بڕینی شاخی گۆیژە بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون گڕ لە سۆشیال میدیا بەردەدات

كۆمپانیای قەیوان لەسەر بابەتەكە چی دەڵێت؟
2024-05-27
دیپلۆماتێك

هەڵمەتێكی چڕ لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەستی پێكردووە بۆ دەربڕینی نارەزایی لەسەر بڕینی دوو گرد لە شاخی گۆیژەی سلێمانی و ئامادەكردنی بۆ ئەوەی بكرێتە یەكەی نیشتەجێ بوون.

چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەڵێن ئەو كارە شێواندنی سیمای شارەكە و لەبنهێنانی یەكێك لە هەرە سیمبولە سروشتییە جوانەكانیەتی  كە شاخی گۆیژەیە.

خالد سلێمان كە نوسەر و چالاكوانێكی بواری ژینگەیە دەڵێت:
ئایا ڕەوایە یەکێک لە خەسڵەتە سروشتی و ژینگەییە هەر جوانەکانی شاری سلێمانی، کە چیای گۆیژەو ئەزمەڕە، بخرێتە بەردەست هەندێ کۆماپانیاو بکرێتە ڤێلاو شوقە؟ ئەوە چی یاساو ڕێسایەکە، چیایەک تێکبدرێت و بکرێتە سەرچاوەی دەردانی گەرمی و تۆزو خۆڵ، ئەوەش لە پێناو چەند تەنێکی کۆنکرێتیدا کە شارەکە لە ڕوی ژینگەییەوە دەکاتە کورەی ئاگر؟ 

بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك،كۆمپانیای قەیوان كە لەچوارچێوەی فراوانكردنی بەرزایەكانی سلێمانی بەو كارە هەڵدەستێت بەنیازە لەسەر هەردوو گردە بڕاوەكەی گۆیژە سەدان شوقە و ڤێلا بونیات بنێت و گردەكان بكاتە دوو زۆنی نیشتەجێبونی گرانبەها و ئاڵتونی. 

كۆمپانیاكە بەنیازە لەسەر یەكێك لەو گردانە بەرزترین تاوەری نیشتەجێبون بونیات بنێت و ناوی بنێت زە هێڵز.

خالید سلێمان،نوسەری تایبەتی بواری ژینگە دەڵێت:ئەمەی کە لە لاپاڵەکانی گۆیژەشدا دەکرێت، ئاکارێکی زۆر خراپی بەسەر ئاوهەواو ژینگەی شارەکەوە دەبێت. چیایەک کە خاک و پێکهاتەکانی فاکتەری ساردکردنەوەی شارن و مۆڵگەی چەندان زیندەوەری ناو خاکن، هەروەها عەمباری هەڵمژنی کاربۆنن، چۆن دەکرێت بەم شێوەیە تێکبدرێت و بکرێتە سەرچاوەی بەخشینی وزەی گەرمی. هەڵبەتە ئەم تەنە کۆنکرێتیانە جگە لەوەی گەرمی دەبەخشن، پێویستیان بە ڕادەیەکی ئێجگار زۆر بەئاو هەیە، لە کاتێکدا شارو ناوچەکە توشی گرفتی بێ ئاوی بون؟.



هەر بەتەنها ئەم نوسەرە نییە هاواری لێ‌ هەستاوە،دەیان كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەڵێن هێشتا ساڵێك بەسەر بەڵێنەكەی بافڵ تاڵەبانی تێنەپەڕیوە بۆ ناشتنی یەك ملیۆن دار كە پشكی شێری بەر چواردەوری سلێمانی و بە دیاریكراوی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ دەكەوت

ئێستا لەبری سەوزكردنی شار،لەبن دەستی یەكێتی و لەنزیك ماڵی بافڵ تاڵەبانیەوە دەسكراوە بە هەڵدڕینی شاخەكە و تەختكردنی بۆ خانوو ڤیلاو شوقەی گرانبەها.

ئەندازیار شاباز،لە كۆمپانیای قەیوان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەرگرتنی ئەم دوو گردە كە لە ئێستادا شاخێكی روتەڵە و پرۆژەیەكی زۆر جوانی تێدا دروست دەكرێت لە بەرامبەر ئەوەشدا دوو یەكتر بڕ 2 كم شەقامی تێدا دروست دەكرێت كە بەشێك دەبێت لە شەقامی 100 مەتری و لە تەنیشتی چاڤیلانەوە دێت و بە پشتی بەرزایەكانی سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت تا دەگاتەوە بەردەم تونێلەكە.

ووتیشی شەقامەكە و دوو بەرزە پرد و 2كم شەقام لەخۆدەگرێت و بە بەهای 50 ملیار دینار لەسەر ئەركی كۆمپانیا جێبەجێدەكرێت.


مەعروف مەجید،سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە دەڵێت:بەداخەوە، هێندەی نەماوە جوانی سرووشت و دیمەنەکانی سلێمانی کۆتاییان پێبێت، هەر ڕوژەی لایەکی ئەم شارە دەدرێتە بەر شۆفڵ و وێران دەکرێ، ئاخۆ کەسێک هەیە ئەم پێشێلکاریانە ڕابگرێت؟

بەڵام رۆژنامەنوس سلێمان یونس دژی ئەو هەڵمەتەیە كە سۆشیال میدیا لەسەر ئەم بابەتە بەڕێوە دەچێت و پێی وایە ئەمە پلان و رەونەقی نوێی ئاوەدانییە .

ئەو رۆژنامەنوسە دەڵێت"پۆپۆلیزم بەڵای گەورەی سلێمانییە، ئەم جەنگە هیچوپوچە بەپارەی دەستەبژێرێکی  بێ مۆڕاڵ و بەدنەی دەستەبژێکی دیکەی بێ ڕوئیا بەڕێوەدەچێت، عەوامیش وەک عەلەشیش بە فیکەی ئەم دەستەبژێرە بەتاڵ و بەخیل  و بێسەوادە، حاڵ دەیگرێت! ".