تێگەیشتن لە پووچگەرایی

2023-12-25
عەزیز یاسین

یەكێك لە لێكەوتە كوشندەكانی بیركردنەوەی فەلسەفیی خۆرئاوایی هاوچەرخ دەرهەق بە سیستمی گەردوونیی و سەرەتای دروستبوونی ئادەمیزاد و بوونەوەر، ئەوەیە كە ئەم دیدگایە لە بنەڕەتدا هەبوونی پەیوەندیی لەنێوان هۆش و بوون بە تەواوی فەرامۆش دەكات و پێمان دەڵێت: مرۆڤ بەرهەمی بێمانایی و بێ پلانییە. لە دیدی ئەوان، لە بەرئەوەی گەردوون بەرهەمی ڕووداوێكی مێژوویی عەبەسیی و بێ ئامانجە، ئەوا سەردەمێك هەبووە لە مێژووی بوون كە هیچ هێزێكی هۆشیار و ئاقڵمەند تیایدا حزوری نەبووە و گەردوون زۆر بە بێ بەرنامەیی و بە شێوەیەكی بێمانایانە تەنها بەڕێککەوت «Haphazardly» كەوتۆتە نێو ڕەوڕەوەی زەمەن؛ هەروەك لەو فەترەیەدا گەردوون بە هەموو جۆرێك مەحروم بووە لە لەخۆگرتنی هەر هێزێكی ژیر. چونكە سەردەمێك هەبووە هیچ لۆژیك و داناییەك بوونی نەبووە و مرۆڤ لە ئان و ساتێكی تەواو پەشێویی و ناڕێکی «Chaotic» هاتۆتەبوون و مێشكی بە هەموو ئاڵۆزییەكانەوە، بەرهەمی ئەو فەوزایەیە كە پێش پەیدابوونی هەبووە.

كەواتە بە پێی ئەم تێگەیشتنە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی هێزێكی نا ئەقڵانیی و كوێرە، ئەوا دۆخێكی سروشتییە كە ئەمڕۆ دەبینین پووچگەرایی زاڵە بەسەر بیركردنەوەی دەستەجەمعیی مرۆڤایەتیی. چونكە مادام ئینسان لێكەوتی دیاردەیەكی سروشتیی نامۆیە و هیچ هێزێكی ژیر نییە كارسازیی كردبێت لەسەر داڕشتنی ئەندازەی ئەقڵ و هۆشی مرۆڤ و هەروەها سیستمە مۆڕاڵییەكەی، ئەوا لە ڕووی ئەقڵییەوە دەكرێت بڵێین بە ئەگەرێكی زۆرەوە ڕەنگە هەڵەیەكی خۆڕسك هەبێت لە نێو پێكهاتە و بوونیادی مرۆڤ و هانیبدات بۆ گەیشتن بە ئەوجی پووچیی«The peak of absurdity»، بەجۆرێک لە توانای هیچ هێزێك نەبێت ئەم خوارییە ڕاست بكاتەوە. 

بۆ ئەوەی پەیامەكە ڕوونتر بێت، ئەگەر ئامێرێكی تەكنۆلۆژیی زیرەك ڕووبەڕووی گرفتێكی تەكنیكی ببێتەوە یاخود لە ڕێڕەوی خۆی لابدات، ئەوا دەبێت ئەندازیارێكی ژیر و لێهاتوو هەبێت كە سنوورێك بۆ ئەم دۆخە ئاڵۆزە دابنێت و ڕۆڵ بگێڕێت لە ڕاستەڕێكردنەوە و دووبارە پڕۆگرامكردنەوەی ئەو سیستمە. هەروەك هیچ كەس چاوەڕێی ئەوە ناكات پڕۆگرامێكی كۆمپیوتەر ڤایرۆسەكانی لە ناوبەرێت ئەگەر پێشتر لەلایەن ئەندازیارێكی هۆشمەند بەرنامەسازیی بۆ نەكرابێت. لە دیدگای تێڕوانینی ئیلحادیی خۆرئاواییشەوە، چونكە مرۆڤ بەرهەمی پەرەسەندنی گەردوونە، ئەوا هیچ ئەندازیارێك نییە و ناتوانێت كەم و كوڕییە مۆڕاڵیی و سلوكییەكانی ڕاست بكاتەوە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ خۆی بەرهەمی بێمانایی و عەبەسییەتە لە دیدی ئەوان و مرۆڤ نە ئامانجێكی باڵای هەیە نە داهاتووییەكی مانادار. بە واتایەكی تر مێشكی مرۆڤ ئەو دیزاینە ئاڵۆزەیە كە ئەگەر لاڕێ بوو، ئەوا هیچ پڕۆگرامسازێكی سەرووی خۆی نییە لادانەكانی ڕاست بكاتەوە، بەڵكو دەبێت چاوەڕێی سوتفە و ڕیسكەكانی سروشت بین بۆ ئەوەی یان خراپتری بكات، یان سنوورێكی بۆ دابنێت.

پوختەی قسان، یان دەبێت عەبەسییەتی پەرەسەندن و بێباوەڕیی ڕەتبكەینەوە بەر مەبنای ئارگیومێنتە زانستیی و لۆژیكییەكان تەسلیم بە جیهانبینیی یەكتاپەرستیی ببین، كە پێی وایە مرۆڤ بەرهەمی ئیرادە و ویستی ئافرێنەرێكی ژیرە و دەتوانێت خواروخێچییەكانی خۆی ڕاستبكاتەوە بە تێگەیشتن لە كۆدە مۆڕاڵییە ئاسمانییەكان، یان دەبێت دەستەوەستان بین لەبەردەم باڵادەستیی پووچگەرایی سەردەمیی نوێ، كە داهێنراوی مرۆڤی نوێ خۆیەتی؛ لەبەر ئەوەی لە دیدی ئەوان تەنانەت خودی مرۆڤ بەرهەمی پووچیی و سوتفەیەكی مێژووییە كە هیچ كەس نازانێت چۆن و بۆچی بەم جۆرە پڕ خەوشە پەرەی سەندووە.