چۆن لە جوڵەکانی ئەم دواییەی سەدر تێبگەین

د.ئارام ڕەفعەت

2022-08-30

رۆژی دوو شەممە سەدر بڕیاری وازهێنانی لەسیاسەت راگەیاند. ئەمەش دەبێتە پێنجەمین جار کە سەدر بڕیاری وازهێنان لە سیاسەت دەدات. بەڵام بڕیارەکەی ئەم جارەی سەدر لەجارەکانی تری جیاواز بوو، لەبەر دوو هۆکار. 
یەکەم، بانگەشەی وازهێنانی لەسیاسەت راستەوخۆ دوای وازهێنانی ئایەتوڵا کازم ئەلحائیری لە مەرجەعێتی دا هات.
دووەم، وازهێنانی ئەمجارەی سەدر شەڕی ناوخۆی شیعەی لێکەوتەوە. 

وازهێنانی ئەلحائیری چ کاریگەرییەکی لەسەر سەدر هەیە...؟

ئەلحائیری خوێندکاری ئایەتوڵا محەمەد باقر ئەلسەدر و لەسەر وەسێتی ئایەتوڵلا محەمەد سادق ئەلسەدر (باوکی موقتەدا) بۆتە مەرجەع. واتە ئەلحائیری جێنشینی هەردوو ئەلسەدرەکەیە. بەواتایەکی تر، موقتەدا و لایەنگرانی رەوتی ئەلسەدر موقەلیدی ئایەتوڵلا ئەلحائیرین. ئەم ئایەتوڵایەش جگە لەوەی چوارچێوە و عەبای شەرعی دەدا بە موقتەدا و رەوتەکەی لەهەمانکاتدا سەرچاوەی فیقهی و جیهانبینییە ئایینییەکەی رەوتی سەدر بوو.

وازهێنانی ئەلحائیری بەمانای لێسەندنەوەی ئەم چوارچێوە و عەبای شەرعییەتەیە و لەدەستدانی ئەم مەرجەعە فیقهی و جیهانبینییەیە.

بەڵام کاریگەری روخێنەرانەی وازهێنانی ئەلحائیری لەسەر سەدر و رەوتەکەی هەر لێرەدا ناوەستێت. 
ئەلحائیری دوو تایبەتمەندی تری تێدابوو کە وەک پارێزبەندبوون بۆ ئەلسەدر و بە نەمانی وەک مەرجەع بەمانای لەدەستدانی ئەو پارێزبەندییەن.

یەکەم، ئەلحائیری سەر بە ویلایەتی فیقهییە و ئەمەش گەورەترین جیاوازی نێوان مەرجەعی ئەلحائیری و مەرجەعی ئەلحەسبەی سیستانییە. لەم روانگەیەشەوە، بە بەراورد بە سیستانی، کەمەرجەعی حەشد و چوارچێوەی مالیکییە، ئەلحائیری لە ئێران و خەتی خومەینی-خامنەئیی نزیکترە (هەڵبەت لەهەندێک تەفاسیلدا روانگەی ویلایەتی فیقهی حائیری لە هی خومەینی-خامنەئی جیاوازە، بەڵام جیاوازییەکان هێندە کاریگەر نین). 

دووەم،هەر ئەوەی کە ئەلحائیری سەر بە هێڵی ویلایەتی فیقهییە، بەسە بۆ ئەوەی ئێران، لە پێناوی پاراستنیدا، ئەلحائیری لەقوم نیشتەجێ بکات. 
نیشتەجێبوونی ئەلحائیری لەقوم و بوونی لەسەر هەمان خەتی خومەینی هەمیشە شەفاعەت و پارێزبەندییەک بووە بۆ ئەلسەدر، تا ئێران لە سەرەرۆییەکانی چاوپۆشی بکات، ئەمەش نهێنی مانەوەی سەدر و هەوڵی تیرۆرنەکردن یان تەسفییە نەکردنی بوو. 

بە وازهێنانی ئەلحائیری، سەدر ئەم شەفاعەت و پارێزبەندییەی لەدەست دا.

گورزە کوشندەکە لە تەفاسیلی وازهێنانی ئەلحائیریدایە ، چونکە:
یەکەم، رەنگە ئەلحائیری یەکەم کەسایەتی شیعە بێت واز لەمەرجەع بێنێت و ئەم دیاردەیە نامۆیە بە میکانیزم و ئوسوڵی مەرجەع بوون.
دووەم، ئەلحائیری کە وازدێنێت جێنشینێک لە جێگای خۆی دانانێت، هەروەک چۆن سادق ئەلسەدر پێش کوژرانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەلحائیری وەک جێنشینی خۆی دیاری کردبوو.
سێیەم، ئەلحائیری فەرمان بە داخستنی سەرجەم نوسینگە و وەکیلەکانیشی دەکات، ئمەش بەمانای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی مەرجەعی ئەلسەدر دێت (هەرچەند لەرووی پێگەی ئایینییەوە موقتەدا موقتەدا موئەهەل نییە بۆ مەرجەع بوون، بەڵام ئەم رێگایەشی لێگرتەوە.
چوارەم، ئەلحائیری لەبەیاننامەی وازهێنانیدا بەراشکاوی موقتەدا سەدر لە مەرجەعی ئەلسەدر دەردەکات و وەک غەریب و نامۆ بەو مەرجەعە وێنای دەکات.
پێنجەم، لەهەمووی گرنگتر، ئەلحائیری مەرجەعەکەی خۆی تەسلیمی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، عەلی خامنەئی دەکات.

سەدر لەناو ئەم دۆخە دژوارەدا، کە لە وازهێنانی ئەلحائیری کەوتەوە، وەک موغامەرەیەکی خۆکوژانە و لەهەمان کاتیشدا وەک تاکە بەدیل، دەست بۆ کۆنترۆڵکردنی بەغدا و سەرجەم دام و دەزگا حوکومییەکانی عێڕاق و سڕینەوەی میلیشیا رکابەرەکانی دەبات.

سەدر لەم هەنگاوەیدا سەرکەوتوو نابێت. دواجار دێتە بەردەم کامیرەکان و فەرمانی پاشەکشەی لایەنگرانی دەکات و بڕیاری کۆتایی هێنان بە موغامەرە خۆکوژییەکەی دەدات.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا هەنگاوی داهاتووی سەدری بێ مەرجەع چی دەبێت و جاری شەشەمیش لە کام باردودۆخدا بڕیاری وازهێنان لە سیاسەت دەدات؟