پێلێ گەوهەری ڕەشی ناو دونیای تۆپی پێ

2022-12-31

ـــ بە جوڵەو هونەرە سەرنجڕاکێشەکانی لە تۆپی پێدا جیهانی سەرسام دەکردو بە مردنیشی دونیای تۆپی پێی ڕاچڵەکاند.

ــ ئەو منداڵە هەژارەی کە لە وێستگەی شەمەندەفەردا پێڵاوی بۆیاخ دەکرد، بەهۆی مردنیەوە وڵاتەکەی سێ ڕۆژ ماتەمینی بۆ ڕاگەیاند.
ــ ئەفسانەیەک بوو، تۆپی پێی گواستەوە بۆ قۆناغێکی باڵاترو وەک نەیماری یاریزانی بەڕازیل دەڵێت، پێلێ تۆپی پێی کرد بە جوانی و بە هونەر.

ــ ئەو منداڵەی کە لە ساڵی ۱۹٤۰ لە خێزانێکی هەژار لە دایکبوو، تۆپی پێ گەیاندییە لوتکەو بوو بە یەکێک لە کاریگەرترین و گرنگترین کەسایەتی سەدەی بیستەم.

ــ  ئەم گەوهەرە ڕشەی دونیای تۆپی پێ، 21 ساڵ یاری کرد، لە 1363 یاریدا،1281 گۆڵى تۆمارکردو بەوەش پێلێ بۆتە گەورەترین گۆڵکارى مێژووی تۆپی پێ و مەحاڵیشە هیچ یاریزانێک بتوانێت ڕیکۆردەکەی ئەو تێیپەڕێنێت.

ــ کاتێک لە تەمەنی پازدە ساڵیدا پەیوەندی بە یانەی " سانتۆس"ی بەڕازیلەوە کردو لە یەکەم یاری یانەکەیدا دژ بە یانەی " کۆرینتیاس" چوار گۆڵی تۆمار کرد، ئیدی لەوکاتەوە دەرکەوت کە موعجیزەیەکی گەورەی تۆپی پێ کەوتووەتە گەڕ.

ــ لە هەرچوار مۆندیالی ساڵی 1958و 1962، و 1966 و 1970دا بەشداری کردووەو لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی بەڕازیلدا مۆندیالەکانی ساڵی  1958 و 1962 و  1970 یان بۆ وڵاتەکەیان وەدەستهێناوە.

ــ بەرواری 19 ـــ 12 ى هەموو ساڵێک  لە وڵاتی بەڕازیل بە ڕۆژى پێلێ ناسراوە، چونکە  لە هەمان ڕۆژی ساڵى 1969 دا، پێلێ گۆڵى ژمارە 1000ى لە مێژووى یاریکردنى خۆیدا تۆمارکرد.
 
ــ پێلێ بەهێزترین گۆڵکاری مێژووی تۆپی پێیەو لە لایەن یەکێتی تۆپی پێی جیهانیشەوە بە باشترین یاریزانی سەدەی بیستەم دیاری کرا.
ــ لە تەمەنی شازدە ساڵیدا پەیوەندی بە هەڵبژاردەی بەڕازیلەوە کردووەو لە ۹۲ یاریدا توانیویەتی ۷۷ گۆڵ تۆمار بکات و تا ئێستاش هیچ یاریزانێکی بەڕازیل بەو ئاستەی ئەو نەگەشتووە.

ــ رۆناڵدۆی دیاردە، گەوهەرە ڕەشەکەی تۆپی پێ بە بێ هاوتا و مەزن و داهێنەرو پاشای تۆپی پێ ناو دەبات و دەشڵێت پێلێ گەورەی هەموو سەردەمەکانەو هەرگیز لوتکەی بەجێنەهێشتووەو کەسیش نەگەشتووە بە ئاستی ئەو.

ــ نەیمار داسیلڤای بەڕازیلیش بۆ کۆچی دوایی پێلێ وتی، پێلێ هەموو شتێکی گۆڕی، تۆپی پێی گۆڕی بۆ فەن و بۆ جوانی، دەنگی بۆ هەژارەکان و ڕەش پێستەکان بوو.
ــ نەیمار وتیشی،  تۆپی پێ و بەرازیلیش بەهۆی ئەوەوە ناودار بوو، پادشا ڕۆشت بەڵام جادووەکەی ئەمێنێتەوە،

ــ کاتێک دوو ساڵ لەمەوبەر  مارادۆنای ئەفسانەو ئەستێرەی تۆپی پێ کۆچی دوایی کرد، پێلێ وتی هیوادارم ڕۆژێک لەگتڵ مارادۆنادا لە بەهەشتدا پێکەوە یاری تۆپی پێ بکەین.

ــ دوای مردنی پێلێش، مەسعود ئۆزێل، یاریزانی بەناوبانگی ئەڵمانیا وتی: پێلێ چووە یانەی ئاسمان لەگەڵ مارادۆنادا، دڵنیام کەس لەو یانەیە ناباتەوە.