کابوسی خانەنشینی و ترسێکی واقیعی لە پەراوێزخران
ئەگەر لە واقیعی کوردستاندا پرسیار لە هەر فەرمانبەرێک بکەیت کە ئاخۆ لە ژیانی خۆیدا لە چی شتێک زۆر دەترسێت ئەوا بێ بیرکردنەوە و بێ دودڵی وەڵامەکەی ئەوەیە کە (خانەنشینبوون) گەورەیرین ترسی ئەوە. وەڵامێکی لەو شێوەیە دەیان پرسیاری دیکە بەدوای خۆیدا دێنێت. بۆ دەبێت ڕزگاربوون لە ڕەنجی کارکردن مەترسیدار بێت! بۆ دەبێت کەسێک لە فەرمانبردن بۆ ئەوی دیکەی گەورە خۆشحاڵ و لە سەربەخۆبوون بێزار بێت! ئایا تەمەنێک لە فەرمانبردنی بێ بیرکردنەوە وای لە کەسێک کردووە کە خواستی بەدەستهێنانەوەی ئیرادە و زەحمەتی بیرکردنەوەی تیادا خەسابێت.
نامۆبوونی فەرمانبەر لە کار، لە بەرهەمی کار، لە هەلومەرجێک کە کاری تیادا دەکات بەس نیە تا دوورکەوتنەوەی لەو فۆرمە لە کار و ژیان خۆشحاڵی بکات. ئایا هەژموونی ئایدۆلۆژی و تەمەنێک لە فەرمانبەرێتی وای لێ کردووە چیتر هەست بە نامۆبوون لە کار و بەرهەمی کارەکەی نەکات و لای وایە کار بۆ خۆی دەکات و بەرهەمی کارەکەی لە خزمەتی خۆی و کۆمەڵگادایە... لەگەڵ هەموو ئەوانە هێشتا بە تەواوی نازانین فەرمانبەر بۆ لە خانەنشین بوون دەترسێت.
ڕەنگە ئێمە پرسیارێکی ناجۆرمان لە فەرمانبەر یان مامۆستا کردبێت. چونکە لە واقیعی کۆمەڵایەتی ئێمە مرۆڤ بە ترس گۆش دەکرێت بۆیە لە گشت شتێک دەترسێت. تەنها لۆژیکی بوونی پرسیارەکە لەوێدایە کە لەناو هەموو ترسەکاندا کامەیان گەورەترینە. بۆ فەرمانبەرێک خانەنشینبوون گەورەترین ترسە.
بۆ فەرمانبەرێک ئەگەر خانەنشینی بەمانای پیربوون و نزیکبوونەوە لە مەرگ بێت ئەوا ئەگەر کەسێک فەرمانبەریش نەبێت بە ئەگەرێکی زۆرە هەر پیر دەبێت و مردنیش شتێکی حەتمیە و تەنها درەنگ و زوو کەوتووە. مرۆڤ لەدەرەوە یان ناوەوەی دامەزراوە دەوڵەتیەکان بێت هەر پیر دەبێت بەڵام ترسەکە لەوێدایە خانەنشینی بیری دەخاتەوە کە پیر بووە و نزیکی مەرگە.
ـ بۆ فەرمانبەر خانەنشینبوون دونیایەک مەترسی گەورە و بچوک لەگەڵ خۆی دەهێنێت. ترسی ئەو لە ژیانی نۆرەگرتن و پاڵپاڵێنی ڕیزە درێژەکانی سەروەختی وەگرتنی موچە لەبەردەم بانکەکان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە واقیعی کوردستاندا و هەرکەس لە ژیانی خۆیدا هەزاران جار ئەزموونی نۆرەگرتن و پاڵپاڵێنی کردووە هەتا لە سەرەی وەرگرتنی نان، بەنزین، غاز، و نۆرەگرتنی نەوت و شەڕە بەرمیل و ڕاکردن بەدوای تەنکەری نەوت... بەڵام ئەو ڕاکە ڕاک و نۆرەگرتنە لە پیریدا شتێکی ترە.
ترسی ئەو لە موچەیەکی ناشایستەیەی خانەنشینیە کە تێچوی دە ڕۆژی ژیانی ئەوە لەبری مانگێک، ترسی ئەو لەوەدایە کە موچەکانی لەکاتی خۆی و وەکو خۆی پێنادرێت، ترسی ئەو دابەزینی بەهای پارەی ناوخۆییە کە زۆرکات لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکاندا خۆی دەردەخات، لە کاتێکدا دەوڵەت بڕی موچەکەی بەپێی دابەزینی بەهای پارە بەرز ناکاتەوە.
ترسی هەر فەرمانبەرێک لە خانەنشینی لەم واقیعدا هەر ئەوە نیە خانەنشین دەکرێت و چیتر دوور دەخرێتەوە لە کارکردن. بەڵکو ترسیان لەوەیە کە بە تەمەنێکی زۆرەوە و بە تەمەنی پیری فڕێدەدرینە بازاڕی کارەوە. موچەیەکی کەمی خانەنشینی ئەوان ناچار دەکات بچنە بازاڕێکی کار کە بۆ گەنجەکانیش کار بە کرێیەکی شایستە دەست ناکەوێت چی بگات بە پیرەکان. یەکێک لە میکانیزمەکانی بۆرژوازی لەمڕۆدا بۆ زیادکردنی سوپای بەتاڵەی کار فڕێدانە بازاڕی ئەم مرۆڤە پیرانەیە وەک چۆن منداڵان و ژنان بە لێشاو دەخاتە بازاڕی کارەوە تا کێبڕکێی نێوان بێکاران لەناو یەکتریدا و لەگەڵ ئەوانەی کاریان هەیە زیاد بکات، تا لەم ڕێگایەوە کرێی کار داببەزێنێت. بەڵێ بۆرژوازی سود لە هەر شتێک دەبینێت و ناهێڵێت زەڕەیەک وزە بەفیڕۆ بڕوات هەتا وزەی مرۆڤە پیرەکان!
بەشێک لەوانەی لە خانەنشینی دەترسن لەوە ناترسن کە خانە نشین دەبن بەڵکو لەوە دەترسن کە خانەیەکیان نیە تا لەسەروەختی پیریدا تیایدا دانیشن. ئەوان لە ژیانی فەرمانبەریدا موچەیەک کە پێیان دەدرێت بەشی پێداویستیە زەروریەکانی ژیانی ڕۆژانەیان ناکات چی بگات بەوەی کە لەسەردەمی بەکاڵای بوونی خانوودا بتوانن خانویەک بکڕن. ئەوان کاتێک کارمەندی دەوڵەتی بوون کرێچی موڵکدارانی ڕانتخۆر بوون ئیدی سەردەمی پیری دەبێت چۆن بژین. لەم واقیعی ئێرە خانەنشینان نەک ماڵێک یان خانویەکی خۆیان نیە لە پیریدا تیایدا بژین، بەڵکو جگە لە شارە گەورەکان کە کەمترین خانەی بەساڵاچوانی تیادایە لە شار و شارۆچکە بچوکەکان شتێکمان نیە بەناوی خانەی بەساڵاچوان.
فەرمانبەران دەترسن لە خانەنشینی چونکە کەسە پیر و بەتەمەنەکان دەبینن کە چۆن لەسەر سوچی کۆڵانەکان دانیشتوون و یادەوەریەکانیان دەگێڕنەوە، پیرەکان دەبینن لەبەردەم مزگەوتەکان بێناز و بە بێدەنگی دانیشتوون، پیرەکان دەبینن لە سوچ و کەلەبەری مزگەوتەکان سەرگەرمی دوعاکردنن تا خودا لە نەخۆشی بیانپارێزێت چونکە پارەی تێچوی نەخۆشخانە تایبەتەکانیان پێ نادرێت.
فەرمانبەران کەسە پیرەکان و خانەنشینان دەبینن چۆن لەلایەن خێزان و کۆمەڵگا و دەوڵەتەوە پەراوێزخراون، دەبینن چۆن لەلایەن دەیان دامەزراوەی جۆراو جۆرەوە ئامادەکاری ئایدۆلۆژی دەکرێت تا پیرەکان وەک زیادە و سەرباری کۆمەڵایەتی ببینرێن، دەبینن چۆن دەیان نەخۆشی هاوشێوەی کۆڤید ١٩ بەرهەمدەهێنرێت تا پیرەکان پێش لە وادەی خۆیان بمرێنن و لەکۆڵی خۆیانی بکەنەوە. فەرمانبەران ئەوە دەبینن کە چۆن هەموو سەرلەبەیانیەک زوو پیاوە بەتەمەنەکان لەلایەن خێزانەکانەوە بەزۆرەکی دەکرێنە دەرەوە بە بیانووی ئەوەی کە ماڵەوە لە ڕۆژدا شوێنی پیاوان نیە.
فەرمانبەران هەلومەرجی مادی ژیانی خانەنشینان دەبینن کە چۆن لەپاش خانەنشینبوون و کەمبوونەوەی بڕی موچەکانیان ژیانیان تا ماوەیەکی زۆر وێران دەبێت. زەحمەتە بۆ مرۆڤ زۆر بە خێرای لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان خۆی بگونجێنێت، بڕە موچەیەکی دیاریکراو کە ماوەیەکی درێژ کەسێک ژیانی هەفتانە و مانگانەی خۆی لەسەر بنەمای ئەو ڕێکخستووە بەخێرای و لەناکاو کەمدەکرێتەوە بۆ نیوە یان کەمتر لەوە، ئەم کەمبوونەوەیە لە توانای کڕین و کورتهێنان لە دابینکردنی پێداویستیەکان بۆ کەسی خانەنشینکراو داڕمانێکی گەورەی مادی و مەعنەوی لێ دەکەوێتەوە.
بەشی هەرە گەورەی خانەنشینکراوان لە کوردستان ڕاستە بەفەرمی و لە لایەنی حکومەتەوە خانەنشین دەکرێن بەڵام لەناو خانەوادەی واقیعی کۆمەڵایەتی ئێرە هێشتا بەشێک لە خێزانی ئەو ئیدی هاوسەری بێت یان مناڵێکی لەڕووی مادیەوە گرێدراوی موچەی خانەنشینی ئەون، گرێدراوی مادی ئەندامانی خێزانی کەسی خانەنشین هێندەی دیکە باری ژیانی ئەو قورستر دەکات. ئەم گرێدراویە مادیەی خێزانی بۆ کەسی خانەنشین ئەو ناچار دەکات جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ بازاڕی کار. هەموان زۆر ئەوە دەبیستن کە خانەنشینان پاش وەرگرتنی موچەکانیان لە لایەن خێزانەکانیانەوە بەتەواوی چەک دەکرێن، چەکی کەسێکی خانەنشین جگە لە موچە کە هێزی کۆمەڵایەتی و مادی ئەوە لە دونیای سەرمایەداریدا هیچی دیکە نیە.
ــ لە زنجیرە فیلمێکی کۆمیدیدا سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵگای بەربەری (ڤایکینگەکان)، لە یەکیک لە زنجیرەکاندا باس لە ژیانی مرۆڤە بەساڵاچووەکان دەکات، بەتایبەت ئەوانەی لە ڕەگەزی نێرن و بەتایبەتتر ئەوانەی لە تەمەنی گەنجیدا شەڕکەر بوون، واتا ئەوانەی بژێوی ژیانیان لەڕێگەی تاڵانکاری و کوشتنەوە بەدەست دەهێنا.
هاوشێوەی ئەم واقیعەی ئەمڕۆ لە زنجیرە فیلمەکەدا کەسە پیرەکان بە زیادە و سەرباری کۆمەڵگا دەبینرێن. بۆیە هەموو ساڵێک لە کاتێکی دیاریکراو کەسە پیرەکان کۆدەکرێنەوە و لەلایەن کۆمەڵگاوە ماڵئاواییان لێ دەکرێت. دواتر ئەم بەساڵاچوانە دەدرێنە دەست پیاوێکی ئاینی تا بیانباتە سەر لوتکە شاخێکی بەرز و لەوێوە دانە دانە خۆیان فڕێبدەنە خوارەوە. پێش خۆفڕێدان پیاوە ئاینیەکە لەڕووی ئایدۆلۆژیەوە ئامادەیان دەکات تا بێ ترس و دودڵی لەو شاخە بەرزەوە بفڕن، چونکە ئەوکارە دەیانگەیەنێت بە بەهەشت یاخود بەزمانی خۆیان(ڤالهالا).
بە پێی گێڕانەوەی فیلمەکە (کە خوێندنەوەیەکی نامێژووی و نا واقیعه بۆ هەلومەرجی ژیانی پیرەکان لە کۆمەڵگای بەربەریزمدا) یەکێک لە پیرە پیاوەکان بە قسەی پیاوە ئاینیەکە لە بەرزای لوتکە چیایەکە خۆی فڕێدەداتە خوارەوە، بەڵام کاتێک ئەوانی تر سەیری خوارەوە دەکەن دەبینن کە کەسەکە داویەتی بە تاشەبەردێکی گەورەدا و هەلا هەلا بووە، ئیدی ئەوانی دیکە دەترسن و لەنێوان خۆیاندا ڕێکدەکەون و لەبری ئەوەی خۆیان لەو بەرزیەوە بفڕن پیاوە ئاینیەکە فڕێدەدەنە خوارەوە. لەپاش ئەم ڕووداوە کەسە بەتەمەنەکان ناگەڕێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگا، بەڵکو بڕیار دەدەن بچنە دارستان و پێکەوە بژین. لە هەمان زنجیرە ئەوە دەبینرێت کە ئەم پیاوە پیرانە بەفریای کۆمەڵگا دەکەون کاتێک کۆمەڵگای خێڵەکیەکەیان دەکەوێتە بەر هێرشی هۆزێکی بەربەری دراوسێ، لەکاتێکدا کە کەسە شەڕکەرەکانی کۆمەڵگای خۆیان چوون بۆ جەنگ و تاڵانکاری بۆ ناوچەیەکی تر.
لە کۆمەڵگای شەڕکەری بەربەریدا کارکردن بەمانای کاری بەرهەمێنەری نیە، لەناو ئەم شێوە ژیانەدا کارکردن و بەرهەمهێنان بە ئەرکی ئەوانی تر دەزان نەک خۆیان. دەتوانین بڵێن بۆ کۆمەڵگای بەربەری جەنگاوەر کار و توانای کارکردن یەکسانە بە توانای جەنگین و هێزی شەڕکردن، بەمانای توانای کەسێک یان گروپێک بۆ تاڵانکاری کەس یان گروپ و کۆمەڵگایەکی دراوسێ و دەستگرتن بەسەر ماڵ و سامانی ئەوانی دیکە هەتا لە هەندێ کاتدا بە کۆیلەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگایەکی دیکە.
بە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینە نامێژوویی و نا واقعیە کە پێی وایە لە کۆمەڵگای بەربەریدا بەساڵاچوان زیادە و سەرباری کۆمەڵایەتین و دەیەوێت هەمان خوێندنەوەی هەلومەرجی کۆمەڵگای بۆرژوازی بسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگایەکی بەربەریشدا و لەم ڕێگەیەشەوە پاساو و بیانو بۆ زیادەی و سەربارێتی کەسە پیرەکان بهێنێتەوە و ڕەوایەتی بدات بە لەناوبردنیان ئیدی بەهەر شێوازێک بێت. لە ناو ئەم فۆرمە لە کۆمەڵگای بەربەریزمدا کاتێک جەنگاوەران پیر دەبن و توانای شەڕکردنیان کەمدەبێتەوە، یاخود هێزی شەڕکردنیان بەتەواوی نامێنێت هێشتا کۆمەڵگا دەستبەرداریان نابێت و دەیان ڕێگا و میکانیزمی تریان هەیە تا سود لە ئەزموون و توانای زیهنی و جەستەییان وەرگیرێت.
کەسە پیرەکان لەناو شێوە ژیانێکی هاوشێوەی ڤایکینگەکان یاخود مەغۆلەکانی سەردەمی جەنگیزخان یان وەک جەنگاوەری کاریزماتیک پیرۆز دەکرێن و دەبنە ڕمزی دلاوەری و ئازایەتی و چاونەترسی بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەمەش لە بەرامبەر ئەوەی بە کۆمەڵگایان بەخشیوە لەلایەن کۆمەڵگا و نەوە تازەکانەوە خاوەندارێتیان لێ دەکرێت و بە باشترین شێوە لە لایەن ئەو نەوە نوێیە لە تاڵانکاریە بەردەوامەکاندا دەبنە خاوەنی پشکێکی دیاریکراو تا بتوانن بە شایستەی تەمەنی پیریان بە کۆتا بگەیەنن.
هەروەها پیرەکان وەک کەسانی ئەزموندار ئەگەری هەیە ببرێنە جەنگەکان بێ ئەوەی بجەنگن، لە دۆخێکی وادا لەلایەکەوە ڕۆڵی پیرەکان بەخیشینی ئیرادەیە بە گەنجەکان لەلایەکی تر ڕێنیشاندەر و پلاندانەری جەنگن. یاخود دەبرێنە جەنگ تا لە پشتی جەنگەوە خزمەت بکەن، یاخود ئەم پیرانە وەک پارێزەرانی تاکە لاوازەکانی کۆمەڵگای شەڕکەران(ژنان و منداڵان) لە دوای جەنگاوەرانەوە جێدەهێڵرێن تا ئاگاداری ئەوان بن....
جیا لە هەموو ئەوانە لە ناو کۆمەڵگایەکی جەنگاوەری لەو شێوەیە و لە ناو ئەو فۆرمە لە فەرهەنگدا مردن لەسەر جێگا و بە نەخۆشی شتێکی شەرمهێنەرە، مردن لەڕێگەی شمشێر و نەیزە و تیری دوژمن تەنها شانازیەکە کەسێکی بەربەری پێی ببڕێت. لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژی ئاینی کۆمەڵگایەکی بەربەریش کوژرانی جەنگاوەر لە جەنگدا تەنها ڕێگایە بۆ (شەهیدبوون) و گەیشتن بە بەهەشتی بەڵێندراو.
ــ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ واقیعی ئەمڕۆی کۆمەڵایەتی خۆمان و بەتایبەت بۆ دەرکردنی زۆرەکی و لەناکاوی فەرمانبەران و مامۆستایان لەسەر کارەکانیان بەناوی یاسای خانەنشینیەوە ئەوا ئەوەی دەیبینین ئەوە نیە کە حکومەت دەیەوێت لەڕێگەی خانەنشینی کە مافی هەر فەرمانبەرێکە سپاسی ئەو کەسانە بکات کە تەمەن و وزەی ژیانی گەنجی خۆیان بە حکومەت و خزمەت بە کۆمەڵگا بەخشیوە.
بە پێچەوانەی تەواوی حکومەتەکانی جیهان کە هەموو ساڵێک بە بیانووی جیاواز تەمەنی خانەنشینی زیاتر دەکەن تا بە کەمترین کەس و تا دورترین مەودا و زۆرترین ساڵ بیانچەوسێننەوە و تەواوی ماوەی ژیانی کەسانی فەرمانبەر بکەن بە ماوەی کار و ماوەی خزمەتکردن و فەرمانبردن بۆ ئەوی دیکەی گەورە. حکومەتی هەرێم بە پەلە پڕوسکێ و زۆر لەپڕ بڕیاری خانەنشینی بۆ زیاتر لە سی هەزار کارمەندی دەوڵەتی دەردەکات، ئەم بڕیارە لەبری پاداشتکردنی فەرمانبەران دەکرێت ناوی دەرکردن و فڕێدانی خزمەتکارانی لێ بنرێت.
حکومەتی هەرێم کاتێک فەرمانبەران زوتر لە وادەی چاوەڕوانی فەرمانبەر خونەنشین دەکات بۆ ئەوەی نیە کە گەرەکی بێت چاکەیەک لەگەڵ فەرمانبەر بکات، چونکە لە زاتی حکومەتداری دونیای ئەمڕۆدا چاکەکاری بوونی نیە. ئەم بڕیارە لەناکاوە بۆ ئەوەی نیە لەڕێگەی هەواڵی کوتوپڕی خانەنشینبوونیان سوپرایزێکی دڵخۆشکەر بۆ کارمەندەکانی بکات. حکومەتی هەرێم ساڵانێکە لە کەرتە خزمەتگوزاریەکاندا سیاسەتی نیولیبراڵیزمی ڕانەگەیەنراو پەیڕەو دەکات، بەجۆرێک هەوڵی داوە لە کەرتە خزمەتگوزاریەکان کەمترین کەس بباتە ناو دامەزراوەکان و زۆرترین کەس لەڕێگەی خانەنشینکردنەوە فڕێبداتە دەرەوە. ئەو چەند ساڵەی دوای زۆر گوێمان لێ دەبێت باس لە بە دیجیتاڵکردن و بە کۆمپیتەریکردنی دامەزراوە حکومیەکان دەکرێت، حکومەت وەک ماشێنێکی ئۆرگانیکی زیندوو دەیەوێت خۆی بگۆڕێت بە ماشێنێکی میکانیکی کە ئەمەش بەمانای جێگۆڕکێی کاری ماشێنی بە کاری مرۆی یاخود کەمترین کاری مرۆی.
مرۆڤ بە سروشتی خۆی بونەوەرێکی کارکەرە. هەر کاریش خاڵی سەرەکی جیاکەرەوەیە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵەکان. لەگەڵ ئەوەشدا توانای کارکردن و تەمەنی کارکردن و مەودای کارکردن سنورێکی دیاریکراوی هەیە کە نابێت کۆمەڵگا ڕێگا بە بەزاندنی ئەو سنورانە بدات. بە درێژای مێژووی فۆرمە جیاوازەکانی کۆمەڵگا هیچ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی هاوشێوەی جیهانی سەرمایەداری هەوڵی نەداوە هەموو سنورە سروشتی و نەریتی و ئاینی و کۆمەڵایەتیەکانی تەمەنی کار و توانای کار و مەودای کار ببەزێنێت. بە درێژای مێژووی بەشەریەت هیچ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نەبووە هێندەی کۆمەڵگای بۆرژوازی کەسە پیرەکانی پێ زیادە و سەربار بێت، لە هیچ شێوە ژیانێکی مرۆیدا هێندەی سەرمایەداری کەسە پیرەکان نەچەوسێنراونەتەوە و سوکایەتیان پێ نەکراوە..