چۆن خەونی سەربەخۆیی لەناو چوو!

سۆران کوردی

2024-02-18

زۆر بوون ئەو گەلانەی لەژێر دەسەڵاتی بێگانەدا دەژیان و ئاواتی سەربەخۆییان هەبوو.
زۆرینەیان بە خەونەکەیان گەیشتن، هەندێکیان وڵات و کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەرانیان دروستکرد و هەندێکیشیان دوای سەربەخۆیی لە هەموو بوارێکدا شکستیان هێنا.
 گەلی کورد لە هیچ کامیان نەبوو ، نە هەوڵی سەربەخۆیی بەری گرت و نە بەو نیمچە سەربەخۆییەش کە بەدەستی هێنا توانی ژیانێکی شایستە بۆخۆی دابین بکات.

ئەمەش خەونی سەربەخۆیی و هەستی خۆشەویستی نیشتمانی لەلای تاکی کورد تا کەمترین ئاست کەم کردۆتەوە، هۆکارەکان زۆرن بەڵام هەمویان بە جۆرێک دەگەڕێنەوە سەر گەندەڵی .
کورتترین پێناسەی گەندەڵی بریتیە لە  خراپبەکارهێنانی دەسەڵات، لەوانەش بەهەدەردانی
سامانی گشتی و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی تاک و حزب، وەرگرتنی بەرتیل، نادادی لە
بەردەم یاسادا و هتد. 
جا مەرج نیە ئەم خراپ بەکارهێنانە تەنها نایاسایی بێت، هەندێ جار دەسەڵاتداران بەجۆرێک یاساکان دادەڕێژن کە ئەنجامەکەی گەندەڵیەکی بە یاسا ڕێکخراو دێتە ئاراوە.

گەندەڵی وای کرد نەوەیەک دروستبێت کە نەک خەون بە سەربەخۆییەوە نەبینێت، بەڵکو بێ ئومێد بێت لە هەموو
دەسەڵاتێک کە بەدەست کوردەوە بێت. هەر ئەمەش وادەکات گەندەڵی و نادادی لەراستیدا لە دووژمن مەترسیدارتر بن بۆ سەر داهاتووی میللەتێک.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی هیچ پلانێکی درێژخایەنیان بۆ داهاتووی کوردستان و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی نییە، تەنانەت هیچ پلانێکیان بۆ ئایندەی خۆشیان نییە، بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەم شێوە لە حوکمڕانی و بەتاڵان بردن کۆتایی بە خۆشیان دەهێنێت ، هەر بۆیە نەیانتوانیوە ئایندەی خۆشیان مسۆگەر بکەن، بەڵکو لە بازنەیەکی تەسکی ئەمڕۆ و سبەینێدا دەخولێنەوە.

دۆخی هەرێمەکەیان گەیاندۆتە ئاستێکی خراپ ، بەجۆرێک بەهۆی زۆری ڕێژەی بەتاڵان بردنی سەرمایەی گشتیەوە ئابووریەکەی وێران بووە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاو کارەبا و تەندروستی لەوپەڕی خراپیدان، ساڵ بوەتە نۆ مانگ و دابینكردنی مووچە لە خراپترین دۆخ دایە، زۆرینەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان پەکیان کەوتووە ، لەمانەش خراپتر نایەکسانی کۆمەڵایەتی و نادادی تەشەنەی سەندووە، دەوڵەمەند و بەرپرسەکان بۆ سەروتر و چینی هەژاریش بەرەو هەژاری زیاتر دەڕۆن.
 یاسا و دامەزراوەکانی بە بڕیاری حیزبی دەجووڵێنەوە ، ئەندام لق یان کۆمیتەیەک لە فەرمانگەیەکدا دەبێتە سومبولی دەستڕۆشتوویی ،  دامەزراوە حکومیەکان لەوپەڕیی بێ متمانەییدان . 

ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان بوون بە قەڵغان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبیەکان لەبری پاراستنی هاوڵاتی بۆیە هاوڵاتیان متمانەیان بە ئەوانیش نەماوە کاتێک بەرامبەرەکەیان پشتگیری حیزبیان هەبێت .
وەبەرهێنان بە بەراورد بە هەندێک لە ئەو هەرێمانەی لە جیهاندا هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن نزیکە لە سفر چونکە بووە بە مۆدێل ئەگەر کەسێک بیەوێت بیر لە وەبەرهێنانێک بکاتەوە پێویستە پێشەکی بیر لە نیسبەی حیزب بکاتەوە جا ئەگەر لە زۆنی زەرد بێت بۆ پارتی و لە زۆنی سەوزیش بۆ یەکێتی .

تەنانەت ژینگەش سەلامەت نییە ، هەر لە ڕاوکردنەوە کە بۆ بەرپرسەکان چاودێری لەسەر نییە تا دەگات بە بەنزینی تێکەڵ بە ماددەی کیمیایی کە کۆمپانیاکانی شەریکی حیزب بەرهەمی دەهێنن و هەوایەکی پیسی ژەهراوی پێشکەشی ژینگە دەکەن .

ئەمانە دۆخی بێئومێدیی و بێهیواییان خوڵقاندووە کە مەترسییەکانی بۆ داهاتوو لە هێرشی دوژمن و نەیار زیاترن ، 
لەبری چارەسەری ئەم دۆخە حزبە دەسەڵاتدرارەکان خەریکی پینەوپەڕۆن .
وە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم هەموو لێکەوتانەی گەندەڵی کە هەرێمەکە بەرەو دواکەوتوویی و لەناوچوونی ئەزموونەکە دەبەن و خەڵک تووشی نائومێدەی دەکات، لەشکرێک لە میدیای زەبەلاحیان هەیە، هەر ڕۆژە میدیایەکی نوێی 'پرۆفێشناڵ' بە بودجەیەکی گەورەوە کە خزمەت بە حیزبێک یان ڕەوتێک لەناو حیزبێکدا دەکات دادەمەزرێنن ، لە بەرامبەردا لاپەڕەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە ڕەوا نابینن بۆ دەزگایەک کە ناڕازین لەو هەموو ستەمەی دەکرێت و ڕاستیەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن ، بەردەوام ڕوبەڕوی هەڕەشە و هەندێ جاریش داخستن دەبنەوە .

 ڕاستە کە پرسی سەربەخۆیی تەنها پەیوەست نیە بە ناوخۆی هەرێمێکەوە و پێویستی بە پشتگیری نیودەوڵەتی هەیە بەڵام کە ئەمە حاڵی ناوخۆی هەرێمێک بێت ئومێدێکیش بۆ پشتگیری دەرەکی نەماوە.