ئەفسانەی کوشتنی ئەحمەد ڕازی!

خالید رەزا

2023-02-07

کاک عەبدولرەزاق شەریف وتارێکی بڵاو کردۆتە بە ناونیشانی "فدبۆل، عێراق و ئینتیما"

وتارەکەی بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو پەیج و سایت و سۆسیال میدیا و لە کورتە ڤیدیۆدا بڵاوبۆتەوە و هێرشێکی ناڕەوا کراوەتە سەر شۆڕش و ئەو پێشمەرگە و سەرکردە و فەرماندانەی، کە لەو رۆژە ڕەشانەدا چەکی شەرەف و بەرگرییان بۆ نیشتمان لە شاندا بووە.
بەندە بە ئەرکی ئەخلاقی خۆمم زانی وەکو، پێشمەرگەیەکی ئەو سەردەمە بە چەند سەرەقەڵەمێک ناوەڕۆکی وتارەکەی کاک رەزاق تاوتوێی بکەم، هەم کاک ڕەزاق و هەم خوێنەوارانیش بخەمە بەردەمی کۆمەڵێک پرسیار. خۆشتان سەرپشک دەکەم بۆ قەزاوەت کردن لە نێوان ڕاستی و نا ڕاستی وتارەکەی‌دا.


# کاک عەبدولڕەزاق نوسیوێتی: "سەرەتای مانگی یەکی ساڵی هەشتاوهەشت، ئێمە دەستەیەک لە سێ کەرتی جیاوازی پێشمەرگەکانی تیپی تایبەتی مەڵبەندی یەکی سلێمانی بە هەورازەکەی زنجیرە چیای چەرماوەندەوە، بەرەو ئەودیوی دۆڵی جافایەتی و جەبهەی فراوانی قەیوان ماوەت دەچوین. محەمەد قاسم رادیۆکەی بەدەستەوەوە و لەبناگوێدا، لە هاتوهاواردا بو، فتبۆڵێنی نێوان عێراق و کوەیت".
بە گێڕانەوەکەی کاک ڕەزاق دا دیارە، گوایە جامی کەنداوی ساڵی ١٩٨٨ لە سەرەتای مانگی یەک‌دا دەستی پێکردوە، بۆیە گوێیان لە هاتوهاواری یاریەکە گرتوە!. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە، کە جامی کەنداو لە وڵاتی سعودیە لە رۆژی ٢ی مارت دەستیپێکرد و لە ١٨ی ٣ بە بردنەوەی کاسەکە لە لایەن عێراقەوە کۆتایی هات.
# ئینجا با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای مانگی یەک.  لە مانگی یەکەوە ڕژێمی عێراق دەستیکرد بە هێنان و کۆکردنەوەی هێزی سەربازی و هەڵدانی چادر، هەر لە بەری مەرگەوە هەتا سەفرەوزەرون، کە درێژیی جەبهەکە نزیکەی ٧٠ کیلۆمەتر دەبوو. ئەمە سەرەتای خۆئامادەکردنی بەعس بوو بۆ پرۆسەی ئەنفالەکان. ئەگەر کاک رەزاق  و هاوڕیکانی لەمانگی یەک دا هاتبن، ئەوە بۆ شەڕگەی قەیوان ماوەت نەبوە، چونکە شەڕی سێ مانگەی قەیوان- ماوەت لە ئەیلولی ١٩٨٦دا دەستی پێکرد! خۆ ئەگەر مەبەستی جامی کەنداوی ساڵی ١٩٨٦یش بێ! ئەوا ئەمیش لە بەحرەین کرا نەک لە عێراق. لە ٢٢ی ٣ دەستیپێکرد و لە ٧ی ٤ بە بردنەوەی جامەکە لە لایەن هەڵبژاردەی کوێتەوە کۆتایی هات. مێژووەکەی لەگەڵ مانگی یەک‌دا نایەتەوە وەکو کاک ڕەزاق ئاماژەی پێداوە!
# لە شوێنێکی تری وتارەکەی‌دا کاک ڕەزاق نوسیوێتی: "دوای ئەنفالەکان و مانەوەمان لەگەرمیان، کاک قادری حاجی عەلی وەک لێپرسراوی یەکەمی مەڵبەندی یەک، لیستی ناوی چەند خۆفرۆش و خائینێکی بە کاک سوهاد خانەقینی فەرماندەمان دابو، راشیسپاردبو هەرکات رێگەمان کەوتە شاری سلێمانی ودەوروبەری چەند بتوانین و دەرفەت هەبێت، وەک ئەوسا ئەیانوت، بەسزای گەل و شۆڕشیان بگەیەنین"
لە تەمتومانی ئەنفال‌دا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوڵاتیانی گوندەکان لە بارودۆخێکی زۆر ناهەموار و بارێکی دەرونی زۆر خراپ دا بون، ئەگەر بەرپرسەکان ڕاسپاردەشیان بۆ پێشمەرگە و فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە هەبووبێ زیاتر بۆ پێدانی ورە و بەرگریکردن و خۆدەربازکردن و خۆحەشاردان بووە نەک بۆ ئەوەی، کە بیانێرن بۆ ناو شارەکان بە مەبەستی چالاکی و کوشتنی خەلك! 
بەپێی وەڵامێک کە کاک سوهاد داود ناسراو بە سوهاد خانەقینی، کە لەو کاتەدا بەرپرسیارێتی لەناو هێزی پێشمەرگەدا فەرماندەی کەرت بووە و لەو کاتەی کاک ڕەزاق باسی دەکات ئەگەر چی مەفرزەیەکی بچوک بون، بەڵام هەر کاک سوهاد بەرپرسیان بووە. وەڵامی کاک ڕەزاق شەریفی داوەتەوە و نوسیوێتی: "بە کاک قادرم راگەیاند کە ئەمێنمەوە وەک مەفرەزەی پارتیزان، هەتا بە پێکەنینەوە وتی خۆ تەسلیم نابیتەوە. ئەو ئەیزانی، کە من بەهیچ شێوەیەک ناتوانم ئەوە بکەم، چونکە بڕیاری کوشتنم هەبو لە حکومەتی عیراقەوە. سەد دیناری ئەوکاتەی دامێ لە سەر پارچە وەرەقەیەک ناوی سێ ئامر سریەی جاش و مستەشارێکی نوسی و وتی، لە کاتی پێویست پەیوەندیان پێوە بکەن بۆ هاوکاری ئەوە، ئەو لیستەیە کە کاک رەزاق بەهەڵە لێی گەیشتوە" لە درێژەی وەڵامەکەیدا باسی ئەوەش دەکات، داوای لە هەندێک لەو جاشانە کردوە کە ئازوقەیان بۆ پەیدا بکات. بەداخەوە نەیان ویستوە یان نەیان وێراوە هاوکارییان بکەن.
"لە ماڵی مەلا خالیدی مەلا عەبدوڵا ماینەوە بۆ رۆژی دوایی رۆشتم بە دوای ئەوەی بزانم ئەو کەسانەی، کاک قادر ناوەکانی پێدام دەستم بکەون بە کەسێکی خۆم دا جوابم بۆ نارد چۆن ئەتوانن، هاوکاریمان بکەن ئازوقەمان بۆ دابین بکەن، هیچیان نە چونە  ژێر ئەو ئەرکەوە ".

ئایا  بۆ کاک ڕەزاق باشتر نەبوو پێش بڵاوکردنەوەی وتارەکەی لانیکەم لەگەڵ مەسولەکەی، کە کاک سوهاد بوە و خۆشبەختانە لە ژیاندا ماوە پەیوەندی بکردایە؟ چونکە هەموومان قابیلی ئەوەین ڕوداو یان بەسەرهاتێکمان  لەبیر بچێتەوە، بۆ ئەوەی نەکەوینە هەڵەی وا زەقەوە. ئاخر لیستی کوشتن لە کوێ و لیستی کۆمەک و هاوکاریکردن یان داڵدەدان لەکوێ! کورد وتەنی: زمان بوەستێ سەر ڕەحەتە.

لێرەدا پێویستە تۆزێک لەسەری بوەستین و بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتانە، بەرچاوی خوێنەر ڕوون بکەینەوە، لەمەدا زیاتر مەبەستمە بەرگریەک لە کاک قادری حاجی عەلی بکەم، کە خۆی لە ژیاندا نەماوە. وەک لەسەرەوە باسمکرد بەعس پەیتا پەیتا هێزە پۆشتەوپەرداخەکەی خۆی بۆ پەلاماردانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دۆلی جافەتی کە ناوی لێ نابوو (سەری مارەکە)، کۆدەکردەوە. شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی ٢ی ١٩٨٨ ڕژێمی فاشی بەعس لە دۆڵەڕوت و بناری پیرەمەگرونەوە هێرشی کیمایی و ڕاجیما و تۆپخانە و پەلاماری زەمینی بۆ سەر پێشمەرگە دەست پێکرد.  ١١ رۆژ بوو ئەنفالی یەک، کە هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لەسەنگەری بەرگری دا بون دەستی پێکردبوو، ئێ خۆ ناشێ لەو بارودۆخە نالەبارەشدا  گوێ لە ڕادیۆ بگری بۆ هەواڵی جامی  کەنداو، وەکو کاک ڕەزاق باسی دەکات! لەدوای ٢٥ شەو و ڕۆژ لە بەرگری قارەمانانەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر هێرشی کیمیایی و تۆپخانە و هێزی نابەرابەری دوژمن دا، لە شەوی ١٨ لەسەر ١٩ی ٣، کە دەکاتە ڕێکەوتی کۆتا یاری جامی کەنداو کە عێراق جامەکەی تیا بردەوە، هێزی پێشمەرگە بە ڕێکوپێکی پاشەکشەی کرد و یەکەمین قۆناغی ئەنفال و یەکەمین بەلاغی سەربازی عێراقیش بەناوی ئەنفال لەمانگی مارت دا بڵاوکرایەوە. ئەو هێزانەی کە بۆ بەرگریکردن لەسەرکردایەتی لەوێ بون  پێکهاتبون لە مەڵبەندەکانی ١ و ٢ و ٣ و داودەزگاکانی تر، هەمان شەو بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی  بە دۆڵی شیخ محەمەد و لە کەپکی شیلانەوە بە  شاناخسێ دا کشاینەوە بۆ دیوی ئیران. لەوێوە هێزەکانی مەڵبەندی یەک بە سەرپەرشتی کاک قادری حاجی عەلی و مەلبەندی ٣ بە سەرپەرشتی کاک کۆسرەت بە  قەندیلدا گەڕانەوە بۆ سنوری مەڵبەندی سێ کە تا ئەو کاتە ڕژیم هێرشی بۆ نەکردبوو. دوای پشودانێکی چەند رۆژە هێزەکانی مەڵبەندی ١ بە سەرپەرشتی کاک قادر لە دەشتی هەولێرەوە بەرەو سنوری مەڵبەند لە گەرمیان گەڕانەوە. من بە حوکمی ئەوەی کە لەو کاتەدا عەدەدجیهازی کاک نەوشیروان بووم و کاک نەوشیروانیش بەرپرسی یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی بوو (مامجەلال لە گەشتی ئەوروپا بوو)، هەموو زانیاریەکانیش لە هەموو هێزەکانەوە ئەدرا بە ئێمە، بۆیە ئاگاداری هەموو ڕووداو و قۆڵەکان بووم. کاک قادر و هێزەکەی لەدوای بڕینی سەدان کیلۆمەتر بەپێ و بەبرسێتی و شەکەتی کاتێک گەیشتنەوە قوڵایی گەرمیان، هیشتا نەگەیشتبونەوە بارەگای مەڵبەند لە کانی سمایلەی قۆپیەکان، ئەوێ چۆڵکرابوو بەشێکی لێ سوتێنرابوو، ئەنفالی ٤ دەستی پێکردبو. لە ڕۆژی ١١ی ٤ دا لە جیهازەکەی مەڵبەندەوە کە لەوکاتەدا هاورێم کاک خالید حسین عەدەدجیهاز بوو، کاک قادر قسەی لەگەڵکردم و ووتی: "بە برادەکەت- واتە کاک نەوشیروان- بڵێ ئەوامر تەنفیز". لەم کاتەدا ئیمە لە گوندی کانی زەردبووین، لە پەیامەکەی کاک قادر تێ نەگەیشتم بەڵام وەکو خۆی بە کاک نەوشیروانم ووت و ئینجا لێم پرسی: "مەبەستی کاک قادرلە ئەوامر تەنفیز چیە؟" ووتی: "ئەوە بڕیاری سەرکردایەتیە ئەگەر هێرشیان بۆ بکرێ و نەتوانن بەرگری بکەن بۆ پاراستنی هێزەکە یەکسەر بکشێنەوە (ئینسحاب بکەن)". ئەوەبوو هێزەکەی مەڵبەند و کاک قادر لەگەڵ ئەو هێزە متەفەرقانەی لەوێ مابونەوە لە دەوروبەری ١٩ی ٤ دا لە جادەی سلێمانی - چەمچەماڵ پەڕینەوە و بەرە و دەشتی کۆیە و مەڵبەندی ٣ پاشەکشەیانکرد، هەندێکیکشیان لەیەک دابڕابون. لەو ناوچانەش داستانی گەورە و بێ وێنەیان بە قوربانی دانی دەیان پێشمەرگە وهاووڵاتی، تۆمار کرد. چەند دەستەیەکیش بە سەرپەرشتی کاک عوسمانی حاجی مەحمود و کاک حەمەڕەش  لە قوڵایی هەردەو هەڵەتەکانی گەرمیاندا مانەوە، لەدوای ئەمانیش چەندین فەرماندە و مەفرەزەی پارتیزانی تر ئاڵوگۆڕیان پێکرا، هەتا ڕاپەڕین گەرمیان ڕەتڵی پارتیزانی لێ نەبڕا.

 کاک ڕەزاق لە شوێنێکی تردا نوسیوێتی: "دوو شەوی پشوی هەفتە لەگەڕەکی رزگاری بە هاوکاری هاوڕێکانمان لەرێکخستنی کۆمەڵە بۆی دانیشتین." واتە بۆ کوشتنی ئەحمەد ڕازی دانیشتوون.! 
 

ئەوە بوو کاک قادر لە گەرمەی ئەنفالی چواردا لە دەشتی گەرمیانەوە لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی مەڵبەندی یەک گەڕایەوە قەندیل و لەوێ کرا بە سەرپەشتیاری شەڕگە (میحوەری)ی سورەدێ لە بناری قەندیل هەتا کۆتایی ئەنفالی ٨ و کشانەوەی هەموو هێزەکانی مەڵبەندی ٣ بۆ بەری قەندیل. لە مەڵبەندی سێ‌یش ژمارەیەک لە پێشمەرگەی ئازا بە فەرماندەیی کاک حەسەن کوێستانی و کاک ڕێباز و چەندانی تر بە پارتیزانی لە دەشتی هەولێر مانەوە، لە دوای ئەمانیش چەندانی تر لەناوچەکە بە پارتیزانی مانەوە.
 بەڵام سەبارەت بەوەی کە کاک رەزاق نوسیوێتی: "دوای ئەنفالەکان و مانەوەمان لەگەرمیان، کاک قادری حاجی عەلی وەک لێپرسراوی یەکەمی مەڵبەندی یەک، لیستی ناوی چەند خۆفرۆش و خائینێکی بە کاک سوهاد خانەقینی فەرماندەمان دابو"
جگە لە وەڵامەکەی کاک سوهاد خانەقینی. وەکو لەسەرەوە ڕونمکردۆتەوە کاک قادر بە پارتیزانی  لەگەرمیان نەماوەتەوە، وەکو ئەوەی کە  کاک رەزاق باسی دوای ئەنفالەکان دەکات. دەرکەوت ئەو لیستەشی کە داوێتی بە کاک سوهاد بۆ سود لێوەرگرتنیان بوە لەکاتی لێقەومان و پێویستدا، نەک بۆ کوشتن!! نابێ ئەوە نادیدە بگرین بەشێکی زۆر لە جاش و بەشێک لە سەرەک جاشەکان بۆ پاراستنی خۆیان لە کاتی بەهێزی شۆڕش دا پەیوەندییان دروست کردبوو لەگەل هێزی پێشمەرگەدا. 

 کاک ڕەزاق لە شوێنێکی تردا نوسیوێتی: "دوو شەوی پشوی هەفتە لەگەڕەکی رزگاری بە هاوکاری هاوڕێکانمان لەرێکخستنی کۆمەڵە بۆی دانیشتین." واتە بۆ کوشتنی ئەحمەد ڕازی دانیشتوون.! 
سەبارەت بەو کەمینەی کە کاک رەزاق و  هاورێکانی گوایە  بۆ ئەحمەد ڕازییان داناوە و بەخت یاوەری بوە! نەکەوتۆتە ناوی تا بە سزای گەل و شۆڕشی بگەیەنن! لەمەشیاندا فەرماندەکەی کاک ڕەزاق کە کاک سوهاد خانەقینیە ڕێک بە پێچەوانەوەی فەنتازیا و خەیاڵی کاک ڕەزاقەوە چونێتی چونە ناوشاری خۆیان دەگێرێتەوە و نوسیوێتی: "بەنیازی چونە ناوشار لە کەنەسورە نزیک جادەی شەست مەتری بوینەوە خۆمان لەزینانێکی توتن دا شاردەوە هەتا رۆژ هەڵهات وردە وردە خەڵک ئەهات بۆ سەر زەرعات بە بێڵ و خاکەنازەوە، من و ماجد یش بەدوربین سەیرمان ئەکرد بزانین کەسێک ناسراوێک ببینین. بەرزان وتی، ئەوە کاک زاهیرە. کاک زاهیری مەلا عەبدوڵلا،  برای مەلا خالید کادری رێکخستن بو لەدوای مفاوەزات لە شار مایەوە جێگای سیقە بون، چونکە بە خێزان پێشمەرگە بون، بەرزانم نارد بۆلای، دوقۆڵی هاتنەوە ئەوەی ویستمان باسمان کرد. ئێوارە درەنگ لەگەڵ مەڕو ماڵاتی ئابلاخ خۆمان کرد بەناو شاری سلێمانی دا، لێرەوە چیرۆکەکە دەست پێ دەکات: لە ماڵی مەلا خالیدی مەلا عەبدوڵلا ماینەوە بۆ رۆژی دوایی رۆشتم بەدوای ئەوەی بزانم ئەو کەسانەی کاک قادر ناوەکانی پێدام دەستم بکەون، بەکەسێکی خۆمدا جوابم بۆناردن چۆن ئەتوانن هاوکاریمان بکەن ئازوقەمان بۆ دابین بکەن، هیچیان نەچونە ژێر ئەو ئەرکەوە بۆیە بریاری بەرەوسنورمان هەڵبژارد. کۆبونەوەیەکمان کرد من پرسیارم لێ کردن کەستان بەتەمای مانەوەن لەشار هەموو وەڵامیان نەخێر بوو، ڕوم کردە کاک رەزاق پێم ووت، پێم باشە بمێنیتەوە تۆ تەلەبەی زانکۆ بویت بگەڕێیتەوە سەر خوێندن. ئێوە خێزانێکی بە ئێمکانیەتن ئەمرۆ بەپارە هەمو شتێک ئەکرێ ماجد فەیلی و زاهیر و برادەران هاوڕابون لەگەڵ رەئەکەم بە هەمومان قەناعەتمان پێ کرد. ئەم پەیامەمان نارد بۆ خیێزانەکەیان دایکی بەڕەحمەت بێ هات دوای گفتوگۆ ئەوانیش پێان باش بو. ئێمەش ئیشوکاری خۆمان لە ڕێی برادەرێکی حزبی دیمکرات، کە زور خۆشەویستم بو بەناوی پەروێز ئیستە نیشتەجێی سویدە، جێ بەجێ کرد. بە سەیارەی حزب بەرەو قەندیلی بردین. ئیتر نازانم دوای ئێمە کاک رەزاق کەمینی بۆ ئەحمەد راچی دانابێ".
کاک سوهاد بە ڕوونی پێمان دەڵێت، ئەوان بە ناچاری و بۆ دەربازبون و سوک کردنی باری خۆیان و تەسلیم کردنەوەی کاک رەزاق بەسەلامەتی چونەتە ناو شار، وەک لە وەڵامەکەشدا دیارە کاک رەزاق یان بە بێ چەک لە ماڵی کاک مەلا خالیدی مەلا عەبدوڵلای ئابڵاخدا داوەتەوە بە ماڵی باوکی. ئیتر کەی و چۆن دوو شەو لەسەر یەک ئەو کەمینەیان بۆ ئەحمەد ڕازی داناوە، ئەوە کاک سوهاد وتەنی، ڕەنگە دوای ڕۆشتنی ئەوان بووبێ.
ئەوەی زیاتر جێێ نیگەرانیە هەواڵەکەش کە دەرکەوت هیچ بنەمایەکی نیە وزادەی خەیاڵێکی شاعیرانەیە، بەڵام خەڵکێکی زۆر بەهەڵە وا تێگەیشتوون، گوایە کەمینیان بۆ ئەحمەد ڕازی داناوە تا بەسزای شۆڕشی بگەیەنن! و  بە فەرمانی کاک قادری حاجی عەلی بووە.!!
ئینجا ئەوەندەی بیرم بێ جاران لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ پشوو نەبوە وەک کاک رەزاق نوسیوێتی: "دوو شەوی پشوی هەفتە"، هەر رۆژانی هەینی هەبوو، مەگەر جومعەوخەمیس ئەویش بۆ ئەوانەی کە عەسکەر بون. ئینجا بەپێێ ئەوەی ساڵانێک لە ڕێکخستنی ناوشاریشدا کارم کردوە و بەرپرسیارێتیشم هەبوە ئەوەندە دەزانم، کە هیچ ئەندامێکی ڕێکخستن بە سەربەخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێکخرا و یان سەرکردایەتی ناوخۆ نە دەسەڵات و نە مافی ئەوەشی هەبووە کە بڕیاری کوشتنی کەسێک دەربکات و مەفرەزەیەکی پیشمەرگەش لەخۆیانەوە بێن و بیانەوێ فەرمانێکی واهی جێ‌بەجێ‌بکەن! چ جای کوشتنی یاریزانێکی بێ تاوان و  ناوداری وەکو ئەحمەد ڕازی. ئێ ئەو کاتەش کە کاک رەزاق باسی دەکات کاتێکی تابڵێی ناخۆش و سەروەختی شکستێکی گەورەی دەروونی و سەربازی و سیاسی بوە و ئەو پێشمەرگانەی کە بەهۆی فراوانی و  سەختی هێرشی بەعسەوە دابڕا و پەڕاگەندە بون لەبارێکی دەرونی و سەربازی وادا نەبون کە بەدوای نێچیردا بگەڕێن. ئەڵبەت بە شانازییەوە دەبێ باسی ئەوە بکەین لەو سەروبەندەدا ڕێکخستنەکانی ناوشار دەیان پێشمەرگەیان داڵدە داو دەربازی سەرسنوریان کردن.
# جا بە حوکمی ئەوەی کە لەگەڵ کاک سوهاد هاورێێ سەردەمی پێشمەرگایەتین لەگەڵ یەکەمین خولی فێربونی چەکی بەرگری هەوایی (موشەکی سام ستریللا، دیمترۆڤ و دۆشکا) لە هاوینی ساڵی ١٩٨٦ پێکەوە بوین لەسەر ئەم وتارە قسەم لەگەڵ کرد و بە شۆخییەوە پێم وت، کاکە ئێوە بۆ لە خۆتانەوە ئەو زەلامانە ئەکوژن، دەستیکرد بە پێکەنین و کاتێکی باش پێکەوە قسەمانکرد، پێی وتم: "کە نەیویستوە بە درێژی باسی چۆنێتی تەسلیم کردنەوەی کاک رەزاق بە دایکی و کەسوکارەی بکات. بەردەوام بوو لەسەر گێڕانەوەکە و وتی، مالی کاک رەزاقم باش دەناسی و پێشتر تێکەڵ بوین، ناردم بە دوای دایکیدا هات بۆ ماڵی مەلا خالید، ئیمە پێشمەرگەکان بە کاک ڕەزاقیشەوە دانیشتبوین، ڕوم کردە دایکی و پێم وت، من ئامر سریەم کورەکەتمان گرتوە، یان دەبێ پارەیەکی باشمان بدەنێ، یان تەسلیمی دەکەین، کەوتمە معامەلە لەگەل دایکی وتم ئێوە دەوڵەمەندن ئەمە و ئەوەتان هەیە و لە ئامادەیی بەکرەجۆ قازانجی  باشتان کردووە، لە فڵان گەڕەک خانوی ترتان هەیە. دایکی ڕویکردە ڕەزاق و وتی، رۆڵە ئەڵێی لەناومانا بوە. سەیرمکرد چەند تاکێک بازنی ئاڵتوون لەدەستیا بوو، وتم، باشە ئەو بازنانەی دەستمان بدەرێ... ئیتر بوو بە پێکەنین و خۆمان ناساند وتمان، ئێمە پێشمەرگەین ئەوە کاک رەزاقتان تەسلیم دەکەین، خۆتان تەگبیری چۆنێتی تەسلیم کردنەوەی بە حکومەت بکەن، ئێمەش ئەڕۆیین بەلای ئیشوکاری خۆمانەوە". 

 کاک ڕەزاق لە میسکی خیتامی وتارەکەیدا نوسیوێتی: "ئەمویست بۆی بسەلمێنم، کە خۆشەویستی ئەو بۆ عێراق هەڵەبوە و کوشتنی ئەم عێراقە رێگە راستەقینەکەیە .

لە درێژەی گێرانەوە و قسەکانماندا کاک سوهاد وتی: " بەتەلەفۆن گلەییم لێکرد لەسەر نوسینی بابەتێکی تری، کە لەسەر خستنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی دارە ڕەشی قەرەداخ نوسیبوی، گوایە من بە کاک رەزاقم وتبێ با من یەکەم گولەی لێدەم، وەعد گولەی دووەم تۆ بیتەقێنە. حیواری واهی لە بەینماندا ڕووی نەداوە." منیش پرسیم، باشە خۆ لەو خولەی کە بۆی چوین ئەومان لەگەڵ نەبوو، بە پێکەنینەوە وتی: "ئێ لەگەڵمان بوایە بەهەر سورەت، چونکە تەقاندنی ئەو  موشەکە خولی فێربونی گەرەکە. کاک سوهاد ووتی کاک فەخرەدین بەرپرسی چەکە قورسەکانی مەڵبەند بوو، ڕاستە لەو شوێنە کاک رەزاقمان لەگەلدا بوو، بەڵام کاتی تەقاندن و خستنەخوارەوەی کۆپتەرەکە من لەو دوور بووم. بۆیە گلەییم لێکرد کە باش نیە شتی ناڕاست بنوسی". منیش لەدەمی کاک سوهادم وەرگرتەوە و وتم: "بەشێکی خەتای خۆشمانی تیایە ئەگەر ئەوانەی کە مێژوو ڕووداوەکان وەکو خۆی باس ناکەن و ناینوسنەوە و دەیشێوێنن دەبێ لەجێی خۆیدا وەلام بدرێنەوە"  باش بوو کاک سوهاد لەسەر کوشتنی ئەحمەد ڕازی و بۆ بەرگریکردن لە تێکۆشەرێکی وەکو کاک قادری حاجی عەلی  ڕوونکردنەوەی نووسی. 

 کاک ڕەزاق لە میسکی خیتامی وتارەکەیدا نوسیوێتی: "ئەمویست بۆی بسەلمێنم، کە خۆشەویستی ئەو بۆ عێراق هەڵەبوە و کوشتنی ئەم عێراقە رێگە راستەقینەکەیە .
واتە، بۆ شەهید محەمەد قاسمی بسەلمێنێ کە ئەو هاتوهاوارەی ئەوکاتە، کە ئەو بۆ تیپی هەڵبژاردەی عیراق و ئەحمەد ڕازی و موئەید بەدری کردوێتی، هەڵە بوە. ئەوەتا کاک رەزاق هاتوە یەک کەمینی مەحکەمی بۆ کوشتنی ئەحمەد ڕازی داناوە، ئەگەر بکەوێتە ناوی لە چاوتروکانێکا ئەیکات بە قەرەبروت. لەم چیرۆکە وتارەیدا لە لایەک داوای کوشتنی عێراق دەکات، لە لایەکی تریشەوە شەو و ڕۆژی خستۆتە سەریەک بانگەشە بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی دانپێدانراوی کوردستان دەکات تا بیخاتە سەر ئەو عێراقەی کە بەدەستی بێ دەمانچەکەی هەڵدەکێشێ و گولەیەک ئەنێ بە تەپڵی سەرییەوە!! 

کۆتا قسەم ئەوەیە کە حەق نییە تۆمەت بخەینە پاڵ ئەوانەی کە لەژیاندا نەماون. بۆیە من بە ئەرکی ئەخلاقی خۆمم زانی ئەم چەند سەرنجە تۆمار بکەم، بۆ ئەوەی لەبەر ڕۆشنایی زانیاریەکاندا خوێنەران دادوەری بکەن و لە خۆیانەوە نە تفەنگ بەتاریکیەوە بنێن نە تەڕ و وشکیش پێکەوە بسوتێنن. پەیج و سایتەکانیش بۆ ئافەرین و دەسخۆشی بەبێ دڵنیابون لە ڕاستی و دروستی نوسین و ڕوداوەکان نەچن وەکو ئەوەی هەنگوینیان لە داردا دۆزیبێتەوە، ڤیدیۆی لەسەر بکەن و بڵاوی بکەنەوە. گوناحێکی گەورەیە بە هۆی ڕق لێبون لەم دەسەڵاتەی هەرێم  بێن هەموو سەروەریەکانی ڕابردوو بسوتێنن و لەبەرچاوی نەوەی نوێ تابلۆیەکەی واهی پیشان بدەن کە شۆڕش و پێشمەرگایەتی نەنگی و شورەیی بوە، ئەگەر شۆڕش و ڕاپەڕین نەکرایە، ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و حیزبی بەعسی عەفلەقی هەموو مافێکی کوردیان ئەدا! نە ئەنفال و هەڵەبجە ڕووی ئەدا و نە گوندەکانمان وێران دەکرا، نە ئەو هەموو خەڵکەش دەکوژرا! بەهانە هێنانەوە و پاکانەکردن بۆ شتنەوەی تاوانەکانی داگیرکەران کارێکی چەوت و نادروست و ناڕەوایە.