كه‌ی بۆیەکەمجار کەی ئۆتۆمبێل هاتۆتە شاری سلێمانیەوە؟

2018-11-17

بەر لەوەی ئۆتۆمبێل بێتە نێو شاری سلێمانیەوە گوزەرانی خەڵک لەشاری سلێمانی لەگەڵ هۆکارەکانی گواستنەوەدا وەک هەر شارێکی تری عێراق بووە، جگە لە بەغداد، خەڵکی گیاندارەکانیان بەکارهێناوە لەبەکارهێنانی گواستنەوەی کەل‌و پەل‌و ڕێکردن بۆمەودایەکی درێژ، بۆنموونە گەیشتن لەلادێوە بۆناوەندی قەزاو شارەکان.

 

لەسەرەتادا ئەسپ‌و بارگیرو گوێدرێژ بەکارهێنراون لەلایەن پیاوانی دەوڵەت‌و دەسەڵات بەدەستان‌و خه‌ڵكی زەنگین‌و بازرگانەکانەوە، جگە لەوەش بۆ پەیداکردنی بژێوی لەژیانی ڕۆژانەیان‌و لەکێڵانی زەویشدا بەکارهێنراوە، دواتریش بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانیان بەکاریانهێناوە، قۆناغی دواتر دروستکردنی ڕەوڕەوەو دوو چەرخە کە بەستراوە بەپشتی ئەسپ‌و گوێدرێژه‌وه‌.

 

دوای هێنانی ئۆتۆمبێلیش بۆشارەکە، بەگشتی چەند پلەیەک گۆڕانکاری بەسەر ژیانی هاونیشتمانیاندا هاتووه‌.
بۆ یەکەم جار لەساڵی ۱۹۱۹دا ئۆتۆمبێل لەسەردەمی حاکمی ئینگلیز "مێجێرسۆن" هاتۆتە سلێمانیەوە، پاشان جێگەیەکیش تەرخانکرا بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل‌و میکانیک‌و فێربوونی شۆفێری‌و چاککردنەوەی، ئەمەش لەنزیک ماڵی پیاوێکی زەنگین‌و خانەدانی سلێمانی بەناوی " محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان ئاغا" هەرخۆشی سەرپەرشتی تەواوی کارەکانی کردووە، هەموو ئەوانەشی کە لای محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان فێری شۆفێری دەکران مانگانە بڕی ٥۰ ڕووپیه‌یان لێوەرگیراوه‌، دوا بەدوای ئەوە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بوون بە دوو دانە، لەدوای دەرکەوتنی کێشەوە وەستانی ئوتومبێلەکان لە جارەکانی یەکەمدا چەند جارێک فەشەلیان دەهێنا لەچاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان، ئەمەش بووە هۆکاری نیگەرانبوونی مێجەرسۆن‌و بانگی بەغدادی دەکرن بۆ لێپێچینەوە، دوای چەند ڕۆژێک مێجەرسن هەواڵی چاکبوونەوەو ئیشپێکردنی ئۆتۆمبێلەکە دەبیستێت‌و دەبێتە جێی سەرسوڕمانی‌و پرسیارکردنی، کاتێ کابرای هیندی بانگدەکەن‌و پرسیاری لێدەکات لەچۆنیەتی کارپێکردنەوەی ئۆتۆمبیلەکە، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت:" کەسێکی میکانیکیم‌و خوێندنی تایبەتم وەرگرتووە لەسەر چاککردنەوەی ئوتۆمبێل"


ئینجا داوایەک بەرز دەکاتەوە بۆ تەرخانکردنی شوێنێک کەتایبەت بێت بەچاکردنەوەی ئۆتۆمبێل، دواتر ئەبێتە مەدره‌سەیەکیش بۆ وانە وتنەوەوکردنەوەی خولی تایبەت بەچاککردنەوەی ئۆتۆمبێل، " مکۆرجی" کەناوی فیتەرەکە بوو ئەبێتە حەڵقەی وەسڵی نێوان هێڵەکانی کرکوک‌و هەولێرو سلێمانی‌و کفری بۆ چاکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان.

دوای ئەوەی شێخ مه‌حمودی حه‌فید لەبەرواری ۳۰ـی ئەیلولی ۱۹۲۲ دا لەمەنفاو لەوڵاتی هیندستان دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، ئەبێتە حاکمی شارەکەو ئۆتومبێلێک بەدیاری وەردەگرێت کە " مکۆرجێ" پێشکەشی دەکات، لەبەرانبەریشدا شێخ مه‌حمود داوایەک بەرز دەکاتەوە بۆ " مکۆرجی" کە وەک شۆفێری تایبەتی لەگەڵیدا بمێنێتەوە، "مکۆرجی" داواکەی شێخ مه‌حمود قبوڵ دەکات‌و دەستبەکاردەبێت لەگەڵیدا، هەموو ڕۆژانێکی هەینیش کاتێ شێخ مه‌حمود دەچێت بۆ نوێژ کۆمەڵێک لەپیاوەکانیش بە ئەسپ‌و سوارچاکیەوە هاوەڵێتی دەکەن تادەگەنە مزگەوت، کاتێکیش ڕۆژانێک دێت فڕۆکە سەربازیەکانی بەریتانیا بۆردومانی سلێمانی دەکەن، "مکۆرجێ" کە بەڕەچەڵەک هیندی بوو پێشنیار دەکات بۆ شێخ مه‌حمود بە ئۆتۆمبێلەکەوە بچنە دەره‌وەی شارو لەبەرزاییەکەوە چاودێری دۆخەکە بکەن، داواکەیشی قبوڵ دەکات، لەکۆتاییدا شێخ مه‌حمود ناوی مکۆرجێ دەگۆڕێ بۆ "غفور هندی" ئیتر لەو ڕۆژەوە ناسناوەکە وەردەگرێت‌و دوای پێکهێنانی پڕۆسەی هاوسەرگیریش، ژیانێکی ئاسایی لەشاری سلێمانی، لەکۆتاییدا لە ۱٨ـی ۱۱ـی ۱۹٨۰ دا کۆچی دوایی دەکات‌و لەگۆڕستانی سەیوانی سلێمانی بەخاک دەسپێردرێت.

سەرچاوە
گۆڤاری گاردینیا
مدینه‌ السلیمانیه‌ الگبعه‌ الاولی ۱۹٨۷