گەنم لە داچاندنەوە تا هاڕین

2018-11-10

نه‌وشیروان مسته‌فا

گەنم، بە مادەیەکی ستراتیجی دائەنرێ بۆ ژیانی مرۆڤ و، هەبوونی لە وڵات دا بە ئەندازەی کافی ژیانی دانیشتوان، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی دابینکردنی (ئاسایشی خۆراک) کە ئەوەش کۆڵەکەیەکی بنەرەتی (ئاسایشی نەتەوەیی)ە.

پێش ئەوەی مەکینەی جوت و دروێنەو ئاشی ئاگر دابێ، بەرهەم هینانی گەنم کارێکی سەخت بوو.
زەوی بۆ ئامادە ئەکرا، ئەرز ئەگەر چەند ساڵی بێ نەکێڵرا بێ پێێ ئەڵێن : (بەیار).
خالص بە شیخ مەحمود ئەڵێ:
بەیار کێلان و گای لەڕ، پیر و کچ خواستن، ژن و تەدبیر
سەگ و جۆ، ئەسپ و ئیسقان، جرج و ناو کانی
ئەگەر یەک ساڵ بێ نە کێڵرابێ: (بوره‌) و، ئەگەر یەکجار کێڵرا بێ (شێف)ه‌، پێشینان وتویانە (شەڕ لە شێف و ئاشتی لە خەرمان).
ئەگەر دوجار کێڵرا بێ (وەرد)ه‌.


ئەرز بە دو گاجووت یان بە دوو ئێستر ئەکێڵرا، دەزگای جوت پێکهات بوو لە (گاسن) کە لە ئاسن دروست ئەکرا بۆ کێڵان و، بە (هەوجاڕ) ئەبەسترا بە (مژان) و مژانیش بە (ویژانبەر) ئەبەسرا بە (نییر)ەوە. نییر(: نییل، نێڵە) ((کەڵەمە)) ی ملی گاکانی بەیەکەوە ئەبەست. جوتیار بە (نەقیزە) گاجوتەکانی لێ ئەخوڕی و بۆ هاندانیان هۆ هۆی لێ ئەکردن. پێشینان وتویانە : (هۆ هۆ حساب نیە، کۆ کۆ حسابە).

داچاندنی گەنم پشت بە باران ئەبەستێ، پێشینان وتویانە: (چی بچێنی، ئەوە ئەدرویتەوە). دوای (وەشاندنی تۆو) چاوەڕوانی بارانی پەڵە ئەبون. ئینجا گەنم (چەکەرە) ئەکاو سەر دەرئەهێنێ. پێشل ئەوەی گوڵ بکا پێی ئەڵێن (قەرسیل). هەندی جار کارژۆڵە و بەرخۆلەی بۆ لەوەڕ تێ ئەکەن. گەنم (بنج) ی لە خاک دایە و(سروت) لاسکەکەیەتی و (گوڵ) ئەگرێ. پێشینان وتویانە: (بەهۆی گوڵە گەنمێکەوە چەندەها گوڵە مرۆر ئاو ئەخواتەوە). سەری هەموو دەنکێکی (داسو) یەکی پێوەیە.


ئەگەر باران بە ئەندازەی پێویست ببارێ وخاکەکەی (ڕیژەن) و بە (پیت) بێ، ئەوساڵە (هات) ئەبێ و گەنم بە (بڕشت) ئەبێ، بڕشت لە لە بڕین داتاشراوە، گەنم یەکو دە یان زیاتری بڕیوە. ئەگەر باران لە ئەندازەی پێویست زیاتر ببارێ (ژەنگ) لە بنجەکەی ئەدا. ئەگەر لە ئەندازەی پێوسیت کەمتر ببارێ، یا ئافەتی بۆ بێ وەکو سون و کیسەڵە (شیرە) کەی ئەمژن ئەبێ بە (کوێرو) و یان کوله‌ لە هەمووی ئەخوا، ئەو ساڵە (نەهات) ئەبێ.


ئەگەر زو داچێنرابێ و، زو گەورە بوبێ (هەراش)ە و، ئەگەر درەنگ داچینرا بێ و، درەنگ گەورە بوبێ (کۆرپە)یە.
بۆ ئەوەی لە چاورزار بە دور و، لە زەرەری ناحەز و نەیار پاریزراو بێ، قورئان لە ناو پەڵەی گەنمەکەدا هەڵئەواسرا و، بۆ ئەوەی چۆلەکە و مەلی زیانەخرۆی لێ دور بخەنەوە (داهۆڵ) یان دائەنا. داهۆڵ زەلامێکە لە پەڕۆ دروست ئەکرێ.


کە پێ ئەگەیی دروێنە ئەکرا. بۆ دروێنە خاوەنی گەنم هەندێ کەسی بە کرێ ئەگرت پێنان ئەوت : (پاڵە) یان (مزور) پێشینان وتویانە: (لە بێ کەسی دا ڕەجەب سەرپاڵەیە). یان لەگەڵ یەکێکا ڕێک ئەکەوت تا لە هەڵگرتنی خەرمان ئەبنەوە کاری تێ دا بکا بەرامبەر بە بەشێکی بەرهەمەکە پێیان ئەوت: (سەپان). پێشینان وتویانە: (شا بە سەپانی خۆی راناگرێ)، هەروەها (داس لە سەپان ئەشارێتەوە)، هەروەها (خزمی خەزوری سەپانی لەتکە هەرمێ ی ماڵی شێخە!).
گوڵە گەنم کە تازە پێ ئەگات و هیشتا فەریکە، هەندێکی لێ ئەدرون و بە ئاگر هەڵی ئەپروزێنن، ئەبێ بە (گوڵەپڕوزە) ((قەرەخەرمان)).


دروێنە بە کۆمەڵ (گەلە درەو) یان بە تەنیا ئەکرا. (درەو) بە دەس و بە (داس) ئەکرا.دروێنەکەر بۆ ئەوەی دەسی بریندار نەبێ (قەیغان)ی لە دەس ئەکرد و، بۆ ئەوەی خۆر کاری تێ نەکا (کڵاوقۆڕی) لە سەر ئەکرد. قەیغان لە ئاسن و کڵێوقۆڕی لە لباد دروست ئەکران. لە کاتی دروێنەدا سەپان هەر قولی گەنم کە بەداس ئەبڕێ لە شوینی خۆیا لە سەر ئەرز دائەنێ، پێیان ئەوت : (گۆڵم) یان (سواڵە) دوای ئەوەی چەند گۆڵمێکی ئەبڕی کۆی ئەکردنەوە و ئەبو بە (مەڵۆ) و چەند مەڵۆیەکی کۆ ئەکردەوە ئەبو بە (شارا).


گۆڵم چەپکێکە بەدەس و، مەڵۆ بە باوەش وشارا بە کۆڵ هەڵئەگیرێ. لە شاراکانەوە بە کۆڵ (کێشە) ئەکرێ بۆ سەر (خەرمان). لە هەندێ ناوچە بە خەرمان ئەڵێن (جۆخین).
جێگای خەرمان لە سەر ئەرزێکی ڕەق ئامادە ئەکرا و خاوێن ئەکرایەوە (کرشە) ەکان بەخڕی هەڵئەچنران.
(گێرە) بە گا یان بە ئێستر یان بە جەنجەڕ ئەکرا. جەنجەڕ بە ئێستر ڕائەکێشرا.
ئەگەر گێرە بە گا بکرایە سێ تا چوار گایان بە تەنیشتی یەکەوە ئەبەستەوە و (گێرەوان) بە نەقیزە لێ ی ئەخوڕین. ئەو گایەی لە ناوەڕاستی خەرمانەکەدا بە کۆڵەکەیەکەوە بەستراوەتەوە پێ ی ئەڵێن (گای بنە).
حاجی قادر لە باسی سوڵتان عەبدولحەمیدا ئەڵێ:

حاکمی ڕیگری مەعمورەیە، قازی دزی ڕۆژ
وزەرا و وکەلا گورگن ڕەعیەت گەلەیە
بۆڕەعییەت ئەمە، ئەم گێرە و دەرەکەی داناوە
زەجرو تەوبیخی مەکە، چونکە خەتای (گای بنەیە!)
گای بنە ئەگەر ڕاهاتو بێ باش گێرە ئەکا و، ئەگەر خراپ بێ گێرەکە ئەشێوینێ.
(گێرەشێوین) لەمەوە داکەوتوە.

شوکری فەزڵی بە شیخ مەحمود ئەڵێ:

گێرەشێوینی کە کای کۆنی بەبادا لە کنت
چاکە هەر لێ ی خوڕی، سەیری دەم و کاوێژی نەکەی!

بە زەلامی زۆر خۆر و بەهێز، بەڵام بێ بەرهەم ئەڵێن: (ئەڵی ی گای گێرەنەکەرە).


کێشە و گێرە دوکاری سەخت وئالۆز و ماندوکەرن. بۆیە ئەگەر کارێ دژوار بێ ئەڵێن: گێرە و کێشەی زۆرە.
دوای ئەوەی خەرمان کوترا و، دان و پوشەکەی لەیەک جیا بوەوە، ئەکرێ بە (تارم) ئیواران بە فێنکی کە (بای شەماڵ)هەڵی ئەکرد (شەن) ئەکرا. پێشینان بۆ پیاوی هەلپەرست وتویانە: (لە هەر لایەکەوە بای بێ، ئەو شەن ئەکا). شەن وەکو پەنجەکانی دەس لە شوڵی دار یان ئاسن دروست ئەکراو، دەسکێکی درێژی هەبو. کوتراوەکە ئەدرایە بەر با. دانەکەی قورسە لە شوینی خۆیا بەرئەبوەوە وخەرمانەکە (سور) ئەبو و، (کا) یەکەی سوکە با ئەیبرد و دور ئەکەوتەوە. پێشینان وتویانە (لە سوری دۆڕاندوە ، ئەیەوی لە لابای تێ هەڵبهێنیتەوە). (لابا) ئەو گەنمەیە کە با بە تویکڵکەوە بردویەتی.


گەنم بە جیا و کا بە جیا خەرمان ئەکرا. گەنمەکە بۆ ئەوەی ئەگەر دزی لێ بکرێ دیار بێ تا ئەگوێزرایەوە بە تەختەیەکی لوسی پان (شەقڵ) ئەکرا.
هەر لەسەر خەرمانەکە لە پێش دا بە (کەو)(:گڵگیر، سەرەن) گێژاویانە گڵمتک و نەکوتراوەکەی لی جیا ئەکرایەوە، ئینجا جارێکی تریش بە (بێژنگ) (:قەڵبیر) ئە بێژرایەوە بۆ ئەوەی (سەرکۆزەر) ەکەی بگرن. پێشینان وتویانە : (قسە بیگیژە، بیبێژە، ئینجا بیوێژە). گڵگیر شاشترە لە بێژەنگ. پێشینان وتویانە : (بەری رۆژ بە بێژنگ ناگیرێت)
حەریق لە ستاسیشی شیخی بورهان دا ئەڵی:

بۆ کەناری سەوزەیی دەوری گوڵی ڕوت شین ئەکەم
خاکی کۆی عیشقت بە بێژنگی سەرم بێژایەوە

دوای پاککردنی ئەپێورا. گەنم بە (ڕبە) و (تەغار) ئەپێورا. بۆ ئەوەی بە چاوەوە نەبی لە کاتی پێوان دا ژمارەکانیان لەگەڵ ناویکی پیرۆز دا لێک ئەدا. بۆ نمونە لە ڕبەی یەکەم دا ئەیان وت: (یەک هەر خوایە) و، لە ڕبەی چوارەم دا ئەیانوت : (چوار یاری پێغەمبەر) ئیتر بەمجۆرە.


گەنم بە (تێڕ) و (هۆڕ) و (جەواڵ) ئەگوێزرایەوە بۆ ماڵ و، کا بە (ڕەشکە) ئەگوێزرایەوە بۆ (کادان) و تەرخان ئەکرا بۆ ئالیکی ئاژەڵ و ولاخ. پێشینان وتویانە: (ئەوی لە مشک بێ جەواڵ ئەدڕێ). بۆ زۆرخۆری هەوانتەچی ئەڵێن: ( ئەگەر کاکە هی خۆت نیە کادانەکە هی خۆتە!). بۆ کاری بێ هودە ئەڵێن: (کا لە پوش ئەبژێرێ). بۆ هەڵگیرسێنەری شەر و فیتنە ئەڵێن: (ئاگری بن کا)یە. بۆ یەکێ شتی خەڵکی کە بە خۆڕایی ببەخشێ ئەڵێن: (خەنجەر لە کا ئەدا!)
گەنم هەندێكی لێ هەڵئەگیرا بۆ (بنەتۆو) ی وەرزی داهاتو، هەندێکی ئەکرا بە (ساوەر) وهەندێکی بۆ خواردنی خۆیان ئەکرایە (کەندو) یا (چاڵ) و هەندێکیشی ئەفرۆشرا.


بۆ هاڕین ئەبرا بۆ ئاش. ئاش بە ئاو ئەگەڕا.ئاشەوان لە نرخی هاڕینی دا پارەی نە ئەسەند، بەڵکو (مزە) ی وەرئەگرت. مزە بەشێکی دیاریکراوی (باراش) ەکە بو گلی ئەدایەوە. پێشینان وتویانە: (ئاش لە خەیاڵیک و ئاشەوان لە خەیاڵێک)، هەروەها (ئاشی نەزان خوا ئەیگێرێ)، هەروەها (ئاش بە نۆرە ئەگەڕێ!).
ئارد بە (هێڵەک) ئەبێژرایەوە و (کەپەک) ( سۆس) ی لێ ئەگیرا.
نالی ئەڵێ:
دەورانییە، وەک هێڵەکی سەودا، سەری گێژم
بۆیە بە دەقیقی مەپەلە هەرجی دەبێژم

ئارد بۆ نان و کەپەک تەرخان ئەکرا بۆ وڵاخ. لە ئاردی بە (پێز) نانی باش و، لە ئاردی (بێ پێز) نانی خراپ دروست ئەکرا.