دیبلۆماتیک
كارەسات و ڕووداوی گیانلەدەستدانی هەژدە كچی گەنج لە میسر، ئەو وڵاتە دەهەژێنێت.
هەژدە كچی گەنج، كە هەموویان دانیشتووی یەك گوندبوون، لە كاتی ڕۆشتنیان بۆ كرێكاری بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لە دەستداو ڕووداوەكە سەراپای وڵاتی مسیری هەژاندو لەسەر ئاستی جیهانیش دەنگدانەوەی گەورەی درووستكرد.
بەرەبەیانی دوێنێ هەینی، هەژدە كچ كە دانیشتووی گوندی " كفر سەنابسە"ی ناحیەی " ئەشمۆن"ی بە پارێزگای " مێنۆفیا"ی وڵاتی میسرن، لەسەر یەكێك لە ڕێگا ناوچەییەكانی پارێزگاكە بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە گیان لەدەست دەدەن.
ئەو هەژدە كچە لە مینی پاسێكدا بوون، بەپێی ڕاگەیەنراوی پۆلیسی هاتووچۆی ناوچەكە بەهۆی تیژڕەوییەوە ئۆتۆمبێلەكەیان لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگردا داویانە بەیەكداو لە ئەنجامدا هەر هەژدە كچە گەنجەكەو شۆفێری مینی پاسەكەش گیانیان لە دەستداوە.
بە وتەی كەسوكاری قوربانییەكان، كچەكان بۆ دەستكەوتنی پاروویەك نان و بۆ هاوكاریكردنی خێزانەكانیان و كۆكردنەوەی خەرجی تەواوكردنی خوێندنیان بە كرێیەكی ڕۆژانەی كەم بۆ ڕنینی ترێ، بەرەو باخێكی ناوچەكە ڕۆشتوون و لە ڕێگەی دەستكەوتنی پاروویەك ناندا بوونەتە قوربانی.
میدیای فەرمی وڵاتی میسر كە هەژدە كچەكەی بە " شەهیدی نان و بژێوی ژیان" ناوزەد كردووە لە زاری كەسوكاریانەوە بڵاویكردووەتەوە كە تەمەنی قوربانییەكان لە نێوان 14 بۆ 22 ساڵدا بووەو ئەوان بە ڕۆژانەی 130 جونەیهی میسری كرێكارییان كردووە كە هاوتایە بە دوو دۆلارو نیوی ئەمەریكی.
مەراسیمی ناشتن و پرسەی ئەو هەژدە كچە بە كۆمەڵ بەڕێوە چوو، لەسەر ئاستی وڵاتی میسر وەكو كارەساتێكی گەورەو تەماشاكراو پرسەی گشتیان بۆ راگەیەنراو لەسەر ئاستی جیهانیش دەنگدانەوەیەكی فراوانی لێكەوتەوە.