کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
وتار
ڕۆڵی ئەتاتورک لەسەر جێبەجێنەکردنی پەیمانی سیڤەر
د. شێرکۆ کرمانج
2023-08-10
کاتێک قسە لەسەر ڕۆڵی ئەتاتورک و بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازی تورک دەکەین دەبێت ڕۆڵی یەکێتیی سۆڤییەت لە پشتیوانیکردنی ئەو بزوتنەوە نوێیە لەبیر نەکەین و لەو چوارچێوەیە شرۆڤەی ئەو کاریگەرییە خێرایەی بزوتنەوەکە بکەین لەسەر ڕووداوەکاندا، کە لەم بەشدا قسەوباسی لەسەر دەکرێت.
پێش مۆرکردنی پەیماننامەی سیڤەر، مستەفا کەمال، ئەفسەر لە سوپای عوسمانی، لە کۆتاییەکانی ١٩١٨ دوای هەڵوەشانەوەی سوپاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەستەمبوڵ و ژێردەستیی و داگیرکاریی وڵاتەکەی بە چاوی خۆی دەبینێت. لەو سەروبەندەدا، مستەفا کەمال بە فەرمانی سوڵتان دەچێت بۆ ئەنادۆڵ بۆ پشکنینی هێزەکانی سوپاکەیان بەپێی مەرجەکانی ئاگربەست. لەوێ وەک نوێنەری خەلیفەی عوسمانییەکان قسە بۆ خەڵک دەکات بەڵام دەڵێت خەلیفەی موسوڵمانان یەخسیری دەستی گاورەکانە لە ئەستەمبوڵ و دەبێت ئێمە ڕزگاری بکەین. مستەفا کەمال لە پێش و دوای چوونیشی بۆ ئەنادۆڵ لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی دیکەی سوپا قسەدەکات و بڕیاری خۆڕێکخستن و بەرەنگاربوونەوەی هێزی هاوپەیمانان دەدەن.
پێش گەیشتنی مستەفا کەمال، تورکەکان لە ئەنادۆڵ چەندین گروپ و ڕێکخراوی چەکدارییان دروست کردبوو، کاتێک ئەو دەگاتە ئەماسیا بە خەڵکەکە دەڵێت کە سوڵتان لە ئەستەمبوڵ ئەسیرە و نوێنەرایەتی گەلی تورک ناکات. مستەفا کەمال زوو دەچێت بۆ بارەگای جەنەڕاڵ کازم قەرەبەکر، فەرماندەی فەیلەقی پازدە، لە ئەرزڕۆم کە لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا نیشتەجێبوون و لەبەر پاشەکشەی ڕوسەکان کەم تا زۆر هێزەکانی وەک خۆی مابۆوە و ژمارەیان هەژدە هەزار سەربازێک دەبوو. جەنەڕاڵ قەرەبەکر هەموو هێزەکانی خۆی دەخاتە ژێر فەرماندەیی مستەفا کەمال، ئەمەش بە گرنگترین خاڵی وەرچەرخان دادەنرێت لە شەڕی سەربەخۆیی تورکیا.
مستەفا کەمال لە ئەرزڕۆم کۆنگرەیەک لە ٢٣ ی تەموز تا ٤ ی ئابی ١٩١٩ دەبەستێت، لە کۆنگرەکەدا دەستەی نوێنەرایەتی (هەیئەتی تەمسیلییە) ئەو وەک سەرۆکی دەستەکە هەڵدەبژێرن. کۆنگرە بڕیار لەسەر سنوورێکی نوێ بۆ دەوڵەتی عوسمانی دەدات، هەموو ئەو ناوچانە لەخۆدەگرێت کە وەک ناوچەی تورکنشین ناویان هاتووە و پێش مۆرکردنی ئاگربەستی مودرۆس لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بووە، ئەمەش تەواوی کوردستانی باکور و باشور و ڕۆژئاوا دەگرێتەوە. حکومەتێکی کاتییش بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال پێکدەهێنرێت و ئەنقەرە دەکرێت بە پایتەختی حکومەتەکە. بەشێکی زۆر لە تورکە ناسیونالیستەکان ئەستەمبوڵ بەرەو ئەنقەرە بەجێدەهێڵن، لەوانە، عیسمەت و فەیزی بەگ کە هەردووکیان یەک لە دوای یەک سەرۆک وەزیران بوون لە ئەستەمبوڵ، بەمەش سوڵتان هێندەی دیکە شەرعیەت لەدەستدەدات. حکومەتەکەی ئەنقەرە لە نیسانی ١٩٢٠ هەڵبژاردنێک ڕێک دەخات و پەرلەمانێک پێکدێنن کە مستەفا کەمال بە سەرۆکی دەوڵەت هەڵدەبژێرێت، لەو ساتەوە ئیدی حکومەتەکە و بزووتنەوەکەی ئەنقەرە وەک ناسیونالیستە کەمالیستەکان دەناسرێن و لە حکومەتە یەخسیرەکەی ئەستەمبوڵ پێگەی بەهێزتر دەبێت.
یەکەمین دەوڵەت کە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ دەسەڵاتی کەمالیستەکان لە ئەنقەرە دروستدەکات کۆمۆنیستەکانی مۆسکۆ بوون. لەسەر بنەمای "دوژمنی دوژمنم دۆستمە"، حکومەتەکەی مۆسکۆ وەک دۆست تەماشای حکومەتەکەی ئەنقەرە دەکەن. کۆمۆنیستەکان بانگەشەی ڕووخانی سەرمایەدارییان دەکرد، لەو سۆنگەیەوە هاوکاری و پشتیوانی کەمالیستەکانیان دەکرد کە دژی هاوپەیمانە سەرمایەدارەکان لە ململانێدا بوون. کۆمۆنیستەکان دەیانویست تورکیا بۆ ئەوان ببێتە بەربەستێک، لەو میانەدا، بارەگا و سەنگەرەکانیان لە ئەرمینیا چۆڵکرد و چەک و تەقەمەنیان بەخشییە کەمالیستەکان. ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ شکستی ئەرمەنییەکان لەبەرامبەر پێشڕەوتی کەمالیستەکان و کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێک لەو ناوچانەی کە لە شەڕ لەگەڵ ڕوسیا لەدەستیانچووبوو. بەمەش هیوای دامەزراندنی دەوڵەتە ئەرمەنییەکە، دوو مانگ دوای مۆرکردنی پەیماننامەی سیڤەر، زیندەبەچاڵکرا. هێزەکانی کەمالیستەکان بەرەو کوردستانیش خشان، بەخۆشی و بەناخۆشی، کەم تا زۆر، وردە وردە، کوردستانی باکوریشیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.
چەسپاندن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەلایەن کەمالیستەکان ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی فەرمی لەنێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ، ئەوەبوو کەمالیستەکان لە ئاداری ١٩٢١ "پەیماننامەی مۆسکۆ"یان مۆرکرد و بەفەرمی یەکێتیی سۆڤیەت وەک یەکەم دەوڵەت دانی نا بە حکومەتەکەی ئەنقەرە. بەپێی ڕێککەوتنەکان، ویلایەتی قارس و ئەردەهان درانەوە بە تورکیا و هێندەی دیکە قوڵایی جوگرافی دەوڵەتەکەی کەمالیستەکان زیادی کرد. لە دەرئەنجامدا، کەمالیستەکان ترسێکی ئەوتۆیان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات نەما و هەموو هێزەکانیان لەو ناوچانەدا کێشایەوە بۆ بەرگریکردن و هێرشکردنە سەر هاوپەیمانان، بەتایبەتی یۆنانییەکان، لە ڕۆژئاوای وڵات. بێجگە لە پشتیوانی سەربازی، مۆسکۆ بایی دە ملیۆن ڕۆبڵ زێڕیان (زیاتر لە هەشت تۆن) بە قەرد دا بە ئەنقەرە بۆ کڕینی کەلوپەلی سەربازی.
بەمشێوەیە، ڕووخانی قەیسەری ڕوسیا و سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکان و کۆمەک و یارمەتی و پشتیوانییەکانیان بۆ کەمالیستەکان لەلایەک و هەڵکەوتنی مستەفا کەمال وەک ڕابەر لەلایەکی دیکە گرنگترین فاکتەر بوون نەک هەر لە هەڵنەوەشانەوەی یەکجارەکی دەوڵەتی عوسمانی بەڵکو بۆ دروستبوونی تورکیای نوێ بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال و نەهاتنەدی خەونی کورد و ئەرمەنییەکان لە دروستبوونی دەوڵەتەکانیان لەسەر خۆڵەمێشی دەوڵەتی عوسمانی.
زیاتر بخوێنەرەوە
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
ئایا زمانی کوردی پیرۆزە؟
محمد خۆشناو
دووڕوویی شێوازی ژیان و زمانی سەردەم و هونەرە !!
فارس نەورۆڵی
حزب و خۆ بینین لە دوای هەڵبژاردن
عەبدولڕەزاق مەهدی
هەرێمی کوردستان و ژیانکردن لەناو تیۆری جەنگی داڕوخاندنی یوری بێزمینوڤ
محمد خۆشناو
وریای مێشە ئەلکترۆنیەکان بن !!
فارس نەورۆڵی
پەیام لەسەردەمی قەیراندا..!
ڕامان مەجید
کام دزی و کامە حکومەتی هەولێر؟
بەرهەم گوندی
٣١ی ئاب و وانەیەک
بەهمەن جەبار
ناتەبایی لە میتۆدەکانی پەروەردە لە کوردستان: بونیادگەرایی بەرامبەر ڕەفتارگەرایی
محمد خۆشناو
ئەی کوردستان بگەڕێوە بۆمان !!
ئەمانەش ببینە
لە بەردەرکی سەرای سلێمانی یادی مەولود دەکرێتەوە
بەبۆنەی یادی مەولودەوە لە مزگەوتی خانەقا خوانێکی زۆر بۆ رێبواران و هاوڵاتیان ئامادەکراوە
یادی مەولود لە سلێمانی بەرێوەدەچێت
هاوڵاتییەک: چەند مافیایەک لە سۆران ٢٢ دەفتەر دۆلاریان لێ سەندووم
شۆفێران نیگەرانن لەو بریارەی کە تەکسی دەبێت بە کیلۆمەتر
نهێنی سەردانی مسعود پزیشکیان بۆ بەغداد و هەولێر
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2024 Diplomatic Magazine