بەرگی پێنجەمی کتێبەکەی بارزانی 

ئەبوبەکر عەلی

2022-08-26

چەند سەرنجێکی ڕەخنەیی

لە ڕۆژانی پێشوودا بەرگی پێنجەمی کتێبەکەی بارزانی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)چاپ و بڵاوکرایەوە. کتێبەکە باس لە قۆناغی ھەستیار و پڕ کێشمەکێش و شەڕی نەوەدەکان تا ٢٠٠٢ دەکات. بەش بەحاڵی خۆم وەك چاودێر و بیرکەرەوەو توێژەرێکی بواری ناسیونالیزمی کوردی و کێشەکانی، بە گیانێکی ناسیۆنالیستانەی کوردستانییەوە، بە سەرنجەوە کتێبەکەم خوێندەوە. کتێبەکە لە سۆنگەی، جۆراوجۆری بابەتەکانی، ھەستیاری ئەو قۆناغەی باسی دەکاو جۆری ھەڵسەنگاندنی مێژوو ئەو حوکمانەی بەسەر ڕووداو و کاراکتەرەکاندا داویەتی، خوێندنەوەی جۆراوجۆر ھەڵدەگرێت، بۆیە ئەوەی ئێمە لێرەدا دەربارەی کتێبەکە دەیخەینەڕوو، لە چەند سەرنجێکی گشتی و ڕەخنەیی بەرایی تێپەڕ ناکات.

یەکەم/ چەند سەرنجێکی گشتی: دەتوانین لەم ڕووەوە ئاماژە بە ھەندێ خاڵ بکەین، لەوانەش:

١- نوسینی کتێبەکە بە کارێکی باش دەزانم. بەحوکمی بوونی کۆمەڵێ زانیاری و کۆنوسی دانیشتنەکان وبەڵگەنامەی جۆراوجۆرتیایدا، کە پێویستیی  ھەر سیاسەتمەدار و کەس و ناوەندێكن، ھەڵسەنگاندن وبەرەنجامگیری و لێکۆڵینەوە، دەربارەی ئەم قۆناغە ھەستیارەی مێژووی گەلەکەمان لە باشور و کێشەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی و ھەڵوێستی لایەنەکان و دەوڵەتان و زۆر شتی تر بکەن،ئەمەجگەلەوەی کەنوسەری کتێبەکەو حیزبەکەی لایەنێکی سەرەکی خوڵقاندنی ڕوداوەکان و ململانێ وشەرەکان بوون، کتێبەکەش بەگشتی نیشاندان و خستنەڕووی باری سەرنج و تێڕوانین و ھەڵسەنگاندنی پارتی و بارزانیە بۆ ڕووداوەکان.

٢- بە گشتی کتێبەکە بە کوردییەکی ڕەوان و بێ گرێوگۆڵ نوسراوە.

٣- بە شێوەیەکی گشتی نوسەر توانیویەتی باری سەرنج و ھەڵوێستی خۆی و حیزبەکەی دەربارەی ئەو بڕگە مێژووییەو ڕووداوەکانی ناوی بخاتەڕوو لە دیدی خۆیانەوە بەرگریان لێبکات.

٤- دابەشکردنی فەسڵ و بەشەکان بە گشتی باشن لەگەڵ ھەندێ وردە سەرنج کە زۆر کار ناکەنە سەر پەیکەری دابەشکردنەکە.

دووەم/ سەرنجە ڕەخنییەکان: لەم ڕووەوە ئاماژەیەکی سەرەتایی و کورت بەم چەند خاڵەی خوارەوە دەکەین:

١-  کتێبەکە، ھەندێ حوکمدانی بەسەر ھەڵوێست و کەس لایەنەکاندا تیێدایە، بەبڕوای ئێمە گەر نەبوونایە بۆ کتێبەکەو نوسەرەکەشی باشتر دەبوو، لە وێنەی: وێناکردنی بەرامبەری سیاسی بە نابەرپرس، پیلانگێڕ، بێ شەرم، لە خوا نەترس. یاخود وەسفی ھەندێ ڕووداو لەوانەش؛ تەقینەوەکەی زاخۆ بە پەڵەیەکی ڕەشی وا بە ھیچ شتێ لانەچێ. دەربارەی پەکەکەش زۆرتر.

٢- نوسینی ھەندێ بڕگەو گێڕانەوەی ھەندێ ڕووداو بە ھەست و ھەڵچونێکی ھاوشێوەی کات و ساتی ڕوودانی ڕووداوەکان و گیانی نوسینی بەیاننامەی سەربازی و ئاڕاستەکردنی جەنگی دەرونی و پڕوپاگەندە دژ بە لایەنی بەرامبەر. ھاووێنەی:  پێشمەرگەکان داستانێکی گەورەیان تۆمارکرد! ل٢٧٥،  شەھید بوون و گەیشتنە کاروانی نەمران، نەیارە شەڕ فرۆشەکان، بە زیانی پیلانگێڕان تەواوبوو ل٣٥٣، کاتێك مرۆڤ لە خوا نەترسێت و شەرم لە خەڵك نەکات ل٣٥٩، ھەتا ھەتایە وەك خاڵێکی ڕەش بەنێو چەوانی دەمێنێتەوە .. ھتد.

٣-  بوونی ئاستێك لە دژبەیەکی و ناڕوونی لە دەستنیشانکردنی سروشت و ناسنامەی شەڕی ناوخۆ بەمجۆرەی خوارەوە:

أ-نوسەر لە زیاد لە شوێنێکی کتێبەکەیدا شەڕی ناوخۆی ناوناوە بە شەڕی خۆکوژی، ھەروەھا بە لاپەرەیەکی ڕەش و قۆناغێکی تاریك لەمێژووی ھاوچەرخی کوردستان وەسفی دەکات ل٥١٧. لە سلێماییش لە ساڵی ٢٠٠٢ لەسەر ئەم شەڕە داوای لێبوردنی لە گەلی کوردستان کردووە ل٤٩٨. لە شوێنێکیشدا کوژراوانی ھەردوو لا بە خەسارەتی نیشتیمانی و شەھید و ڕۆڵەی تێکۆشەری گەل وەسف دەکات ل٣٧٠. کەچی لەولاوە بە شەڕی بەرگری لە شەرعییەتی لەقەڵەم دەدات! لا٢٦١. کەپێچەوانەی ھەموو ئەو وەسفانەی پێشەوەیە.  چونکە وەسفەکانی پێشوو ھیچ پەیام و وەزیفەیەکی فیکری و ئەخلاقی و سیاسی لە ئاستە نیشتیمانییەکەو شانازی پێوەکردنێك بۆ شەڕەکە ناھێڵێتەوە، لە ھەموو ئامانجێکی سیاسی- نیشتیمانی دایدەڕنێت.

 لە ڕوویەکی ترەوە، بەمانا نیشتیمانییەکەو پێوەرەکانی ناسیونالیزم، کوژراوەکانی شەڕێکی لەو جۆرە نابن بە شەھید و ئەو نازناوەیان بەسەردا نابڕرێت، بەڵکو بە قوربانی ناودەبرێن. لەبەر ئەوەی شەھید بە مانا نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی کەسێکە  لە سەنگەری ڕزگاری و بەرگریکردن لە گەل و نیشتیمانەکەیدا   گیانی بەخت دەکات، نەك لە شەڕێکی ناوخۆیی خۆکوژی عەبەسیدا، کە لە ئەلفییەوە تا یای دژ بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و گەل و وڵات بێت و بڕژێتە خانەی بەرژەوەندی دوژمن و ناحەزانی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە. یەکێ لەو ھۆکارانەی ناوەرۆکی چەمکی شەھیدیشی لە فەرھەنگی ناسیۆنالیزمی کوردیدا شێواند ئەم بەکارھێنانە حیزبییە بەرتەسك و تێکەڵکردنە نادروستە بوو. ھەڵبەت ئەمە پەیوەندی بە قەرەبووکردنەوەو موچەی کەس و کارو خێزانەکانیانەوە نیە، کە دەکرا بە یاسایەکی جیاوازی تایبەت بە قوربانیانی شەڕی ناوخۆ ئەو مەسەلە چارەسەر بکرابا.

ب- پشتگوێخستنی ھەوڵی ھەندێ کەس و لایەن لە نمونەی:
. فەرامۆشکردنی نزیکەی سەرجەم ھەوڵە ناوخۆییەکان بە مەبەستی کۆتاییھێنان بە شەڕی ناوخۆ، ھەر لە لیژنەی ئاشتی و برایەتیەوە بگرە تا حەڤدە حیزبەکەو حەوت حیزبەکەو.. ھتد جگە لە مامۆستا عەزیز محمد!.
. نیمچە فەرامۆشکردنی باسوخواسی ئیسلامییەکان بە چەکدار و بێ چەکەوە.

٤- بوونی ھەندێ پچڕان و بۆشایی و چاوپۆشین لە گێرانەوەی ھەندێ پێشھات و ڕووداو و ھەڵوێست و ئاریشە، لە وێنەی بوونی ناڕەزاییبوونێکی حیزبی و جەماوەری زۆر لە دھۆك و ھەولێر ل٤٢٦، کەچی نوسەر لەسەری نەوەستاوەو ھیچی لە بارەیەوە نەخستۆتەڕوو؟! لە وێنەی ئاماژەکردن بە سروشتی ناڕەزایەتیەکان، چۆن بوون؟ لەسەر چی بوون؟ چی کرا؟ لە ھەندێ شوێنی تری کتێبەکەدا ھەست بە ھەندێ پچڕان و بۆشایی تر دەکرێت کە بە بڕوای ئێمە پێویستیان بە تۆمارکردن ھەبوو کە لێرەدا پێویست بە درێژەپێدانی زیاتر لەم ڕووەوە ناکات.