زه‌ڵم، ناوچه‌یه‌كی گرنگی گه‌شتوگوزاریی بۆ پارێزگا نوێكه‌ی هه‌رێمی كوردستان

2018-08-29

ڕێباز لوقمان ـ  مامۆستای زانكۆی هه‌ڵه‌بجه

سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم به‌ناوبانگترین شوێنی گه‌شتیاری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ یه ، چونكه‌ زۆربه‌ی بنه‌ما سروشتی و مرۆییه‌كانی گه‌شتوگوزاری تێدا كۆبوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌لایه‌نێكی به‌هێزی ڕاكێشانی گه‌شتیاران داده‌نرێت.


ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری ناحیه‌ی خورماڵ ی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌توانرێت ئاسانكاری بۆ ئه‌نجامدانی زۆربه‌ی جۆره‌كانی گه‌شتوگوزار بكرێت، بۆ نموونه‌ گه‌شتوگوزاری ( حه‌وانه‌وه‌ وكات به‌سه‌ربردن ، ژینگه‌یی ، هه‌ڵگه‌ڕان به‌ چیا سه‌خته‌ پلیكانه‌ییه‌كان ، مێژوویی و شارستانی ، ئایینی ، ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی ) و ...هتد.


ده‌كرێت ئه‌م ناوچه‌یه‌ زیاتر گه‌شه‌ی پێبدرێت، چونكه‌ هیچی كه‌متر نیه‌ له‌ هه‌رێمه‌ به‌ناوبانگه‌كانی گه‌شتوگوزار له‌ جیهاندا به‌ تایبه‌ت له‌ڕووی توانسته‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ وه‌ك ئاوو هه‌وا و شوێنی جوگرافی و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان و ڕووه‌كی سروشتی، كه‌ هه‌ندێكیان شانبه‌شانی ستاندارده‌ جیهانیه‌كان ده‌وه‌ستن له‌ڕووی جۆر و كوالیتیه‌وه‌ ، بۆ گه‌شه‌پێدانی گه‌شتوگوزار له‌ دۆڵی زه‌ڵم و ئه‌حمه‌د ئاوا ده‌بێت پلانێكی به‌هێز جێبه‌جێبكرێت تا كه‌رتی گه‌شتیاری ببێته‌ یه‌كێك له‌ پایه‌ به‌هێزه‌كانی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی و باشتركردنی بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری لای گه‌نجه‌كانمان.

،،

ئه‌م ناوچه‌یه‌ هیچی كه‌متر نیه‌ له‌ هه‌رێمه‌ به‌ناوبانگه‌كانی گه‌شتوگوزار له‌ جیهاندا به‌ تایبه‌ت له‌ڕووی توانسته‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ وه‌ك ئاوو هه‌وا و شوێنی جوگرافی و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان و ڕووه‌كی سروشتی، كه‌ هه‌ندێكیان شانبه‌شانی ستاندارده‌ جیهانیه‌كان ده‌وه‌ستن له‌ڕووی جۆر و كوالیتیه‌وه‌.

 

DFX
كۆبوونه‌وه‌ی گه‌شتیاران له‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی زه‌ڵم ـ ناحیه‌ی خۆرماڵ ـ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌


بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ گرنگیی دان به‌ چه‌ندین لایه‌ن و بابه‌ت له‌ناوچه‌كه‌دا پێویسته‌، كه‌ هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندییان به‌ بنه‌ما مرۆییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌یان په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌رامه‌ته‌ سروشتیه‌كانی ناوچه‌كه‌ ، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی چاككردن و گه‌شه‌پێدانی ئه‌و ناوچه‌ گه‌شتیارییانه‌ی له‌ ئێستادا هه‌یه‌ و دروستكردنی چه‌ندین ناوچه‌ی گه‌شتیاری نوێ و بنیادنانی خزمه‌تگوزارییه‌ گه‌شتیارییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا ئه‌ویش به‌ وه‌رگرتنی ڕاو بۆچونی پسپۆڕ و شاره‌زایانی بواری گه‌شتوگوزار و ئابووریناسان و جیۆلۆجیسته‌كان:

 
1. به‌نداوێكی گه‌شتیاری له‌سه‌ر دروستبكرێت و چه‌ندین چالاكیی جیاوازی گه‌شتیاری به‌هۆی به‌نداوه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ زیادبكرێت وه‌ك ڕاوه‌ماسی و مه‌له‌وانی و سواربونی به‌له‌م و...هتد ، ده‌توانرێت چه‌ندین حه‌وزی گه‌وره‌ی كۆنكرێتی دروستبكرێت بۆ كۆكردنه‌وه‌و گلدانه‌وه‌ی ئاو، تا بتوانرێت زۆرترین جۆری چالاكیی گه‌شتیاری له‌ ناوچه‌كه‌دا پراكتیزه‌ بكرێت


2-دروستكردنی پارێزراوی سروشتی : له‌ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهاندا له‌ ئێستادا گرنگییه‌كی به‌رچاو به‌ دروستكردنی پارێزراوی سروشتی ده‌درێت ، چونكه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ ده‌بینێت له‌ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی نێوان ژینگه‌ی سروشتی و ڕه‌گه‌زه‌ مرۆییه‌كان ، هه‌رچه‌نده‌ ناو دۆڵی زه‌ڵم و لێواره‌كانی و چیاكانی ده‌وروبه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ ڕووه‌كی سروشتی و دارودره‌خت، به‌ڵام ده‌كرێت ڕوبه‌ره‌كه‌ی زیاد بكرێت و داره‌كانی له‌ڕووی چڕی و جۆره‌وه‌ زیادبكرێن ، چونكه‌ فراوانبونی ڕووبه‌ری دارستان و چڕییه‌كه‌ی به‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی زۆربونی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی داده‌نرێت.

له‌ ئه‌نجامدا هێزی ڕاكێشان و خستنه‌ڕووی گه‌شتیاری ناوچه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت و گه‌شتیاران به‌ ژماره‌یه‌كی زیاتر سه‌ردانی ئه‌م ناچه‌یه‌ ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌ت ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی به‌مه‌به‌ستی حه‌وانه‌وه‌ و كاتبه‌سه‌ربردن دێنه‌ ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر به‌ هه‌ڵمژینی هه‌وای پاك و دیمه‌نی سه‌رنجڕاكێش له‌لایه‌ن پزیشكه‌كانیانه‌وه‌ ڕێنمایی ده‌كرێن.

 

sdx
گوندی ئه‌حمه‌د ئاوا ـ ناحیه‌ی خۆرماڵ ـ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌

 

3-دروستكردن و ڕاكێشانی ته‌له‌فریك له‌به‌شی خواره‌وه‌ی دۆڵی زه‌ڵم كه‌به‌ (بنی په‌ڵگ ناسراوه‌ له‌ ئه‌حمه‌د ئاوا) تا ده‌گاته‌ كۆتایی دۆڵی زه‌ڵم له‌گه‌ڵ لوتكه‌ی داڵانی له‌ چیاكانی هه‌ورامان یه‌كده‌گرێته‌وه‌، ئه‌م لوتكه‌یه‌ به‌فرێكی زۆری لێده‌بارێت، ئه‌مه‌ش بایه‌خی گه‌شتیاری ناوچه‌كه‌ زیاتر ده‌كات ، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌كارهێنانی ته‌له‌فریك به‌ یه‌كێك له‌ ئاره‌زوه‌كانی گه‌شتیاران داده‌نرێت كاتێك سه‌ردانی ناوچه‌ شاخاوییه‌كان ده‌كه‌ن هه‌روه‌ها ئه‌م ته‌له‌فریكه‌ به‌ ناو دۆڵی زه‌ڵمدا تێده‌په‌ڕێت، به‌مه‌ش گه‌شتیار له‌ ئاسمانه‌وه‌ چه‌ندین دیمه‌نی سروشتی و سه‌رنجڕاكێشی سه‌ر زه‌وی ده‌بینێت وه‌ك ( دیمه‌نی دۆڵی زه‌ڵم و دارستان و ئاوی ناو دۆڵه‌كه‌ ، تاڤگه‌ی زه‌ڵم و هه‌روه‌ها چه‌ندین دیمه‌نی جیۆلۆجیی پێچاوپێچ و سه‌رنجڕاكێشی ناو چیاكان و ...هتد ).

،،

ڕاكێشانی ته‌له‌فریك له‌به‌شی خواره‌وه‌ی دۆڵی زه‌ڵم كه‌به‌ (بنی په‌ڵگ ناسراوه‌ له‌ ئه‌حمه‌د ئاوا) تا ده‌گاته‌ كۆتایی دۆڵی زه‌ڵم له‌گه‌ڵ لوتكه‌ی داڵانی له‌ چیاكانی هه‌ورامان، ئه‌م لوتكه‌یه‌ به‌فرێكی زۆری لێده‌بارێت، ئه‌مه‌ش بایه‌خی گه‌شتیاری ناوچه‌كه‌ زیاتر ده‌كات.

 

هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ویستگه‌ی كۆتایی ئه‌م ته‌له‌فریكه‌ له‌ مله‌ی داڵانییه‌، بۆیه‌ گه‌شتیاران له‌ ناوچه‌یه‌كی به‌به‌فر داپۆشراو داده‌به‌زن ، گرنگیی و بایه‌خی ئه‌م ته‌له‌فریكه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ گه‌شتیاران له‌ ناوچه‌یه‌كی تاڕادده‌یه‌ك مامناوه‌ند له‌ ڕووی پله‌ی گه‌رماوه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی شاخاوی سارد و به‌به‌فر داپۆشراو . كه گونجاون بۆ ئه‌نجامدانی یارییه‌ زستانه‌ییه‌كانی وه‌ك ( خلیسكانی سه‌ر به‌فر ، هه‌ڵگه‌ڕان به‌ لوتكه‌ به‌فراوی و سه‌خته‌كاندا ، مانه‌وه‌ له‌ لوتكه‌ به‌فرینه‌كان له‌ناو چادردا ) و چه‌ندین یاری دیكه‌ .

گرنگیدان به‌ پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی یارییه‌ زستانیه‌كان له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌بێته‌ هۆی زیادكردنی جۆرێكی گرنگیی دیكه‌ی گه‌شتوگوزار و به‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌شتیاران سه‌ردانی ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌ت ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی، كه‌ ئاره‌زوی ئه‌نجامدانی یارییه‌ زستانه‌ییه‌كانیان هه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چالاكیی گه‌شتوگوزار له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ چالاكیییه‌كی وه‌رزییه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ چالاكیییه‌كی هه‌میشه‌یی ، له‌ ئه‌نجامدا جگه‌ له‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌بێته‌ هه‌رێمێكی گه‌شتیاری بڕێكی زۆر له‌ پاره‌ و دراوی بیانی و قورس دێته‌ ناوچه‌كه‌ و ئاستی داهاتی تاكه‌كه‌س به‌رز ده‌بێته‌وه‌ .

4- دروستكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ پێویسته‌كانی بنیادنانی هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری وه‌ك ( ئوتێل و موتێل و ڕیستۆرانت و خواردنگه‌ و كافتریا و گازینۆ و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ بۆ گه‌شتیاران .


5- گرنگییدان به‌ ڕاگه‌یاندنی گه‌شتیاری و هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ گرنگه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ ناوچه‌كه‌دا .


6. دروستكردنی مۆزه‌خانه‌یه‌ک تایبه‌ت به‌ پاراستن و كۆكردنه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ و كه‌لوپه‌لی كه‌لتوری ناوچه‌كه‌ له‌ پیشه‌سازی ده‌ستی و كه‌ره‌سته‌ی ژیانی تاوه‌كو بخرێنه‌ڕوو بۆ گه‌شتیاران هه‌روه‌ها ده‌بێته‌هۆكاری پاراستنی كه‌له‌پوری ناوچه‌كه‌ له‌ فه‌وتان