حزبی كوردی پاراستیمۆڵى سیاسیی‌و هه‌ڵبژاردن

ئاری عومەر

2024-04-02

وه‌زیفه‌ى هێزى سیاسیی به‌ ته‌نها بریتی نیه‌ له‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردن‌و نمایشی هێزو به‌ ده‌ستهێنانى كورسی، به‌ڵكو له‌ ته‌ك ئه‌و رۆڵه‌ راگوزه‌ره‌ ئه‌وه‌ی له‌ هێزو پارتى سیاسی ده‌خوازرێت یه‌كسانه‌ به‌ دروستكردنى مێژوو، هاوتایه‌ به‌ بنیادنان‌و نه‌ته‌وه‌سازى، بریتیه‌ له‌ شارسازیی‌و دروستكردنه‌وه‌‌و پێكهێنانه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌، ئه‌م پێوانه‌و پێوه‌ره‌ باڵایانه‌ له‌ دیاریكردنى هێز‌و پارتى ژماره‌ یه‌ك وایكرد، (ئه‌براهام لینكۆڵن) تانوپۆی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا دابڕێژێ‌و (مارگرێت تاتچه‌ر) مێژووى نوێی به‌ریتانیا بنوسێته‌وه‌و (جه‌مال عه‌بدولناسر) یش مێژوویه‌كی نوێ ببه‌خشێته‌وه‌ به‌ میسر، وه‌ك چۆن پارتى سۆشیالیستى نه‌مسا، له‌ بنیادنانى ڤیه‌ناو گواستنه‌وه‌ى پایته‌خت رۆڵی گه‌وره‌ى بینیووه‌.

‎له‌راستیدا هه‌موو هێزێكى سیاسیی بۆ دوو ئامانج تێده‌كۆشێت، یه‌كێكیان ته‌ژیكردنى یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ ده‌ستكه‌وته‌كان بۆ ئه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنانى گه‌وره‌ی تێدا بكات‌و له‌په‌ناى شانازیكردن به‌ ده‌ستكه‌وته‌كانه‌وه‌ چانسی مانه‌وه‌ به‌ده‌ست بێنێ، دووه‌میش بردنه‌وه‌ى كێبڕكێی هه‌ڵبژاردن‌و به‌ده‌ستهێنانى متمانه‌ى خه‌ڵكه‌، ئه‌وه‌ش رێك ئه‌و بۆشایه‌یه‌ كه‌ هێزو پارتى كوردی تا ئێستاش ناتوانن په‌ی پێ ببه‌ن، چونكه‌ ئیدى له‌و قۆناغه‌ راگوزه‌ره‌ى ژیانى سیاسیی ئێمه‌دا، كه‌ هه‌موو شتێك په‌یوه‌ستى یاده‌وه‌ری‌و جوڵه‌‌و به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌، هێزه‌كان نه‌ توانیوویانه‌ (ڤیه‌نا) بینا بكه‌ن‌و نه‌ ده‌شیانه‌وێت به‌رنامه‌یه‌ك ببه‌خشنه‌ ده‌نگده‌ر كه‌ بۆن‌و ده‌نگی چاككردن‌و ریفۆرمى لێ بێت، كه‌وایه‌ خواستى ئه‌و هێزانه‌ گۆڕانكاریی ریشه‌یی نیه‌، به‌ڵكو كه‌ف‌و كوڵێكى كاتیه‌و ته‌نها ده‌یانه‌وێت له‌ قاوغ‌و جوغزی خۆیاندا بمێننه‌وه‌.