دیبلۆماتیك
یەكەم نووسەری كوردە كە بۆ شێوەزاری كوردیی ناوەندی كتێبی ڕێزمانی نووسیوە.
زیاتر لە نیو سەدە خزمەتی بە پرۆسەی پەروەردەو خوێندن و زمان و فەرهەنگی كوردی كردووە.
ئەو، مەلا " سەعید كابان سدقی" لە ساڵی ١٨٦٦ لە شاری سلێمانی لەدایكبووە،كە باوكی كۆچی دوایی دەكات، ئەو هێشتا منداڵ ئەبێت، كاك ئەحمەدی شێخ چاودێری دەكات و دەیخاتە بەر خوێندنی ئایینی.
لە سلێمانی لای زانای ناوداری ئەو سەردەمە " بابا شێخی كوردستانی" قورئان و فارسی ئەخوێنێ و پاش پێنج شەش ساڵ ئەچێتە مزگەوتی مەلا عەزیزی موفتی و لەوێ سەرەتایەك لە نەحو و سەرفی عەرەبی ئەخوێنێ و دواتر لە مزگەوتی " بن تەبەق" لای عیرفان ئەفەندی دەرسی نەحو و مەنیق وئاین و فیقهو و ڕیازیات و جوگرافیا ئەخوێنێ و پاش ١٥ ساڵ لە خوێندن، مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە.
پاش تەواوكردنی خوێندنی حوجرەو مەلایەتی، چووەتە شاری موسڵ و لەخانەی مامۆستایانی ئەوێ تاقیكراوەتەوەو بەپلەی نایاب دەرچووەو بڕوانامەی پێدراوە كە وەك مامۆستای قوتابخانە وانە بڵێتەوەو لەكایەی پەروەردەو خوێندندا خزمەت بكات.
پاش ئەوەی بە فەرمی بووەتە مامۆستا، لەقوتابخانەكانی ڕووشدیەی عەسكەری و تەشویقیەو سەعادەت و خالیدیەو مەحمودیەی شاری سلێمانی وانەی وتووەتەوە.
هەر لە میانی كاری مامۆستایەتیدا، لەدەرەوەی شاری سلێمانیش لە سەرگەڵو و قەرەداغ و قەمچووغە وەكو مامۆستا خزمەتی كردووەو ساڵی ١٩٣٦ خانەنشین كراوە.
مامۆستا سەعید كابان، كەسایەتییەكی گەورەی مێژووی پەروەردەیی كوردەو یەكەم كەسبووە بووە كە بە شێوەزاری " كوردیی ناوەندی" كتێبی ڕێزمانی نووسیوەو لەسەر ئەركی خۆشی چاپی كردووە، لەپاڵ ئەوەشدا یەكێك لەو كەسانەیە كە ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە لە گواستنەوەی خوێندن لە حوجرەوە بۆ قوتابخانەی ئاسایی.
سەعید كابانی هەم مەلاو هەم مامۆستا، پاش خانەنشینبوونیشی لە خزمەتكردنی بواری پەروەردەو خوێندن نەوەستاوەو لەسەر داوای " پیرەمێرد"ی شاعیر بووەتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستیی ئێواران.
مامۆستا سەعید ناكام، وەك یەكەم نووسەری كورد، لە بواری ڕێزمانی كوردیدا، هەردوو كتێبی " گوڵزار و موختەسەری سەرف و نەحوی كوردی" بۆ قوتابیانی كورد نووسیوە.
مامۆستا " زێوەر" ی شاعیر، لە شیعرێكدا پەسن و ستایشی ئەو بەرهەم و نوسراوانەی مامۆستا سەعید كابان دەكات و دەڵێت:
تەماشاو دەیقەتم كرد، دەكەم تەحسینی ئەفكارت
موبارەك بێ لەمیللەت، ئەی رەفیقم تازە ئاسارت
لەمەیدانی مەعاریفدا لەبۆ ئەم میللەتی كوردە
حەقیقەت باغەبانیت كرد، بمێنێ باغ و گوڵزارت
كە سەرفی هیممەتی خۆت كرد لەسەرف و نەحوی كوردیدا
لەتەئریخی هەزارو سێ سەد و سی و هەشتی هیجریدا
مەتاعی قاعیدەی كوردیت نیشان دا بۆ خڕیدارت
جیا لەوەی كە ستایشی بەرهەمەكانی دەكات، شیعرەكەی مامۆستا زێوەر نیشانی دەدات كە مامۆستا سەعید كابان، كتێبی موختەسەری سەرف و نەحوی كوردی لە ساڵی ١٩١٩ نووسیوە.
سەرباری ئەوەی كە یەكەمین كەسبووە لە بواری ڕێزمانی كوردیدا كتێبی نووسیوەو كتێبەكانی بوونەتە دەروازە بۆ قوتابیانی كورد تا لێیەوە ئاشنا بە زمان و ڕێزمان و نووسینی كوردی ببن، هاوكات لە بوارەكانی جوگرافیاو ئایین و ڕیازیات و مێژووشدا كتێبی بۆ قوتابیانی قۆناغە جیاوازەكان نووسیوە.
پاش ساڵانێكی زۆر لە خزمەت و پەروەرشیاری، مامۆستا سەعید كابان لە ڕێكەوتی ٥ی تەمموزی ١٩٦١، لە تەمەنی 95 ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات و گردی سەیوان دەبێت دوا مەنزڵی.