چەند جیاوازییەکی دادگاکانی هەرێم و بەغدا

فەرمان حەسەن

2026-06-10

١- کاتێک دانیشتنێکی دادگا لە دادگاکانی شارەکانی عێراق دوادەخرێت، نێوانی دوو دانیشتنی دادگا بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بۆ دوو هەفتەیە، جا دادگاکە تاوانەکان بێت، یاخود باری کەسێتی و بەرایی و کەتن.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:
دادگای تاوانەکان نێوانی دوو جەلسە ٤ مانگ بۆ ٦ مانگە
دادگای بەرایی بۆ دوو مانگ  و زیاتر
دادگای باری کەسی بۆ دوو مانگ و زیاتر
دادگای کەتن ٤ مانگ بۆ ٨ مانگ

٢- کاتێک تانەی تێهەڵچونەوە لە بڕیارێکی بەرایی ئەدرێت لە بەغداو شارەکانی دیکەی عێراق، دادگای تێهەڵچونەوە بەرواری دانیشتنی دادگا بۆ ١٠ رۆژ یاخود دووهەفتە دیاریدەکات و نێوانی جەسلەکانی بە گشتی هەفتەیەک یاخود ١٠ رۆژە، مەجالی دواخستنی زۆر نادرێت و دادگا تەرکیز دەخاتە سەرئەوەی تێهەڵچوکار چ بەڵگە و قسەیەکی تازەی هەیە.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان تانەدان لە بڕیاری بەرایی لە دادگای تێهەڵچونەوە بەم جۆریە
بە مانگێک و زیاتر دۆسیەکە لە دادگای بەرایی دەگاتە دادگای تێهەڵچونەوەو تۆمار دەرکرێت، هەردوو دادگاکە لە یەک باڵەخانەدان.

بەرواری یەکەم دانیشتنی دادگای تێهەڵچونەوە لەسەر دۆسیەکە دەکەوێتە دوو مانگ و نیو لە دوای گەیشتنی بە دادگاکەیان، دواخستنی هەر جەلسەیەکیش بۆ دوومانگ و نیوی دواترە، بەگشتی دۆسیەیەکی ئاسایی کە پێشتر بڕیاری لێدراوە دوو ساڵێکی دەوێت بۆ یەکلابوونەوە.

٣- کاتێک لە بەغداو خوارووی عێراق تانە لە بڕیارێکی دادگا دەدرێت بەرێگەی تەمیز(پێداچوونەوە) دۆسیەکە لە ماوەی هەفتەیەک بۆ ١٠ رۆژ لەهەر شارێکی عێراقەوە بێت دەگاتە دادگای پێداچوونەوە لە بەغدا، لەماوەی دوو هەفتەدا دادگای پێداچوونەوەی ئیتیحادی بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکە دەدات.
 لەهەرێمی کوردستان بە گشتی یەکلابوونەوەی دۆسیەیەک ی دادگای تاوانەکان و یاخود بەرایی لە دادگای پێداچوونەوە بە گەیشتن و بڕیار و گەڕانەوە، ماوەی شەش مانگی دەوێت 
باری کەسێتی هەندێک باشترە زۆرجار بە سێ مانگ تەواو دەبێت.

٤- یەکلابوونەوەی دۆسیەیەک لە دادگای کەتن( ئەو تاوانانەی سزاکەیان سوکن) لە بەغداو شارەکانی عێراق لە دوو مانگ بۆ چوار مانگ تێناپەڕێت و نێوانی دوو جەلسە هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەیە.
لەهەرێمی کوردستان دادگای کەتن بە گشتی دوو ساڵێکی دوێت بۆ یەکلابوونەوەی دۆسیە، نێوانی جەسلەکان وەک باسم کرد شەش مانگن زۆر جار.

٥- یەکێک لە هۆکارەکان کە ئەم جیاوازییەی دروست کردووە بەرای من دادگاکانی لێکۆڵینەوەن، لە بەغدا سکاڵای سزایی کە وەردەگیرێت زۆر بە ئەستەم بڕیاری بانگهێشت و فەرمانی گرتن دەردەچێت، دادگای لێکۆڵینەوە راستەخۆ سکاڵاکار تێدەگەیەنێت پەلە بکات لە خستنەرووی بەڵگە بە پێچەوانەوە لە ماوەیەکی کەمدا دۆسیەکە دادەخرێت و دادوەر دودڵ نابێت لە بڕیاری داخستن ئەگەر بەڵگەکان وەک پێویست نەبن، پرۆسەی لێکۆڵینەوە خێرایە، جگە لەوەی هەر دۆسیەیەک رەگەزی سزای نەبێت و مەدەنی بێت راستەوخۆ دادەخرێت، لێرە بە پێچەوانەوەیە کردنەوەی شکاتی پۆلیس زۆرەو زۆربەشیان وەردەگیرێن و ئیجرائاتیشی تێدا دەکرێت، بۆیە لۆدێکی زۆر لە تحقیق دروست بووە، بەم جۆرەش دۆسیەیەکی زۆر هەواڵەی دادگای کەتن و تاوانەکان دەکەن کە ئەنجامی زۆریان بەرائەت و افراجە، کەواتە لە ئەنجامدا بەهۆی  ئەم رێکارانەی دادگای لێکۆڵینەوە هەردوو دادگای تاوانەکان و کەتنیش دەکەونە ژێر فشار و جەنجاڵی. 

بۆ نمونە لەبەری کەرخی بەغدا کە بە قەد هەولێر و سلێمانی و دهۆک دانیشتوی تێدایە، سێ دادگای لێکۆڵینەوە هەیە تەنها لە سلێمانی ٨ دادگای لێکۆڵینەوە هەیە، هێشتا لۆدیان لەسەرە.

٦- هۆڵەکانی دادگا لە بەغداو خواروی عێراق تا کاتژمێر یەک و هەندێک جار کاتژمێر دوو دادبینی تێدایە، لە هەرێمی کوردستان بە گشتی پێش کاتژمێر ١٢ دادبینی تەواو دەبێت.
هەروەها بە گشتی ژمارەی فەرمانبەرانی قەڵەمی دادگاکان لە عێراق کەمترن لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
تێبینی: دادوەر هەیە مۆعیدی نزیکترە لەو مۆعدە باوانە بەڵام بەگشتی بەم جۆرەیە کە باسم کرد..
بەهیوای گۆڕانکاری و چارەسەر.