هەرێمی کوردستان کەوتوەتە دۆخێکەوە چارەیەکی دیکەی نیە جگە لەوەی دەبێت هاوبەشی لەگەڵ ئابوری عێراق بکات کە هاوشێوەی ئابوریەکەی خۆی ڕووەو هەڵدێر هەنگاو دەنێت، بۆیە ڕەنگە ئەوەی لەبەغداد کورد دەستی دەکەوێت ئەوە نەبێت کە هاوڵاتیان هیوایان لەسەر هەڵچنیووە.
بەپێی ئامارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، عێراق ئاستی گەشەکردنی کۆ بەرهەمی خۆماڵی لەئاستێکی زۆر لاوازدایە، بەهۆی شەڕی تیرۆرو خەرجیە سەربازییەکانیەوە %24ی بەهەدەرچووە، لەگەڵ ئەوەش سیاسیەتی دارایی عێراق لەوپەڕی لاوازدایە سەرچاوە ئابورییەکانی %95ی پشتی بەنەوت بەستووە و %5.0 یش نانەوتین، هاوکات سیاسیەتی نەختینەیی عێراق خراپترین جۆری سیاسیەتە ڕۆژانە بەزیادکردنی ئاشکرا دۆلار دەفرۆشێت و ملیارەها دۆلار بەهۆی ئەو سیاسەتەوە بەهەدەر دەدرێت تائاستێک ئیستا یەدەگی دۆلار لەبانکی ناوەندی عێراق بەپێی وتەی پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ خوار 50 ملیار دابەزیووە، ئەمە جگە لەڕووی سیاسەتی قەرزیشەوە عێراق بەره و دۆخی هەڵدێر دەڕوات پتر لە 120 ملیار دۆلار قەرزارە و بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراقییش تا 10 ساڵی دیکە پێویستیان بە 100 ملیار دۆلاره بۆ ئەوەی ژێرخانی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە بنیاتبنرێنهوه.
،،
هەرێمی کوردستان تا ئاسۆیەکی ڕوون بەدیدەکات بۆ سەربەخۆیی سهرچاوه ئابورییهكانی پێویستە لەچوارچێوەی عێراق گەشە بەتوانا ئابورییەکانی خۆی بدات و هەوڵبدات قورسایی دارایی هەرێم بخاتە سەرشانی عێراق، لەناوخۆشدا لەسەر بنەمای چاکسازی درێژخایەن پایەیی ئابوری خۆی دابمەزرێنێت.
لەگەڵ ئەوەش بانکی نێودەوڵەتی بەپێی نوێترین ڕاپۆرت گەشبین نیە بۆ گەشەکردنی ئابوری لەو وڵاتانەی ئابورییەکانیان لەسەر بنیاتی نەوت نراوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ساڵی 2017 بەڕێژەی (-2.3) هەژمار دەکرێت عێراقیش لەناویاندا عێراق.
بەبەراود بەعێراق ؛ هەرێمی کوردستان ئابورییەکی لۆکاڵی هەیە، دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان زۆر سەخترە لەعێراق چونکە ئەویش هەمان دەردی عێراقی هەیە.
بەپێی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان، هەرێمی کوردستان %84 کۆی داهاتەکەی نەوتیە و %16 نانەوتیەو بەهۆی ئەو گەمارۆییەی لە ساڵی 2014وە لەلایەن عێراقەوە ڕووبەڕی کراوەتەوە زیاتر 20 ملیار دۆلار قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکان و قەرزی دەرەکی و موچەی لەسەرە، کورتهێنانی بودجەشی بۆ ساڵی 2016 یەک ملیار دۆلاربووە، ئەمە جگە لەوەی ئیستا لەدەستدانی جوڵەی بازرگانیەکانی خەریکە نزیک دەبێتەوە %50" بەپێی ئامارێک لە خاڵە سنورییەکانەوە دەستکەوتووە..
بۆ هەرێمی کوردستان دۆخەکە گەیشتووەتە بنبەست واتە جگە لەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەغداد و هاوبەشی لەگەڵ عێراق بکات بژاردەیەکی بەهێزتری لەبەردەست نیە، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە بۆ هەرێم تەواو جیاوازە لەلایەک گەڕانەوە بۆ عێراق چاوەڕوانی گەورەی لێناکرێت، لەلایەکی دیکەش کورد ئەمجارە دانوستانکار دەبێت وەکو ئەوەی خاوەن مەرج بێت.
حەیدەر عەبادی چی لەکورد دەوێت؟
حەیدەر عەبادی دڵنیایە لەوەی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان کارێکە نزیکە لەئەستەمەوە بۆیە پلانی عەبادی ئەوەیە تاخراپترین ئاست بازرگانی هەرێمی کوردستان پاشبخات و لەگەشەی بخات بۆیە:
کوردستانی دابڕی لەجیهان بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە
- %50ی سەرچاوەی داهاتی لەدەست وەرگرتەوە
- گەڕِی ئابوری هەرێمی لەجوڵەی فراوان خست ئەویش (بەکشاندنەوەی سیولەی نەقدی لەڕێگەی هەڵپەساردنی کاری 50 بانکی نێودەوڵەتی عێراقی لەهەرێم و کەمکردنەوەی ئاڵوگۆڕی دۆلار سەنەدات، داخستنی 2 مەرزی نێودەوڵەتی لەکۆی 3 مەرز، کەمکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەولێر و بەغداد.
ئامانجی یەکەم و کۆتایی سەرکوەزیرانی عێراق لەم کارە ئەوەیە فۆکەسی بازرگانی جیهانی و هەرێمی لەسەر هەولێر لابدات و بیخاتەوە بەغداد بەئامانجی بەهێزکردنەوەی ئابوری عێراق، ئەم پلانەش هی ئیستا نیە بەڵکو پێشتر عەبادی ئەو پلانەی هەبووە بەگوێرەی ئامارێکی یەکێتی هاوردە و ناردەنیکارانی هەرێمی کوردستان "2 هەزار کۆمپانیای گواستنەوەی کەلوپەل لەسەر سنورەکان بەهۆی ئەوەی لەعێراق تاریفەی گومرگی کەم جێبەجێکراوە هەرێمیان جێهشتووە ڕوویان لەبەندەری بەسرە کردووە".
خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان بەهێزترین خاڵ پارێزگاری لێبکات بابەتی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوکە کە سێ ڕێگای هەیە بۆ هەناردەکردن، ڕێگای یەکەم و دووەمی (کە بۆری نەوتی هەرێم و کۆنی عێراق) هەردووکی لەدەستی کوردایە لەگەڕووی فیشخاپور، ڕێگای سێهەمی تەنکەرە کە بۆ عێراق جیگای بایەخ نیە و زیانی لێدەکات نایەوێت ئەو ڕێگایە بەکاربهێنێت، بەوپێەیی توێژینەوەیەکی حکومی دەریدەخات بەم ڕێگایە تەنها دەتوانێت کەمتر لە 100 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە هەناردە بکات و تیچووەکەشی زۆر زۆرە، بۆیە ئیستا ئەمە بووەتە خاڵی گرفت بۆ حەیدەر عەبادی سەرکوەزیران،چونكە لەڕووی سەربازییەوە زۆر قورسە ئەم بۆریە کۆنترۆڵ بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی کاتێک زانی لەڕووی سەربازییەوە ئەم کارە زۆر قورسە پلانی ئەوەیدانا بودجەی هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە بۆ 12.67% تاوەکو لە دانوستانە چاوەڕوانکراوەکان دژی هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنیت و سازشی پێبکات، بۆیە پلانی عەبادی ئەوەیە ئەو خاڵە لەژێر جنگی کورد دەربهێنێت بۆیەش ئەنجومەنی وەزیران دەستکاریکردنی بودجەی گیڕایەوە بۆ سەرکوەزیران کاتێک پێویستی کرد لەبەرامبەر ڕادەستکردنی خاڵە سنورییەکان پاشان %17 بۆ کورد بگێڕێتەوە.
،،
ڕەنگە هەولێر و بەغدادلەو خاڵەدا یەکبگرن كە پێکەوە ناوچە جێناکۆکەکان و خاڵە سنورییەکان بەڕێوەبەرن لەسەر ئەو بنەمایەی بودجەی لەبەغدادوە بێت و هەرێمیش پابەندبێت بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ تورکیا بەڵام ئەمجارە کورد تەنها بۆریەکەی هەیە و قوفڵەکەی لەدەستی بەغدایە.
کوردستان و بەغداد لەسەرچی دانوستان دەکەن؟
مەلەفی یەکەم کە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدادی لەسەر تێکچوو لەسەردەمی نوری مالکیدا ئەویش (نەوت و بودجە)بوو دووبارە هەرێم و بەغداد دەچنەوە ناو ئەو چوارچێوەیە.
ئەمجارە حەیدەر عەبادی پێچەوانەوەی نوری مالکی فشار دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی نەوت بدات بەدەستەوە، بەڵام ئەوە خاڵە ئەستەمەکە دەبێت و پێناچێت لەو خاڵەدا بەیەك بگەن، چونکە ئەوەی کوردستان وەکو وەرقەی دانوستان ئامادەیی کردووە ئەوەیە لەسەر بنەمای دابەشەکردنی دەسەڵات و داهات قسەبکرێت عەبادی هەوڵی ئەوە دەدات دانوستان لەگەڵ کورد بخاتە چوارچێوەی هەرێمەوە و هەرێمیش هەوڵدەدات دانوستان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لەناوچە جێناکۆکەکان بکات، بەگوێرەی زانیارییەکانیش ڕەنگە لەو خاڵەدا یەکبگرن كە هەولێر و بەغداد پێکەوە ناوچە جێناکۆکەکان و خاڵە سنورییەکان بەهاوبەشی بەڕێوەبەرن لەسەر ئەو بنەمایەی بودجەی لەبەغدادوە بێت و هەرێمیش پابەندبێت بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ تورکیا بەڵام ئەمجارە کورد تەنها بۆریەکەی هەیە و قوفڵەکەی لەدەستی بەغدایە.
هەرێم چی دەستکەوێت لەبەغداد؟
ئەوەی هەرێم دەستی دەکەوێت لەبەغداد زۆر کەمترە لەجاران چونکەبەپێی خەمڵاندنەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەی دێت مانگانە بۆ هەرێم بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 لەباشترین کاتدا 600 ملیار دینارە مانگانه و كهمترە لە %50 ئەو داهاتەی دەستی دەکەوت لەوەبەرهێنانی نەوتەوە.
بەپێی وتەی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان لەکۆنفرانسی نەوت و غازی لەندەن مانگانە داهاتی نەوت بووەتە 1 ملیار دۆلار، بۆیە ئیستا ئەوەی هەرێمی کوردستان لەبەغدادی بەدەست دەهێنێت بەلایەنی زۆروە ئەوەیە (پارێزگاری لەقەوارە دەستورییەکەی خۆی بکات کە زامنی مافە ئابوریەکانی لەسەر عێراق دەکات، بودجەیەکی مانگانەی بۆ بێت خۆشی لەڕێگەی سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە تەواوکاری بۆ بکات بۆ ئەوەی بتوانێت موچە دابەش بکات کاروباری بازرگانی ڕێکبخاتەوە و گەمارۆکان لابەرێت ئەویش لەبەرامبەر ئەوەدا نەوتی خۆی لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای ئەوەی لەڕێگەی سۆموە هەناردە بکرێت)، وە ئەوەی پێشبینی ناکرێت ئەوەیە دۆخی دارایی هەرێم لەسایەی عێراق ناگەڕێتەوە بۆ پێش 2104 چونکە نە ئابوری عێراق توانای بەهەدەردانی ماوە و نە حەیدەر عەبادیش لەدۆخێکدایە بتوانێت نازی کورد بکێشێت ئەمەش ڕەنگە بۆ چارەکی سێهەمی ساڵی 2018 بگاته ئەنجام.
وە لەڕووی ستراتیژیەوە دۆخی ئابوری عێراق بەرەو ئاڕاستەیەک دەڕوات تا 20 ساڵی داهاتوو ڕەنگە توشی داتەپین و داڕووخانی گەورەبێت، چونکە هیچ هیوایەک نیە عێراق لەم دۆخە ڕزگاربکات و هەنگاوەکانی بەرەوە چاکسازی هەنگاوێکی بێئاکام و سنوردارن.
بەڵام ئەوەی خاڵە گرنگەکەیە ئەوەیە هەرێمی کوردستان تا ئاسۆیەکی ڕوون بەدیدەکات بۆ سەربەخۆیی سهرچاوه ئابورییهكانی پێویستە لەچوارچێوەی عێراق گەشە بەتوانا ئابورییەکانی خۆی بدات و هەوڵبدات قورسایی دارایی هەرێم بخاتە سەرشانی عێراق، لەناوخۆشدا لەسەر بنەمای چاکسازی درێژخایەن پایەیی ئابوری خۆی دابمەزرێنێت.