ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی کوردستاندا بەرەو هەڵکشان دەچێتو بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاماری مەترسیدار بلاودەكاتەوەو بەپێی ئەو ئامارانەش ئێستا هەرێمی كوردستان لە ناوچەی ترانزێتی ماددەی هۆشبەرەوە هاوكات بووەتە بەكارهێنەریشو هەزاران كەس لە هەرێمدا ئالوودەی ماددەی هۆشبەرن.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان بڵاوی دەكەنەوە، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستاندا گەلێک زیادی کرڕووەو دیاردەکە بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر کۆمەڵگەی کوردی.
وەکو چاودێرانو بەرپرسانی ئەمنی ئاماژەی پێدەدەن، مەترسیداترین جۆری ماددەی بێهۆشكەر كە حەبی " كەپتاگۆن"ە لە هەرێمی كوردستاندا بڵاوبووەتەوەو تەشەنەی سەندووە.
خودی بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکان نایشارنەوە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ڕێڕەوی ماددە بێهۆشکەرەکان و کاروانسەرایەک کە لێیەوە ماددە بێهۆشکەرەکان دەگوازرێتەوە بۆ ناواڕاست و باشوری عێراق و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی.
بەپێی زانیاری و ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، تەنها لە دوو مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا، 108 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان دەریدەخەن تەنها لەماوەی ئەو دوو مانگەدا 363 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی " هیرۆین ــ حەشیش ــ تلیاک ــ جامایکا ــ کریستاڵ" لە هەولێرو سلێمانیو هەڵەبجەو دهۆك دەستی بەسەردا گیراوە.
بەپێی ژمارەو جۆری ئەو كەسانەی كە دەزگا ئەمنیییەكان لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیریان دەكەن، دەردەكەوێت كە لە هەرێمی كوردستاندا تۆڕو گروپی بازرگانیكردنی ماددەی هۆشبەر هەیەو لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان دەبنەوەو بەچەكی جۆراو جۆر شەڕیان لەگەڵدا دەكەن.
هەر بەپێی زانیاری بڵاوكراوەی هێزە ئەمنییەكانو بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، پەیوەندی بەهێز لە نێوان بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستانو بازرگانانی ناوچەكانی ناوەڕاستو خوارووی عێراقدا هەیەو زۆرجار بازرگانە كوردو عەرەبەكان لە هەرێمی كوردستان یان لە شارەكانیتری عێراق پێكەوە دەستگیر دەكرێن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە كە پار ساڵ 10 هەزار بازرگانو بەركارهێنەری ماددەی بێهۆشكەریان دەستگیر كردووەو هاوكات 3 تۆن حەبی " كەپتاگۆن"و 600 كیلۆ ماددەی هۆشبەریشیان دەست بەسەردا گرتووە.
هاوكات بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە لەساڵی ڕابردوودا دەستیان بەسەر 1650 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەرو 8 ملیۆن حەبی "كەپتاگۆن"دا گرتووە.
وتەبێژی بەڕێوەبەراەتییەكە ئەوەشی ڕاگەیاند حەبی " كەپتاگۆن"كە مەترسیدارترین جۆری ماددە هۆشبەرەكانە لە هەرێمی كوردستاندا زۆر بڵاوەو بەكارهێنەرەكەی تووشی نەخۆشی قورسی دەروونیو جەستەیی دەكات.
ئەو وتیشی هەرێمی كوردستان وەكو " ترانزێت" بەكاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكان بۆ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی.
بەپێی ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتی ماددە هۆشبەرەكان لە دوومانگی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر بازرگانی ماددەی هۆشبەرو بەكارهێنەریان لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا دەستگیر كردووە.
لە 6 - 8 - 2023 نۆ گەورە بازرگانی تلیك لە دهۆك دەستگیركراونو هاوكات هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەسەر 452 كیلۆ گرام حەبی كەپتاگۆنو 50 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیۆندا گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان ئەوەشی ڕاگەیاندووە كە " سیان" لەو بازرگانی تلیاكانە ئەندامی تۆڕی بازرگانی نێودەوڵەتی تلیاكنو ویستوویانە ئەو ماددە هۆشبەرانەی پێیانگیراوە لە هەرێمی كوردستانەوە بیگوازنەوە بۆ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی.
لە 9 - 8 - 2023 سێ بازرگانی گەورەی تلیاك لە كەركوك دەستگیركراون كە 1600 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان پێبووەو هاوكات چەندان بەڵگەی ئەتككردنی منداڵیشیان پێوە گیراوە.
رۆژی 22 - 8 - 2023، دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاوی كردەوە كە لە سلێمانی 20 بازرگانو بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەریان دەستگیر كردووە.
بەپێی بڵاوكراوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ڕۆژانی 27و 28 و 29ی 8ی 2023دا بەڕێوەبەرایەتییەكەیان پێنج بازرگانی ماددەی هۆشبەری لە هەولێرو دهۆك دەستگیر كردووە كە 101 كیلۆ حەبی هۆشبەری كەپتاگۆنو 5 كیلۆ ماددەی هۆشبەری كریستاڵیان پێبووە.
لە 7 - 9 - 2023 بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە بێهۆشكەرەكانی هەرێم ڕایگەیاند كە لە گەڕەكی گەنجان سیتی هەولێر تۆڕێكی مەترسیداری ماددەی هۆشبەریان دەستگیر كردووە كە 100 شیت ترامادۆڵو 10 شیت ماددەی میتادۆڵو 7 كیلۆ تلیاكو ماددەی هۆشبەری كریستاڵیان پێبووەو بە تەقەكردنیش ڕووبەرووی هیزە ئەمنییەكان بوونەتەوە.
بەپێی بڵاوكراوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، لە 13و 19ی 9ی 2023دا، تیمەكانیان توانیویانە تۆڕێكی بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر دەستگیر بكەن كە 52 كیلۆ ماددەی هۆشبەریان لە جۆری كریستاڵ پێبووە.
وەكو ئەو بەڕێوەبەرایتییە بڵاوی كردووەتەوە، لە ڕۆژی 26 - 9 - 2023دا هێزە ئەمنییەكان توانیویانە لە سلێمانیو قەڵادزێ پێنج بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە 11 كیلۆ تلیاكەوە دەستگیر بكەن.