پێغەمبەری ئومێد، ئومێدی پێغەمبەرانە!

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-09-29

گەر داوام لێبکەیت بە وشەیەک وەسفی پێغەمبەر د.خ بکەم، ئەوا وشەی ئومێد هەڵدەبژێرم، ئەم وشەیە لە ناساندنی ئەودا بۆ من زۆر واتادارە، گەر بشمەوێ لە ئومێد تێبگەم ئەوا کت و مت تەماشای خودی پێغەبەر خۆی دەکەم، ئەو بۆحۆی  پەیکەرێکە لە دڕدان بە نەومێدی. موسا گەر میلەتێکی یەکگرتووی وەک ئیسرائیلی بە فیزیکی  لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە گواستبێتەوە و لە میسەرەوە کۆچی پێکردبن بۆ سینا، ئەوا ئەم بەهۆی عەسا سیحرییەکەی ئومێدەوە وای لە کۆمەڵە قەبیلەیەکی تۆپەڵ تۆپەڵی موتەخاسیم و چەپەڵ و توندوتیژ کرد لەشوێنی خۆیان دەیان ملیۆن ساڵی ڕووناکی بۆهاتنە نێو مێژوو ببڕن، لە دروستکردنی پەیکەری ڕۆحی و مەعنەوییان گەڕێ، وای لێکردن لە خواردنی خوێن و گۆشتی مردارەوە بگوازنەوە خەمی تەندروستی تەنانەت ددانەکانیان بخۆن و سیواک بەکاربهێنن. لەپاش قورئان یەکخستن و دروستکردنی مێژوو بۆ ئەم تۆپەڵە لە مرۆڤی دابڕاوی دواکەوتوو لە شانۆیی مێژوو گەورەترین موعجیزەی ئەم زاتەیە.

 ئومێد چییە؟ نائومێدی چ مانایەک دەدا؟ ئومێد لە کوێ دەستدەکەوێت؟ بۆچی ئێمە خۆکوژی دەکەین؟ ئایا دەتوانین بە پارە یا بە تەمەن و ئیرادە ئومێد بکڕین؟

ئەلبێر کامۆ لەم ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشی لەم بارەیەوە هەیە و دەڵێت: "من نائومێد نیم بەڵام لە ئومێدیش مەحرومم". کامۆ یەکێکە لەو کەسانەی کە تەواوی هەوڵەکانی ژیانی لە دەسخستنی مانای ژیاندا چڕکردۆتەوە و پێشی نەگەیشتووە. بەبۆچوونی من ئەو گەڕانە خۆی لەخۆیدا گرنگترین مانای ژیانە نەوەک دۆزینەوەی. کامۆ پێی وایە گەر فەلسەفە توانای ئەوەی هەبێت هەموو پرسیارەکانمان یەک دوای یەک وەڵامبداتەوە بەڵام وەڵامی ئەوەمان نەداتەوە کە "بۆچی نابێت خۆمان بکوژین؟" ئەوا کورتی هێناوە و نەیتوانیوە ئەدای کارەکەی خۆی بەجوانی بکات و پەیامەکەی نەگەیاندووە. 

بەپێچەوانەوە گەر بێتو فەلسەفە وەڵامی هیچ پرسیارێکمان نەداتەوە و خۆی لەقەرەی نەدا، بەتەنها وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە کە "ئایا بۆچی نابێت خۆمان بکوژین، بۆچی دەبێت ئومێدەوار بین؟" ئەوا ئەو دەمە فەلسەفە ئەدای کارەکەی خۆی کردووە و پەیامەکشی بەتێر و تەسەلی گەیاندووە.

ئەم قسانەی کامۆ زۆر دەقیقن، کامۆ دەڵێت ناکرێت ئومێد وەک خوێندەواری و زانست چاو لێبکەین. ئومێد شتێک نییە بڕۆین لە قوتابخانە، زانکۆ یا پەیمانگایەک فێری ببی، گوایە ئەوەی کە دەڕواتە زانکۆ یا پەیمانگایەک فێری دەبێت و ئەوەی ناڕوات مەحروم دەبێت لێی، ئومێد بەم شێوەیە نییە. کامۆ پێی وایە ئومێد شتێک نییە کەسێک بیهەوێت دەستی بکەوێت و کەسێک نەیەوێت دەستی نەکەوێت. هەزاران کەسی نائومێد هەن کە ئومێد خۆی نیشان نەداون نەوەک ئەوەی هاتبێت لە دەرگای دابن و ئەمان لە ماڵ نەبووبن نەیانویستبێت. ئەو کەسانەی خۆکوژی دەکەن "چ خۆکوژی فیزیکی  چ مەعنەوی" نابێت بەدگۆ بین بەرامبەریان.  ڕاستە لە ڕووە دینییەکەوە کەسانێک هەن هەندێ قسە دەکەن، خۆکوژی دەخەنە قاڵبە فیقهییەکەوە و خێرا قەزاوەتێکی تەمبەڵانەی بۆ دەکەن و دەڵێن حەرامە، بەڵام ئەم قسانە هیچ لە ئازاری کەسانی خۆکوژ پێش خۆکوژییەکەیان کەمناکاتەوە. کەسێک کاتێک خۆکوژی دەکات بە یەک وشە ئومێدی لەدەستداوە، شتێک نەماوەتەوە بۆ بژی. ئومێدیش خۆی وەک شتێک بۆ دەرنەخستووە تا بچێت لە بازاڕ بیکڕێت. نەهاتوە بۆ ماڵەکەی، تەقەی لەدەرگاکەی نەداوە، خۆی نیشان نەداوە تا ئەم ڕەتی بکاتەوە و دەرگای لێنەکاتەوە.

لە ڕووە پێغەمبەرانەکەی پێغەمبەریشەوە ئومێد لە جنسی ئیمانە، نەک هەر نایەڵێت خۆکوژی بکەین زیاد لەوە زیندووش ڕاماندەگرێت، گرنگترین کاری هاتن و پێغەمبەرایەتی حەزرەتی موحەمەدیشهەر ئەم زیندوو کردنەوە و زیندوو ڕاگرتنەیە، ئیحیایە، کاتێک ئومێد نابێت ئیحیاش مانایەک نادات:  
" يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱسْتَجِيبُواْ لِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاكُمْ لِمَا يُحْيِيكُمْ ۖ".
"ئەی ئیمانداران وەڵامی خوداو پێغەمبەرەکەی بدەنەوە کاتێک داوەتتان دەکەن بۆ ئەوەی زیندوو ببنەوە"

پێغەمبەر فەرمووی من و قیامەت وەک ئەم دوو پەنجەیە واین، ئاماژەی بۆ پەنجەی ناوەنجیی و پەنجەی شایەتومانی کرد.  دیارە لە تەرمینۆلۆژی دینیشدا قیامەت بەمانای زیندووبوونەوە و نەعشی مردووان دێت. بۆیە خودی پێغەمبەر و هاتنەکەی ئەو قیامەتەن بە نیسبەت مرۆڤی زیندووەوە.
 مرۆڤ کە ئومێدی نەما ئیدی خۆشی دەمرێت، بەڵام مرۆڤێکی خاوەن ئومێد نەمرە. مەولانا بە وشەی قیامەت یا ڕەستاخێزی ناگەهان وەسفی حەزرەتی موحەمەد دەکات و پێی وایە ئەم قیامەی بۆ زیندووکردنەوەی ئێمە ڕەحمەتێکی ناموتەناهی و نامونتەهایە، ئەو هاتووە ئاگر لە ئەندێشەو وەهمەکانمانی نائومێدی بەربدات تا دووبارە زیندوومان بکاتەوە:

ای رستخیز ناگهان وی رحمت بی منتها//ای اتشی افروختە در بیشەای اندیشها

ئیمان و ئومێد شتانێک کەسبی نین ئەوەندەی دوو باسی وجودی گەیشتنن، ئەوەی نیەتی دیارە پێی نەگەیشتووە بۆیە نییەتی، گەر پێی بگەشتیا بەدڵنیاییەوە دەرگای ماڵەکەی بۆ دەکردەوە، خۆکوژی نەدەکرد و ئەمیش وەک هەموو کەسێکی دیکە ژیان و زیندووبوونەوەی هەڵدەبژارد نەوەک مەرگ.

 ئەوانەی بۆ ناساندنی ئەو حەزرەتە لە مەسەلەکانی بیدعەی مەولود و سونەتی مەولوددا گیریان خواردووە لەبنەڕەتدا کەسانی نائومێد و مردوون، دێن ئەم پەیکەرە تەواوە لە ئومێد نادیدە دەگرن و خۆیان بە فروعاتێکی لاوەکی وەک نینۆک یا قۆپچەیەکی ئەم پەیکەرەوە خەریک دەکەن و شەڕ و هەڵای لەسەر هەڵدەگیرسێنن، ئەمانە چونکە خۆیان نائومێدن  ناشتوانن ئومێد ببینن و ئومێد پەخش بکەنەوە، لە دڵ و دەروندا مردوون، بۆیە باش نییە لە مەسەلەیەکی وادا زۆر گوێ بۆ مردوان بگیردرێت، چونکە ئەوەی پێیانە بۆ وتن خەبەری شاری نائومێدان و خامۆشانە.