چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ت ده‌كه‌ى؟

2020-01-14

خالد ڕەنجدەر

پرسیاری سەرەتای ئەم بابەتە ئەوەیە: چۆن دایک و باوک هاوسەنگی خۆیان لای منداڵەکەیان دەپارێزێن؟

یان چۆن خۆیان بەدوور دەگرن لەوەی یەکێکیان ببێتە سەرچاوەی هەموو شتێک بۆ منداڵەکەیان؟ باشە تۆی دایک یان باوک گوێت لە منداڵەکەت نەبووە کاتێک زوو زوو دەڵێ: کوا دایکم؟ یان کوا باوکم؟ یان هەندێکجار تۆی دایک هەموو شتێک بۆ منداڵەکەت دەکەیت، بەڵام ئەو هەر دەڵێ (کوا باوکم؟). یان بە پێچەوانەوە.

ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کەموکوڕییەک لە پەروەردەکردنی منداڵەکەدا هەیە. منداڵ حەز دەکات یەکێکیان (دایک یان باوک) بکاتە سەرچاوەی وەرگرتنی هەموو شتێک لێی، بەتایبەتی سۆز و خۆشەویستی و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی.

،،

شتێکی سروشتییە کە لە نێوان خوشک و برادا "ئیرەیی" هەبێت. ئەرکی دایک و باوک ئەوەیە ئەو "ئیرەییە" لە منداڵەکەیاندا بە شێوەیەکی نەرم، نەک بە توڕە بوون لێی، کەم بکەنەوە.

بۆ نموونە بە منداڵە ئیرەیی بەرەکە بڵێن (ئێمە سۆز و خۆشەویستیمان زۆر زۆرە بەشی هەمووتان دەکات)، خەمت نەبێت هەرگیز تەواو نابێت.

ئەو وشانە لەناخی منداڵەکەدا دەچەسپێت و لە گەورەییشیدا ڕەنگ دەداتەوە. جگە لە ئیرەیی نێوان خوشک و برا هۆکاری تریش هەن کە منداڵ یەکێک لە دایک و باوکەکەی دەکاتە سەرچاوەی خۆشی و بەختەوەری خۆی و، تا ڕادەیەک گرنگی بەوی تریان نادات، لەوانە:

یەکەم: دایک یان باوکێک دەڵێ (ئەم منداڵەی من لە باوەشمدا نایەتە دەرەوە و، بیستوچوار سەعاتە پێمدا هەڵواسراوە). لێرەدا دەبێ بزانین ئەم حاڵەتە چۆنە و چۆن دروست بووە، بەتایبەتی ئەگەر منداڵەکە لە تەمەنی شیرخواردنی دایکی دەرچووبێت. ئەگەر دایک و باوکەکە کاری درەوەی ماڵ بە کەمی بکەن و، بەزۆری هەر لە ماڵەوە بن. لێرەدا منداڵ لەوەیان زیاتر نزیک دەبێتەوە کە گرنگی پێ دەدات و پێداویستییەکانی بۆ جێبەجێ دەکات، کورد وتەنی زیاتر بە لاولۆیدا دێت.

ئەگەر منداڵەکە لە باوکەکە زیاتر نزیک بوو، دەبێ دایکەکە هەوڵ بدات وەک باوکەکە لەو کاتانەدا ئامادە بێت کە منداڵەکەی پێویستی پێیەتی. جاری وا هەیە پێویست دەکات کە دایکەکە واز لە بەرنامەیەکی گرنگی ئەو ڕۆژەی خۆی بهێنێت و، خۆی بە تەواوەتی بۆ منداڵەکە تەرخان بکات. زۆرێک لە شارەزایان دەڵێن کە منداڵی بچووک هەست بەو قوربانی دانەی دایک یان باوک دەکات.

دووەم: دانانی یاسا و ڕێسای ماڵەوە

ووتەکان

دەبێ دایک و باوکەکە هەردووکیان بەشدار بن لە دانانی سنور بۆ منداڵ و، دەبێ بە تەواوی هاوکاریی یەکتر بکەن.

نابێ یەکێکیان وابزانێت کە ئەوەی تریان نازانێت منداڵ پەروەردە بکات، لە کاتێکدا خۆی هەندێک شت دەکات منداڵەکە فێری ئەوە دەبێت کە هەلەکە بقۆزێتەوە و، ئەوەیان پشتگوێ بخات کە کەمتر سەرقاڵە لە گەڵیدا.

سێیەم: ئەگەر یەکێک لە دایک و باوکەکە کاری دەرەوەی ماڵی دەکرد، تێبینی: لە داهاتوودا باسی هەندێک خاڵی تر دەکەین.