چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زانیارییه‌ ته‌ندروستییه‌كانى ناو سۆسیال میدیادا بكه‌ین؟

2019-12-28


" ئەم چارەسەرە بە تەواوەتی نەخۆشی شەکرە ناھێڵێت"،" بۆ ئەوانەی بۆ باشترین ڕێگا دەگەڕێن بۆ کێش دابەزاندن، تەنیا ڕێگا بەکارھێنانی ئەم کەبسولەیە"، " نەخۆشییەک نییە بەناوی شێرپەنجەوەو ئەوە تەنیا دروستکراوی کۆمپانیاکانی دەرمان و پزیشکەکانە"، " ئەم جۆرە گیایە، ھەموو جۆرەکانی شێرپەنجە چارەسەر دەکات"،" زەیتی دووپشک بەکاربھێنەو ھیچ جۆرە ئازارو ھەوکردنێکت نامێنێت لە جومگەکان".

ئەم ناونیشانانەو چەندەھا ناونیشانیتری سەرنجڕاکێش ڕۆژانە دێتە بەرچاومان لەسۆشیاڵ میدیاو بەخێراییەکی زۆر بڵاودەبێتەوە لەناو بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، کە ڕێژەیەکی زۆر لە گۆمەڵگا بە نەخۆش و لەشساغیشەوە دووچاری مەترسی گەورەو تێکچوونی باری تەندروستی دەکات بەھۆی ئەگەری ھەڵەی ئەو زانیارییە نا تەندروستیانەو بەکارھێنانی ھەڕەمەکی بۆ ھەندێک چارەسەر بێ گەڕانەوە بۆ لای پزیشک و کەسانی پسپۆڕ.


لەم سەردەمەدا سۆشیاڵ میدیا بۆتە کایەیەکی گرنگی ژیانی مرۆڤ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لێکۆڵینەوەو توێژینەوەکان دەیسەلمێنن کە بەکارھێنەرانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا ڕوو لە زیادبوونە.


جیھان نەک بۆتە گوندێکی بچکۆلە بەڵکو لەوە زیاتریش وەک گەرەکێکی بچکۆلەی لێھاتووە، وە ئەو ژیانە مەجازی و ئیفترازییەی کە سۆشیاڵ میدیا پێشکەشی دەکات بووە بەژیانێکی ڕاستەقینە لای ھەندێک کە زۆربەی کاتەکانی ڕۆژەکەی تیادا بەسەر دەبات.


سۆشیاڵ میدیا لە ئێستادا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە ھەموو بوارەکاندا بە گشتی و لە بواری پزیشکی و تەندروستیشدا بە تایبەتی و توانیویەتی ببێت بە ژینگەیەکی لەبار بۆ زانین‌و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری پزیشکی و تەندروستی، وە بەشداریەکی کاریگەری کردووە لە گواستنەوەی زانیارییە پزیشکی و تەندروستیەکان لە ژوورە قفڵ دراوەکانەوە بۆ فەزایەکی دیجیتاڵی و ئەلەکترۆنی.

بەڵام لەگەڵ ھەموو سوودەکانی ئەم ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە تەندروستیانە، نابێت ئەوەمان لە یاد چێت کە لەوانەیە کاریگەرییەکی دوو لایەنەی ھەبێت، کە بەلایەکدا تاک و نەخۆش سوودمەند بێت لێی‌و زانیاری زیاتر وەرگرێت و چاوکراوە تر بێت لە ڕووی تەندروستییەوە، بەلایەکی دیدا زەرەمەند بێت و بێ ئاگایانە بازرگانی پێوە بکرێت.


زۆر گرنگە ئەو کەسانەی فۆلوەری پەیجە پزیشکی و تەندروستیەکانن بزانن زانیاری و ئینفۆرمەیشن لەکوێوە وەردەگرن، چۆن بتوانن سوودی لێوەربگرن بەبێ ئەوەی بھێڵن بازرگانی بەتەندروستیانەوە بکرێت‌و دەبێت دڵنیابن لەوەی ئایا خاوەنی پەیجە پزیشکیەکان پزیشکی پسپۆڕ و کەسانێکن لە بواری تەندروستیدا کاردەکەن و پرۆفیشناڵن؟؟

یاخود تەنھا بازرگان و کۆمپانیایی بازرگانین کە ڕیکلام بۆ پێکھاتە گیایی و بەرھەمە بازرگانیەکانی خۆیان دەکەن؟


بۆ نموونە ئەو نەخۆشەی بێ پرسی پزیشکەکەی واز لە چارەسەری نەخۆشی شەکرەکەی دەھێنێت و پەنا دەبات بۆ بەکارھێنانی پێکھاتە ڕووەکیەکان، بێگومان ئەنجامەکەی تەندروست و باش نابێت ولەپڕ تەندروستی بەتەواوەتی تێکدەچێت.

،،

ئەو نەخۆشەی شێرپەنجەی ھەیەو بەھۆی ھەندێک زانیاری ھەڵەوە لەسۆشیاڵ میدیا واز لەچارەسەرە کیمیاوییەکەی دێنێت و ڕێگایتر تاقیدەکاتەوە، بە دڵنییاییەوە ژیانی بەمردنێکی خێراتر و بەئازار تر کۆتایی دێت.




ڕیکلامکردن بۆ دەرمان و کرێم و ھەرجۆرێکیتری چارەسەری ڕووەکی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت سنووردار بێت و ڕێگا نەدرێت ھەر کەسێک ھات و زانیاری تەندروستی ھەڵە بڵاوکاتەوە بێئەوەی پسپۆڕ بێت لە بوارەکەدا.

لە ڕاستیدا سەرپەرشتیارانی ئەم پەیجە تەندروستیانە دوو جۆرن:

-کەسانێک کە پسپۆڕ و پڕۆفیشناڵن و ئامانجیان بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستییە لە کۆمەڵگا و چۆن تاکی کۆمەڵگا بتوانێت پارێزگاری لەتەندروستی خۆیبکات و کەئەمیش ڕاستەوخۆ پەیوەندی ھەیە بە تەندروستی دەروونی تاکیشەوە. کە بێگومان تاکێکی تەندروست لەڕووی جەستەو دەروونەوە تاکێکی چالاک و بەرھەمھێنەریش دەبێت لە کۆمەڵگا.
- جۆری دووەم کەسانێکن کە تەنیا بازرگانن و ئەم پەیجانە بەکاردێنن بۆ چەواشەکردنی کۆمەڵگا و ڕیکلام کردن بۆ کاڵا بازرگانیەکانیان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش.
ھەر بۆیە زۆر گرنگە ئەم پەیجە پزیشکی و تەندروستیانە لەلایەن پزیشک خۆییەوە سەرپەرشتی بکرێت و نەدرێتە دەست کەسانی ناپرۆفیشناڵ و ناپسپۆڕ لە بواری تەندروستیدا ، لەبەرئەوەی پێدانی زانیاری تەندروستی بە شێوەیەکی ھەڵە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ژیان وسەلامەتی تاک بەتایبەتی و تەندروستی ھەموو کۆمەڵگا بە گشتی.

ھۆشیاری تەندروستی کایەیەکی زۆر گرنگە لەژیانی کۆمەڵگادا، بەپێی دواترین توێژینەوەکان لە (٤) کەس دا (١)کەس دواکەوتەو فۆلوەری پەیجە پزیشکی و تەندروستییەکانن، وەزۆربەی جار تاکەکان لەھەوڵی ئەوەدان ئەو زانیارییەی ناتوانن لە پزیشکە تایبەتەکەیان دەستیانکەوێت ، بە گەڕان وسێرچ لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەدەستی بێنن، بۆیە زۆر گرنگە بەکارھێنەری ئەم پەیجانە زۆر ھۆشیار بن لەوەی کەزانست و زانیاری لەکوێوە وەردەگرن و ئەوەش بزانن کەچارەسەر نووسین لە ڕێی پەیج و سایتەوە نەگونجاو بێ ئیتیکی پزیشکییە ، لەھەمانکاتدا ھەموو پەیجێکی تەندروستی لەلایەن پزیشک و کەسانی پڕۆفیشناڵ لەبواری تەندروستیدا سەرپەرشتی بکرێت و ڕیکلام کردن بۆ چارەسەرە پزیشکی و پێکھاتە سروشتی و ڕووەکیەکان سنووردار بکرێت لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە