پارەی نەوتی ئەو خەڵکەی هەرێمی کوردستان نەدزرایە، پانزە ساڵ زۆر بوو، کوردستانیان بکردایە بەهەرێمێکی پێشکەوتوی بوارەکانی ئابوری، ئاوەدانی، ئەمنی، ئازادی و دیموکراسی، دەخلی ساڵانەی تاکی کوردیان بەرزکردایەتەوە، لەجیاتی داگیرکردن و تاڵانی موڵکی گشتی و برەویان بەو کەرتە بدایە بەتایبەت لەبوارەکانی خوێندن و تەندروستی ، بیمەی ژیان و بیمەی موڵک و ماڵیان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمەکە دابینبکردایە، هێزێکی تۆکمەی پێشمەرگەی نیشتیمانیان بۆ پارێزگاری هەرێمەکە دروستبکردایە .... بەدڵنیاییەوە گەر وابا گەلی کورد لەهەمو کونجێکی دنیاوە بۆ پارێزگاریکردن لەو هەرێمە ئامادەی گیانفیدایی ئەبوو، هیچ کوردێکیش سازش و تەسلیمبونی بۆکەس قەبوڵ نەئەکرد .

ئەگەر ماڵی مەسولەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، خاوەنی هێزی تایبەت بەخۆیان و کەناڵی راگەیاندنی تایبەت و کۆمپانیای تایبەت بەخۆیان نەبونایە، گەمژە و نەزانیان نەخستایەتە جومگەکانی بەڕێوەبردنی کاری فکر و سیاسەت و رێکخراوەیی، جاشیان نەکردایە بەباش و باشیش بەجاش ... کورد توشی ئەو خود نەفرەتیە نەدەبوو ، ئەو رقەی لەخۆیو نیشتیمان و مێژووەکەی نەدەبۆوە ! تۆوی ئەو رقە بەپلان و پیلان لەناخی کوردا چێنرا.

گەر وانەبا کەس زاتی ئەوەی نەدەکرد وەک نوێنەری هەڵبژێردراوی کورد دەنگ بەلاوازکردنی پێگەی هەرێم لەبەغدا بدات . دەستوری عێراق لەوپەڕی هێزی کورد و لاوازی ئەوانیترا نوسراوەتەوە، ماف و ئیمتیازی زۆری بۆ گەلی کوردستان و ئەو پارێزگایانە دەستەبەر کردوە کەلەهەرێمێکدا، رێکخراون، مافی بڕیار و نوسینەوەی دەستوری تایبەت بەخۆیان، دروستکردنی هێزی نیشتیمانی تایبەت بۆ پارێزگاریکردن و فەرزیشی کردوە کەبەپێی سەرژمێری دانیشتوان میزانیەی تایبەت بەخۆی لەناوەندەوە بۆ دابینبکرێت .

دەکرێت پابەندی دەستوری عێراق و دید و روانینێکی جیاوازتر لەو پۆخڵەواتەی پارتی و یەکێتی ببین، ئاخر ئەوان گەر ئامانجیان دروستکردنی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز بوایە لەعێراقا ئەبوایە لای کەمی لەو سێ بەندە دەستوریە ( کەلەدەستی خۆیاندا بوە ) یەکێکیان جێبەجێبکردایە . جگەلەوەش دەستوری عێراق مافی داوە بەدانیشتوانی هەر پارێزگایەکی عێراق، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، کەبتوانن بەدەنگی زۆرینە هەرێمێکی سەربەخۆ بەهەمو ئیمتیاز و مافە دەستورییەکانەوە دروستبکەن .

ئێمە چەند هاوڕێیەک پرۆژەیەکمان بۆ ( بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی ) نوسی، کاری باشمان بۆ کرد، بەڵام دواجار بنکە و بارەگاکەیان بەتۆپزی پێچاینەوە، ئێمەش ( لاحول ولا قوە ) کارەکەمان لەبەغدا کەوتە نێو ململانێی هێزە عێراقیەکان و دیسانەوە یەکێتی و پارتیەوە . دەسەڵاتدارانی یەکێتی، هەرکات لەسەر پلەوپۆست و پارە لەگەڵ پارتی رێکنەکەون هەرەشەی رێکەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ بەغدا ئەکەن بەمەبەستی وەرگرتنی میزانیەی پارێزگای سلێمانی بەڵام هەرگیز جورئەتی باسکردنی هەرێمی سلێمانیان نیە چونکە لەبنەڕەتدا، کارەکەیان بۆ موزایەدە و بەدەستخستی ئیمتیازاتی زیاترە لە هەولێر، دەنا وەرگرتنی موچەی فەرمانەرانی پارێزگای سلێمانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکێتی و تەنانەت پارلزگارەکەشیەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوری نیە . ئەگەر راستدەکەن و لەخەمی غەدری پارێزگای سلێمانیدان بارون و ئاشکرا لەحکومەتی هەرێم بکشێنەوە و تەبەنی پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی بکەن کەهەمو رێکارێکی یاسایی خۆی بڕیوە و بەدەست نوێنەرەکانی پارتی و یەکێتیەوە لەبەغدا گیریخواردوە .