ئاردۆگان هەڵبژاردنەکەی بردۆتەوە؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-03-22

دادگای باڵای دەستووری لەو وڵاتە پێشنیارێکی هەدەپەی ڕەتکردەوە سەبارەت بە دواخستنی دادگاییکردنی پارتەکە لەو وڵاتەدا بۆ پاش هەڵبژاردنەکانی 14ی تەمموز، وابڕیارە لەپێش هەڵبژاردندا دۆسییەی داخستن و قەدەغەکردنی هەدەپە یەکلایی بکرێتەوە. بەشی زۆری چاودێرانی سیاسی پێیان وایە گەر هەدەپە نەچێتە بەرەی ئاردۆکان و یان لانی کەم بێلایەنی هەڵنەبژێرێت ئەوا لەژێر فشاری ئاردۆگاندا هەدەپە بتدەردی بەدەپە دەچێت و دادەخرێت.

🔹بۆچی ئاردۆگان ونە؟

ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەکانی دیکەی تورکیا جیا دەکاتەوە بێدەنگی و بێ حزووری ئاردۆگانە لەساحەی سیاسی ئەو وڵاتەدا، لەکاتێکدا لە چەند هەڵبژاردنی پێشوودا هەموومان شایەدی ئەوە دەبووین ئاردۆگان چۆن شار بەشار و دێ بەدێ میتینگی سیاسی ئەنجامدەدا بۆ بردنەوە و حەسم کردنی هەڵبژاردنەکان. ساڵانی ڕابردوو پێش هەڵبژاردنەکان، ئاردۆگان لەڕۆژێکدا زیاتر لە پێنج شار دەگەڕا و پێنج میتینگی جیاوازی دەکرد تا ئەوەی لە و میتینگانەدا دەنگی دەنووسا و نەخۆش دەکەوت. بەڵام ئێستا بەهیچ شێوەیەک سەدایەک لە ئاردۆگان نییە، بئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
 چاودێرانی سیاسی هەریەکەو بەجۆرێک ئەم بێدەنگییەی سەرۆکی ئاکەپە و بەربژێرەکەی بۆ سەرۆکایەتی وڵات لە هەڵبژاردنی ئایاری داهاتوو لێکدەدەنەوە. هەندێک پێیان وایە ئاردۆگان نایەوێت لەپاش زەمینلەرزەکەی شوباتی ڕابردوو چاوەکان بخاتەوە سەرخۆی و خەڵک وەک تۆمەتبار چاوی لێبکەن، هەندێکی دیکە دەڵێن ئاردۆگان نیگەرانە لەو ڕاپرسیانەی دەکرێت چونکە دەزانێت لە هەڵبژاردنەکەدا دەدۆڕێت بۆیە خۆی ناخاتە پێش چاو. من پێم وایە ئەم بۆچونانە کەمتر نزیکن لە ڕاستییەوە، دەرنەکەوتنی ئاردۆگان بە بۆچوونی من بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئاردۆگان دڵنیایە لەوەی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرژەوەندی خۆی یەکلایی دەکاتەوە.

🔹ئاردۆگان چۆن هەڵبژاردنەکە دەباتەوە؟
بەیەک وشە ئاردۆگان ئەم هەڵبژاردنە دەباتەوە چونکە دیدزێت، بەڵام چۆن؟ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستانبوڵدا، ئەکرەم ئیامام ئۆغڵو بە چەند هەزار دەنگێک هەڵبژاردنەکەی لە بەربژێرەکەی ئاردۆگان: بنعەلی یڵدرم برەدەوە. بەهۆی ئەوەی دەزگاکانی دادوەری و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کۆنترۆڵ کردبوو، ئاردۆگان بڕیاری دا هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە بە بیانووی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردندا گزیکاری کردووە. ئەمە لەکاتێکدا بوو دەیان پسۆڵەی بێ مۆری پوچەڵکراو لە بەرژەوەندی بەربژێرەکەی ئاردۆگان خرابوونە سندوقەکانی دەنگدانەوە و سەرباری ئەمانە کۆمسیۆن ئیمامئۆغڵوی بە ساختەکاری تۆمەتبارکرد.  بەهۆی ئەو فشارە بەردەوامانەی لەسەر کۆمسیۆن دەیکردن ئاردۆگان هەڵبژاردنەکەی دووبارە کردەوە، لەگەڕی دووەمدا گەلانی ئیستانبوڵ "بەتایبەتی کورد" بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئاردۆگان و بۆ هاوسۆزی دەربڕین بۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بەشدارییەکی کارایان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا کرد و ئەمجارە جیاوازییەکەیان لە چەند هەزار دەنگێکەوە گۆڕی بۆ 800 هەزار دەنگی زیادە لەبەرژەوەندی ئیمام ئۆغڵو.
هەڵبژاردنەکانی ئیستانبوڵ و دووبارەکردنەوەی لە گەڕی دووەمدا تێستێکی زیرەکانەی ئاردۆگان بوو بۆ تاقیکردنەوەی ئەو ساختەکارییە کە دەیویست بیکات. پووچەڵکردنەوەی ئەو پسوڵانەی بێ مۆر بوون، ڕێژەی سەرکەوتوون و سەرنەکەوتنی ئاردۆگانی ڕوونکردەوە لە ساختەکارییەکەدا. ئاردۆگان لە پاش بومەلەرزەی شارەکانی دیلۆک و هاتای و دیاربەکر و بۆ ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی و سپی کردنەوەی ڕووی کابینەکەی، گوتی: " ئەوەی ڕوویداوە قەزاو قەدەرە، هەرکەسێک بڵێت قەزاو قەدەر نییەو دەوڵەت کەمتەرخەم بووە بێشەرف و بێنامووسە". ئەمە لەکاتێکدایە بە گوێری بەڵگەنامە فەرمییەکانی خودی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان ناسراو بە ئافاد AFAD و حکومەت ئەو زەمینلەرزەییە زیانی 103 ملیارد دۆلاری ماددی و نزیکەی 75 هەزار  زیانی گیانی لە پاش خۆی بەجێهێشت، "عەلی باباجان سەرۆکی پارتی چارەسەر لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت زیانە ماددی گیانییەکان دوو هێندەی ئەو زیانانەن کە حکومەت ئاشکرای کردوون" . 

بە پێچەوانەی ڕووداو و ئافەت و قەیرانەکانەوە، ئاردۆگان بۆ ساختەکاری و تەزویرکردنی هەڵبژاردنەکان زۆر زانستی دەجوڵێتەوە، کەمتر باوەڕی بە قەزو قەدەر هەیە،  لەبازنەی هۆکارەکاندا هەڵسوکەوت دەکات هیچ شتێک بۆ قەزاوقەدەر بەجێناهێڵێت. چەند هۆکارێکی زانستیشی بۆ ئەم کارەی سەرڕێ خستووە وەک: نەبوونی پەنجەمۆرکردن پاش هەڵبژاردن، بوونی نزیکەی دووملیۆن ئاوارەی سووری و ودروستکردنی ڕەگەزنامە بۆیان و  بەکارهێنانیان لەبەرژەوەندی ئاردۆگان، پڕکردنی سندوقەکان لەکاتی گواستنەوەیاندا لە بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە پسوڵەی بێ مۆر و دواتر پوچەڵکردنەوەی نیوەیان بۆ ئەوەی نیوەکەی دیکە کاری خۆی بکات، درێژکردنەوەی هەڵبژاردن بۆ گەڕی دووەم و حەسم نەکردنی لە گەڕی یەکەمدا سەرباری توانای تەزویرکردن بۆ حەسمکردنی. ئەم هۆکارە زانستیانە لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 بۆ گۆڕینی هەندێ ماددەی دەستووری لەبەرژەوەندی ویلایەتەکەی خۆی و هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵدا بەڕوونی کاری خۆیان کرد و ئاردۆگان زۆر بەباشی لایەنی بەهێز و لاوازی ئەم هەنگاوانەی تێست کردوون. ئەمڕۆ لە تورکیادا هیچ جۆرە پەنجەمۆرکردنێک لەپاش دەنگدان جێبەجێ ناکرێ، سەرباری ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی بۆیە و مورەکەبی پەنجەوە چەند جارێک یاداشتی داوەتە کۆمسیۆنی ئەو وڵاتە، بەڵام کۆمسیۆن داواکاریەکانی یەک دوای یەک ڕەت کردوونەتەوە و ئامادە نابێت بۆیاخی پەنجە مۆرکردن بەکار بهێنێت، دیارە ئەمەش فەراهەمکردنی فەزایەکی زۆر باشە بۆ ساختەکاری لایەنی دەسەڵاتدار.

🔹بۆچی نابێت ئاردۆگان بدۆڕێت؟ 
پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی بیست ساڵی ڕابردوو کەوتنی ئاردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا بەتەنها کەوتنی خۆی نابێت، بەڵکو کەوتنی ئاردۆگان واتە کەوتنی ئەو سەڵتەنەتەی بیست ساڵە لەسەر قوت و بەرژەوەندی گەلانی تورکیا خۆی قەڵەو دەکات،  بەکەوتنی ئاردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا هەریەکە لە وەزیری بەرگری:خلووسی ئاکار، ڕاوێژکاری میت: هاکان فیدان، وەزیری پێشوی خەزێنە بەرات ئاڵبایراک کە هاوکات زاوای خودی ئاردۆگانیشە، وەزیری ناوخۆ: سولەیمان سۆیڵو، سەرۆکی پارتی ڕەگەزپەرەست مەهەپە: دەوڵەت باخچەلی و دەیان کەسایەتی دیکە لە بیرۆکراسی و سێکتەرەکانی ئەمنی و ئاسایش و سەربازی دیکە کە هاوکار و هاوڕێی ئاردۆگان بوون وەک پوولی دۆمینە یەک دوای یەک دەکەون. ئەم ناوانە لانی کەم لە پاش ساڵی 2015 ەوە لەو تاوانانەی ئاردۆگان ئەنجامی داون هاوکار و هاوئاهەنگ بوون، تەموومژاویترین و مەترسیدارترینیشیان داتەپینی ئابووری وڵات و   کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمووزی 2016 یە کە تا ئێستا گەلانی تورکیا نازانن کێ و چۆن و بە چ مەبەستێک ئەنجامیدا.
ئەم کەوتنە یەک لە دوای یەکە ئاردۆگان و نزیکەکانی هەرچەندە لەقوڵاییدا ناکۆک بن لەسەر دەسەڵات و شوێنگرتنەوەی ئاردۆگان، لەوەدا کۆکن کە دەبێت لانی کەم لەم خولەشدا ئاردۆگان هەڵبژاردن بباتەوە، دەنا ئەمان پێش ئاردۆگان گڵۆڵەیان دەکەوێتە لێژی، ئاردۆانیش باش ئەم دۆخە هەست پێدەکات و بەبێ خۆماندووکردن و بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردووەوە بێدەنگی لێکردووە و چاوەڕێیە ئەم برادەرانەی هەڵبژاردنەکەی بۆ یەکلایی بکەنەوە.

🔹موحەڕەم ئینجە وەک دارشەقی ئاردۆگان!

موحەڕەم ئینجە بەربژێرێکی زۆر بەهێزی  ئۆپۆزسیۆن بوو دژ بە ئاردۆگان لە هەڵبژاردنەکانی 2018ی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا. پێش هەڵبژاردن بەشێکی زۆری ڕاپرسییەکان جەختیان لەوە دەکردەوە موحەرەم ئینجە دەتوانێت ڕکابەرێکی باشبێت بۆ ئەوەی ئاردۆگان لەسەر کورسی دەسەڵات بهێنێتە خوارەوە. لە چەند کاتژمێری سەرەتای ئاشکراکردنی ئەنجامە نافەرمییەکاندا، موحەڕڕەم ئینجە لێدوانێکی مەترسیداری بۆ ڕاگەیاندنەکان دا و دانی بە شکستی خۆیدا هێنا، گوتی "کابرا بردییەوە adam kazandı" مەبەستی ئاردۆگان بوو، هیچ بوارێکی بۆ تانە لێدان نەهێشتەوە. ئەم ڕستەیە زۆر مەترسیدار بوو، هەر لەسەرەتاوە هەڵکردنی ئاڵا سپی و تەسلیم بوون بوو کە بواری بۆ تانەدان نەهێشتەوە لەو ساختەکارییانەی دواتر دەرکەوت ئاردۆگان کردوونی. ئینجە ڕازیبوو بە دۆڕان. ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد موحەڕڕەم ئینجەیان بەم ڕستەیە دادگایی دەکرد کە چۆن دەبێت کەسایەتییەکی گرنگی ئۆپۆزسیۆن یەکسەرە و بێ گەڕانەوە بۆ پارتەکەی ئاڵای سپی هەڵبکات و تەسلیم بێت بە بێ ئەوەی کۆمسیۆن ئەنجامی فەرمی ئاشکرا بکات.
میدیا و ئۆپۆزسیۆن لەوەدا ڕاستیان کرد کە پێیان وابوو ئینجە لەلایەن ئاردۆگانەوە هاککراوە و کڕردراوە، چونکە لەپاش ئەو هەڵبژاردنەوە ئینجە وازی لەو پارتە هێناوە کە کردییە بەربژێری سەرۆکایەتی کۆمار و ماوەی دە ساڵیش کردبوویە پارلەمانتار. 
ئینجە بەبێ پارتی کۆماری:جەهەپە هیچ قورساییەکی لە سیاسەتی تورکیادا نەبووە و نییە، نە خاوەن ڕوئیایەکی ستراتیژییە بۆ داهاتووی تورکیا، نە خۆشی کەسایەتییەکی کاریزماتیکە، نە پسپۆڕێکی سیاسیشە وەک ئەحمەد داودئۆغڵو نە پسپۆڕی ئابووریشە وەک عەلی باباجان، وەک پیشە ئینجە مامۆستای ئامادەییە. 
لەخۆباییبونی ئینجە لەوێدایە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوو بە ئەنجامی خۆی تێگەیشتووە نەوەک ئۆپۆزسیۆن، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا لەبەرامبەر ئاردۆگان و کڵچدارئۆغڵوەوە خۆی بەبژێر کردووە. ڕاپرسییەکانی وەک مێترۆپۆل دەڵێن ڕێژەی دەنگەکانی موحەڕەم ئینجە 3% تێناپەڕێنێت، بەڵام هەر سوورە لە مانەوەی لەبەربژێر بوون. بەربژێربوونی ئینجە گورزێکی کوشندە دەبێت بۆ کڵچدار ئۆغڵو و لەسوودی ئاردۆگان کۆتایی دێت، چونکە ئەو 3%ە هەموویان دەنگی ئۆپۆزسیۆنن بۆ ئینجە دەبن و ئەمە وادەکات لە خولی یەکەمدا ئۆپۆزسیۆن نەتوانێت هەڵبژردنەکە یەکلایی بکاتەوە و 50+1% بهێنێت. بەمەش هەڵبژاردن درێژ دەبێتەوە بۆ خولی دووەم و لە خولی دووەمیشدا دەگەرمانی دەستاڕ و  ئاشی ساختەکاری ئاردۆگان بەو ئاوەی ئینجە لە خولی یەکەمدا تێیکردووە بەباشی دەگەڕێت و ئاردۆگان ئۆپۆزسیۆنی وەک باراش پێ دەهاڕێت.