نرخی نەوت و ئابوری ئێمە

2020-03-18

نرخی نەوت جارێکیتر دابەزییەوە. نرخی نەوت چیدی پرسێک نیە کە دابڕاوبێت لە ئێمە، بەڵکو لە هەموو ئاستێکدا پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە. وڵاتانی خاوەن نەوت لە مێژودا بە گشتی وڵاتانی لاوازن، دەکرێت بوترێت کە هەڵبەز و دابەزی نەوت گرنگترین هۆکاری ئەم لاوازییەیە. چۆن ئێمە، کە لە سەرەتای ئەم پرسەداین، بە هەمان ڕێگادا نەڕۆین و هەمان کێشەمان توش نەبێت.

نرخی نەوت لە وڵاتانی نەوتیدا جۆرە ڕەفتارێکی دارایی تایبەتی هێناوەتە ئاراوە کە بە پوختی بەم شێوەیەیە:

،،

لە کاتی بەرزی نرخدا حکومەت خەرجیەکانی زۆر دەکات، لە کاتی دابەزینی نرخدا خەرجیەکانی کەمدەکاتەوە و قەرز دەکات. کەواتە هێڵڕێژی دارایی ئابوری نەوتی لە هەڵبەز و دابەزدایە.

چۆن ئەم هەڵبەز و دابەزە تەخت بکرێت، ئەوەی پێی دەوترێت پلاتو؟

هەر وڵاتێک دەکرێت بە جۆرێک مامەڵە لە گەڵ ئەم پرسەدا بکات. جۆری مامەڵەی وڵاتان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی و ئەخلاقیەوە. بەڵام لە سەرەتادا پرسێک گرنگە بیزانین کە ئابوری زانست نیە، بەڵکو ڕشتەیەکی کۆمەڵایەتییە. کاتێک ئابوری ڕشتەیەکی کۆمەڵایەتییە، ئەوا حەز، ئارەزوو، پڕوپاگەندە، ئایدەلۆژیا و زۆر شتی تر ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لە سەری.

بۆیە دەکرێت پرسیارێکی ئابوری، ئەخلاقی، سیاسی بکەین کاتێک دەپرسین، چۆن ژیانێک دەژیت بە دوور لە داهاتی نەوت، یان چۆن حوکمڕانییەک دەکەیت بە بەکاربردنی کەمترین داهاتی نەوت؟

بۆ ئەوەی ئێمە لە داهاتوی نەوت تێبگەین لە کۆمەڵگای خۆماندا، دەبێت لە داهاتوی نەوت تێبگەین لە دونیادا. دەکرێت پرسیارەکە بە جۆرێکی تر بکەین، ئایا وزە و ژیان و ژینگە چۆن پەیوەندییەکانیان دادەڕێژن لە سەدەی بیست و یەکدا؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت ئێمە لە ڕوانگەی خۆمانەوە وڵامی بدەینەوە، هەتا بزانین ئەستەنگ و سەختی و ئالنگارییەکانمان چین لە داهاتودا.

هەر بە تێگرتنی تیلەیەکی خێرا لەو پرسە بۆمان دەردەکەوێت کە بەهای نەوت و نرخی نەوت و بڕی بەکاربردنی نەوت و ئامانجی بەرهەمهێنەر و بەکاربەرەکانی نەوت هەموو لە دەرەوەی دونیای دەسەڵات و کاریگەریی و توانای ئێمەوەن. بۆیە ئێمە کاتێک ناتوانین گۆڕانکاری لە ئەو ڕەهەندانەدا بکەین ئەوا دەبێت هەوڵی گۆڕانکاری لەو بوارانەدا بکەین کە توانامان بە سەریدا دەشکێت.

بۆیە پرسی نەوت پرسی ئارەزوی شەخسی و گروپ و حیزب نیە، هەموو کەسێک ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەستە بە نەوتەوە. بۆیە دەبێت پلانی کورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەن هەبێت. بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندە جیهانییەکان نەوت ئەمساڵ نەگەرێتەوە سەروی پەنجا. بە پێی ڕاپۆرتی ئی ئای ئەی نەوتی برێنت ئەمساڵ لە ٤٣ $ دا جێگیر دەبێت.

،،

ئەمە دابەزینی نزیکەی بیست دۆلارە لە ٦٤$ وە لە ساڵی ڕابوردوو.

ئایا هەرێم لە نرخی چەندا کێشەی هەیە و لە چەندا کێشەی نیە؟

اللە اعلم!! ئەم هەموو نەزانییە، ئابوری لە هەرێمدا وەها لێدەکات جۆرێک بێت لە یارییەکانی مەلای عەلی کەڵەک. کاڵاکان لە دونیادا بە سەر چەندین کاتاگۆریدا بەش دەکرێن: کاڵای پیویست، کاڵای لۆکژیری، گریفن، کاڵای زیان بەخش. هەموو کەس پێویستی بە کاڵا پێویستەکانە، بۆیە دەبێت بەردەست بن بە نرخی گونجاو. کاڵای لوکژیری بۆ چێژ و خۆشییە، بۆیە دەبێت باجی لە سەر بێت، گریفن ئەو جۆر کاڵایانەیە کە بە ئەنقەست گران دەکرێت هەتا هەمو کەسێک توانای کڕینی نەبێت و ئەوانەی دەیکڕن پۆزی پێوە لێبدەن، ئەمە بەشێکە لە پرۆسەی چینسازی کە ئێستا لە کۆمەڵگای کوردستاندا بە چڕی بەڕێوەدەچێت، ئەمانە دەبێت زۆرترین باجیان لە سەر بێت.

زۆر کاڵاش هەن کە زیانبەخشن و زۆر بەکاردەبرێن وەک جگەرە، پلاستیک، دەرمانە ناپیویستەکان، بەنزین، هەموو ئەمانە لە جۆری ئیلاستیکن و دەکرێت دوو ئامانج هەبێت لە مامەڵەیان:

یەکەم، کەمکردنەوەی بڕی بەکارهێنانیان، لەبەر هۆکاری تەندروستی و ژینگەیی

دووەم دانانی باج لە سەریان بۆ دابینکردنی ئەو پارەیەی کە پێویستە بۆ قەرەبوی زیانەکانیان، نەخۆشی شێرپەنجە لە سەروی هەمویەوە. مامەڵەنەکردن لە گەڵ نەوتدا و هێشتنەوەی بە تاک سەرچاوە داهات، حکومەت لە بەردەم عێراق و خەڵک و فشارە نێودەوڵەتییەکاندا لاواز دەکات، ئەوەی سودمەند دەبێت نوخبەیەکە. دۆخی ئێستا ڕەنگە ئەوەندە درێژخایەن نەبێت، چونکە هۆکارەکانی درێژخایەن نین و فشار زۆرە بۆ کۆتایی پێهێنانی.