حەمە تاڵی بانە کێ بوو؟

2019-01-14

داناز عەبدولڕەحمان

گوزارەو گۆرانی و سەرگوزشتە زۆر هەن دەربارەی حەمەتاڵی بانە، هەندێ بەکەسێکی ئازا ناوی دەبەن و هەندێکیش بەدز و چەتە و ڕێگر و خۆفرۆش.

حەمەتاڵی بانە پیاوێکی ئازا و چاونەترس و شۆڕشگێرێکی غەمخۆری کورد بوو، هەندێ دوژمنی خۆی، لە هەندێ شوێندا ناوییان زڕاندوەو مێژووی ئەویان بە ئاوەژوو پێناسە کردووە. هەروەها بە ڕێگر و دز وچەتە ناوەزەدیان کردووە.

حەمەتاڵ پیاوێکی پڕ غیرەت و چاونەترسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، ڕێگری لە سوپای لەشکرکێشی عوسمانی و ڕژێمی بۆگەنی ئێران کردووە. بۆیە ئەوان تا بۆیان کرابێ، هەوڵی لەکەداربوون و ناوزڕاندنیان داوە، بۆئەوەی بەپیاوێکی خراپ بیناسێنن.

"حەمە تاڵ"

لەساڵ 1890 زاینی بیست و پێنج ساڵ پێش هەڵگیرساندنی شەڕی یەکەمی جیهانی لەدایک بووە، ناوی تەواوی محەمەد فەقێ حەمە میرزایە، خەڵکی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

بەڵام با بزانین نازناوی "تاڵ "ی لەچییەوە وەرگرتووە، بۆچی بە حەمە تاڵ بانگیان کردووە.

نازناوی تاڵی لەوەوە وەرگرتووە کە ئەو هەمیشە مناڵێکی ڕووگرژ و مۆن و چاونەترس و جەسوور و ئازا بووە، لەسەرەتایی مناڵیش ئەوەی لێدیاری داوە. کوردیش هەمیشە بەو کەسانە دەڵێت مناڵێکی خوێن تاڵ و گرژو مۆن وشەڕانگێز، بۆیە نازناوی" تاڵ"وەردەگرێ و پێی دەڵین "حەمەتاڵ".

رۆستەم خان کە ئاغای حەمەتاڵ بووە، لەلایەن شەریف قەساب حاکمی دەستنیشانکراوی شای ئێران لە کوردستان دەگیرێ و بەبێ دادگایی و بە بیانووی بێبنەما فەرمانی لەسێدارەی دەدات.

حەمەتاڵ ڕق ئەستوور ئەبێت و بریاری تۆڵەسەندنەوەی دەدات، هەر بۆیە لووت و گوێچکەی مەئموەری ماڵیاتی دەوڵەتی ئێران دەبڕێت. ئیتر حەمەتاڵ ناوی ئازایەتیی و چاونەترسی بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە.

 

چۆنیەتی کوشتنی حەمە تاڵ

حەمەتاڵ دوای ماوەیەک تێکهەڵچوون لەگەڵ سەربازانی ئێران دەستبەسەر دەکرێ و دەیبەنە زیندانی قەسر لە تاران.

دوای 8 ساڵ لەزیندان ڕادەکا و لە رێگای خوراسانەوە خۆی دەگەیەنێتە ئەفغانستان، دوای ماوەیەک لە رێگای سیستان و بەلووچستان و دەریای عەمان و خووزستان و کرماشانەوە دەگاتەوە سلێمانی و ماوەیەک دەبێتە پێشمەرگەی شێخ مەحموود .

دوایی لەگەڵ کەسێکیتر بەناوی سەید عەتا کە ئەویش گوایە لە ڕۆژهەڵات چەند کەسێکی مەعمووری دەوڵەتی ئێرانی کوشتووە یەکدەگرن و هێزێک پێک دێنن و لەگەڵ هێزەکانی شا بەشەڕ دێن. دەوڵەتی ئێران داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکات کە ئەوانە گوایە لە ڕژیم یاخیبوون، دەبێت ڕادەستی ئێران بکرێنەوە، بەڵام ئێراق لە وڵامدا دەڵێت کە ئەوانە شوێنێکی تایبەتیان نییە و کارێک لەدەستیان نایەت بۆ لەداو خستنیانبۆیە دەوڵەتی شای ئێران پەنا بۆ پیلانگێڕی دەبات و ناکۆکی دەخاتە نێوان سەی عەتا و دەیکاتە داردەستێک بۆ لەناوبردنی حەمەتاڵ.

سەی عەتا ئەو پیلانە جێبەجێ ئەکات و حەمەتاڵ دەکوژێت بۆ ئەوەی حەمەتاڵ نەبێتە قارەمان.

حەمە تاڵی بانە لەلایەن هاوسەنگەری خۆی (سەی عەتا مەریوانی)یەوە لە خەودا کوژرێت و بۆ هەتا هەتایە چاو لێک دەنێت.