کەی ئێمە هەین؟ کەینونەی کورد: بوون یا نەبوون؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2022-10-03

"وەک زەڕڕەیی بێ جیلوە نە مەوجود و نە مەعدووم"

ئەوەی لەڕابردوودا تاکی لەهەڕەشەی دەرەکیی دەپاراست خێزان بوو، ئەوەی خێزانی دەپاراست خێڵ و بەرەباب بوون. ئێمە ئێستا لەدونیایەکی تەواو جیاوازدا دەژین نە خێڵ و بەرەباب نە خێزان ناتوانن خۆشیان بپارێزن نەوەک خەڵک. ئەوەی لە دونیای نوێدا خەڵک دەپارێزێت تەنها و تەنها دروستبوونی مەنزومەیەکی وەک مەنزوومەی گەلە، گەلیش یا خۆی هەر هەبووە و ڕەگەکانی لە مێژوویەکی دوورەوە ئاو هەڵدەگۆزن بۆ لقەکانی، یان بەزەبری هێز یاخود چیرۆک و ئایدۆلۆژیایەکی گشتگیر درووست دەکرێن. " موستەفا کەمال ئاتاتورک گەلێکی بێ بنەچەی وەک گەلی تورکی بە هێزی چیرۆک و چیرۆکی هێز خستە سەر سکەی مێژوو، زمانی تورکیشی کردە زمانێکی باش بۆ نووسینی شیعر و گێڕانەوەی چیرۆک"

کوردی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ شتێک بەناوی هێز شک نابات، ڕەکیزەکانی هێز تا ئەندازەی سفر بوونەوە نەماون تیاماندا، بڕوای ناوەکییمان نە بەخۆمان هەیە نە بە بوونە دەرەکییەکەمان. زۆر تامەزرۆی ئەوەین دەرەوەی خۆمان لە پەراوێزی کتێبێک، لە هاوپێچی ڕۆژنامەیەک، یان لەپانێڵ و کۆنفرانسێکی دەستی چواری هەواڵگریی وڵاتێک باسمان بکات، خۆمان ناتوانین نە لەخۆمان تێبگەین نە باسی خۆمان بۆ دەرەوەی خۆمان بکەین. ئێمە دەقیقەن لە ئێستادا حیکایەتێکمان پێ نەماوە بۆ ئەوەی بیگێڕینەوە، بێ حیوار و بێ سیناریۆ لەسەر ستەیجی شانۆگەرییەکە سەردەخورێنین، جارناجارێک پاڵێکمان پێوە دەنرێت و لەسەر ستەیجەکە دەخرێینە خوارەوە و زرمەمان دێت، بەڵام دیسان بە دەست و پێیەکی شکەستەوە شەلەشەل بەهەمان بێ تفاقییەوە دەچینەوە سەر هەمان ستەیج بۆ ئەوەی هەمان رۆڵی هیچ ببینینەوە. هەشتا ساڵە ئەم بازنەیە خۆی دووبارە و سەدبارە دەکاتەوە. کاتێک میلەتێک بە بونبەستی حیکایەت دەگات و چیرۆکی پێنامێنێت بۆ گێڕانەوە، ئەوکاتە ئیدی وەک مردووی بەردەست مردووشۆرێک بێ ئیرادە و بێ هەڵوێست دەبێت و بەوجۆرەی مردوو شۆرکە دەیخوازێت فڕێدەدرێت و ڕاست و چەپی پێدەکرێت !

چیرۆک گەورەترین هۆکارێکە بۆ دروستبوون و مەیینی هەر گەلێک لەسەر ئەم ئەستێرەیە. یەکەمین بەردی بناغەی دروستبوونی گەلان  چیرۆکە. ئێمە چاوەڕێین چیرۆکەکەی ئێمە ئەمڕۆ خەڵکێکی دیکە بە ویست و ئیرادەی خۆی بیگێڕێتەوە. هەر ئەمەیە وادەکات هەمیشە بە سۆز بجوڵێینەوە، پێکەنین و گریانەکانمان کاتیی بن، وشەیەکمان نەبێت بۆ ماناکردنی وشەی "ستراتیژ". ئمەیە وایکدووە سیاسییەکانمان وەکهەرزەکارێکی عاشق دەربکەون لەبری ستراتیژ و پلان بە شیعر و پەخشان ئیکتیفا بکەن.

 لە مێژووی سێ هەزار ساڵەی خۆیدا کورد هێندەی ئەمڕۆ بێ هێز و بێ خود و زەبوون و بێ تفاق نەبووە! ئەم بێ هێزییەشی ڕەنگە هەڵگری مانای زۆر جیاواز و پڕ لە نهێنیی بێت بۆ قۆناخەکەی دوای خۆی، لانی کەم لە ئێستادا کەس ناتوانێت خوێندنەوەی بۆ بکات.

 

 

 گەل شتێک نییە وەک نەخشەی وڵاتێک بتوانیت لە گووڵ ماپ بیدۆزیتەوە، بوونەکەی بوونێکی ناوەکیی و ڕاستەقینەیە نەوەک مەجازیی و دروستکراو، گەلان بوونی خۆیان بە وزە و هێزەکانیان نیشانی دەرەوەی خۆیان دەدەن.هێز و وزەش شتێکی تەواو لەخۆ و ناوەکیین، پێکدادان و جوڵەی ئەتۆمەکانن لە قوڵایی ژیاندا، نە لاواز دەکرێن و نە تێکیشدەشکێندرێن. زەبری دەرەکیی ناتوانێت زۆر  گۆڕانکارییان تێدا بکات.

کورد وەک دیاردەیەکی پێناسەنەکراو هەمیشە لە نێو فەوزا ئاشوب و کەیئۆسدا هەست بە بوونی خۆی دەکات، تۆپەڵە مرۆڤێکی قەیرانە کەڵەکەبووەکانە. نە دەتوانێت لە قەیرانەکەی تێبگات نە چارەسەریشی پێیە بۆی. بەردەوام لە دەرفەت دەگەڕێت بۆ ئەوەی هەبێت، کە دەرفەتیشی بۆ دێتە پێشەوە بۆ ئەوەی هەبێت خۆی لێ نەبان دەکات، دەیسوتێنێت و لەدووی دەرفەتی دیکە دەگەڕێت، بەم جۆرە بەردەوام وەک مارو پەیژە لەبەردەم ژانەگەورەکانی بووندا  دەگەڕێتەوە هەمان خاڵی سەرەتای نەبوون "تەماشای شۆڕشی کوردی ، بڕیارەکانی 988، حوکمی زاتی، ڕێککەوتن لەگەڵ کەریم قاسم و پاشان پاشگەزبوونەوەی کورد لێی ، ڕیفراندۆم و ئابووری سەربەخۆ بکە"

 لە مێژووی سێ هەزار ساڵەی خۆیدا کورد هێندەی ئەمڕۆ بێ هێز و بێ خود و زەبوون و بێ تفاق نەبووە! ئەم بێ هێزییەشی ڕەنگە هەڵگری مانای زۆر جیاواز و پڕ لە نهێنیی بێت بۆ قۆناخەکەی دوای خۆی، لانی کەم لە ئێستادا کەس ناتوانێت خوێندنەوەی بۆ بکات.

کورد ئەمڕۆ نە دەوڵەمەندە نە هەژار، نە پارەدارە نە بێ پارەیە، نە واقیعییە نە خەون دەبینێت، نە فرۆشراوە نە کڕردراوە، لە لەشەڕە نە لە ئاشتییدایە، نە زاڵمە نە مەزڵوم، نە ئازادە نە داگیرکراو، نە خاکی هەیە نە بێ خاکە، نە سەروەریی هەیە نە بێ سەروەرییە، نە دیندارە نە بێدین، نە شوناسێکی سیاسیی و کلتووری هەیە نە بێ شوناس، نە خاوەن سیستمە نە بێ سیستم، نە کاپیتالیستە نە سۆسیالیست، کورد لە ئێستادا لە بێ دۆخییدایە، ئەو دۆخەی کوردی تێدایە زیاتر لە دۆخی سێیەم دەچێت، زەحمەتە بخرێتە نێو چوارچێوە و پێناسەیەکی زمانەوانیی و کلتووریی و سیاسیی و ئابووریی دیاریکراو کە ئەمڕۆ گەلانی دونیای پێهەڵدەسەنگێندرێت. کورد ئەمڕۆ لە دۆخێکدایە نە دەتوانێت ئانکارا هەڵبژێرێت نە تاران، نە هەولێر و نە بەغدا، نە ڕووسیا نە ئامریکا، نە دەتوانێت گەل بێت نە دەتوانێت گەل نەبێت. هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نەماوە.تەنانەت دەستێکیشی پێ نییە تا کەشف بێت. ئەم دۆخە زادەی ئەمڕۆ نییە، هەشتا ساڵە کورد هەوڵدەدات بۆ ئەوەی هەبێت و نەشبێت، ئەوەندەش پارەی پێ نەماوە وەک چەند ساڵی ڕابردوو بوونێکی دەرەکی و کاتیی و موزەیەف بۆخۆی دروستبکات. هەموو ئەم هۆکارانە وا دەکەن موشەکوەشێنەکان وەک یەک نەبینین، لەبەر خاتری حەزێکی شەخسیی و گرێیەکی تاکەکەسیی مووشەکوەشێنێک بەنەفرەت بکەین و پۆستاڵی مووشەک وەشێنێکی دیکە بلێسینەوە.
هەرچەندە شیعر نابێتە گارەنتیکردنی لۆژیکی بیرکردنەوە، بەڵام ڕەنگە ئەم دێڕەی هێمن باشتر فریای مۆراڵی نووسینەکە بکەوێت:

شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە

نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم

ڕوو لەهەر لایە دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێژوان و کەونە لانی خۆم