زانیاری ورد و نوێ، دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

2020-02-01


ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ناوچەی ووهانی ووڵاتی چین سەری هەڵداوە چیە؟ چۆن بڵاو دەبێتەوە؟ بۆ ئەوەندە مەترسی لێدەکرێت؟ ئایا هیچ چارەسەریەک لەئارادایە؟



ئەم ڤایرۆسە سەر بە گروپی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنایە Coronaviruses کە زۆربەی جۆرەکانی شیردەرەکان و باڵندەکان بەکاردەهێنن وەکو خانەخوێیەک بۆ مانەوە و زۆربوون، کاتێک دەچنە نێو لەشیان نەخۆشیان دەکەن و توشی کۆمەڵێک نیشانەیان دەکەن وەکو تا، کۆکە، تەنگی و قورسی لە هەناسەدان، ئازاری لەش، ڕشانەوە، سكچوون، نەمۆنیا و مردنیش...


تا ئێستا حەوت جۆر لە ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا دۆزراوەتەوە بەمەی ئێستاشەوە کە مرۆڤیش توش دەکەن، لە جۆرەکانی پێشووتریش بۆ نمونە وەک SARS و MERS کە پێشتر بڵاوبوونەوە، 2019novel.coronavrus ناوی فەرمی ئەم جۆرە نوێیەیە...



خەسلەتەکانی ئەم جۆرە نوێیە زۆر لە خەسڵەتی ڤایرۆسی SARS دەچێت کە لە ساڵی 2003 لە ووڵاتانی ئاسیا سەری هەڵدا و ئەو کاتە ترسێکی زۆری نایەوە و لەپتر لە 20 ووڵات بڵاوبۆوە و نزیکەی 9 هەزار کەسی توش کرد، پتر لە 750 کەسیشی کوشت دواتر کۆنتڕۆل کرا، ئەم جۆرە نوێیەش لەهەمان زنجیرەیە بەهەندێک خەسڵەتی نوێوە...



چۆن بڵاوبۆتەوە؟ ئێستا چۆن بڵاودەبێتەوە؟

ئەم جۆرە ڤایرۆسانە بەوەی ئێستاشەوە لەبنەڕەتدا لەکۆمەڵێک باڵندە و شیردەردا بازیان داوە بۆ مرۆڤ، بەگشتی پێشتر لەگەڵ ئەوەی بازدانیش بۆ مرۆڤ ڕوویداوە بەڵام نەخۆشیەکە لە مرۆڤێک بۆ یەکێکی تر نەگوازراوەتەوە، بەڵام لەئێستادا بەم جۆرەشەوە لەمرۆڤێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێکی تر لەکاتی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ یان لەڕێگەی هەواوە کاتێک نزیکەی مەترێک بۆ دوو مەتر لەکەسە توشبووەکە نزیک بیت و ئەو کەسە بپژمێت یان بکۆکێت، هەروەها دەشێت بە دەست لێدانی کەل و پەلی نەخۆشەکەش بگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر...
بەڵام ڤایرۆسەکە بۆ نمونە ناگوازرێتەوە لەڕێگەی ئەو کەل و پەلە ناخۆراکیانەی کە لە چینەوە دەنێردرێن بۆ ووڵاتانی تر...



بۆچی مەترسی زۆری لێدەکرێت؟

،،

تا ئێستا هیچ ڤاکسینێک نیە بۆ بنبڕکردن یان ڕێگەگرتن لە توش بوون

 - دوای توشبوون ناتوانرێت بە دەرمان چارەسەر بکرێت، تەنیا دوای توشبوون دەتوانرێت نیشانەکانی نەخۆشیەکە سوکتر بکرێن..



- کاتێک کەسێک توشی ڤایرۆسەکە دەبێت بۆ ماوەی نزیکەی 14 ڕۆژ لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیەکە دەرنەکەوێت، لەهەمان کاتیشدا کەسەکە بڵاویشی دەکاتەوە...


- هەر بۆیە بۆ نمونە ئەوە 195 هاووڵاتیە ئەمەریکیەی کە لە ناوچەی ووهانی چینی کاریان دەکرد و هێنرانەوە ئەمەریکا ئێستا لە بنکەیەکی سەربازی حکومەتی ئەمەریکی لە کالیفۆرنیا لەژێر چاودێری پزیشکی ورد دان و دەست بەسەرن بۆ ماوەی لایەنی کەم 14 ڕۆژ تاوەکو دڵنیابوون لەوەی کەسیان هەڵگری ئەو ڤایرۆسە نین و توشی نەخۆشیەکە نەبوون...


- زۆر بەئاسانی لەڕێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە لەکەسێکی توشبوو بۆ کەسێکی ساغ لەکاتی پژمین و کۆکە لەکەسە توشبووەکە نزیک بیت، لە شوێنە داخراوەکان و وەکو ناو ژوورەکان و ناو پاسیش ئەگەری گواستەوەی زیاترە هەتا ئەگەر نزیکیش نەبیت لەکەسە توشبووەکە، ئەگەری گواستنەوەشی زۆر زیاترە لەکاتی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ وەکو تەوقەکردن و ماچکردن...



چۆن دەتوانیت خۆت بپارێزیت؟

- دور کەوتنەوە لەو کەسانەی کەتوش بوون، هەروەها لەو شوێنانەی کە گومانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت...
- دەست شوشتن پێش خواردن و خواردنەوە یان بردنی دەست بۆ دەم و چاو و لوت...

- قایمکردنی دەمامک بەتایبەتی لەشوێنە گشتیەکان و نەخۆشخانەکان و شوێنی کارکردن بەتایبەتی لەکاتی ئەگەری هەستکردنی بەبوون یان بڵاوبوونەوەی یەک حالەتیش بێت لەو جۆرە ڤایرۆسە لەو ناوچەیەدا...

ئایا هیچ چارەسەریەک یان ڤاکسینێک بەڕێوەیە؟

بەڵێ کۆمپانیای دەرمانی ئەمەریکی Regeneron لە ئێستادا دەڵێت گەیشتووە بە سەرەداوی دۆزینەوەی ڤاکسینێک بۆ ئەم جۆرە ڤایرۆسە نوێیە، هەمان کۆمپانیا بەر لە چەند ساڵێک چارەسەری بۆ نەخۆشی ئیبۆلا دۆزیەوە

،،

پێشبینی دەکرێت لەماوەی چەند هەفتەیەکی تردا بەتایبەتی دوای دۆزینەوەی ڤاکسینێک ڤایرۆسەکە کۆنترۆل بکرێت



زۆربەی زانیاریەکان هی سەنتەری CDC یە واتە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان کە سەر بە حکومەتی فیدرالی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە:


https://www.cdc.gov/coronavirus/2019-ncov/index.html


لەبەر ترسناکی ڤایرۆسەکە هەر زوو ووڵاتی چین لەڕێگەی دامەزراوە زانستیەکانی وردەکاری تەواوی جینۆمی ئەم ڤایرۆسە نوێیەی بڵاوکردەوە genome.sequence بۆ هەموو جیهان بەمەبەستی ئەوەی هەموو پسپۆڕانی زیندەوەرناسی و دەرمانناسی لە سەرانسەری جیهان لەهەوڵی ئەوەدابن بەزووترین کات ڤاکسینێک بدۆزنەوە بۆ ڕیگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و توشبوون بە نەخۆشیەکە، وردەکاری زنجیرەی جینۆمی ڤایرۆسەکەش لەم لینکە دەست دەکەوێت:

https://ncbiinsights.ncbi.nlm.nih.gov/2020/01/13/novel-coronavirus/


دڵنیاش بن ئەوەی دەووترێت لەهەندێک لە ڕاگەیاندن و پەیجە عەرەبیەکان و بەکوردیش بڵاودەکرێتەوە کە ئەم ڤایرۆسە بە دەستی مەبەست پەرەی پێدرابێت یان بڵاوکرابێتەوە لەلایەن هەندێک لایەن و ووڵات ڕاست نیە، کۆنترین زنجیرەی دۆزراوە لەم جۆرە ڤایرۆسانە کە لە شیرەدەرەکان و باڵندەکان هەبووبێت و بڵاوبووبێتەوە دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە 8000 ساڵ پێش ئێستا، لە سەدەی بیستەمەوە بازدانی ئەم جۆرە ڤایرۆسانە بۆ مرۆڤ زۆر زۆرتر بووە بەهۆی زۆربوونی دانیشتوانی مرۆڤ و بەخێوکردن و خواردنی کۆمەڵێکی زۆر زیاتر لە ئاژەڵە خۆمالی و کێویەکان لەلایەن مرۆڤەوە.