ڕۆژئاوا لەژێر کەڵبەکانی فاشیزمدا!

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2024-12-21

پاش بۆردوومانە سەدبارەبووەوەکانی ئاردۆگان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵات سوریا "ڕۆژاڤا" قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی فاشیستانەی پانتورکیزم بەرامبەر گەلانی دیکەی ناوچەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام جاروبار لێرەو لەوێ باس لەوە دەکرێت ئاردۆگان نیازی سڕینەوەی کوردی هەیە و بەرپرسانی سیاسیی کوردستانی عێراقیش باس لەوە دەکەن کە لەناو کوردیشدا ئەو تەنها دژی پەکە×کەیە و بەنەمانی پە×کەکە ئەو ڕێوییە پیرە ئیدی دادەسەکێ و کۆڵدەدات، وە ئیلا ئەو گورگە باران دیتووە کێشەی کورد و مرۆڤی کوردی نییە و کێشەکە تەنها "تێرۆرستاننیپە×کە×کەن".

ئەم قسەیە لەڕاستیدا وانییە، ئاردۆگان هەڵگری عەقڵیەتێکی فاشیستیی "ئیسلامیی-تورکییە"، فاشیزمیش لە کورتترین پێناسەدا دژی هەموو جۆرێکە جگە لە خۆی. فاشیزم بەبێ هەڵاوێرد پێش ئەوەی دژی جۆرێک بێت لە مرۆڤ دژی ژیان و خودی کەینونەی مرۆڤە، دژی هەناسەدانی ئەوانی دیکەیە وەک ئەوەی کە هەن تا ببن بەوەی بابای فاشیست دەیهەوێت.

 ئەوەی فاشیزمەکەی ئاردۆگان لە فاشیزمەکەی کەمال ئاتاتورک جیادەکاتەوە بوونی ڕەکیزەیەکی وێرانکەری وەک ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسییە کە بە پانتوورکیزمە کەمالیستیەکەوەی موتوربە کردووە و هەرخۆشی ماستەرمایندی ئەم تێکەڵە عەنتیکەیەیە. ئەم تێکەڵەیەی پانتورکیزمی-سوننیزم وایکردوە فاشیزمێکی بێ پێشینە لە تورکیادا خۆی سەرڕێبخات، جگە لە خۆی ئەوی دیکە وەک نەیار و خوێنی دژ ببینێت، جارجار لەژێر ناوی میساقی میللیدا سنوورەکانی تورکیا و گەلانی ئانادۆڵ ببڕێت وپەل بۆ دەرەوە بهاوێت. کارێک دەکات لەودیو سنووریشەوە تۆ بۆت نەبێت وەک ئەو بیر نەکەیتەوە، نەژیت و نەئاخڤیت. هەروەک چۆن ئاتاتورک لە سەدەی ڕابردوودا کەم و زۆر بووبووە ئیلهامی  فاشیستێکی وەک هیتلە*ر، ئەمڕۆش ئاردۆگان دەبێتە کانگای ئیلهامی دەیان فاشیست بۆ دوای خۆی، چونکە توانای یاریکردنی لەسەر پەتەکانی ئیسلامۆ-فاشیزم و پانتورکیزم زۆر بەباشی هەیە.

سەروەختی خۆی مۆسۆلینیی لە وەسفی فاشیزمێکی تەمام عەیاردا تەرکیزی لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێ گەورەترین و حەساسترین جومگەکانی ئابووریی "سێکتەری گشتیی و تایبەت"  لە وڵاتدا کۆنترۆڵ بکرێن بۆ ئەوەی فاشیزم وەک ئایدلۆژیا نەرم نەرم و بە خێرایی بجوڵێت. ئەم پێناسەیەی مۆسۆلینی کتومت بۆ تورکیاکەی ئاردۆگان ڕاستە. سێکتەرێکی نەک تەنها وەک ئابووریی بەڵکو میدیایی و سیاسیی و دادوەریش نەماوە ئەمڕۆ ڕژێمەکەی ئاردۆگان کۆنترۆڵی نەکردبێت، نەک هەر لەناوخۆ بەڵکو لە بەشێکی باشی باکوری سوریا، قوبرس، هەرێمی کوردستانی عێراق، سودان، قەتەر و لیبیا و تەنانەت ئەفگانستان و بۆرکینافاسۆ و لیبریاشدا هەمان کاری سەرڕێخستووە.  شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە فاشیزمی تورکیی و جووڵانەوەی پانتورکیزم تەرکیز لەسەر سڕینەوەی ئەوی دیکە دەکات، جا ئەو  ئەوەی دیکە کورد بێت یا غەیرە کورد، لاز بێت یا چەرکەز و عەرەب بێت یا عەجەم بۆ فاشیسێکی نەژادیی جیاوازیی نییە.

 دژایەتی فاشیزمی تورکی لەڕابردووی کۆماری تورکیای نوێ دا بۆ کورد بەو حوکمە بووە کە لەدوای تورک گەورەترین نەتەوەی ئانادۆڵ و ناوەچەکە کورد بووە، چڕی دانیشتوانی کورد لە کوردستانی تورکیادا وایکردووە پشکی شێری نەهامەتییەکان بەر کورد بکەوێت، خۆ ئەگەر لەبری کورد عەرەب، فارس یا چەرکەز لە ئانادۆڵ بژیایە هەمان ئەو سڕینەوە و ئاسیمیلاسۆنە دژی ئەوانیش بەکار دەهات کە لە مێژوودا دژی کورد بەکار هاتووە، ئەوانیش تووشی هەمان جینۆسایدەکانی شێخ ڕەزا و دەرسیم و زیلان و ڕۆبۆسکی-ئوڵودەرە دەبوونەوە. بەڵام کێشەکەی ئەوەیە ئەو تێکچوونە دەروونییەی فاشیزمی ئێستای ئاردۆگان تێیکەوتووە، هەموو نەیارێکی فیکریش بە نەیاری فیزیکی دەبینێت جا گەر ئەو نەیارانە نووسەێک بێت لەکفری، گەشتیارێک بێت لەکانی ماسی یان داربەڕوویەک بێت لە زاوێتە، پاوان مەڕوماڵاتێک بێت لە ماوەت و شارباژێر یڵن  ژێرخانی ئاوی خواردنەوە بێت لە عەفرین، یان خویندنگایەک بێت لە سەرێ کانی و زاخۆ بۆ ئەم جیاوازی ناکات، دەبێت ئەم وەک دوژمن لێی بڕوانێت وپەلاماری بدات.



بە کورتی فاشیزمی تورکیی لەفۆڕمە کلاسیکییە ئاتاتورکییەکەیدا بنەمایەکی زۆر فشەڵ و نابووتی هەیە و بەردەوام لەخەمی مانەوەی خۆیدایە، ئەم مانەوەشی تەنها و تەنها لە دژایەتیکردن و سڕینەوەی ئەوی دیکە بۆ مەیسەر دەبێت، بەڵام فاشیزمی ئاردۆگان فاشیزمێکی چەتەیی/قەومی/دینییە نەک هەر هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دیکە دەدات، لە بنەڕەتدا ئەوی دیکە هەر نادیدە دەگرێت و هیچ حیسابێکی بۆ ناکات و پێی وایە ئەویتر موڵکی ئەمەو بە سوخرەی گرتووە.

 هەروەک چۆن هەوڵێک هەیە ئێستا لای سیاسییەکانی کورد بۆ مانەوەی خۆیان و ئەو فەرهوودەی کە دەیکەن دەیانەوێت لەڕێگەی  هەندێ گەمبۆڵ و قەڵەمچاوشۆڕی دەربارەوە  عەرەبی عێراق و بەتایبەتتر شیعەکەی وەک دوژمن پێناسە بکەن، دیارە لەسەر برەودان  بەم ئایدۆلۆژیایە ڕۆژ دوای ڕۆژ خۆیانیان قەڵەوتر و میللەتەکەشیان دەستەمۆتر و کزۆڵتر کردووە، بەهەمان شێوە فاشیزمی  پانتورکیزمی/ئیسلامی تورکیش ئەمڕۆ هەموو گرەوی مانەوەی خۆی لەسەر دژایەتی ئەوی دیکە بنیاتناوە، بەڕاست و چەپ دەکوژێت و دەبڕێت، کوردیش لەم نێوانەدا بە حوکمی جیۆپۆلیتیک و دیمۆگرافیای ناوچەکە نەک بیلزەرورە وەک ئامانج و نێچیری نمرە یەک دەبیندرێت. لەئەگەری مەیسەر کردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانی ئانادۆڵ "وەک ئەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەندێ چەپی خوێندەواری تورک باوەڕیان پێی هەیە" و هەرەسی ئاردۆگاندا "کە من وەک کۆتا سوڵتان و قەڵای پانتورکیزم دەیبینم" کۆی سیستمەکە هەرەس دەهێنێت و شتێک نامێنێتەوە بەناوی کۆماری تورکیای نوێ.

ئەوەی ئاردۆگان لەسەرکردەکانی پێش خۆی جیادەکاتەوە ئەوەیە سەرباری ئەوەی کەسایەتییەکی سەرڕێژی لە فاشیزمی تورکیی هەیە، بە فاشیزمی دینییش قانگ دراوە. ئەم فاشیزمە ناسیۆنالیستییە دینییە و بە تایبەتیش فاشیزمی ئیسلامیزم وایکردووە  جیاواز لەسەرکردەکانی پێش خۆی تەنانەت ڕەحم بە نەتەوەکەی خۆشی نەکات، نەک هەر ڕەحمیان پێناکات بەڵکو وای لێکردووە بردنەوە لە هەڵبژاردن وەک غەنیمەت و "حەقی شمشێر" تەماشا بکات. کۆی سیستمەکە بە گوێرەی حەزە شەخسیی و تەماعە سوڵتانییەکانی خۆی دابڕێژێتەوە و بکەوێتە دۆخێکی هیستریی وەهاوە کە خۆی وەک سوڵتانی جیهانی ئیسلامی  تەماشا بکات. تارومارکردنی بزاڤی خزمەتی فەتحوڵا گوڵەن، زیندانیکردنی سەرکردەیەکی سەلەفی وەک ئاڵپ ئارسڵان کویتوڵ کە ڕابەرایەتی بزاڤێکی فەندەمێنتاڵی دینی دەکرد و هەڵوەشاندنەوەی بزاڤەکەی تەنهاوتەنها لەبەر ئەوەی بەیعەتی نەدا، وەلانانی داودئۆغڵو، عەبدڵا گول، بولەنت ئارینچ، عەلی باباجانی کۆنە میللی گۆروش  دەلیلێکی باشی ئەم قسەیەن.

ئیبراهیم کاڵن یەکێکە لە سەرکردە باڵاکانی دەوڵەتە فاشییەکەی ئاردۆگان، ئەمڕۆ ڕاوێژکاری میتە و پێشتریش وتەبێژی کۆشکەکەێ بووە، لە ئامریکا خوێندوویەتی و خوێندکاری فەیلسوفێکی وەک سەید حوسێن نەسر و هاوڕێی ویلیام چیتک بووە، تێزی دکتۆراکەی لەسەر مەسەلە ئۆبجێکتیڤییەکانی فەلسەفەیە  لای مەلا سەدرای شیرازی، جگە لە جۆرج واشینگتۆن ئاکادیمیاکانی مالیزیا، فەرەنسا، ئێران، پاکستان، هیندستان، ئیسرائیل، کانادا، بەریتانیا و بۆسنەی دیوە. لە وەسفی کردنەوەی ئایاسۆفیا و جوگرافیای میساقی میللیی و مەسەلەی ویلایەتی موسڵدا بە دیاریکراویی فاشیستانە وشەی "مافی شمشێریKılıç hakkı" بەکار دەهێنێت. واتە ئێمە بە شمشێرئەم مزگەوتەو ئەو جوگرافیایەمان فەتح کردوە وهەر بەو حەقی شمشێرە مافی خۆمانە چۆن تەسەروف بە موقەدەراتی خۆیان و خەڵکەکەی ناویانەوە دەکەین. ئیبراهیم کاڵن یەکەمین سەرکردەی ئە وڵاتەبوو پاش ڕوخانی ئەسەد لە دیمەشقەوە جاڕی کۆتاییهێنانی ستاتۆی ئاراوتەی ڕۆژئاوای دا، ئەمە جگە لەوەی دوو ساڵی ڕابردوو درێخی نەدەکرد لە تەختکردنی ژێرخانی ئابووری کوردانی ڕۆژئاوا لە لێدان لە ئاو و کارەبا و قوتابخانە و پاڵاوگەکانی ئەو میللەتە بەشمەینەتە. ئێستا ئاردۆگان حسابی مافی شمشێر نەک تەنها بۆ تورکیا بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و بەشێک لە سوریا و قوبرس و یۆنانیش دەکات. وا لە سوریاوە دەستی پێکردووە و بۆ موسڵ و هەولێر درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە میساقی میللی.

ئەم تێکەڵە مەترسیدارە لە فاشیزمی "ٚنەژادیی-دینیی" دۆخێکی تورکیا و ناوچەکەی خستۆتە ژێر باری ئاگر و ئاسنێکی زۆر مەترسییدار. هەموو جوگرافیاکە بە موڵکی تاکە کەسێک دەزانێت و کەی بیەوێت پەلاماری کوێی بوێت دەیدات و گەر تەسلیم نەبوو بەدەردی  موسڵی داع×ش و ئیدلیبی  نوصرەی دەبات. پاییزی ئەمساڵ وردە وردە پاوانخوازییەکانی ئاردۆگان بە پراکتیکی دەبینین.
وتارێکی ساڵی پار بەکەمێک تێهەڵکێشی ڕووداوەکانی ئەمساڵەوە.