حیزب و رۆشنبیر 

د. ئەحمەدی مەلا

2023-08-18

کۆی ئەو رۆشنبیرانەی کە لە حیزب نزیکبوونەوە، جا بەسوودوەرگرتن بووبێت لە ململانیی یەکێتی و پارتی، یا بۆ سوودی کورتخایەن، یا گەڕان بە دوای باوکێکی مردوودا، یا دەستبەسەرکڵاوەوەگرتن، یا خۆشاردنەوە لە پشتی نووسینی ئاکادیمی، کەچی بە تێپەڕینی کات باڵی هەر هەموویانیان بە گڕی وەلاء هەڵکروزاند. بە جۆرێک، لە هەموو شارەکانی باشوور، هیچ رۆشنبیرێک لە توانایدا نەماوە، سەد کەس لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، ئەگەر ئەو سەد کەسە رەنگی حیزبیان بەسەردا نەڕژابێت، یا بتوانێ، لە جوغزی ناکۆکییەکانی ئەم دوو حیزبە بچێتە دەرێ و بابەتیی و رۆشنبیرانە قسەی هەبێت.
ئەم کارەساتە یەکێکە لە کارەساتە هەرە گەورەکانی دۆخ و دۆزی رۆشنبیریی لە باشوور...
چونکە، هەر وەک سارتەریش لە شوێنێک دەڵێت، یەکێک لە خەسڵەتەکانی رۆشنبیر ئەوەیە کە بەرژەوەندی خۆی لەبەرچاو نەگرێت و قسەی لەسەر شتگەلێک هەبێت کە پەیوەندییان بە ئەوەوە نەبێت. 
بۆیە کاتێک رۆشنبیر نابێ بە مەرجەع لە کۆمەڵگە، حیزب وەک مێروو شیلەی هەناوی کۆمەڵگە دەمژێ، هێدی هێدی و زۆر لەسەر خۆ...ئەوجا نووسین هیچ گرنگییەکی نامێنێ...

ئاداتی گۆڕین بەدەست رۆشنبیر نییە، بەڵکو کۆی ئامرازەکانی بیرکردنەوە، هەڵدانەوەی توێژی قەتماغەبەستوو کە فوکۆ پێی دەڵێت هەڵکۆڵینی مەعریفی، پرسیار وروژاندن و گومان دروستکردن دەبێ ئیشی رۆشنبیر بێت، کایەکانی رۆشنبیر تەنها نووسینی شیعر و کورتەچیرۆک نییە، بەڵکو دەبێ دەست بۆ سەرتاپای گرێکوێرەکانی کۆمەڵگە ببات : پەیوەندییە ئاینییەکان، دەسەڵاتەکان، جا سیاسی بێ، یا حیزبی، کۆمەڵایەتی بێت یا کۆی ئەو تەونانەی کە دەسەڵاتەکانی پێ دەناسرێنەوە.
دەسەڵات تەنها حکومەتی هەرێم ناگرێتەوە، بەڵکو دەسەڵات دەچێتە هەموو کەلێنەکانەوە، لە دوو تۆی گوتارەکانمانا، لە داڕشتنی پەیوەندییەکاندا، لە مامەڵە بازرگانییەکاندا، لە داڕشتنی مادە یاساییەکان، لە گفتوگۆی دوو هاوسێدا، لە مۆڵ و بازاڕەکاندا خۆی دەشارێتەوە، دەسەڵات لە کونوقوژبنەکاندایە، لە پشتەوەکاندایە. ئیشی رۆشنبیر ئەوەیە ئەو پەردانە لاداتەوە. کاتێک مەلایەک دوو فەرموودە بە عەرەبی دەداتە بناگوێی نوێژکەری نەخوێندواردا، ئایا ئەمە سەپاندنی دەسەڵات نییە؟ دەسەڵاتی منی عەرەبی زان و تۆی نەخوێندەوار؟
حیزبەکان ئیش بۆ ئەوە دەکەن کە بێنە دەسەڵات، رۆشنبیر دەبێ ئیش بۆ ئەوە بکات کە ماهییەتی ئەو دەسەڵاتە شی بکاتەوە و هەڵیوەشێنێتەوە و مانای تازەی لێوەهەڵهێنجنێ. ئەگەر مەلا، یا سیاسی ئیش لەسەر سۆز و موخاتەبەی هەستەکان بکەن، ئیشی رۆشنبیر ئەوە دەبێ کە ئەم گوتارە سۆزاوییانە بئاقڵێنێ و واتاکانیان دەریخات....


حکومەت و رۆشنبیر

هەموو حکومەتێک ئەگەر بیر لە بەرژەوەندی گشتی بکاتەوە، بە پێویستی دەزانێ هەم تەرەفی بەرهەڵستکار بوونی هەبێت، هەم  فەزای رۆشنبیر بپارێزێت. چونکە، تەنها بەرهەڵستکارە مانا دەبەخشێتە دیموکراسیی، زۆرینەی دەنگ بۆ دەسەڵاتدارە، بەڵام بۆ ئەوەی دەسەڵاتدار لە ناو قوتووە سیخناخەکەی بۆگەن نەبێت، پێویستی بە هەوای بەرهەڵستکارە، بەرهەڵستکارێکی لێپرسراو، دووربین، هەوڵی دەسەڵات وەرگرتن تەنها لەو سۆنگەیەوە دەبینێ کە هەڵەکانی دەسەڵات دەستنیشان بکات. دەستاودەستکردن لە پێناو بۆگەننەکردنی پیاو و دەوڵەتداریی.
لەم نێوەندە، ئەوە رۆشنبیرن کە کار لەسەر کۆی گوتارەکان دەکەن، واتە، بێلایەنانە، لە هەموو لادانێک وەئاگامان دەهێننەوە، لەهەموو لاڕێیەک هۆشیارییمان دەدەنێ.

لە کۆنتێکستی ئێمەدا، کوردبوون وەک کوردایەتی بە جۆرێک قۆرخ کراوە، تەنانەت بووە بە بڤڤە، ئەمە بۆ سەمبۆلە نەتەواییەتیەکانیش راستە، وەک ئاڵا، زمان، نیشتیمان، سروودەکان هتد. وەک چۆن پارتی کوردایەتی بۆ خۆی قۆرخ کردووە، ئیسلامی سیاسی ئیسلامی بۆ خۆی قۆرخ کردووە، یەکێتی لە سەر پەتێکی باریک رێ دەکات و لە هاوسەنگییەک دەگەڕێ کە بوونی نییە.نەوەی نوێ وەک لێبووک دیمەنە سیاسییەکە تەواو دەکات.
واتە، رۆڵی رۆشنبیر گەڕانە بۆ هەڵتەکاندنی ئایدیۆلۆژیا تاکو مانای زیندوو وەدەستبهێنێت. 

بۆچی حکومەت دەیەوێ رۆشنبیرەکان دەستەمۆ بکات، یانەیان بۆ بکاتەوە، عەرزەیان بداتێ، لە مێداکانی خۆیان دایندەمەزرێنێ، ئیمتیازاتیان بداتێ، یەکێتی نووسەرانیان بۆ نەوژەن بکاتەوە، خەرجی گۆڤارەکانیان بدا؟ ئەمە هەمووی لە پێناو کوشتنی رۆشنبیری بێلایەنە. چونکە، دەزانێ، ئەو بنەمایەی کە حکومەتی لەسەر دامەزراوە، لە سەر بنەمایەکی بڵ، بزۆک، فشەڵ دامەزراوە، بۆیە پێوێستی بە پڕۆپاگەندەیە، با لە ژێر دەیان لۆچی گوتاری پێچاوپێچیش شاردرابێتەوە و ئەم زوڕنایە دەداتە دەست بە ناو رۆشنبیرەکانی و پانتایی بە پیت و بەرەکەتی رۆشنبیریی راستەقینەی پێ دەسڕێتەوە...

یارییەکی مەترسییدار، بەڵام دواجار سەری دەسەڵات دەخوات...درەنگ یا زوو.