عاشورا، یادێک له‌ خودی حوسێن کۆنتر

2019-09-10

شاسوار هه‌رشه‌مى

ڕه‌نگه‌ هێشتا لای زۆر که‌س نه‌زاندراو بێت، که‌ موسوڵمانانی به‌رایی، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می کۆچی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ له‌ مه‌ککه‌ بۆ یه‌سرب، یان مه‌دینه‌، له‌ عاشورادا به‌ڕۆژو دەبوون. واتا یادکردنه‌وه‌ی ڕۆژه‌که،‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌ کوژرانی حوسێنه‌وه‌، له‌ بیابانی که‌ربه‌لاوه‌ نیه. ته‌نانه‌ت من هه‌ندێک جار گومانم بۆ ئه‌وه‌ش ده‌چێت، که‌ له‌وانه‌یه‌ کوژرانی حوسێنیش، ڕێک له‌و ڕۆژه‌دا نه‌بووبێت، به‌ڵام له‌به‌ر بایه‌خی زۆری ڕۆژه‌که‌، یادکه‌ره‌وه‌ و پێڕه‌وکه‌رانی ئیمام عه‌لی و نه‌وه‌کانی، ویستبێتیان بیخه‌نه‌ ئه‌و ڕۆژه‌وه‌.

واتا یادێکی کۆنی، تراژیدیای مه‌رگی پێش مێژویان، که‌ هێشتا له‌ ناوچه‌که‌ باو بووه‌، تێکه‌ڵ به‌ ڕووداوێکی مێژویی تازه‌تر کردووه. هەندێک لە سەرچاوە بەراییەکانی ئیسلام، پیرۆزی ڕۆژی عاشورایان بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە، گوایە کە موسا لەو ڕۆژە دابوو کە توانی لە دەریا بپەرێتەوە و میللەتەکەی لە دەست فیرعەون ڕزگار بکات و بۆ خاکی ئیسرائیلیان بگێڕێتەوە، کە خودا زووتر، لە ڕێگای ئیبراهیمی باپیرەیان، بەڵێنی پێدابوون، ئەوێ نیشتیمانیان بێت.

 

،،

یادی مه‌رگی که‌سێکی (زۆر گرنگ و کاریگه‌ر)، که‌ هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌ی شیوه‌نی به‌ کۆمه‌ڵ و سینگ کوتان و گریان، یادی کرابێته‌وه‌،  له‌ خواروی میزۆپۆتامیا، به‌ ئه‌ندازه‌ی کۆنی مێژو کۆنه‌. 

 

قوربانیدان، یان گیان به‌خشین له‌جیاتی ئه‌وانی دی، زۆر زوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاکانی ده‌رکه‌وتنی باوه‌ڕ و چه‌که‌ره‌ کردنی ئایینه‌کان، بۆته‌ دیارده‌یه‌کی گشتی، لانی که‌م له‌ میزۆپۆتامیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. هه‌ندێک له‌و قوربانی و مه‌رگه‌ ناوازانه‌، بوونه‌ته‌ به‌شێک له‌ میتۆلۆژیا و چیرۆکی ئایینی، که‌ تا ئێستاش به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر، زیندو ڕاگیراون.

یادی مه‌رگی که‌سێکی (زۆر گرنگ و کاریگه‌ر)، که‌ هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌ی شیوه‌نی به‌ کۆمه‌ڵ و سینگ کوتان و گریان، یادی کرابێته‌وه‌،  هه‌ر لە هه‌مان شوێنی ئێستا، واتا له‌ خواروی میزۆپۆتامیا، به‌ ئه‌ندازه‌ی کۆنی مێژو کۆنه‌. هه‌ر له‌گه‌ڵ داهاتنی نوسین و ده‌ست پێکردنی مێژو، له‌ ده‌قه‌ هه‌ره‌ کۆنه‌کانی سومێریان و له‌ داستانی گلگامێشیش، ئاماژه‌ به‌ مه‌رگی خوداوه‌ند (دموزی) کراوه‌، که‌ خه‌ڵک بۆ ڕزگار کردنی له‌ جیهانی ژێره‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر زه‌وی، که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌ڕی و باران و سه‌وزاییه‌، شیوه‌نیان بۆی گێڕاوه‌.

 

له‌ چه‌ند دێرێکی‌ تابڵۆی شه‌شه‌می داستانی گیلگامێشدا وا هاتووه‌:

- کامە لە دەسگیرانەکانت، بۆ ھەمیشە تۆی خۆشویست؟

٤٣- کامە لە یارەکانت، بۆ ئاسمان سەرکەوتن؟

٤٤- وەرە، ڕێ بدە تا باسی یارەکانت بۆ بکەم!

٤٥- ئەوەی کە شانەکانی (...) دەستان .

٤٦- ھەرچی دموزیشە، خۆشەویستەکەی سەردەمی لاویت،

٤٧- تۆ بڕیارت دا، تا ئەو، ساڵ لە دوای ساڵ ھەر بگریێت.

٤٨- تۆ باڵندە ڕەنگینەکە، ئەللاللوت خۆشویست،

٤٩- کەچی ھەرخۆت لێتدا و باڵی ویت شکاند.

٥٠- ئێستا ئەو لەناو دارستان ماوەتەوە و ھەر ھاوار دەکات (باڵەکەم)!

٥١- تۆ شێرەکەت خۆشویست، ئەوەی ھێزو توانای بێخەوش بوو

٥٢- کەچی تۆ حەوت جاران، حەوت چاڵت بۆی ھەڵکەند.

٥٣- تۆ بارگینەکەت خۆشویست، کە بە جەنگ کردن ڕاھاتبو

٥٤- بەڵام تۆ ڕم و قامچیت دایێ،

٥٥- تۆ واتکرد تا حەوت جووتکاتژمێر ڕابکات،

٥٦- تۆ واتکرد تا لەو ئاوە بخواتەوە، کە خۆت پیست کردبوو

٥٧- تۆ واتکرد تا "سیلیلی" دایکی، بۆ ھەمیشە بگریێت .

(تێبینی: خۆم ده‌قه‌که‌م کردۆته‌ کوردی)

 

،،

بەگوێرەی داستانەكان پەرستن و یادی دموزی، بە ڕێوڕەسمی شیوه‌ن و لاواندنەوە و گریان دەکرایەوە. ئەو ڕێوڕەسمە تا ئێستاش لە میزۆپۆتامیادا وەک خۆی دەکرێتەوە، بە جیاوازی ئەوەی، که‌ پاڵەوانەکان گۆڕاون، تا لەگەڵ داب و نەریت و ئایینی ئێستا بگونجێندرێن.

دموزی Dumuzi، کە لە دێری ٤٦ ناوی ھاتووە، وشەیەکی لێکدراوی سومێرییە بە واتای (کوڕی ڕاستەقینە). بە زمانی ئەکەدیی، پێی دەگوترێ (تەمووز،Tammuz ، تەمموز)، ئەو لە میتۆلۆژی سومێرییدا، خواوەندی ڕووەک و گیا و گۆڵ و سەوزایی بوو. لە لیستی پاشاکانی پێش لافاوەکە و دوای لافاوەکەی سومێریدا، کۆمەڵێک پاشا ناویان بەپیتی (د) دەستپێدەکات، کە گومان وایە کەسایەتی مێژویی بووبن و دواتر تێکەڵی میتۆلۆژیا کراون. واتا دوور نیه‌، که‌ دموزی زووتر یه‌کێک بووبێت له‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی شاری ئوڕۆک.

به‌ گوێره‌ی داستانه‌کان، دموزی دڵخوازی ژنە خوداوەندی خۆشەویستی و زاوزێ، ئیناننا، یان بە ئەکەدیی ئیشتار بوو. دموزی بە گوێره‌ی ڕێوڕەسمێکی ڕیتواڵی ئایینیی بێت، که‌سێکی مردووە. گوایا ھەموو ساڵ، ھاوینەکە لە جیھانی ژێرەوە بەسەر دەبات و دوای ئەوە، له‌گه‌ڵ سه‌ر ده‌رهێنانی گژ و گیا له‌ که‌ژی به‌هاردا، دیسان بۆسەر زەوی سەردەکەوێتەوە. بە واتایەکی دی زیندوو دەبێتەوە و خێر و خۆشی و سەوزییش لەگەڵ خۆی دێنێت.

پەرستن و یادی دموزی، بە ڕێوڕەسمی شیوه‌ن و لاواندنەوە و گریان دەکرایەوە. ئەو ڕێوڕەسمە تا ئێستاش لە میزۆپۆتامیادا وەک خۆی دەکرێتەوە، بە جیاوازی ئەوەی، که‌ پاڵەوانەکان گۆڕاون، تا لەگەڵ داب و نەریت و ئایینی ئێستا بگونجێندرێن.

ئه‌و قوربانی دانه‌، له‌ دموزیه‌وه‌، ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ گه‌لانی دی ناوچه‌. له‌ گێڕانه‌وه‌کانی ته‌وراتدا، به‌ تایبه‌ت له‌ کتێبی یه‌ک (موسا 22:1 ) ئیبراهیم له‌سه‌ر داخوازی خوداوه‌ند، بە گوێرەی تەورات، له‌گه‌ڵ ئیساکی کوڕی، یان وەک لە قورئاندا هاتووە، ئیسماعیلی کوڕی، ڕوو له Moria، مۆریا ده‌کات به‌ نیازی سه‌ربڕین و قوربانی کردنی کوڕی. دیاره‌ له‌ قورئان Moria، مۆریا، بۆته‌ مه‌ککه.

،،

ئه‌وانه‌ی لە دەی مانگی موحەڕڕەم، له‌ یادی عاشورادا، شین و شه‌پۆڕان ده‌که‌ن، با یاده‌که‌ش به‌ ناوی حوسێنه‌وه‌ بێت، به‌ڵام نه‌وه‌کانی هه‌مان فه‌رهه‌نگن، که ‌له‌ هه‌مان شوێنیشدا،هه‌زاران ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ش، یادی مه‌رگی دموزییان ده‌کرده‌وه‌.

لە میتۆلۆژیای یۆنانییشدا، دەبینین (ئەدۆنیس)ی خوداوەند، لە زۆر ڕووەوە لە (دموزی) دەکات.

گوایا لای کوردان و ئێرانیانی کۆنیش، ساڵانه‌ له‌ به‌هاردا، خه‌ڵکی شیوه‌نیان بۆ خوێنی به‌ هه‌ده‌ر ڕژاوی (سیاوه‌ش)ی ناو ئه‌فسانه‌کانمان گێڕاوه‌. ئێستاش له‌ په‌ندێکی کوردیدا، بۆ شتێک که‌ زۆر درێژه‌ ده‌کێشێت، ده‌گوترێت (بۆته‌ خوێنی سیاوه‌ش و نه‌بڕایه‌وه).

هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ یه‌ک سه‌رچاوه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون، به‌ڵام به‌ هاتنی ئایین و شارستانیه‌تی نوێ، پاڵه‌وانه‌کان و هه‌ندێک ورده‌کاری دی، گۆڕدراون و گونجێندراون. ئەم گۆڕانانەش پێویست بوون، تا خه‌ڵک بوێرن، لە ژێر ناوی تازە داهاتوودا، به‌ به‌رده‌وامی یاده‌ کۆنه‌که‌ی خۆیان، بۆ پاڵه‌وانه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌که‌یان بکه‌نه‌وه‌.

 

دواتر هه‌مان دیارده‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ی شیوه‌ن و سینگ کوتان و کۆته‌ڵ دانان، بۆ که‌سایه‌تی جیا جیا کراوه‌، که‌ که‌سایه‌تیه‌کان له‌گه‌ڵ ئایین و باوه‌ڕی تازه‌ گونجاو بوون. هەر وەک نمونەیەکی بەرچاو، جوه‌کان، له‌ ده‌یه‌می تشرینی یەکەم، یادی yom kippur، یۆم کیپپور، یان yom hakkippurim، یۆم هه‌ککیپپوریان کردۆته‌وه‌، که‌ لایان گه‌وره‌ترین یاده‌. گوایه‌ دوای ڕووخانی یه‌که‌مجاری په‌رستگای ئورشه‌لیم، به‌ ده‌ستی سه‌نحاریبی ئاشوری، جوەکان له‌و ڕۆژه‌دا، داوای لێبوردن له‌ گوناهه‌کانیان له‌ خوداوه‌ند کردووه‌.

لای سابیئە مەندائیەکان، هەمان ڕۆژی عاشورا، بۆتە پرسەی مەرگی بە کۆمەڵی لافاوە گەورەکەی نوح (ئاشورایا). ئەمەش دەزانین کە لای شیعەکانیش، مەرگی حوسێن و یارانی (عاشورا)، دیسان بیانوی ئەو گریان و لە خۆدانە زۆر کۆنەی مێژون.

له‌ خاچ دانی عیسای مه‌سیح، لای پێڕه‌وانی وی، هه‌مان قوربانی دان بووه‌. ئه‌و به‌ خوێنی خۆی، مرۆڤی له‌ گوناهه‌کانی پاک کردۆته‌وه‌.

 

هه‌مان دیارده‌ که‌وتۆته‌ ناو ئیسلامیش. به‌ گوێره‌ی ڕووداوه‌ تۆمارکراوه‌ به‌راییه‌کانی موسوڵمانان، وا ده‌رده‌که‌وێت که‌ موسوڵمانان به‌ لاسایی کردنه‌وه‌ی جوه‌کانی مه‌دینه‌، ئه‌م یاده‌یان به‌رز ڕاگرتووه‌. دووریش نیه‌ ئاشناییان له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ندائیانه‌ هه‌بووبێت، که‌ له‌ سنوره‌کانی ده‌وڵه‌تی (مه‌ناژیره)‌، له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی ساسانیان، له‌ میزۆپۆتامیا و که‌ناره‌کانی ڕووباری دیجله‌ و کارۆن ده‌ژیان. واتا یاده‌که‌، دره‌نگتر تێکه‌ڵ به‌ خوێنی ڕژاوی حوسێن و یارانی کراوه‌.

 

که‌واته‌... ئه‌وانه‌ی لە دەی مانگی موحەڕڕەم، له‌ یادی عاشورادا، شین و شه‌پۆڕان ده‌که‌ن، با یاده‌که‌ش به‌ ناوی حوسێنه‌وه‌ بێت، به‌ڵام نه‌وه‌کانی هه‌مان فه‌رهه‌نگن، که ‌له‌ هه‌مان شوێنیشدا،هه‌زاران ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ش، یادی مه‌رگی دموزییان ده‌کرده‌وه‌.

یادێک، سه‌ره‌ڕای کۆنی و له‌مێژینه‌شی، هه‌رده‌م خۆی نوێ کردۆته‌وه‌ و به‌رگێکی سه‌رده‌مانه‌تری له‌به‌ر خۆی کردووه‌. دوور نیه‌ دوای سه‌دان ساڵی دی، هه‌ر له‌و شوێن و کاته‌دا، شیوه‌ن بۆ که‌سایه‌تیه‌کی دی بکرێت. واتا پاڵه‌وانه‌کان ده‌گۆڕدرێن و ده‌گونجێندرێن، به‌ڵام یادکردنه‌وه‌که‌، هه‌ر هه‌مانه‌ و ڕه‌گی به‌ قووڵایی مێژودا ڕۆچووه‌.