نھێنی ڕوداوەکەی کۆیە و کوشتنی تەواوی ئەندامانی خێزانەکە لەلایەن باوکەکەیان

2023-05-17

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چاومان بە بیستنی دوو ھەواڵی دڵتەزێنی ناخۆش کردەوە کاتێک لە ڕوداوێکی سەختدا پیاوێکی کۆیی لە دە خولەکدا ھاوژینەکەی و کوڕەکەی و دوو کچە ھەرزەکارەکەی دایە بەر دەستڕێژی گولە و لە ناوبژی و بەدەمەوە چونیشیاندا دراوسێکەشیانی کوشت و قەتڵ و عامێکی سازان .

ڕزگار قادری تەمەن ٦٦ ساڵان دوای ئەوەی بەپێی زانیاریەکانی ئاسایش لەسەر نانی بەیانی لەگەڵ ھاوژینەکەی لەسەر بابەتێکی خێزانی دەبێتە دەمە بۆڵەیان تورە دەبێت و قاپێک دەگرێتە ھاوژینەکەی و منداڵەکان لای خۆیانەوە و لەتاو دایکیان ھاوار دەکەنە باوکیان ،

ئەویش سوێند دەخوات ھەر کەس وەڵام باتەوە دەیکوژێت ، وەکو خۆی دوای دەستگیرکردن دانی پێدا ناوە یەکەمین کەس غیرەت شاکێوی کوڕی کە تەمەنی پازدە ساڵە دەگرێت و دەڵێت بابە قسە بە دایکم مەڵێ و کۆتایی پێ بھێنە و لەو قسەیە ڕزگار زیاتر توڕە دەبێت و پەلامار بە شاکێودا دەکات و فاتیمە عبداللە دایکی شاکێویش بۆ لێسەندنی کوڕەکە پەلامار بە ھاوسەرەکەی دەکات ،

ئیدی بەو جۆرە پیاوە توڕە دەبێت و تفەنگەکە ڕادەکێشێت و دەڵێت کەواتە پەلامارم دەدەن و دەست دەکات بە تەقە کردن یەکەمین کەس دوو گول دەدات لەسەر و سنگی فاتیمە و دواتر کورەکە بۆی دەچێت و بە دوو گولە ئەویش دەخاتە پاڵی ،

لەو کاتەدا سیامەند عەباسی دراوسێشیان لە ھاوار و ناڵە و گریانی منداڵەکان خۆی دەکات بە ماڵدا تا دەستی رزگار بگرێت بەڵام دیارە باوکە تەقەکەرەکە زیاتر توڕەتر دەبێت و تفەنگەکە رودەکاتە سیامەندی دوکانداری ئەھلی مزگەوتی ناوبژیکار و ئەویش دەست بەجێ دەکوژێت ،

ڕزگار وەکو شێت لەنێو سێ تەرمدا دێت و دەچێت کاتێک چرۆی کچە گەورەی  سی و یەک ساڵان و چرای کچە بچوکی دەبینێت ھاوار دەکەن لولەی تفەنگەکەی دەکاتە ئەوانیش و بە سێ گولە گیانی ھەردوکیان دەسپێرێت .

 

 دواتر و دوای دروست کردنی ئەو کارەساتە گەورە و خەمناکە ڕزگار خۆی لەنێو ژورێکی ماڵەکەی دەنێت و دەیەوێت ڕوبەڕوی ھێزەکانی ئاسایشیش بێتەوە ،

بەڵام زوتر و زیرەکانە تیمەکەی ئاسایش ھێوری دەکەنەوە و وای لێدەکەن لەوە زیاتر کارەسات نەخوڵقێنێت و بەرپرسی تیمەکە داوای ھێور بونەوەی لێدەکات و دڵنیای دەکاتەوە کە ھەر دەستگیری دەکەن بۆیە زوتر و سەلامت تر خۆی بدات بەدەستەوە باشترە .

عەلی عبداللە بەرپرسی پۆلیسی کۆیە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا گوتی کوژرانی پێنج کەس لە ماوەی تەنھا دە خولەکدا ڕوداوێکی گەورەیە بەڵام رووداوەکە تەواو کۆمەڵایەتی و خێزانیە و گوتیشی دیسان چەکی بێ مۆڵەت بوە فاکتەری ئەو قەتڵ و عامە خەمگینە .

لەماوەی تەنھا حەفتا کاتژمێری رابردوودا لە کوردستان لەچوار ڕوداوی جۆراو جۆر و ڕوبەڕوبونەوەدا لەئەنجامی بەکارھێنانی چەک ١١ کەسی مەدەنی کوژراون و ھەشت کەسیش بریندار بوون بەتایبەت ھەر سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانیش باوکێک تەقەی لە کچ و زاواکەی خۆی کرد و بە سەختی برینداری کردوون کە ئەوێش لە ئەنجامی کێشەی کۆمەلایەتی و بەچەکی بێ مۆڵەت بووە .