سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە سلێمانی، کۆمەڵێک کارتی سەوز و سوور و زەردی خستە نێو سندوقی داھاتووی حوکمڕانی لە عێراق، وێنەی حوکمڕانی لە گوتارێک کێشاو، ھۆشداری و ھاندان و ھەڵەو بنەمای سەرکەوتنی بۆ تیمی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق دیاری کرد.
ھەر خۆی مانای کارتی سوور و زەرد دیارە، لە تۆپی پێدا دوای کۆتایی ھاتنی یاری، ئەگەر یاری خاوێنکرا، بەتایبەت لە ئیتاڵیا بۆ ھاندان و یاری خاوێن، کارتی سەوز بەکاردێ.
ئەو عێراقەی دوای ٢٠ساڵ لە پرۆسەی ئازادی،
ھێشتا باسی خەرقی دەستوور، ململانێی سیاسی بە چەک، گۆڕانی کەشوھەوا، پرۆسەی دیموکراسی و پرسی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی و فۆرمی حکومڕانی و شەڕاکەت و بەشداری پێکھاتەکان تێیدا نیشانەی پرسیارە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بیری ھەمووانی ھێنایەوە کە رابردووی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق لەچی ھەڵەبووەو بۆ داھاتوو چۆن تیمی حوکمڕانی سەردەکەوێ.
بەر لەم ھەڵسەنگاندانە، ئەگەر دیقەت بدرێ، لە سەردەمی مەلەکی لە عێراقدا، بەریتانیا ھەوڵێکی ھەبوو کە کیانێکی کوردی دروستببێ، بەڵام مەلیکی ئەوکات، لەبەر نەوت و پارێزگاری لە بەرژەوەندی ئینگلیز، باوەڕی پێھێنان کە ئەم پرسە بە زیانی بەریتانیا کۆتایی دێ، ھەرخۆیشی عێراق، لە سایکس پیکۆدا بە ناسروشتی دروستبوو، ئیتر ئێستا ئەمە قەدەری کوردە کە دەبێ دەست بە سیستەمی فیدڕاڵی بگرین، کە تا ئێستا بەداخەوە لە عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی، تیمی حوکمڕانی بۆ عێراقی دیموکراتیەت و سیستمی فیدڕاڵی و شەڕاکەتی پێکھاتەکان، حوکمڕانی خاوێنی بە مانای دیموکراسیەتی ستاندارد لێ نەکراوە و لە دوای ٢٠١٧ وەک سەرۆک ئاماژەی دا، دەست بۆ بەکارھێنانی چەکی دەوڵەت بردرا بۆ ململانێی ناوخۆیی.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق کە دەبوو فیدڕاڵیەت نمونەی باڵا بێ بۆ بەختەوەری کۆمەڵگەی عێراقی کەچی کۆمەڵگە نائومێدکرا لەسەر باوەڕبوونی ھێزە سیاسییەکان لە عێراق کە تەسفیەی حسابی نێوخۆیی و ستەم لە پێکھاتەکان، بەھەداردانی پارەو فەرامۆشردنی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و تێنەگەشتن لە دیموکراسیەت و فیدڕاڵی، خاڵی نەرێنی بوون.
سەرۆک، بەبیری عێراقییەکانی ھێنایەوە کە تێگەیشتن لە دیموکراسیەت و بەھێزکردنی فیدڕاڵی لە عێراق و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی ساسی و بەکارنەھێنانی چەکی دەوڵەت بۆ ململانێی سیاسی و سەقامگیرکردنی کۆمەڵگە، ئەگەر ئەمە کرابووا ئەوا عێراقێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو بنیاتدەنرا کە ھەموو پێکھاتەکان ھەستیان بە ئاسوودەیی دەکرد، بەڵام نەکراو ئەمەش کارتێکی سوورە کە خەتێک بەسەر داھاتووی عێراقدا دەکێشێ و نەیھێشت عێراقی دیموکراتی دروستببێ، بۆیە لەم قۆناغەدا سەرۆک، ھۆشداری بۆ داھاتوو دەدا کە نابێ ئەم سیاسەتە بەم شێوەیە بەردەوام بێ.
سەرۆک بیری عێراقییەکانی ھێنایەوە دوای ٢٠ ساڵ، داھاتوو ئەو قۆناغەیە کە لە ئێستاوە ھەموو لایەنەکان بۆ تەبایی، دیموکراسیەت و لێکتێگەیشتن و رێککەوتن و بەھێزکردنی فیدڕاڵی، جەوێکی لەباری ھاوسەنگ دروست بکەن....ئەمەش کارتێکی سەوزە کە ئەگەر ئەم نیەتە ببێتە کاری ھاوبەش، حوکمڕانی نیشانەی ئەرێنی وەردەگرێ و، پرۆسەی سیاسی راستەڕێ دەبێ.
گوتارەکەی سەرۆک بۆ داھاتووی عێراقی فیدڕاڵ، فۆرمێکی سیاسی باڵای ھەبوو لە راستەڕێکردنی پرۆسەی سیاسی لە:
-گەلانی عێراق لە سیستەمی فیدڕاڵی دا دەبێ ئاسودەبن، خاوەندارێتی ماف و ئەرکی خۆیان ھەبێ لە بڕیاری سیاسی و پێکەوەژیان و حوکمڕانی، ئەمە خەتی سەوزکردنی ئومێدەکانە کە ئەگەر عێراق ئەم بەرگە لە حوکمڕانی دا بپۆشێ.
-دەستوورێکی باش ھەیە، بەڵام خروقاتی سەر دەستوور ھەیە، ئەم خروقاتانە دەبێ نەھێڵدرێن، چونکە بەھێز بوونی فیدڕاڵی دەبێتە نەھێشتنی خیلاف و توندوتیژی.
سەرۆک لەم گوتارە بیری عێراقییەکانی ھێنایەوە، کە داھاتوو ناو بنێین چی؟ ئێستا داھاتوو لە دەستی ھێزە سیاسییەکانە کا لەنێو سندوقی حوکمڕانیدا بە ئومێدی ھەمووان لە پێناو عێراقێکی مۆدێرن کارتی سەوز بۆ داھاتوو دابنێین، یان سندوقی داھاتوو پڕکرێ لە کارتی سوور و قەیران.
سەرۆک، وێنەی حوکمڕانی دێنێتە پێش چاوی رای گشتی، پۆینتێک دەکێشێ لە نێوان رابردوو و داھاتوو، کە ئایا لەم پوینتەدا لە ئێستای حوکمڕانی چی بکرێ؟ گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆریەت و کارەسات و وێرانکاری، یای رێککەوتن و بەشداری ھەموو پێکھاتەکان و سەرکەوتن.
کارتی زەردی سەرۆک لە گوتارەدا وەک ھۆشداری پێشوەختە بریتی بوو لە ئاگادارکردنەوەی ھەموو ھێزە سیاسییەکانی عێراق کە قۆناغی ئێستا ھەڵەی زیاتر ھەڵناگرێ، وەک نمونەی بە ساڵی ٢٠٥٠ ھێنایەوە کە عێراق لە.گۆڕانی کەشوھەوا لەو پێنج دەوڵەتەیە کە زیانمەند دەبێ و ژیانی ملیۆنێک زیاتر خەڵکی بەرەو کۆچی دیکە دەبات، ھەروەھا کارتێکی سەوزی دایە چارەسەری ئەم پرسانە کە دەبێ عێراق خەریکی پرۆژەی ستراتیژی و بونیاتنان بێ، پارەی زۆر لە پرۆژەی ستراتیژی خەرج بکات، ئەم نەخشەڕێگایە وا دەکات سەرکەوتن لە داھاتوو بەدی بکرێ.
کارتی سەوز، بۆ تیمی حوکمڕانی خاوێن لە گوتارەکەی سەرۆک بریتییە لە:
-گفتوگۆی بنیاتنەر و جێبەجێکردنی دەستوور.
-پارێزگاری لە جیلی داھاتوو کە نەکەونە جەنگ، بە ھێزکردنی عێراقێکی دیموکراتی.
-داھێنانی عێراقییەکان و پرسی ژنان و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی مەدەنی.
-دروستکردنی کۆمەڵگەی بەختەوەر.
-وازھێنان لە سیاسەتی شکاندنی شکۆی پێکھاتەکان.
-دوور کەوتنەوە لە بەکارھێنانی چەکی دەوڵەت لە ململانێی نێوخۆیی.
-دروستکردنی سەرچاوەی نانەوتی و تەنیا پشت بە داھاتی نەوت نەبەسترێ.
-بەرپرسیارێتی ھاوبەش.
-گفتوگۆی راشکاوانەو ئازایانە بۆ داھاتوویەکی گەش.
بۆ ھەرێمی کوردستانیش....
- ھەڵبژاردن و نەھێشتنی گرژییەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم، کە سەرۆک ئەمڕۆ دڵخۆشی بەم ھەنگاوە راگەیاند و لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە رۆژی ھەڵبژاردنیش رادەگەیەنێت