مانا سیمبولییەكان نان لە كۆمەڵگەی كوردیدا

2025-03-05

دیبلۆماتیک


لە كلتورو كۆمەڵگەی كوردیدا، نان دەیان ماناو لێكدانەوەی جیاوازی هەیەو لە پەندی پێشینان و ئیدیۆمە كوردییەكاندا بۆ چەندان مەبەست گوزارشت لە نان كراوە.

لە نێو كورددا نان هێمایە بۆ ژیان، لە ڕێی بەكاربردنی وشەی نانەوە گوزارشت لە بوون و هەژاری و پیاوەتی و بەخشندەیی و زۆر خاسیەت و تایبەتمەندی مرۆڤ كراوە.
لە كۆمەڵگەی كوردی و پەندی پێشیناندا، نان بووەتە پێوەرو یەكێك لە بنەما هەرە گرنگەكان بۆ مانا دان بەسەربەرزی یان ملكەچبوونی مرۆڤ.

" پیاوێكی نان بدەیە" كەسێك كە بەخشندەو دەستكراوە بێت‌و یارمەتی خەڵكی بدات و میوان دۆست بێت، بەم ئیدیۆمە كوردییە ئەو مەردایەتییەی بەیان دەكرێت و لەناو خەڵدا باسدەكرێت ‌و دەناسرێت.

لە پەندو ئیدیۆمی كوردیدا، نان یەكێك لەو پێوەرانەیە كە بۆ خستنەڕووی تایبەتمەندییەكانی مرۆڤ و خێزان و ئاشنا بوون بە تەونە كۆمەڵایەتییەكە بەكار براوەو وتراوە:" نان لە یەكێك بخوازە كە باوكی نان بدە بووبێت"، واتە داوای هاوكاری لەكەسێك بكە یان پەنا بۆ كەسێك ببە كە باوكی نان بدەو بەخشندە بووبێت‌و هاوكاری خەڵكی كردبێت.



بۆ گوزارشتكردن لە دۆخی خراپی ژیان، یان نەبوونی كارو كاسپی وتراوە " نان لە قوڕگی شێردایە"و بە كە سێكیش كە زۆر پەلە پەل بكات لەكارێكدا دەتووترێت:" ئەڵێی نانی بە ساجەوە سووتاوە".
زۆرێك لەو ماناو هێما جۆراوجۆرانەی كە لە ئیدیۆم و پەندی پێشینانی كوردیدا بە نان دراوە، چوونەتەوە سەر كەسایەتی‌و تایبەتمەندییەكانی مرۆڤ.

ئەو كەسەی كە خودا ژیانێكی باشی پێدابێت، وەكو ئامۆژگاری و بۆ سووپاسكردنی خودا لەسەر ئەوەی پێیداوە، پێیدەوترێت:" نانێك بخۆو نانێك بدە لە ڕێی خوا"، كەسێكیش كە لە بەڵاو ناڕەحەتی‌و كارەساتێك ڕزگاری بووبێت، وەك هێمایەك بۆ پاكی‌و چاكییەكەی دەوترێت:" نانێكی داوە لە ڕێی خوا" یان پێیدەووترێت:" نانی خۆتە هاتووەتەوە ڕێت". 

لە كایە كۆمەڵایەتییەكەدا، بە تایبەت لە بواری میوان دۆستی و بەخشندەییدا وشەی " نان" ئامادەییەكی زۆری لەناو ئیدیۆم و پەندی پێشیناندا هەیەو وتراوە " نان بە ڕووی خاوەن ماڵ دەخورێ" واتە ڕووخۆشبە بەرانبەر میوان، وتراویشە:" نان خۆشەویستە، نەك بگری بە سینگتەوە" واتە بەخشندەو نان بدە بەو چروك و دەست نوقاو مەبە" هەر لەسەر هەمان هێڵ‌و بۆ دنەدانی بەخشندەیی و نان بدەیی وتراوە:" نانت جۆبێ، خوڵكت گەنمی بێت".

وشەو دەستەواژەی نان لە پەندی پێشیناندا ڕۆڵی جیاوازتری بینیوەو چووەتە ناو مەیدانی كارو فەرمانەوەو بۆ جیاكردنەوەی ڕۆڵ و ئەركەكان وتراوە:" نان بۆ نانەواو گۆشتیش بۆ قەساب"، بۆ هاندان و دوانەخستنی ئەرك و فەرمان‌و ستایشكردنی كەسانی چوست‌و‌ چالاك ‌و بۆ پلاردان لە كەسانی تەمبەڵیش وتراوە:" ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لە خوانە".
لە كوردەواریشدا بەو كەسەی كە سوپاسی خوا ناكات لەسەر نیعمەت‌و بەخششەكانی و لەسەر ئەو بەشەی كە پێیداوەو خراپیش بەكاری دێنێت، دەوترێت:" نان و دۆبڕ".

ئێوە بیڵێن‌و بپرسن ئەگەر بەم پەندو ئیدیۆمە كوردییە حكومەتی هەرێم بپێووین، ئایا حكومەت و دەسەڵاتێكی نان و دۆ بڕ نییە؟