په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانی و گرنگیی خوێندن به زمانی دایكی
مسته‌فا ڕه‌زا مسته‌فا
2024-02-19
ماوه‌ی زیاتر له دوو ده‌یه‌یه، گرنگییه‌كی تایبه‌ت به زمانه بچووك و كه‌م خزمه‌تكراوه‌كان ده‌درێت و هه‌وڵی پاراستن و ڕاژه‌كردنیان له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌درێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م گرنگیپێدانه‌ش بۆ ئه‌و ئه‌نجام و كۆشش و هه‌ستكردنه به‌رپرسانه‌یه‌ی ڕێكخراوه‌كانی بواری زانستیی و فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیریی له‌لایه‌ك و، هه‌وڵی خه‌مخۆران و توێژه‌ران و چالاكانی بواری زمانه بچووك و كه‌م خزمه‌تكراو و چه‌پێندراوه‌كان، له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ده‌بینن هه‌ندێك له زمانه‌كان خاوه‌ن پێگه و پله‌یه‌كی به‌رزی به‌كارهێنانن له بواره‌كانی: (زانست و ته‌كنه‌لۆژیا، ئابوری، سیاسه‌تكردن، به‌ڕێوه‌بردن و كارگێڕیی، په‌یوه‌نییكردنی نێونه‌ته‌وه‌یی، ڕاگه‌یاندن، په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا)، له به‌رانبه‌ریشدا پشتگوێخستن و ڕاژه‌نه‌كردن و ته‌نانه‌ت ڕێگرییلێكردن و هه‌وڵدان بۆ كوشتن و تواندنه‌وه‌ی زمانه‌كانی تر، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته جیاوازه‌كانه‌وه له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌بینرێت، هاوكات نابێت هه‌وڵی پارت و ڕێكخراو و گروپه نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیكییه‌كانیش له‌م ڕووه‌وه نادیده بگیرێن، كه به‌رده‌وام له هه‌وڵ و خه‌می به‌كارهێنانی زمانه‌كانی خۆیاندان، له بوار و كایه جیاوازه‌كاندا و له‌م ڕووه‌وه شه‌ڕی مانه‌وه‌ی زمانه‌كانیان ده‌كه‌ن. به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوه تایبه‌تمه‌نده‌كان و له‌ناویشیاندا، ڕێكخراوی یونسكۆ، باسی ئه‌وه ده‌كرێت، كه له نزیكه‌ی ٦ بۆ ٧هه‌زار زمان له جیهاندا، له‌م ژماره زۆره، ١٠٠ زمانیان خاوه‌ن په‌روه‌رده‌یه‌كی باڵا و به پرستیژ/شكۆن، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی كه ڕاپۆرته‌كان ئه‌وه ده‌خه‌نه‌ڕوو، كه هه‌ر دوو هه‌فته جارێك زمانێك ده‌مرێت و له ئێستادا نزیكه‌ی له %٤٥ی ئه‌و ٧هه‌زار زمانه‌ی كه له جیهاندا هەن، مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره. هه‌موو ئه‌مانه وایانكردووه، كه ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به كلتور و زانست، ڕۆشنبیران و خه‌مخۆرانی بواری فره‌یی كلتوریی و زمانیی، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه و ڕێگه‌ی ڕزگاركردنی زۆربه‌ی زۆری زمانه، كه‌م خزمه‌تكراو و كه‌م فراژووبووه‌كان بده‌ن، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی چالاكیی جۆراوجۆر و توێژینه‌وه‌ی زانستیی و خستنه‌ڕووی هۆكاری له‌ناوچوونی زمانه‌كان و پێشكه‌شكردنی پێشنیاز و ڕاسپارده و دانانی ڕێكاری گونجاو، بۆ خزمه‌تكردنی زمانی كه‌مه‌نه‌ته‌وه و ئیتنۆسه جیاواز و زمانه په‌راوێزیی و كه‌م خزمه‌تكراوه‌كان.
بۆیه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا و به دیاریكراویش له نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٩٩دا، ڕێكخراوی (یونسكۆ)ی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر پێشنیازی وڵاتی (به‌نگلادش)، ڕۆژی (٢١ی شوباتی) به (رۆژی نێوه‌نه‌ته‌وه‌یی زمانی دایك) ده‌ستنیشانكرد، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه و بۆ پاڵپشتی بڕیاره‌كه‌ی ڕێكخراوی زانست و كلتوری سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له مانگی ئایاری ٢٠٠٧دا، بڕیاری ژماره (٦١/٢٦٦/A/RES)ی په‌ژراند، كه تێیدا داوا له ده‌وڵه‌تان و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات و هانیانده‌دات بۆ پاراستن و ڕێزگرتنی هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ی، كه له‌لایه‌ن گه‌لانی جیاوازه‌وه به‌كارده‌هێنرێن، هاوكات ئەنجومەنی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ساڵی ٢٠٠٨ی وەک ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان ڕاگەیاند.
دیاره ئامانجیش له دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ زمانی دایكی و ناونانی ڕێكه‌وتی ٢١ی شوباتی هه‌موو ساڵێك، به (ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایك)، له‌لایه‌ن ڕێكخراوی یونسكۆوه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ستنیشانكردنی چه‌ند خاڵێك وه‌ك ئامانجی دیاریكردنی ئه‌م ڕۆژه و بوونی گرنگی و بایه‌خی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه ئه‌م ڕێكخراوه، وه‌ك ئامانجی ئه‌م ڕۆژه ده‌ستنیشانی كردووه، كه ئه‌وانیش بریتین له:
* دەرخستنى گرنگیى جۆراوجۆریی زمانیی لە سەردەمێکدا، کە (جیهانگیریی – Globalization)، باڵى بەسەر زۆربەى کایە جیاوازەکانى ژیاندا کێشاوە.
* پارێزگارییکردن لە بنەما نەتەوەییەکانى گەلانى سەر ڕووى زەوى، لەناو ئەو بنەمایانەشدا زمان.
* برەودان بە فرەیی زمان و چاند – فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییە جیاوازەکان، بێگومان ئەمەش لە پێناوى هێشتنەوەى (پلورالیزم – فرەیی) و گرنگیدان بە گیانى هاوکاریی و پێکەوەژیان و یەکترقەبوڵکردن.
* ئاسانکاریى و کارى هاوبەش لەنێوان کۆمەڵگه‌کان، بۆ دیالۆگ و لێکگەیشتن و دەرخستن و ئاشکراکردنى زانیاریى و دەربڕین و ڕۆشنبیریى گەلان.
* هێنانه‌كایه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست، له ڕێگه‌ی گرنگیپێدانی فره‌زمانی و دروستكردنی تاكێكی ته‌ندروست له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه.
پاشخستنه‌ڕووی كورته‌یه‌كی پوخت له‌باره‌ی ئامانج و هۆكاری ده‌ستنیشانكردنی ڕۆژێك بۆ زمانی دایكی، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌م وتاره‌دا تیشكۆی بخه‌ینه‌سه‌ر و هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، گرنگی و رۆڵی په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانییه، په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندیدار به پاراستن و ڕاژه‌كردنی زمانی دایكی منداڵانه‌وه، له‌م ڕووه‌شه‌وه ڕێكخراوی (یونسكۆ) ساڵانه و له ڕۆژی (٢١ی شوبات)دا، له‌ژێر ناونیشان و به ته‌وه‌ره‌یه‌كی جیاواز، یادی ئه‌م ڕۆژه به‌رز ڕاده‌گرێت، بۆ ئه‌م ساڵ (٢٠٢٤)، له یادی زمانی دایكی‌دا، به‌پێی ماڵپه‌ڕی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (UN.org)، به ناونیشانی (په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانی، پایه‌ی په‌روه‌رده و په‌روه‌رده‌ی نێوان نه‌وه‌كان) له باره‌گای سه‌ره‌كی یونسكۆ، له پاریسی فه‌ره‌نسا، كاتژمێر (١٠:٠٠ بۆ ١:٠٠)ی پاشنیوه‌ڕۆ، ئه‌م یاده ده‌كرێته‌وه.
یه‌كێك له‌و ئارێشه و كۆسپانه‌ی كه ئه‌مڕۆ، بۆ وڵاتان و حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت ناوه‌نده په‌روه‌رده‌یی و ئه‌كادیمی و پسپۆڕانی بواری په‌روه‌رده‌ش له جیهاندا هاتووه‌ته كایه‌وه، بریتییه له كێشه‌ی په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانی؛ كه ئایا فێربوون و خوێندنی مناڵان به زمانی دایكیان چ به‌ها و گرنگییه‌كی په‌روه‌رده‌یی و زانستیی و كه‌لتوری هه‌یه؟ ئایا مناڵان ده‌توانن له‌ڕووی په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانییه‌وه گه‌شه به توانا بیریی و زانستیی و ده‌رونی و ..هتد خۆیان بده‌ن؟ ئه‌ی به پێچه‌وانه‌وه ڕێگریلێكردن و نه‌هێشتنی خوێندن به زمانی دایكی، چ زیانێك له‌و منداڵه ده‌دات؟ ئایا په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانی فاكته‌ری پێشكه‌وتنی منداڵه، یاخود به پێچه‌وانه‌وه ئاسته‌نگی به‌رده‌م پێشكه‌وتنێتی؟ ئه‌گه‌ر پێوانه‌ی سود و زیان بكه‌ین به پێوه‌ر، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین كاتێك كه منداڵێك به زمانی دایكی ده‌خوێنێت سودمه‌ند یان زیانمه‌ند ده‌بێت و بۆچی؟ ئایا ڕێگریلێكردنی خوێندن به زمانی دایكی زیانی بۆ منداڵ ده‌بێت، چۆن؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه و زۆر پرسیاری تری په‌یوه‌ست به‌م بواره‌وه؛ هه‌وڵده‌ده‌ین له ڕۆڵ و گرنگی په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانی و زه‌روره‌تی په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانی بۆ كۆمه‌ڵگه فره‌نه‌ته‌وه و فره‌ئه‌تنیكه‌كان ڕوونبكه‌ینه‌وه، هاوكات هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ست بكه‌ینه‌وه به په‌روه‌رده‌ی زمانی كوردی و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م خوێندنی په‌روه‌رده به زمانی كوردی.
ئه‌وه‌ی ئێستا له وڵاتاندا جێگه‌ی گه‌نگه‌شه و قسه‌له‌سه‌ركردنی ناوه‌نده په‌روه‌رده‌یی و زانستییه‌كانه، به تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌وروپا؛ بریتییه له گرنگیپێدان و گۆڕینی ئاڕاسته‌ی كار و بیركردنه‌وه‌یان له تاكزمان سه‌نته‌ریی له په‌روه‌رده‌دا بۆ فره‌زمان سه‌نته‌ریی له په‌روه‌رده و خوێندندا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه وڵاتانی ئه‌وروپا به‌هۆی كۆچكردن و گۆڕانی بونیادی كۆمه‌ڵگه‌كانیان له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیكی و كلتورییه‌وه، چیتر ناتوانن به یه‌ك زمان درێژه به خوێندن و په‌روه‌رده‌ی وڵاته‌كانیان بده‌ن، چونكه وڵاتانی ئه‌وروپا، كه بانگه‌شه‌ی مافی مرۆڤ و دیموكراسی ده‌كه‌ن، ناتوانن ڕێگریی له خواست و ویستی به‌شێك له هاووڵاتیانیان بكه‌ن، كه به هۆكاری جیاوازی (ڕامیاریی، ئابوری، خوێندن، گه‌ڕان به‌دوای ژیانێكی باشتردا) له وڵاتی خۆیان و زمانی یه‌كه‌می خۆیانه‌وه، ڕوویان له وڵاتی دیكه و زمان و كه‌لتور و په‌روه‌رده‌ی ئه‌وی دیكه كردووه و كۆچیان بۆ یه‌كێك له وڵاته ئه‌وروپییه‌كان كردووه، بۆیه ئێستا له وڵاته ئه‌وروپییه‌كاندا له ڕێگه‌ی یاسا و ڕێنمایی جیاواز و به داڕشتنی سیاسه‌ت و پلانی په‌روه‌رده‌یی جیاواز مافی زمانی دایكی، زمانه‌كانی تریان دابینكردووه و به گرتنه‌به‌ری شێواز و ڕێكاری جیاواز، له ڕێگه‌ی دابینكردنی بودجه و مامۆستا و پرۆگرام و كردنه‌وه‌ی خولی تایبه‌ته‌وه، گرنگی به خوێندنی زمانی دایكی، چ زمانه ناوچه‌ییه‌كان و چ زمانی خه‌ڵكه كۆچبه‌ره‌كه ده‌ده‌ن و هه‌وڵی پاراستنی زمانی خه‌ڵكانی ڕه‌وه‌نده جیاوازه‌كان ده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه نه‌ك ته‌نها بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا، ته‌نانه‌ت به هۆكاری جیهانگیریی و گۆڕانی شێواز و جۆر و پێداویستی ژیانی مرۆڤه‌كان و دروستبوونی تۆڕێكی ئاڵۆزی جاڵجاڵۆكه‌یی په‌یوه‌ندی له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا، ئه‌مانه هه‌مووی وایانكردووه، كه گرنگی به په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانی بدرێت، له‌م ڕووه‌وه بوونی قوتابخانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و خوێندنگه تایبه‌ته‌كان، یه‌كێكن له‌و دیاردانه‌ی كه كار له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانی ده‌كات و زۆرجار وه‌ك ئاڵنگاریی و مه‌ترسی له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی زمانی دایكی‌دا خۆی خویا ده‌كات، گه‌ر بێت و حكومه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌پێی پلان و سیاسه‌تێكی هه‌ڵسه‌نگێراو و خوێنراو/مدروس ئاڕاسته و شێوازی كاركردنیان بۆ دانه‌نێت.
له باره‌ی گرنگیدان به زمان و چاندی ئه‌وانی تر، (جیم كامینز) له زانكۆی تۆرنتۆ – كه‌نه‌دا: ده‌ڵێت: نابێت وەک " کێشەیەک کە پێویستی بە چارەسەرکردنە" سەیری جیاوازییە زمانەوانی و کولتوورییەکان بکەین، لەبری ئەوە چاومان بکەینەوە و سەرچاوە فیکری و کولتووری و زمانەوانییەکانیان ببینین، کە لە زێدی خۆیانەوە بۆ قوتابخانە و کۆمەڵگه‌كه‌مانیان هێناوه، ئەگەر وا بکەین، ئەوا سەرمایەی فیکری و زمانەوانی و کولتووری کۆمەڵگاکەمان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاددەکات.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین، ده‌بینین كه به بڕوای (جیم كامێنز)، بوونی فره‌یی زمانی و كه‌لتوری و ڕۆشنبیری، خه‌ڵكانی كۆچه‌ر، كه له كۆمه‌ڵگه و زمان و كه‌لتوری تره‌وه كۆچیان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه گرنگیپێدان و خوێندن و هێشتنه‌وه‌ی زمان و كه‌لتوریان زیان به كلتور و زمانی باڵاده‌ست، یان خانه‌خوێ ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته هۆكاری زه‌نگین بوون و زیادبوونی سه‌رخانی ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ش.
له‌باره‌ی گرنگی خوێندن به زمانی دایكی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی كه له‌ڕووی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونییه‌وه، كاتێك كه منداڵێك به زمانی دایكی په‌روه‌رده وه‌رده‌گرێت، چ سودێكی هه‌یه و له به‌رانبه‌ریشدا ئه‌گه‌ر به زمانی دایكی نه‌خوێنێت زیانی چییه؟، منداڵ بۆ وه‌رگرتنی زمان هه‌م خاوه‌ن ده‌زگایه‌كی وه‌رگرتنی زمانیی خوابه‌خش و بۆماوه‌ییه و هه‌م له ڕێگه‌ی گه‌وره‌بوونی له خێزان و كۆمه‌ڵگه و ده‌وروبه‌رێكی جوگرافی دیاریكراودا و به چالاككردنی ئه‌م ده‌زگایه ده‌توانێت زمانێكی دیاریكراو (زمانی دایكی) وه‌ربگرێت، منداڵ پێش قۆناغی چوونه باخچه و قوتابخانه، به‌ركه‌وتنی یه‌كه‌م و ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ بازنه‌ی یه‌كه‌م (خێزان) و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا هه‌یه و له‌م قۆناغه‌دا زمانی دایكی وه‌رده‌گرێت و زمانی به زمانی خێزانه‌كه‌ی ده‌پژێت، كه ئه‌م زمانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی گیانیی قووڵی له‌گه‌ڵ دایك و خێزانه‌كه‌یدا بۆ دروستده‌كات و توند به لایه‌نی رۆح و ده‌رونییه‌وه گرێده‌درێت، كاتێك كه منداڵه‌كه ده‌چێته قوتابخانه، ئه‌گه‌ر له قوتابخانه‌ش هه‌مان زمانی دایكی و كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی، زمانی خوێندن و په‌روه‌رده‌ی بێت، ئه‌وا هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژه‌وه ده‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی له‌گه‌ڵ مامۆستا و هاوپۆله‌كانیدا دروستبكات و هه‌نگاوی دووه‌می ژیانی له‌ڕووی زمانییه‌وه له چێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی پێشتری خزمایه‌تیی و هاوخێزانییه‌وه بۆ بازنه‌یه‌كی فراوانتری كۆمه‌ڵایه‌تی هاوپۆلی و هاوڕێیه‌تی و له كۆتاییشدا هاونه‌ته‌وه‌یی و هاوبه‌رژه‌وه‌ندیی بۆ دروستده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌وه هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه كاتێك كه مامۆستا دێته پۆله‌وه به زمانی منداڵه‌كه نه‌ئاخێوێت، ئه‌وا ئه‌م منداڵه له‌ڕووی ده‌رونییه‌وه هه‌ست به تێك‌شكان و كه‌میی ده‌كات و له‌ڕووی زانستیشه‌وه ئه‌وه‌نده بیر و هۆش و خه‌یاڵی لای تێگه‌یشتن له مامۆستایه، ئه‌وه‌نده بیر له وه‌رگرتنی زانسته‌كه ناكاته‌وه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی كه هه‌ر له‌م قۆناغه‌وه كه‌لێن – بۆشاییه‌كی گه‌وره له‌نێوان ماڵ و قوتابخانه‌دا دروستده‌بێت و نازانێت، وشه و ده‌سته‌واژه و بیرۆكه‌كانی به كام زمانه‌یان به‌ره‌وپێشه‌وه به‌رێت و فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، كه له كۆتاییدا ناتوانێت به جوانی و چاكی، نه زمانی دایكی – ماڵ/خێزان و نه زمانی مامۆستا – قوتابخانه‌كه‌ی فێربێت و زاڵ‌بێت به سه‌ریاندا. له‌م ڕووه‌وه لای (پیاجێ)، زمانی دایك یه‌كه‌م فاكته‌ری دیاریكه‌ری پرۆسه‌ی فێربوونه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا، له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا منداڵێكی ته‌مه‌ن پێنج ساڵه‌ی ته‌ندروستی، له‌ناو كۆمه‌ڵێك منداڵی (نابیست)دا دانا، بینی له ماوه‌ی ساڵێكدا له %٨٠ی توانای فێربوونی بۆ قسه‌كردن له‌ده‌ستداوه، له هه‌نگاوی دووه‌مدا و له تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی هاوشێوه‌دا، ئه‌مجاره‌یان منداڵێكی پێنج ساڵه‌ی ته‌ندروستی له‌ناو كۆمه‌ڵێك منداڵدا دانا، كه به زمانی تر ده‌یانخوێند، ئه‌مجاره‌شیان هه‌مان ئه‌نجامی ده‌ستكه‌وت، كه له كۆتاییدا ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێنا، كه خوێندن به زمانێكی تری جگه له زمانی دایكی، نه‌ك ته‌نها هۆكارێكه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی توانای قسه‌كردن، به‌ڵكو فاكته‌رێكیشه بۆ زیانگه‌یاندن به سروشتی فیكریی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و منداڵه. له‌م ڕووه‌وه په‌روه‌رده‌ی منداڵ به زمانێكی تر، جگه له زمانی دایكی به (نقومبوون) ناوبراوه، چونكه وه‌ك ئه‌وه وایه، كه خوێندكار له‌ژێر ئاودا بهێڵیته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی فێری مه‌وله‌وانی بكه‌یت. بڕوانه (Benson:2005).
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه شاره‌زایان و پسپۆڕانی بواره‌كانی (په‌روه‌رده، كۆمه‌ڵناسی، ده‌رونناسی)، زۆر جه‌خت له گرنگی و بایه‌خی خوێندن و په‌روه‌رده به زمانی دایكی ده‌كه‌نه‌وه، چونكه خوێندن به زمانی دایكی بۆ منداڵ له‌ڕووی زانستی و په‌روه‌رده‌یی و ده‌ورنییه‌وه، منداڵ به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌بات و له‌ڕووی زانستییه‌وه به ئاسانی ده‌توانێت زانسته‌كه وه‌ربگرێت و به‌هره و تواناكانی گه‌شه‌پێبدات، له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه توانای هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری زیاتر ده‌بێت و ده‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌كی دروستی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا دروستبكات، له‌ڕووی ده‌رونیشه‌وه كه‌سێكی ده‌رون ئارام ده‌بێت و ده‌توانێت گوزارشت له ناخ و ویست و حه‌زه‌كانی خۆی بكات و به ئاسانی پاڵنه‌ره ده‌رونییه‌كانی ده‌ربڕێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه كه‌سێكی نامۆ و گۆشه‌گیر ده‌بێت و توانای چاره‌سه‌ركردنی ئارێشه و پێشهاته‌كانی به‌رده‌می نابێت و كه‌سێكی دابڕاو ده‌بێت له ده‌وربه‌ره‌كه‌ی، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی كه توێژینه‌وه‌كان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه په‌روه‌رده به زمانی دایكی نه‌ك ڕێگر نییه له‌به‌رده‌م زمانی دووه‌مدا، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه هاوكارێكی باشه بۆ وه‌رگرتنی زمانی دووه‌م، هه‌روه‌ها له‌ڕووی فیكریشه‌وه په‌روه‌رده به زمانی دایكی هۆكاری گه‌شه‌پێدان و فراژوبوونی توانا هزری و فیكرییه‌كانی منداڵه و توانای تێگه‌یشتن و وه‌رگرتن و فێربوونی به‌ره‌وژوور ده‌بات. له‌م ڕووه‌وه (ڤیگۆتسكی) ده‌رونناسی ڕووسی؛ فێربوون به زمانی دایك به كلیلی وه‌رگرتنی لێهاتووییه‌كان ده‌بینێت و زمان به ئامرازێكی ناوخۆیی و فیكریی ته‌ماشا ده‌كات، كه منداڵ والێده‌كات به‌سه‌ر كێشه ناوخۆییه‌كانی خۆیدا زاڵ‌بێت.
به بڕوای ئێمه له‌به‌ر ترس و هه‌ستكردن به‌م پێگه و ئه‌همیه‌ته گرنگه‌ی زمانی دایكه، كه به درێژایی زیاد له سه‌د ساڵی ڕابردوو، ده‌سه‌ڵاته نادیموكراسییه‌كانی ناوچه‌كه له (توركیا، ئێران، عێراق و سوریا)، ڕێگه‌یان نه‌داوه، كه زمانی كوردی له په‌روه‌رده‌دا، به‌كاربهێنرێت، به تایبه‌تیش له (توركیا و ئێران)، كه تا ئێستاش سیاسه‌تی ڕێگریلێكردن و تواندنه‌وه و كوشتنی زمانی كوردی به شێوه و ڕێگه‌ی جیاوازی سیاسی و ئابووری و قانونی پیاده ده‌كه‌ن و به پاساوی نازانستی و نائینسانی و ناقانونی درێژه به‌م سیاسه‌ته‌یان ده‌ده‌ن، له كاتێكدا كه سه‌رجه‌م مافه مه‌ده‌نی و زمانی و یاساییه‌كان و ته‌نانه‌ت مافه په‌روه‌رده‌یی و توێژینه‌وه زانستییه‌كانیش جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه خوێندن به زمانی دایكی نه‌ك زیانی بۆ زمانی دووه‌م نابێت، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته هۆی خزمه‌تپێكردنی زمانی دووه‌م و خوێندن و ڕاژه‌كردنی زمانی دایكی و گرنگیپێدانی مافێكی سه‌ره‌تایی و مرۆیی و ئایینی و ئینسانی هه‌ر تاكێكه، كه به زمانه‌كه‌ی خۆی بخوێنێت و گه‌شه‌ی پێبدات و خزمه‌تی بكات، له‌م ڕووه‌وه خوای گه‌وره له یه‌كێك له ئایه‌ته پیرۆزه‌كانی خۆیدا باسی ئه‌وه ده‌كات، كه جیاوازی (ڕه‌نگ و زمان) ئایه‌ت و نیشانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌زدانه و ده‌فه‌رمووێت: ﴿وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ﴾ الروم – ٢٢.
كه‌واته له كۆتاییدا، گرنگی خوێندن به زمانی دایكی له په‌روه‌رده‌دا، له چه‌ند خاڵێكدا ده‌خه‌ینه‌ڕوو:
١- خوێندن به زمانی دایكی له په‌روه‌رده‌دا، منداڵ ده‌كاته خاوه‌ن كه‌سێتییه‌كی بڕوا به‌خۆ بوو، چونكه له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا و پاش وه‌رگرتنی زمانی دایكی/نه‌ته‌وه‌یی، نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی له بازنه‌ی یه‌كه‌م (خێزان)دا، له كاتی چوونه قوتابخانه و خوێندن به زمانی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ئه‌و هه‌سته‌ی لادروستده‌بێت، كه ئه‌م منداڵه ئه‌ندامه له گروپ و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراودا و هه‌نگاوه‌كانی دروستبوونی كه‌سێتییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، كه هه‌ست بكات خاوه‌ن كۆمه‌ڵ و زمان و چاندی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، واته له هه‌نگاوی دووه‌مدا هه‌ستده‌كات، كه ئه‌و زمانه‌ی له‌ناو خێزانه‌كه‌یه‌وه هێناویه‌تی خه‌ڵكانی تریش خاوه‌نین و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستێت و شعورێكی ده‌سته‌جه‌معیی بۆ دروستده‌بێت، كه ئه‌م شعوره‌ش له كۆتاییدا ده‌بێته ناسنامه و پێناسێكی نه‌ته‌وه‌یی.
٢- به‌پێی توێژینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه، ئه‌و منداڵانه‌ی كه به‌هره‌مه‌ندن و خاوه‌ن زیره‌كییه‌كی تایبه‌تن و ده‌توانن زووتر له هاوته‌مه‌نه‌كانیان له قوتابخانه زانست و پرۆگرامه‌كانی خوێندنی قوتابخانه وه‌ربگرن، ئه‌وانه‌ن كه به زمانی دایكی/نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌خوێنن، چونكه منداڵ پێشتر له ڕێگه‌ی خێزانه‌كه‌یه‌وه زمانی فراژوو بووه و وشه و كه‌ره‌سه‌یه‌كی باشی به‌و زمانه‌ی خۆی لا گه‌ڵاڵه بووه، كه ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ره، تا له قوتابخانه زیاتر په‌ره به‌و زمانه بدات و به وشه و زاراوه و ده‌ربڕاوی نوێ ده‌وڵه‌مه‌ندی بكات، به پێچه‌وانه‌شه‌وه گه‌ر منداڵ به زمانێكی تر بخوێنێت، ئه‌وا ده‌بێت سه‌ره‌تا خه‌می تێگه‌یشتن و فێربوونی زمانه‌كه‌ی بێت، نه‌ك زانسته‌كه.
٣- زمانی دایكی په‌یوه‌سته به بیر و دونیابینی مرۆڤه‌وه و توند به ڕۆحیه‌وه به‌ستراوه، بۆیه خوێندن به زمانی دایكی هۆكارێكی گرنگه بۆ ده‌رهێنانی ئه‌و توانست و له‌بارێتییه‌ی كه مرۆڤ له باریدایه بۆ داهێنان و دۆزینه‌وه و ئاشكراكردنی شته نادیار و نه‌دۆزراوه‌كان، كه ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕووبدات، ئه‌وا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌ركوتی ئه‌و توانست و شاره‌زایی و بیرۆكانه‌ی منداڵ ده‌كرێت و ده‌چه‌پێنرێت.
٤- زمان دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه و له‌دایكبووی ژینگه و كۆمه‌ڵ و ده‌وروبه‌ره جیاوازه‌كانه، ڕاسته زمان به‌شێكی بنه‌ڕه‌تیی بۆماوه‌یی و سروشتییه، به‌ڵام ئه‌و ژینگه و كۆمه‌ڵ و ده‌وروبه‌ره، كه شێوه به زمانه‌كان ده‌دات و به‌رگی جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز ده‌كاته به‌ری زمانه‌كان، بۆیه خوێندن به زمانی دایكی وا له منداڵ ده‌كات، كه وه‌ك ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵێكی دیاریكراو بمێنێته‌وه و شوناسێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی و مێژوویی و بوونیی پێده‌به‌خشێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م شوناسه‌ی لێدابڕنیت، ئه‌وا منداڵ هه‌ست به بێناسنامه‌یی و خۆونكردن ده‌كات.
٥- زمان و بیر وه‌ك دوو ڕووی دراوێك وان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو چه‌مكه بۆچوونی دژ و پێچه‌وانه و پێكناكۆك هه‌یه، به‌ڵام له كۆتاییدا نه زمان به‌بێ بیر و نه بیریش به‌بێ زمان ده‌توانن وجودی خۆیان بسه‌لمێنن، بیریش په‌یوه‌سته به ده‌رون و ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان و هه‌موو مرۆڤێك خاوه‌ن شعور و هه‌ستێكی تایبه‌تی خۆیه‌تی كه له ڕێگه‌ی زمانی دایكییه‌وه زۆر به باشیی ده‌توانێت خۆی وێنا بكات و خۆی به‌یان بكات و گوزارشت له ناخی خۆی (خۆشیی و ناخۆشیی، خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌كانی) بكات، ئه‌م هه‌ستانه به زمانی دایك نه‌بێت به هیچ زمانێكی تر ناتوانرێت سه‌داسه‌د ده‌رببڕدرێت.
٦- ته‌نانه‌ت توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه ده‌خه‌نه‌ڕوو، كه مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانتر فێری زمانێك یان زیاتری تر بێت، ئه‌وا پێویسته سه‌ره‌تا به زمانی دایكی په‌روه‌رده وه‌ربگرێت و گۆشبكرێت، تا دواتر به ئاسانی فێری كۆده‌كانی زمانی دووه‌م ببێت و وه‌ریانبگرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شە، كه زمانی یه‌كه‌م به زمانپژان و دووه‌م به فێربوون ناوده‌برێت.
له كۆتایی ئه‌م وتاره‌دا، ئه‌وه ده‌خه‌ینه‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی تاكی كورد خاوه‌نی خۆمان بین، بۆئه‌وه‌ی چیتر خۆمان به كه‌متر له‌وانی دیكه نه‌زانین و بۆئه‌وه‌ی ڕێزی هه‌بووه‌كانی خۆمان بگرین، پێویسته له ڕێگه‌ی زمانه‌كه‌مانه‌وه خۆمان بدۆزینه‌وه و جارێكی تر خۆمان پێناسه بكه‌ینه‌وه، كه كێین و بۆچی ده‌ژین و چیمان له‌م گه‌ردوونه ده‌وێت؟ هاوكات پێویستیشه لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار/ حكومه‌ت چیتر بێباكانه و نابه‌رپرسانه له پرسی زمانی كوردیدا له بێ پلانی و بێ به‌رنامه‌ییدا نه‌بێت، پێویسته خۆی له زمانی كوردی و داهاتووی زمانی كوردی به‌خاوه‌ن بكات و له ڕێگه‌ی دانانی سیاسه‌ت و پلانی زمانییه‌وه پێگه و شكۆ و ده‌سه‌ڵات بۆ زمانه‌كه بگێڕێته‌وه و چاودێری و خزمه‌تی بكات و ڕێگه بۆ زمانه باڵا و خاوه‌ن شكۆكان خۆشنه‌كات، كه ببنه خانه‌خوێ و زمانی كوردیی بكه‌نه میوان و ده‌ریپه‌ڕێنن، چونكه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستا له‌ناو هه‌ندێك له داموده‌زگا فه‌رمیی و وه‌زارییه‌كانی حكومه‌تدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت به ته‌واوه‌تی یارمه‌تیده‌ری لاوازكردنی پێگه‌ی زمانی كوردییه و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پڕوپاگه‌نده و بانگه‌شه نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕانه‌یه‌یه، كه له باره‌ی نه‌ته‌وه و زمان و كه‌لتوری كوردییه‌وه ده‌كرا، له دیارترین ئه‌و نموونانه‌ی كه بوونه‌ته هۆی لاوازكردنی پێگه‌ی زمانی كوردی و كه‌مبه‌هاكردنی بریتین له كردنه‌وه‌ی دایه‌نگه و خوێندنگه و په‌یمانگه و زانكۆی ئه‌هلی و تایبه‌ت و خوێندن له‌م شوێنانه به زمانی بیانی و گرنگی نه‌دان و پشتگوێخستنی زمانی كوردی، هه‌روه‌ها بڕیاری خوێندنی بابه‌ته‌كانی زانست و بیركاری به زمانی ئینگلیزی له ساڵی 2014، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و دواتر فه‌شه‌ل هێنانی بڕیاره‌كه، هاوكات بڕیاری ئه‌ژمارنه‌كردنی نمره‌ی زمانی كوردی بۆ خوێندكارانی به‌شه زانستییه‌كانی وه‌ك (پزیشكیی و ....) لە ساڵی ٢٠١٧، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و بڕیاری به فه‌رمیی ناسینی زمانی ئینگلیزی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، ئه‌مه جگه له شانكێی زاره‌كانی زمانی كوردی و به‌كارهێنانیان وه‌ك زمانی ستاندارد و فه‌رمیی و ده‌یان ئاڵنگاری تر، هه‌موو ئه‌مانه مشتێكن له خه‌رواری ئاڵنگاری و ئارێشه‌كانی به‌رده‌م ئێستای زمانی كوردی و گه‌ر خه‌مخۆرانه و دڵسۆزانه ئاوڕێكی به‌رپرسیارانه‌ی لێنه‌درێته‌وه، ئه‌وا زمانی كوردی له داهاتوودا ئاسۆیه‌كی ڕووناك و دیار چاوه‌ڕێی ناكات.
نووسینی: پ.ی.د. مسته‌فا ڕه‌زا مسته‌فا مامۆستای زانكۆ