سامان عومەر
دوای كەمتر لە هەفتەیەك لەبەڕێكردنی ئاهەنگی دەرچوونی زانكۆی، دانەمەزراندنو بێكاریو نەبوونی هەلی كار وایلێكردووە پەنا بۆ كارێك ببات كە لەگەڵ ئەو بڕوانامەیەدا نەگونجێت كە لەئاهەنگی دەرچوونەكەیدا پێیدرا.
(سەردار عەزیز) گەنجێكی تەمەن 35 ساڵی دانیشتووی شاری ڕانیەیە، پاش زیاتر لە 18 ساڵی خوێندن، لە 17 ئۆكتۆبەری ئەمساڵ دوا قۆناغی بەشی عەرەبی زانكۆی ڕاپەڕینی تەواوكرد، بەڵام سەردار هەر زوو دركی بەوە كرد كە وەرگرتنی بڕوانامەكەی واتای دابینكردنی هەلیكار نادات بۆی.
دوای كەمتر لە هەفتەیەك لە ئاهەنگی دەرچوونی، ئێستا لەسەر شەقامەكانی ناو بازاڕی ڕانیە خەریكی كارێكە كە دوورە لەو ئامانجەی كە تەمەنێكە شەونخونی بۆ دەكات.
،،
سەردار لە ڕۆژەكانی سەرەتای كارەكەیەوە دەیەوێ بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش خۆی نیشانی خەڵكو بەرپرسان بدات، بەئامانجی بە ئاگاهاتنەوەیان لە خراپی ژیانو گوزەرانی گەنجانو دەرچوانی زانكۆ
سەردار لە ڕۆژەكانی سەرەتای كارەكەیەوە دەیەوێ بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش خۆی نیشانی خەڵكو بەرپرسان بدات، بەئامانجی بە ئاگاهاتنەوەیان لە خراپی ژیانو گوزەرانی گەنجانو دەرچوانی زانكۆ، بەوەی كە بە هەمان ئەو جلو بەرگەی كە هەفتەیەك بەر لەئێستا ڕۆژی ئاهەنگی دەرچونی پێ بەڕێكرد (كە بە پۆشاكی تەخەروج ناسراوە) خەریكی فرۆشتنی ئاوە.
سەردار ناتوانێ دەست بۆ كاری قورس ببات، بە وتەی خۆی نەخۆشی گەدەی هەیەو ماوەیەك بەر لەئێستا لە سەمونخانەیەك كاری كردووە، بەڵام قورسی كارەكەی ڕێگەی لەبەردەوامیدان لەو كارەی لێگرتووە.
لەو بارەیەوە بە دیپلۆماتیك مەگەزینی وت": بۆ دابینكردنی بژێوی خێزانەكەی لە سەمونخانەیەك كاری كردووە، بەڵام سەختی كارەكە وایكردووە كە توشی ڕشانەوەیەكی بەهێز ببێت، بۆیە بەناچاری دەستی لەو كارە هە ڵگرتووەو بەباشی زانیووە كارێكی ئاسانی قازانج كەم هەڵبژێرێ، كە ئەویش فرۆشتنی ئاوە لەناو بازاڕی شاری رانیە.
،،
ئەم كارەشی كە ماوەیەكی كەمە دەستی بۆی بردووە دادی نەدات تا بژێوی ژیانی خۆیو هاوسەر و سێ منداڵەكەی پێدابین بكات
وا هێواش هێواش وەرزی زستانیش هات، پێدەچێت ئەم كارەشی كە ماوەیەكی كەمە دەستی بۆی بردووە دادی نەدات تا بژێوی ژیانی خۆیو هاوسەر و سێ منداڵەكەی پێدابین بكات، چونكە گۆڕانی كەش و هەوا لەبەرژەوەندی ئەو گەنجەدا نییە، تا بتوانێت بەهۆی كەمبوونەوەی فرۆشی ئاو لەم وەرزەدا بەردەوامبێ لە كارەكەی و لەسەر كورسییەكەی بەدیار مێزو و تەپەدۆرەكەیەوە دابنیشێ.
بەڵام وەك خۆی وتی: بێ ئومێد نابێو بەبێكار دانانیشێ، بەڵكو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا ئیشێكی تر بدۆزێتەوە.
،،
شەرمی بە كارەكەی نییە، بەڵام نیگەرانیشە لەوەی كە بڕوانامەكەی نەبووەتە فریادڕەسیو سودی بۆی نەبووە
سەردار عەزیز زیاتر لەبارەی كارەكەیەوە بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین وتی": شەرمی بە كارەكەی نییە، بەڵام نیگەرانیشە لەوەی كە بڕوانامەكەی نەبووەتە فریادڕەسیو سودی بۆی نەبووە".
وتیشی": دەستكەوتی ڕۆژانەی كەمتر لە 10هەزار دینارەو هیچ سەرچاوەیەكی تری داهاتی نییە".
گەنجێكی تر كە دەرچووی بەشی كۆمەڵناسی یەكێك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی هەستیاری بارودۆخی كۆمەڵایەتیو كەسایەتییەوە ئامادەنەبوو ناو و وێنە و شوێنی خوێندنەكەی نیشانبدرێت، لەسەر زبڵدانێك لەدەرەوەی شاری ڕانیە كەپیسیو خاشاكی لێ ژێرگڵ دەكرێت،خەریكی گەڕانو كۆكردنەوەی ئەو كەلو پەلە فڕێدراوانەی ماڵان بوو كە خۆی دەبینییەوە لە تەلو پارچە فافۆنی فڕێدراو و كەل و پەلی جۆراوجۆر، بە ئامانجی فرۆشتنو دەستكەوتنی بڕێك پارە بۆ خەرجی ڕۆژانەی، ئەو گەنجە ئامادە نەبوو لەسەر كارەكەیو چۆنییەتی ژیانی قسەی زیاتر بۆ دیپلۆماتیك بكات.
،،
ئەمە نمونەی سەدان لەو گەنجانەیە كە بەهۆی بێكارییەوە بەشێكیان نیشتمان جێدەهێڵنو، بەشێكی تریان بێكار ڕۆژەكانی تەمەنیان بەڕێدەكەن
وێنەی ئەم گەنجانەو كارەكانیان دیمەنێكی تازە نییە، ئەمە نمونەی سەدان لەو گەنجانەیە كە بەهۆی بێكارییەوە بەشێكیان نیشتمان جێدەهێڵنو ڕوو لە نیشتمانی دووەم دەكەن، بەشێكی تریان بێكار ڕۆژەكانی تەمەنیان بەڕێدەكەن.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە كە تائێستا ئەم چیرۆكە جۆراو جۆرانە بەرپرسانی حكومەتی لەهەرێمی كوردستان شۆكو ڕانەچڵەكاندووە، بەوەی لەبەرامبەر كەمتەرخەمی و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانو ڕوودانی كارەساتو كێشەی گەنجان و گرفت و قەیرانەكان كە ڕوبەڕویان دەبێتەوە،نەك هەر ناچار بە نەریتی دەستلەكاركێشانەوەو داوای لێبوردنكردنی نەكردوون، بەڵكو لەبەرانبەر ئەم ڕووداوانەدا تەواو بێهەڵوێستنو هێشتاش دەهۆڵی هەلیكارو باشكردنی ژیانی هاونیشتیمانیان دەژەنن.
بەڵام لە مێژووی حكومڕانی وڵاتان، بەرپرسانی حكومی لە ئاستی بەرزدا ئۆباڵی قەیران و كارەساتەكانیان لەئەستۆ گرتووەو دەستیان لەكارەكانیان هەڵگرتووە، یان داوا لێبوردنیان لە میللەتەكەیان كردووە، لەنمونەی (مەعسومە موبارەك) كە لە ڕابردودا بە مەرسومێكی ئەمیری لە وڵاتی كوەیت بوو بە وەزیری تەندروستی، بەڵام سوتانی چەند قاوشێك لە نەخۆشخانەكانی كوەیت ناچار بە دەستلەكاركێشانەوەی كرد.
هەروەها وەزیری ناوخۆی هندستان لەساڵی 2008لەسەر ڕوداوی هێرشكردنە سەر هۆتێلەكانی مۆمبای پایتەختی وڵاتەكەی كە كوژرانی نزیكەی 200 كەسی لێكەوتەوە، دەستی لەكار كێشایەوە.
(یۆكیۆ هاتیۆما) سەرۆكوەزیرانی یابان لەساڵی 2010 تەنها لەبەر ئەوەی بەڵێنێكی هەڵبژاردنی نەبردبووەسەر، دوای 8 مانگ لە وەرگرتنی پۆستەكەی دەستی لەكاركێشایەوە.
ڕوودانی ژێرئاوكەوتنی كەشتییەكی نەفەر هەڵگر لە كۆریای باشور لەساڵی 2014 كە بەشێكی سەرنشینەكانی كەشتییەكە خوێندكار بوون گیانیان لەدەستدا، سەرۆكوەزیرانی كۆریای باشوری ناچار بە داوای لێبوردنو دەستلەكاركێشانەوە كرد.
مێژووی حكومڕانی كوردی پڕیەتی لەو ڕووداوە جۆربەجۆرانە، بەڵام نەبینراو نەبیسترا وەزیرێك، یان بەرپرسێكی باڵای حكومی بەرپرسیارێتی هەڵبگرنودەستلەكاربكێشنەوە، یاخود داوای لێبوردن لە میللەتەكەیان بكەن.