رێگای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان

فەرمان حەسەن

2025-05-04

ماوەی پێنج مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، تا ئێستا پەرلەمان ئەرکە دەستورییە سەرەتاییەکەی خۆی جێبەجێ نەکردووە، کە بریتییە لە (هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، ناوزەدکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، متمانەدان بە کابینەی وەزاری) بەپێی یاسا بنەڕەتییەکان(یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماددەی ٤٨ و  بڕگەی٣ی ماددەی ٥٦، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ماددەی ١١و ١٤ ، یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ماددەی٧و بڕگەی١٢ی ماددە ١٠) سەرجەم قۆناغەکان دەبوو تا سەرەتای مانگی شوبات تەواوببن.

پرۆسەکە و ماوە یاساییەکان

پرۆسەکە بەم جۆرەیە لە دانیشتنی یەکەمیدا، مەرجە پەرلەمان سەرۆکایەتی خۆی هەڵبژێرێت، لە ماوەی ٣٠ رۆژدا لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، پەرلەمان دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ سەرۆکی هەرێم دەکاتەوە، واتە پەرلەمان دەتوانێت راستەوخۆ دوای رۆژێک لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەرگای خۆ پاڵاوتن بکاتەوە، سێ رۆژ سی ڤی کاندیدەکان وەردەگیرێت، دواتر لەماوەی دوو رۆژدا کاندیدەکان ئاشکرادەکرێن و لە دوای سێ رۆژ راستەوخۆ لە دانیشتنێکی پەرلەمان سەرۆکی هەرێم بە دەنگدانی ئاشکرا هەڵدەبژێردرێت، دواتر پەرلەمان کاندیدی سەرۆک وەزیران ناوزەد دەکات، دوای ئەم پرۆسەیە سەرۆکی هەرێم مەرسومی هەرێمی بۆ راسپێردراوی پێکهێنەری کابینەی وەزارەی دەردەکات تا لەماوەی ٣٠ رۆژدا کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات. 

پێشێلکارییە یاساییەکانی پەرلەمان

*پەرلەمانی کوردستان تەواوی ئەم ماوە یاساییانەی پێشێل کردووەو تەنانەت هەنگاوی یەکەمی نەناوە کە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی خۆیەتی، وە رۆحی کاری پەرلەمانیی لیژنەکانیەتی کە بەپێی ماددەی ٤٨ی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لەماوەی ٢٥ رۆژ دوای دانیشتنی یەکەم پێکبهێندرێن.
جگە لەوەش پەرلەمان دانیشتنی یەکەمی بە کراوەیی هێڵاوەتەوە لە کاتێکدا هێشتنەوەی دانیشتن بە کراوەیی بۆ چوار مانگ بێ بەڕێوەچوونی هیچ کۆبوونەوەیەک بنەمای یاسایی نییە و پێشتر بنەمای دادگای فیدراڵی لەسەر ئەوە جێگیر بوون، بۆ نمونە بڕیاری ( 55-2010) دادگای فیدراڵی دەڵیت سەرۆکی کاتیی پەرلەمان ناکرێت دانیشتنەکە بە کراوەیی بهێڵێتەوە بەڵکو دەبێت دانیشتنەکە ئەرکە دەستورییەکانی تەواو بکات.

وە دیسانەوە لە بڕیاری ژمارە(١٣٢-٢٠٢٢) دادگای فیدراڵی جەخت دەکاتەوە کە تەواونەکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت لە ماوەی یاساییدا پێشێلکاری روونی دەستوورو حوکمەکانیەتی.

هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان

آ-لەرێگەی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمەوە 
لەم چوار حاڵەتەدا پەرلەمان بە هەڵوەشاوە دادەنرێت و سەرۆکی هەرێم بە فەرمانێکی(کاشف) پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە:
١-ئەگەر زیاتر لە نیوەی ئەندامەکانی دەستلەکاربکێشنەوە.
٢-ئەگەر لە ماوەی ٤٥ رۆژ لە بانگهێشتکردنی بۆ کۆبوونەوە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە رێژەی یاسایی بۆ دانیشتن بەدەستنەهات.
٣-ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە سێ کابینەی یەک لەدوای یەک نەدا.
٤-ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردن گۆڕاو خولی پەرلەمان شەش مانگ کەمتری مابوو.
ئێستا ئەوەی کە دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت کە رووبدات دوو حاڵەتی یەکەمە، بۆ حاڵەتی یەکەم پێویستمان بە دەستلەکارکیشانەوەی ٥١ پەرلەمانتار هەیە ئەمەش ئەستەمە و کەس خواستی خۆی بۆ کارێکی لەم جۆرە دەرنەبڕیوە، خۆ ئەگەر ئیرادە هەبێت ئەمە رێگە ئاسانەکەیە.
هەرچی سەبارەت بە رێگەی دووەمە ئەمە ئەو رێگەیە کە قسە و مشتومڕ هەڵدەگرێت، چونکە ئەم بڕگە رێگایەکی بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بە کراوەیی هێشتووەتەوە، تەنانەت ئەگەر لە رێگەی دادگای فیدراڵیشەوە کارەکە بکرێت دەبێت لەم بڕگەیەوە بچینە ناو بابەتی هەڵوەشاوەنەوە، بەڵام چۆن؟
لەراستیدا دانیشتنی پەرلەمان روویداوە و ئەندامان سوێندی یاساییان خواردووە بۆ ئەمە بەڵێ نیساب دروست بووە، بەڵام تا ئێستا نیساب بۆ دەنگدان بەدەستنەهاتووە، وە ئەو بڕگەیەش بەرەهایی دەڵێت "ئەگەر ژمارەی یاسایی ئەندامان بەدەست نەهات".

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بڕگەی سێیەم ماددەی پێنج دەڵێت"ئامادەبوونی رێژەی یاسایی بۆ دروستی دەنگدان مەرجە، بەڵام کارناکاتە سەر بەردەوامی کۆبوونەوە". کەواتە بەپێی ئەم بڕگەیە بۆ دەنگدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پێویستمان بە نیسابە دەستەی سەرۆکایەتیش دەبێت لە یەکەم دانیشتن هەڵبژێردرێت بەپێی ماددەی٤٨ لە یاسای هەڵبژاردن و ماددەکانی ١١و ١٤ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، کەواتە رێژەی یاسایی دروست نابێت بۆ ئەم کارەو یەکەم دانیشتن نەک دوای ٤٥ رۆژ بەڵکو دوای چوار مانگ نیساب دروست نەبووە بۆ تەواوکردنی ئەرکە دەستورییەکە.

بۆچوونی باو ئەوەیە کە دانیشتنەکە کراوە لە ٤٥ رۆژەکەدا و بەکراوەیی هێڵدراوەتەوە، بەڵام ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین نیساب بۆ ئەنجامدان و تەواوکردنی ئەرکە دەستورییەکە پێکنەهاتووە تا ئێستا، وە هێشتنەوەی دانیشتن بە کراوەیی بۆ کات و زەمەنێکی نادیار ئەمە ئەو کارەیە کە یاسا و بڕیاری دادگاش پشتیوانی ناکات.

پەرلەمانی کوردستان لە هەواڵی ماڵپەری خۆی کە ٢-١٢-٢٠٢٤ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت" بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی دانیشنتکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیراو"، ئایا بەندێکی یاسایی یاخود بنەمایەکی دادوەریی یاخود پرەنسیپێکی یاسایی هەیە رێگە بدات دانیشتن بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت؟

کەواتە لە ئێستادا رێگری یاسایی نییە کە ئەگەر پەرلەمان رێژەی یاسایی دروست نەکرد فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە بۆ دەربکرێت، ئەگەرچی ماوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ماوەی پەرلەمانی پێشوو کۆتایی هاتووە بەڵام بڕگەی دووەمی ماددەی پێنجی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١٩ رێگەی بە سەرۆکی هەرێم داوە لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەردەوام بێت تا پەرلەمان سەرۆکێکی دیکە هەڵدەبژێت.

دەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بۆچوونانەی لەسەر برگەی دووەم تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەکە دروست بوون، سەرۆکی هەرێم داوای راوێژ لە ئەنجومەنی شورا بکات کە ئایا لەو ٤٥ رۆژەدا نیساب بەدەستهاتووە بۆ دانیشتنی یەکەم یاخود نا ؟ وە ئایا هێشتنەوەی دانیشتن بە کراوەیی یاساییە یاخود نا؟
ب-هەڵوەشاندندوە لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە
ئەگەرچی دادگای فیدراڵی، داوای ژمارە ١٣٢-٢٠٢٢ ی بەبیانووی ئەوە رەتکردەوە کە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە تایبەتمەندی ئەو نییە و دەستوور ئەو مافەی پێ نەداوە، بەڵام ئەوە رێگر نییە لەوەی داوا لەبەردەم دادگاکە تۆمار بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم حاڵەتەی پەرلەمانی کوردستان بەڵام چۆن؟

پێشتر دادگای فیدراڵی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانی بە واقیعی هەڵوەشاندەوە کاتێک یاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی بە نادەستوری ناساند، واتە لە بری ئەوەی لە دواکەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکرێت دەکرێت تانە بدرێت لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و بەهۆکاری تەواونەبوونی نیساب یاخود هێشتنەوەی دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار یاخود هەر هۆکارێکی یاسایی دیکە ئەگەر ئەو دانیشتنە بە نادەستووری پێناسەبکرێت، بەوەی لەماوەی یاساییدا دانیشتنی پەرلەمان نەکراوە، ئەمەش سەری لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە دەردەچێت و تاڕادەیەک وەجهی تێدایە چونکە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستورییەکان بۆ ئەم پەرلەمانە ئێستا بووەتە ئەستەم(استحالە)، ئەگەرچی گریمانەوەی ئەوەش هەیە دادگای فیدراڵی دەستوەردان بکات و سەرۆکی کاتیی پەرلەمان پابەند بکات بە تەواوکردنی دانیشتنەکەو تەواوکردنی رێکارەکان وەک ئەوەی لە بڕیاری ژمارە(٥٥-٢٠١٠)روویدا بەڵام لە راستیدا ئەمەیان ئەگەری کەمترە بەوپێیەی ماوەی دانیشتنەکە هێندە تێپەڕیوە قورسە هیچ لایەنێکی دادوەریی بچێتە ژێر باری شەرعیەت پێدانی.
لە هەموو حاڵەتێک بژاردە ی دادگای فیدراڵی بۆ چارەسەری ئەم دۆخەی پەرلەمانی تێکەوتووە رێگە گونجاوەکەیە ئەگەر بەباشی دیراسە بکرێت، لەگەڵیدا خوێندنەوە بۆ دۆخە سیاسیەکەش بکرێت چونکە دادگای فیدراڵیش بەدەرنییە لە کاریگەری بارودۆخی سیاسی، ئەگەرچی رێگەکە ناچاریشە و دەرگای دیکە کەمن، بەتایبەت ئەستەمە سەرۆکی هەرێم و ئەنجومەنی شورا بچنە ژێر باری وەها بڕیارێکەوە ئەگەر لەرووی سیاسییەوە رانەسپێردرێن.

کۆتایی
لە راستیدا بژاردەی گونجاو لەرووی یاسایی و واقعییەوە هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانە، جگە لەوەی هەڵبژاردنەکە پرسیاری زۆری لەسەرە، ماوە یاساییەکانیش بەسەرچوون خۆ ئەگەر پرۆسەکە بکەوێتە پاش هەڵبژاردنی عێراق، پێک هێنانی حکومەتی هەرێم سەردەکێشێت بۆ زیاتر لە ساڵێک یاخود دوو ساڵ ئایا شەرعییەت بە رێگەی ناشەرعی بەدەستدێت؟

فەرمان حەسەن ــ پارێزەر