باوکم بۆی گێڕامەوە 

ئاسۆس هەردی

2022-09-06

سەرنج: باوکم بەوپێیەی ئەدیب و نووسەر بوو و لە کایەی سیاسیشدا رۆلی هەبوو، تێکەڵاوی زۆرێک لە رووداوە سیاسی و کولتوورییەکانی سەردەمی خۆی بوو بوو. لە هەندێکیاندا خۆی بەشدار بوو بوو، شاهیدی زۆرێکی تریشیان بوو. 

گەلێکجار بەسەرهاتی ئەو رووداونەی بۆ دەگێڕاینەوە. لە هونەری گێڕانەوەشدا دەستێکی باڵای هەبوو. لەو چیرۆکانەوە بیگرە کە لە سەردەمی مناڵیماندا بۆی دەگێڕاینەوە، تا دەگاتە رووداوە کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. 

من لێرە بەدواوە هەوڵ دەدەم بەپێی دەرفەت و ئەوەندەی یادەوەریم هاوکارم بێت، هەندێک لەو رووداوانە بنووسمەوە کە لە خۆیم بیستووە. نەک هەر رووداوە مێژوویی و گرنگەکان، بەڵکو هەندێ رووداوی خۆش و ناخۆشی ژیانی رۆژانەش کە لای من سەرنجڕاکێش بوون و دەشێ دیوێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەمان بۆ ئاشکرا بکەن. بەوبۆنەیەوە کە ئەمڕۆ (٦ی ئەیلوول)، ٩٢ ساڵ بەسەر راپەڕینی بەردەرکی سەرای سلێمانیدا تێدەپەڕێ، جێگەی خۆیەتی گێڕانەوەی ئەو رووداوە لە زمانی باوکمەوە، بکەمە دەستپێکی ئەم زنجیرەیە. 
شەڕی بەردەرکی سەرا
هەردی بەپێی نفووس ساڵی ١٩٢٢ لەدایکبووە، بەڵام هەمیشە خۆی ئەیوت "بەپێی گێڕانەوەکانی دایکم بێ، ئەبێ ١٩٢١ لەدایک بووبم". واتە لە ٦ی ئەلوولی ١٩٣٠دا تەمەنی ٨-٩ ساڵ بووە. ٨-٩ ساڵی تەمەنێکە هێشتا ئادەمیزاد لە زۆر شت تێناگات، بەڵام زۆر شتی لەبیر ئەمێنێ، بەتایبەت ئەوانەی نائاسایین و جیاوازن لە رەوتی ئاسایی ژیانی رۆژانە، بەتیابەتتریش ئەو رووداوانەی راستەوخۆ بەر خۆی دەکەون. بێگومان راپەڕینی بەردەرکی سەرا یەکێکە لە رووداوانە.
وەک زانراوە شەڕی بەردەرکی سەرا بەو راپەڕینە دەوترێ کە لە ٦ی ئەلوولی ١٩٣٠دا لە شاری سلێمانی دژی رێکەوتننامەی نێوان بەریتانیاو عێراق کە لە مانگی ٦ی ١٩٣٠دا ئیمزاکرا، سەریهەڵدا. رێکەوتننامەکە ئەگەرچی ئیمتیازو نفووزێکی زۆری سیاسی و ئەمنیی بۆ بەریتانیا مسۆگەر دەکرد، بەڵام عێراقیشی لە ژێر ئینتیدابی بەریتانی دەردەهێناو دەیکردە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی کە بتوانێ ببێتە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان. 

بڵاوبوونەوەی ناوەرۆکی رێکەوتننامەکە نیگەرانی و ناڕەزاییەکی زۆری لە کوردستان لێکەوتەوە، چونکە لەو رێكەوتننامەیەدا بە هیچ شێوەیەک باسی خەڵکی کوردستان و مافەکانیان لە داهاتووی دەوڵەتی عێراقدا نەکرابوو. ئەمەیش پێچەوانەی بڕیارەکانی کۆمەڵەی گەلان و بەڵێنەکانی هەردوو لایەنی عێراقی و بەریتانی بوو سەبارەت بە زامنکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان. 
حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی نووری سەعید بڕیاری دابوو هەڵبژاردنێکی نوێ ساز بکرێت بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ بۆ پشتڕاستکردنەوەی رێکەوتننامەکە. لەو رۆژەدا کە بڕیار بوو قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردن لە سلێمانی بەڕێوە بچێت، خەڵک رژانە سەر شەقامەکان و بۆ ناڕەزایی دەربڕین روویان کردە بەردەرکی سەرای سلێمانی. دروشمە سەرەکییەکانی راپەڕینەکە رەتکردنەوەی رێکەوتننامەکەو داواکردنی سەربەخۆیی کوردستان بوو. گەلێک کەسایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیر لە رێکخستن و سەرکردایەتی کردنی خۆپیشاندانەکەدا رۆلیان هەبوو، لە پێش هەمووشیانەوە شاعیری نیشتمانپەروەر فایەق بێکەس. دەسەڵاتداران بە هێزی چەکدار پەلاماری خۆپیشاندانەکەیان داو خەڵکی راپەڕیویان خەڵتانی خوێن کرد. لە ئەنجامیشدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی شەهیدو بریندار بوون. زۆرینەی سەرکردەو رێکخەرانی ناڕەزایەتییەکەش لە زیندان توندکران. 

بڵاوبوونەوەی ناوەرۆکی رێکەوتننامەکە نیگەرانی و ناڕەزاییەکی زۆری لە کوردستان لێکەوتەوە، چونکە لەو رێكەوتننامەیەدا بە هیچ شێوەیەک باسی خەڵکی کوردستان و مافەکانیان لە داهاتووی دەوڵەتی عێراقدا نەکرابوو. ئەمەیش پێچەوانەی بڕیارەکانی کۆمەڵەی گەلان و بەڵێنەکانی هەردوو لایەنی عێراقی و بەریتانی بوو سەبارەت بە زامنکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان. 

باوکم ئاوای بۆ گێڕامەوە:

"لە پشووی هاویندا باوکم لەگەڵ خۆی ئەیبردم بۆ دووکانەکەی و بەردەستیم ئەکرد. ئەو سەرلەبەیانییەم بە باشی لەبیرە. وەک رۆژانی تر خەریکیئیش و کاری رۆژانە بووین. کتوپڕ فایەق بێکەس و چەند کەسێکی تر هاتنە بەردەم دووکانەکە. فایەق بێکەس بە باوکمی وت: 'حەسەن بەگ! دووکانەکەت داخە با بڕۆین، بە خەڵکی گوزەرەکەش بڵێ با دووکانەکانیان داخەن'. باوکم بێ دوودڵی وتی 'بەڵێ باشە'. هەستایە سەرپێ کەلوپەلەکانی بەردەستی کۆکردەوە. پاشان دەستی کردە ملی من و وتی: 'کوڕم تۆزێکی تر پاڵەوان دێت لەم ناوە یاری ئەکات. مناڵ ببینێ تووڕە ئەبێ'. ئینجا (عانەیەک)ی خستە دەستمەوەو وتی: 'هەر ئێستا بڕۆرەوە بۆ ماڵەوە. نەچی بۆ هیچ شوێنێکی ترو لە هیچ شوێنێکیش خۆت دوا نەخەیت. یەکسەر بۆ ماڵەوە'. 
عانەیەک بۆ ئەو سەردەمەو بۆ منداڵێکی وەک من زۆر بوو. زۆر بە دەگمەن پارەی وام وەرئەگرت. لە خۆشیی پارەکەو لە خۆشیی ئەوەیش کە ئەچوومە ماڵەوەو لە ئیشی دووکان رزگارم ئەبوو، هیچ بیرم لە قسەکانی باوکم نەکردەوە. هەر لەسەر رێگەی ماڵی خۆمان کۆلارەیەکم کڕی، ئیتر نەوەستام تا خۆم گەیاندە ماڵەوەو بۆ سەربان. خەریکی کۆلارە هەڵدان بووم. 

بەوپێیەی ماڵمان لە سەراوە نزیک بوو، جار جار گوێم لە هاوارو غەلبەغەلبێک ئەبوو، بەڵام باش لێیان تێ نەئەگەیشتم. بۆ نموونە بەر گوێم ئەکەوت خەڵکێک هاواریان ئەکرد: ' ئێمە کوردین کوردمان ئەوێ... نامانەوێ'! بەڵام من هەر سەرنجم لای کۆلارەکەی خۆم بوو. لەناکاو بوو بە تەقە. دەنگی تەقەکان رایانگرتم... هەر ئەوەندەم زانی دایکم بە پەلەپروزکێ هاتە سەربان . بە هاوارو گریانەوە پەلکێشی کردم بۆ خوارەوەو بە ڕاکردن بردمی بۆ پیرمەسوور. ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گەڕەک و دەوروبەریش پەنایان بۆ پیرمەسوور هێنابوو، بەو قەناعەتەی کە پیرمەسوور موبارەکە، خۆیان و منداڵەکانیان لە تەقەو بەڵای ئەو رۆژە ئەپارێزێ! دایکم بەدەم دوعاو نزاوە توند لە باوەشی گرتبووم، هەر دوعای بەسەردا ئەخوێندم. تا دۆخەکە بەتەواوی هێمن نەبۆوە نەگەڕاینەوە بۆ ماڵەوە... 
ئەگەرچی ئەو رۆژە تێنەئەگەیشتم چی روویداوە، خەڵک بۆ وا خرۆشاون و بۆ تەقەیان لێئەکەن، بەڵام دیمەنی ئەو رۆژەی فایەق بێکەس، دەنگی تەقەو شڵەژانی خەڵک بۆ هەمیشە لە یادەوەریمدا مانەوە."