دیسان ئەفغانستانی هەژاندەوە

بومەرلەزە بەرۆکی ئەفغانستان بەرنادات
2023-10-15
دیبلۆماتیک

کاتژمێر ٠٣:٣٦ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە جارێکی دیکە بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٦.٣ پلە لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان ڕوویدا.
بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەفغانستان شاری" هێرات"ی لە باکووری ڕۆژئاوای ئەفغانستانی گرتووەتەوەو هەروەک پەیمانگای جیۆفیزیای ئەمریکی ڕایگەیاندووە، گوڕی بومەلەرزەکە ،٦.٣ پلە بووەو ناوەندی بومەلەرزەکەش بە قوڵایی دە کیلۆمەتر دەکەوێتە دووری ٣٣ کیلۆمەتر لە شاری هێراتەوە.

ئاژانسی " فرانس پرێس" بڵاویکردەوە کە بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەفغانستان زیانێکی زۆری گیانی و ماددی زۆری لێکەوتوەتەوە، بەڵام هێشتا ئاماری دروستی قوربانییەکان و زیانەکان نەزانراون.

ئەفغانستان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بومەلەرزەی زۆر تێیدا ڕوودەدات و لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە، چەند بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئەو وڵاتەو هەمان ئەو ناوچەیەی گرتەوە کە ئەمڕۆ بومەلەرزە لێیدا.

بەپێی ئامارو زانیارییەکان، ئەو ناوچەیەی کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەند جارێک بوومەلەرزە گرتییەوە، زیاتر لە بیست گوند بە تەواوی وێران بوون و کەڵکی ژیانیان تێدا نەماوە.

بەهۆی ئەوەی زۆربەی خانووبەرەی ناوچە گوندنشینەکانی وڵاتەکەش لە قوڕو دار دروستکراون، بوومەلەرزەکان وێرانکەر دەبن.

خالید زادران وتەبێژی پۆلیسی کابول، ئاشكرایکرد ژمارەی ئەوکەسانەی کە لەبومەلەرزەکانی ڕۆژی شەممەی ڕابردووتری شاری هیراتدا گیانیانلەدەستداوە 2500 کەسی تێپەڕاندوە.