كاڕڵ ماركس لەسەرزەمینی سەیر و سەمەرەكاندا

2020-03-27

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

بەشی یەكەم

پێشەكیی

بەدیاریكراوی لەسەروبەندی كەوتنی دیواری بەرلین و هەڵوەشاندنەوەى بلۆكی خۆرهەڵاتدا، وا دەبینرا ماركس خۆی و ئایدیاكانی بوونەتە خۆراكی خاك و خۆڵ و بۆ ئەبەد نێژران. ساڵی 1991 بە موتڵەقیی ڕاگەیەنرا: ماركس مرد و لیبراڵ دیموكراسیی و سەرمایەداریی بردییەوە. چەند مانگێك بەسەر ئەم ڕاگەیاندنە هاوبەشەى جیهانی سەرمایەدارییدا تێپەڕ نەببوو، كە گەورەترین بزووتنەوەى دژە سەرمایەداریی لە سیاتڵ و لەناو جەرگەى پێشكەوتووترین سیستەمی سەرمایەدارییدا سەریهەڵدا و ئەم بزووتنەوەیە پریشكی ئاگری بەسەرتاپای جیهاندا بڵاوكردەوە. دوای ماوەیەك، لە ساڵی 1999دا جارێكی دیكە بە قورسییەكی گەورەتر بزووتنەوەكە گەڕایەوە و لە بزووتنەوەكانی دژی گروپی 20، داگیركردنی واڵ ستریت و ئەمڕۆش بزووتنەوەى بەهێزی گۆڕانی كەش و هەوا و ژینگە، لە دەیەى دووەمی سەدەى بیست و یەكدا، بەشێوەیەكی زۆر بەهێزتر و ناقابیلی بەراورد بە سەدەى بیست، ئەم سیستەمەى هەژاندۆتەوە. لە 35 ساڵی ڕابردوودا، ماركس جارێكی دیكە بووەتەوە بە باسوخواسی سەرەكیی ناوەندە ئەكادیمیی، ڕۆشنبیریی، قوتابخانە ئابووریی، فیكریی، سۆسیۆلۆژیی و تەنانەت ئابووریناسانی بۆرژوازیش. بێ هۆ نییە كە ڕۆژانە لە مەینستریم (میدیای باڵادەست)دا بەر سەدان وتار و لێكۆڵینەوە بكەین دەربارەى ماركس دەنووسرێن. ماركس جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە چۆن سەرمایەداریی جیهان دەباتە ناو تۆڕێكی هاوبەشی بەجیهانیبوون و بازاڕی هاوبەشەوە و هاوكات لەگەڵیدا، ئاسەوارە كوشندە و خراپەكانیشی بەجیهانیی دەكات. ڕەنگە ئیتر پەتای كۆرۆناڤایرۆس، دیارترین ئەم نموونەیەى بەجیهانیبوونی سەرمایەداریی بێت كە ئێستا دەستوپەنجەى لەگەڵدا نەرم دەكەین. دابەشبوونی زیاتری چینایەتیی، جەمسەربەندیی زیاتری سەرمایە و هێزە ئیمپریالیستەكان، سەپاندنی یاساكانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانكی جیهانیی، سەپاندنی دەسەڵاتی سەرمایە بەسەر كۆی دانیشتوانی سەر زەویدا، سەرهەڵدانی جەماوەری گەورەی كەلاوەنشینەكان، هەژارتربوونی زیاتری خەڵك و پرۆلیتاریزەبوونی چینی ناوەڕاست، هیچ كات هێندەى ئەمڕۆ نابینرێت، بەڕادەیەك كە سەدەى بیست وەك سەدەى دوو بلۆك دەناسرایەوە، هەرگیز ئەم هێز و دابەشكارییەى بەخۆیەوە نەبینیبوو. هەموو ئەمانە و زیاتریش، ئەو شتانەن ماركس لە سەدەى 19دا بە وردیی باسیكردوون. بەڵام هاوكات بۆ بۆرژوازیی، ماركس وەك دەرمانخانەیەك وایە بەدوای حەب و عیلاجی نەخۆشییەكانی خۆیاندا دەگەڕێن. لەبەرئەوەشە لە هەموو ئەو كتێب و كۆنفرانسە گەورانەى لەسەر ماركس ئەنجامی دەدەن، هەوڵدەدەن ماركس لە واقیع و ئایدیا ڕاستەقینەكانی دووربخەنەوە و جلێكی وەهای بە باڵادا بدوورن كە ئێجگار دوورە لەو مەبەستەى لە پشتی نووسینەكانییەوە هەیە.

لە زمانی كوردییدا، تازەترین نموونە بۆ ئەم مەبەستە كتێبی "ماركس وەكو فەیلەسووف"ی دكتۆر محەمەد كەمالە، كە دەكرێت بە جورئەتەوە بڵێین ئەم كتێبە پەیوەندیی بە هەموو شتێكەوە هەیە بە ماركسەوە نەبێت. زۆر بە ئاسانیی دەكرێت ناوی ماركس لەناو دێڕەكاندا لابەریت و ناوی هایدیگەر بنووسێت، دەقەكە دەبێتە كتێبێك دەربارەى هایدیگەر. هەر كەسێك شارەزای فەلسەفەى هایدیگەر بێت بە باشیی، دەتوانێت ئەم تاقیكردنەوەیە ئەنجام بدات و داوا لە یەكێك بكات كتێبەكەى بۆ بخوێنێتەوە، بەڵام لەبری ناوی ماركس، ناوی هایدیگەری بۆ لەفز بكات. بیانووی محەمەد كەمال ئەوەیە كە ماركس فەلسەفییانە دەخوێنێتەوە، بەڵام بێ هیچ گومانێك، ئەم خوێندنەوە فەلسەفییەش ئێجگار دوورە لە ماركسەوە. ئێوە لەم كتێبەدا ماركسێكی ناسك، میزاجیی، خێرخواز، ئەخلاقیی (ئەگەرچی كتێبەكە دەیەوێت ماركس وەك مولحید زەق بكاتەوە، بەڵام كۆی ئەو ئەخلاقەى دەیداتە پاڵ ماركس، ئەخلاقێكی ئایینیی زوهدانییە)، بەكورتیی، ماركس وەك عارفێك لە نەریتی عارفانی مەسیحیی و ئیسلامیی سەدەكانی ناوەڕاستدا دەبینن. ماركسێك لەم كتێبەدا نابینن كە هاوشانی بزووتنەوەى جەماوەریی و كرێكاریی، هاوار بەرز دەكاتەوە و دەڵێت دەبێت جیهانی كۆن هەڵبووەشێتەوە و جیهانێكی نوێ دابمەزرێنرێت كە حەقی ئینسانەكانی بدات. ماركسی ناو ئەم كتێبە گەشتیارێكی عەفەوییە كە بە ئارەزووی خۆی، حەزی لەكوێ بوو بۆی بڕوات و بۆ نموونە كاتێك باسی ماركس دەكات كە ڕوودەكاتە پاریس، وەك ئەوە وایە ماركس بە حەزی خۆی و خۆشی خۆی ڕۆیشتووە تا سوود لە دیمەن و فیكر و فەلسەفەى فەڕەنسیی وەربگرێت بەڵام لە هیچ شوێنێكدا زەبر و زۆری و فشاریی دەوڵەتی پروسیا باسناكرێت كە وا لەماركس دەكات نەك گەشت، بەڵكو بەرەو پاریس ڕابكات. لەگەڵ ئەوەشدا، لێرە و لەوێ نووسەری ئەم كتێبە هەوڵدەدات ماركس، هەڵبەت تەنها لە بیركردنەوە و فەلسەفەدا، وەك كەسێكی ڕادیكاڵ پیشان بدات. بەڵام ماركس خۆی ئاماژەى بەوە كردووە كە ڕادیكاڵیزم لە ئەڵمانیا، بەهۆی دواكەوتوویی ئابووریی، سیاسیی و كۆمەڵایەتییەوە، توانی تەنها خۆى لە فەلسەفەدا دەربخات. جۆرێك لە ناچالاكیی ڕادیكاڵیزم، كە بیر لە هەموو شتێك دەكاتەوە واقیع نەبێت. بەپێچەوانەى فەڕەنسا و بریتانیا، ڕادیكاڵیزم هاوشانی گەشەى فیكر، لەناو واقیعی كۆمەڵایەتییدا ڕەنگی دابووەوە. ئەم ڕادیكاڵیزمەى محەمەد كەمال دەیداتە پاڵ ماركس، هەمان ئەو ڕادیكاڵیزمەیە كە ماركس بەدرێژایی ژیانی خۆی ڕەخنەى لێگرتووە و توند پەلاماری داوە. لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە كە ماركس وەك فەیلەسوفێكی میتافیزیكیی ببینیت، و چەمكی كار، نامۆبوون، سەرمایە، سامان، و بەكورتیی، كۆی ژێرخان و سەرخان، وەك شتێكی موتڵەقەن میتافیزكیی سەیر بكەیت، ئەمە پێموایە نەك بۆ ئەوانەى ماركس دەناسن، بەڵكو بۆ ئەوانەش جێگای ئەبڵەقبوون و سەرسوڕمانێكی لەڕادەبەدەرە، كە هیچ شارەزاییەكیان لەسەر ماركس نییە یاخود ماركس لە یەكەم نیگادا ڕەتدەكەنەوە. نووسەر دەڵێت: "[ماركس] سیستەمێكی نوێی میتافیزیك، كە بایەخ بە بوونی سەربەخۆى بابەتی بیركردنەوە دەدات، دابمەزرێنێت" (ل39). لە شوێنێكی دیكەدا دەڵێت: "ئەو وەك بیریارێكی ماتریالیست، (ماتەر) بە بنەمایەكی مێتافیزیكی دادەنێت" (ل100) و هەروەها دەڵێت: "بوونی مرۆڤ ئەو ناوەندەیە كە ئەم دوو لایەنەى فەلسەفەى ماركس پێكەوە دەبەستێتەوە و یەكێتی لە نێوان بۆچوونە مێتافیزیكییەكەى و ڕاڤەكردنی بۆ مێژوو دروستدەكات" (ل101). هەروەها: "هەڵبەت ماركس دژی مێتافیزیكی فیۆرباخ نییە" (ل102) و هتد. لە شوێنێكی دیكەدا نووسەر دەڵێت: "لەو كاتەدا ماركس خۆی بە كۆمۆنیست دانەناوە و دەتوانین بڵێین لەو بزووتنەوەیە بەگومان بووە"(ل112). پێمباشە سەرەتا ئەم پرسیارە بكەم، لەكوێدا ماركس لە بزووتنەوەى كۆمۆنیستیی بەگومان بووە؟ چۆن؟ هەروەها كام بزووتنەوەى كۆمۆنیستیی؟ لەم نووسراوەیەدا لەسەر زۆرێك لەم پرسانە دەوەستم.

 

یەك: میتۆدۆلۆژیی كتێبەكە و ماركسیزمی خۆرئاوایی

نووسەری ئەم كتێبە لە سەرەتای دەقەكەدا بانگەشەى ئەوە دەكات كە: "میتۆدی ڕاڤەكردنەكەم، بەو شێوەیەى لە ژیان و نووسراوەكانمدا بەكارم هێناوە، فینۆمینۆلۆجییانەیە و ڕاستەوخۆ كار لەسەر بیرۆكەكانی ماركس دەكەم. تێگەیشتنم بە هیچ پێشبیر و پێشبڕیارێكەوە سنووردار ناكەم"(ل27-28). سەرەڕای ئەوەى ئەم بانگەشەیە دروست نییە، چونكە هەر خۆی دەڵێت میتۆدی فینۆمینۆلۆژیی بەكاردەهێنێت، كەواتە ڕاستەوخۆ كار لەسەر ماركس ناكات و لەگۆشەنیگای فیكر و بیروبۆچوون و ڕێبازێكی دیكەى فەلسەفییەوە ئەم كارە دەكات، هاوكات پشت بە بیروبۆچوونی زۆر نووسەر دەبەستێت. هەر خودی هەڵبژاردنی میتۆدی فینۆمینۆلۆژیی بۆ خوێندنەوەى ماركس، خۆى پێشبڕیار و پێشبیرە، چونكە وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، ئەوانەى شارەزای فەلسەفەى بوونگەرایی، یاخود بەدیاریكراوی مارتین هایدیگەر بن، بە ئاسانیی چەمك و ڕێباز و میتۆدی ئەم فەیلەسوفە كۆنزەرڤاتیڤە لە خوێندنەوەى ماركسدا دەبیننەوە و بۆیان دەردەكەوێت كە ئەم كتێبە لە بنچینەدا دەربارەى فەلسەفەى بوونگەراییە نەك ماركس. كاتێك خوێنەر ئەم ڕستەیەی كتێبەكە دەخوێنێتەوە: "مرۆڤ سنووردارە و بوونێكی بڕاوە و ناتەواوی هەیە. لەڕووی هۆشەكی و جەستەییەوە بەردەوام پێویستی بە بابەتەكانە و بۆ پڕكردنەوە و سنووربەزێنی ڕوویان تێ دەكات و دەیانخاتە سەر بوونی" (ل48) ئەوا وادەزانێت نووسەری كتێبەكە باسی "دازاین"یان بۆ دەكات كە پڕۆژەى بوونی خۆی دروست دەكات. سەرەتا پێم باشە جیاوازیی لەنێوان میتۆدی فینۆمینۆلۆژیی و میتۆدی ماركسیستییدا بكەم، تا خوێنەر كە ئەم كتێبەى خوێندەوە بۆی دەربكەوێت، ئەو میتۆدەى كتێبەكەى پێنووسراوە فینۆمینۆلۆژیانەیە و پاشان باس لە ئامادەیی ڕەوتێكی دیكەیش دەكەم كە سێبەری بەسەر نووسینی ئەم كتێبەدا كردووە: ڕەوتی ماركسیزمی خۆرئاوایی. ئەم ڕەوتە چییە و ئامانجی چییە و لەكوێوە هاتووە؟ ئەمانە لەم بەشەدا وەڵام دەدرێنەوە و خوێنەر بۆی دەردەكەوێت بانگەشەكەى نووسەری ئەم كتێبە، بەوەدا كە ڕاستەوخۆ كار لەسەر ماركس دەكات، بانگەشەیەكی نادروستە.

لە بنەڕەتدا سەرهەڵدانی فینۆمینۆلۆژیی، زیندووكردنەوەى سەبژێكتیڤیزمی ئایدیالیستیی فەلسەفەى كلاسیكی ئەڵمانییە. سەرهەڵدانی ماركسیزمیش، هێرشكردنە سەر ئەم سەبژێكتیڤیزمە پاسیڤ و ناچالاكەیە كە جگە لەوەى بوونی كۆمەڵایەتیی هیچ شوێنێكی تێدا نابێتەوە، لە هەمانكاتدا، كۆی مێژووی مرۆڤ كورتدەكاتەوە بۆ پرسێكی خەیاڵیی و ئایدیالیستیی. بەڵام كاتێك تیۆری ماركسیستی لای هەندێك لە بیرمەندانی ماركسیست ئاوێتەى فینۆمینۆلۆژیی دەكرێت، بەتایبەت لای ماركسیستە خۆرئاواییەكان، ڕیڤزیۆنیستەكان یاخود هیومانیزمی ماركسیزم، هێشتا بە مانای وەرگرتن و قبوڵكردنی جەوهەری فینۆمینۆلۆژیی نایەت. بەشێك لەو بیرمەندانە ناو لەم ڕەوتە دەنێن: فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستیی. ئەگەرچی فینۆمینۆلۆژیی هەوڵ بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی سەبژێكت/ئۆبژێكت (بكەر/بابەت یاخود زەین/بابەت) وەك پەیوەندییەكی جەوهەریی دەدات، بەڵام بەشێوەیەكی جەوهەریی، سەبژێكت بەسەر ئۆبژێكتدا باڵادەست دەكات و ئەمەش بەڕوونیی لە كتێبەكەی محەمەد كەمالدا تا كۆتایی دەبینرێت. لێرەدا سەبژێكت دۆخی باڵادەست، موتڵەق و دەكرێت بڵێین ستەمكار وەردەگرێت. هەموو شتێك كورتدەكرێتەوە بۆ سەبژێكتێكی ڕووت و ناچالاك، كە دیار نییە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیی، مێژوویی، سیاسیی، ئابووریی و كولتوورییەكانی چین، لەكوێوە دێن و چۆن دروست دەبن. لەم ڕووەوە میتۆدۆلۆژیی فینۆمینۆلۆژیانە جەخت لەسەر دروستبوونی "جیهان" یاخود "ژیان" واتا ئەویدیكەبوونێكی "ئیگۆ" وەك بەرپرسیارێتییەكی حەتمیی "ئیگۆ-چالاكیی" دەكاتەوە. فینۆمینۆلۆژیی هەر لەسەرەتاوە دەیەوێت ببێتە نەریتێكی فیشتەیی: پەیوەندیی سەبژێكت/ئۆبژێكت پەیوەندییەكە لەلایەن سەبژێكتەوە بونیاد دەنرێت بەبێ كاریگەرییە دەرەكییەكان: واتا هەموو شتێك لێرەیە بۆ سەبژێكتی تاكەكەس و ئۆبژێكت وەك هەبوویەكی پاسیڤ و ناچالاك لەلایەن سەبژێكتەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت. دەكرێت ئەمە لە تیۆری نامۆبووندا لای ماركس ببینینەوە: تێكدانی پەیوەندییە میتابۆلۆییەكان بەهۆى باڵادەستبوونی سەبژێكت (لێرەدا سەرمایەدار) بەسەر سروشتدا، تێكدانی ژینگە و سروشتە. بە پێچەوانەوە، ماركسیزم ڕوودەكاتە ڕەخنە لە سەبژێكتیڤیتە نەك بەتەنها وەك ڕەخنەیەك لە ئیگۆ یاخود وشیاریی وەك هەڵگرێكی ئۆبژێكتیڤیتە، بەڵكو وەك ئەۆگومێنتێك دژی بونیاد، یاخود پێدانی بونیادێكی موتڵەق بە سەبژێكتیڤیتە. جیهان یاخود ژیان لەلایەن چالاكیی ڕووتی وشیاریی (سەبژێكتیڤیتە)ـەوە دروست نابێت، بەڵكو وشیاریی خۆیشی دەچێتە ژێر كاریگەریی ژیان یاخود جیهانەوە. لە لای ماركس و لە ماركسیزمیشدا ئیگۆ خۆی بەرهەمێكە نەك بكەرێكی سەربەخۆ؛ یاخود ئیگۆ خۆی دروستكراوە. لێرەشدا یەك دونیا كاریگەریی دەرەكیی هەن لەسەر دروستبوونی ئەم ئیگۆ، یان "سەبژێكت"ـە. جیهان بەرهەمی سەبژێكت نییە، بەڵكو سەبژێكت خۆى بەرهەمی جیهان و ڕەوتی گۆڕاوی جیهان و جوڵەى مێژووە. دیارە بەهیچ شێوەیەك فیكری ماركس ئۆبژێكتیڤی ڕووت نییە. دیارە مێژووش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و هێڵیی گەشە ناكات، پچڕ پچڕە، دەوەستێت، عەرقەلەى بۆ دروست دەبێت. سەركەوتن و دۆڕان ڕوودەدات، و ئاسەوار و ئاكامەكانی ئەم ڕەوتانەش كاریگەریی لەسەر ئیدراك و دروستبوونی سەبژێكت دادەنێن و شكڵ و شێوەى سەبژێكت دەخوڵقێنن و فۆرمێكی دیكەى پێدەدەن كە لە قۆناغی پێش خۆی ناچێت.

ئەو میتۆدۆلۆژییە فینۆمینۆلۆژییەى نووسەر لە كتێبەكەیدا گرتوویەتییە بەر و دەیداتە پاڵ ماركس پێیوایە لە مێژوودا تاكە سەبژێكت (واتا هەمان ئەو هێزە بەرهەمهێنەرانەى بەردەوام گەشە دەكەن) بوونی هەیە كە لەسەرتاپای ئەو مێژووەدا پەرەدەستێنێت و بونیادە سیاسییە جۆراوجۆرەكان دروست دەكات. ئەم دیدگایە بە قوڵی دیدگایەكی میتافیزیكییە و پەیوەندیی بە ماركسەوە نییە. ئەگەرچی محەمەد كەمال بەردەوام دەڵێت ئەو ماتریالیزمەى ماركس بونیادی ناوە ماتریالیزمێكی نوێیە و جیاوازە لە ماتریالیزمی كۆن یاخود كلاسیك، بەڵام لەڕاستیدا ماتریالیزمی ماركس لە كتێبەكەى محەمەد كەمالدا، هەمان ئایدیالیزمی ئەڵمانییە نەك شتێكی دیكە. ماتریالیزم لای ماركس واتا دەستپێكردن لە بوونی واقیعی و ڕاستەقینەى مرۆڤەكان و نەك لە ئایدیالێكی ناڕوون و وەهمئاساوە. ئێمەى مرۆڤەكان لە قۆناغی یەكەمدا وەك جۆرە بوونەوەرانێكی جەستەیی، ماددی و چالاك سەیر دەكرێین. هەرشتێكی دیكە بین، یان دەتوانین ببین، دەبێت هەر لەم حەقیقەتە بنچینەییەوە وەربگیرێت و دەرك بكرێت. ماركس لە جوڵەیەكی ئازایانە و داهێنەرانەدا، لەبری ئینسانی پاسیڤی ماتریالیزمی چینی ناوەڕاست (كورتكردنەوەى ئینسان بۆ سەبژێكتێكی ڕووت بە چەمكی ماتریالیستییەوە، وەك لە كتێبەكەى محەمەد كەمالدا دەبینرێت)، سەبژێكتێكی ئەكتیڤ و چالاكی بونیادنا كە ڕۆڵی خۆی لەنێو پراكسیسی كۆمەڵایەتییدا دەگێڕێت، هەڵبەت بەبێ دابڕان لە بكەرانی چالاكی دیكە. هەر فەلسەفەیەك دەبوو لەم پێشەكییە لۆژیكییەوە دەستپێبكات، كە پیاوان و ژنان، بەدەر لە كۆى سیفەتەكانیان، بەر لە هەرشتێك كۆمەڵە بكەرێكن بەیەكەوە [یان سوبێكتی ئەكتیڤن]. مرۆڤەكان ئەو گیانەوەرانەن كە لەپرۆسەى گۆڕانی ژینگەى ماتریالیی دەوروبەری خۆیاندا، خودی خۆیشیان دەگۆڕن. ئەوان مۆركگەلێكی نائازاد نین لەبەردەستی مێژوو یان ماتریال یاخود ڕۆحدا، بەڵكو بوونەوەرگەلی ئازاد و چالاكن كە دەتوانن مێژووی خۆیان بە دەستەكانی خۆیان دروست بكەن. ئەمە واتا نوسخەى ماركسیستیی بۆ ماتریالیزم نوسخەیەكی دیموكراتییە، ئەویش بەپێچەوانەى نوخبەگەرایی بیرمەندانی سەردەمی ڕۆشنگەریی. تەنها لەڕێگای چالاكیی دەستەجەمعی و پراكتیكیی زۆرینەى خەڵكەوەیە كە لەڕاستیدا دەكرێت ئایدیا باڵادەستەكان بەسەر ژیانی ئێمەدا بگۆڕدرێن. لەبەر ئەوەى ئەم ئایدیایانە ڕەگ و ڕیشەیان لەنێو قوڵایی ڕەفتارە كردەكییەكانی ئێمەدا داكوتاوە. لەم ڕوانگەیەوە ماركس زیاتر لەوەى فەیلەسوف بێت (وەك محەمەد كەمال، هەڵبەت لەمەدا تەنها نییە، دەیەوێت بیخاتەڕوو)، دژە فەیلەسوف بوو. لەڕاستیدا، ئاتین بالیبار گوتوویەتی "لەوانەیە... ئەو گەورەترین دژە فەیلەسوفی سەردەمی مۆدێرن" بێت(بالیبار، 1995، 2). وەك لەسەرەوە باسمكرد، بەو مانایە نایەت ماركس یاخود ماركسیزم لە دەرەوەى فینۆمینۆلۆژیا بن، بەڵام ئەوان ڕەوتێكی دیكەیان بە فینۆمینۆلۆژیا بەخشیوە و لە ئایدیالیزم، سەبژێكتیڤیزمی بۆرژوازیی (لای هایدیگەر، هوسەرڵ) دایانبڕیوە. ماركس و ماركسیستەكانیش سەیری دیاردەكان دەكەن، بەڵام ڕووبەڕ، ڕووخسار، شەقام، بزووتنەوەی جەماوەریی و بەكورتیی سەبژێكتە زیندووەكان لەگۆشەنیگای گەشەى ئۆبژێكتەكانەوە دەخوێننەوە.

خاڵێكی دیكە لێرەدا دەمەوێت ئاماژەى پێبكەم، ماركسیزمی خۆرئاواییە، چونكە لێرەشدا دەبێت ئەو بۆچوونەى محەمەد كەمال ڕەتبكەینەوە، كە بانگەشەى ئەوە دەكات بەگوێرەى میتۆدۆلۆژییەكەى خۆی ڕاستەوخۆ كار لەسەر ماركس دەكات و ناگەڕێتەوە بۆ هیچ پێشبڕیار و تێگەیشتنێكی لەپێشینە. بەڵام خاڵێكی هاوبەش لەنێوان ماركسیستە خۆرئاواییەكان و نووسراوەكەى محەمەد كەمالدا هەیە: گەڕانەوە بۆ ماركسی سەرەتا و داماڵینی لە ڕادیكاڵیزمی سیاسیی و كردنی بە فەیلەسوفێك لە نەریتی كانت، فیشتە، هێگڵ و ئەوانیدیكە. سەرەتا دەمەوێت ماركسیزمی خۆرئاوایی بناسێنم و ئامانجی ئەم ڕەوتە چییە و بۆ سەریهەڵداوە.

ماركسیزمی خۆرئاوایی، ڕەوتێكی تیۆریی ماركسیستییە لە ئەوروپای خۆرئاوا و ناوەندییەوە وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر بە شۆڕشی ئۆكتۆبەری 1917 لە ڕووسیا سەریهەڵدا و ئەم ڕەوتە هەوڵیدەدا ماركس و ماركسیزم لە دەستی لینین، ترۆتسكی و بەلشەڤییەكان دەربهێنێت و بیگێڕێتەوە بۆ خۆرئاوا. هەڵبەت نەك بۆ نێو شەقامی سیاسیی، بزووتنەوەى كرێكاریی و ڕەوتە كۆمۆنیستییەكان، بەڵكو بۆ نێو ئەكادیمیا. ئامانجی ئەو نەریتە، ئەوەیە ماركس وەك فەیلەسوفێكی ناو بازنە ئەكادیمییەكان ببینێت، واتا ماركسی ناسیاسیی لەدژی ماركسی سیاسیی و شۆڕشگێڕ. بەكورتیی، فیكری ماركس لە شەقام و لە پەیوەندییدا بە چینی كرێكارەوە كۆچ دەكات بەرەو هۆڵە ڕازاوەكانی زانكۆكان و پڕۆفیسۆرە خاوەن ئیمتیازەكان دەستدەكەن بە گوتنەوەى وانەى ماركس.

وەك ڕەسڵ یاكوبیی ئاماژەى پێدەكات، ماركسیزمی خۆرئاوایی بریتییە لە مەیلێكی تیۆری ماركسیستیی كە لە ئەوروپای ناوەند و خۆرئاوا لەدوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر لە 1917 و بڵاوبوونەوەى لینینیزمەوە سەریهەڵداوە. ئەم زاراوەیەش لەلایەن كۆمەڵە تیۆریزەكەرێكی جیاوازەوە بەكارهێنراوە كە دەستیانكردبوو بە شیكردنەوەى ماركسیزمێكی دوور لەو ماركسیزمەى لە یەكێتیی سۆڤێتدا هەبوو. بەكورتیی، یاكوبیی دەیەوێت ماركسیزمی خۆرئاوایی لەم وشانەدا پوخت بكاتەوە: "ماركسیستە خۆرئاواییەكان زیاتر ڕەهەندە سۆسیۆلۆژیی و فەلسەفییەكانی ماركسیزمیان گرتە بەر و سەرچاوەكانی لە فەلسەفەى گیۆرگ ڤیلهێلم فریدریش هێگڵدا (لەبەرئەوەش هەندێكجار پێیدەگوترێت ماركسیزمی هێگڵیی) و هەروەها ناوی "ماركسی لاو"یشیان لێناوە"(یاكوبی، ل581).

لەڕاستیدا، چەمكی "ماركسیزمی خۆرئاوایی" دابڕینی ماركسە لە سیاسەتی شۆڕشگێڕیی یاخود ئایدیا شۆڕشگێڕییەكان. ئەوان لەژێر ناوی دژایەتیكردنی ئەوەى پێیدەگوترێت تۆتالیتاریزمی كۆمۆنیستیی، دەیانەویست (بەقسەى خۆیان) ماركس لە ڕژێمە دیكتاتۆرەكان ڕزگار بكەن، بەڵام لەم هەوڵەیاندا بەرگی بیرۆكە فەلسەفییەكانیان لەبەر ماركس كرد و پاشان كردیانە پیرەئایدیالیستێك لەنێو نەریتی كانت و هێگڵ و ئەوانیدیكەدا. خاڵی سەرەكیی سیاسیی لای ماركسیستە خۆرئاواییەكان ستالینیزم بوو، بەتایبەت لە فۆرمی پارتە كۆمۆنیستییە جەماوەرییەكانی فەڕەنسا و ئیتاڵیادا. ئەوان ستالینیزمیان یەكسان دەكرد بە بیری سۆسیالیستیی و لەژێر ئەم ناوەدا، دەیانویست ماركس ڕزگار بكەن. دیارترین هەوڵ و شۆڕشگێڕانەترین ئاراستە دژی ڕەوتی "ماركسیزمی خۆرئاوایی" بێگومان كتێبە بەنرخ و بەناوبانگەكەى پێری ئەندرسنە كە لەسەرەوە ئاماژەم پێكرد. ئەندرس دەڵێت: "نیشانە و ڕەمزی شاراوەى ماركسیزمی خۆرئاوایی وەك گشتێك، ئەوەیە كە لە شكستـەوە سەرچاوەى گرتووە. شكستی شۆڕشی سۆسیالیستیی لە بڵاوبوونەوەیدا لە دەرەوەى ڕووسیا، هۆكار و دەرەنجامەكانی داوەشانەكەى لەناوەوەى ڕووسیادا، زەمینەیەكی هاوبەشی سەرجەمی نەریتی تیۆریی ئەم قۆناغەیە. بەرهەمە سەرەكییەكانی، بەبێ ئاوارتە و بواردن، لە هەلومەرجەكانی گۆشەگیریی سیاسییدا بەرهەمهاتن"(ئەندرسن، 1976، ل42). 

ئەندرسن، بەكورتیی، باس لەوە دەكات كە ماركسیزمی خۆرئاوایی هاوكات گۆڕینی دەسەڵاتی جیۆگرافیی بیری ماركسیستیی بوو لە ئەوروپای خۆرهەڵات و ناوەندەوە بەرەو ئەوروپای خۆرئاوا. پاشان ئەم شوێنگۆڕكێیە سەری كێشا بۆ گۆڕینی ئاراستە لە "ئابووریی و سیاسەتەوە بەرەو فەلسەفە" و فۆرمێكی "زمانەوانیی تەواو ناڕوون و ئاڵۆز"ی بەخۆیەوە گرت(ل42). بەكورتیی، دوو دەكرێت بە دوو خەسڵەتی زۆر سەرەكیی، ماركسیزمی خۆرئاوایی بناسینەوە: یەك، بەكارهێنانی ماركس دژی شۆڕشی ئۆكتۆبەر و یەكێتیی سۆڤێت، و دوو، بە فەلسەفییكردنی ماركس و دوورخستنەوەى لە شەقام و بزووتنەوەى كرێكاریی و سەرجەمی واقیعی كۆمەڵایەتیی و بردنی بۆ ناو ئەكادیمیا و لەبری بەكارهێنانی زمانێكی ڕوون و ڕاشكاو، كە ماركسی پێدەناسرێتەوە، زمانێكی ناڕوون و ئەبستراكتی فەلسەفییان پێبەخشی، كە 180 پلە دوورە لە نەریت و ستایل و دەربڕینی ماركسەوە (پێشڕەو، 2020، ل32-33). خوێنەر زۆر بە ئاسانیی لە كاتی خوێندنەوەى كتێبەكەى محەمەد كەمالدا هەست بەم سەرلێتێكچوون و ئاڵۆزیی و گەمە زمانەوانییە دەكات و تووشی سەرلێشێوان دەبێت. خۆم لە كاتی خوێندنەوەى ئەم كتێبەدا زۆربەى كات لە ڕەوتی نووسینەكە دادەبڕام و نەمدەتوانی شتەكان بەیەكەوە ببەستمەوە. ئەمەش خەسڵەتی هاوبەشی ماركسیزمی خۆرئاوایی و ئەم نووسراوەیەى محەمەد كەمالە.

سەرەڕای دژایەتیكردنی یەكێتیی سۆڤێت، وەك نووسەر لە كتێبەكەیدا بانگەشەى ئەوە دەكات كە لێكدانەوەى ئەو دوورە لەوەى خۆی پێیدەڵێت "بیریارانی سۆڤییەت"، و بەوەدا وەسفیان دەكات كە هەموو شتێك بۆ ئابووریی كورت دەكەنەوە و دەڵێت: "ماركسیستەكانی یەكێتیی سۆڤییەت ئەم ڕاستییەیان فەرامۆش كردووە و لە ڕاڤەكردنەكەیاندا بۆ فەلسەفەى ماركس جەختیان لەسەر (ناچارەكیی ئابووری) و بەسەنتەركردنی هۆكارە ئابوورییەكان كردووەتەوە" (ل186)، ئەوا خاڵێكی دیكەى هاوبەشیش هەیە، كە هەم كتێبەكەى محەمەد كەمال و هەم ماركسیستە خۆرئاواییەكان تەنها پشت بە دەقە سەرەتاییەكانی ماركس دەبەستن و كۆی نووسراوەكانی دواتری ماركس فەرامۆش دەكەن. بەڵام كاتێكیش دەگەڕێنەوە سەر كتێبەكانی: "مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست"، "سەرمایە"، "گروندریسە"، "تیۆرەكانی زیادەبەها"، "دەروازەیەك بۆ ڕەخنەى ئابووریی سیاسیی"، "كاری كرێگرتە و سەرمایە" و هتد، بە عەینەكی ماركسی سەرەتاوە دەیخوێننەوە. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نایەت، ماركسی لاو، ماركسێكی شۆڕشگێڕ نەبووبێت، بەڵكو فەیلەسوفێك بووبێت لە نێو نەریتی ئایدیالیزمدا، بەڵكو لەو قۆناغەشدا ماركس شۆڕشگێڕە و فەلسەفەش وەك چەكێكی فیكریی شۆڕشی پرۆلیتاریی دەبینێت. تەنانەت نووسەری ئەم كتێبە لەوەش تێپەڕدەكات و سەرمایەداریی وەك سیستەمێكی ڕووتی سیاسیی دەبینێت كە پەیوەندیی بە ئابوورییەوە نییە: "بۆ ئەو [مەبەست ماركسە]، تێگەیشتن لە ئابووریی سەرمایەداری ناوەڕۆكی سیستەمە ڕامیارییەكە بە ئێمە دەناسێنێت" (ل18). لێرەدا وادەردەكەوێت ئابووریی سەرخان بێت و سیاسەت ژێرخان. واتا هەڵگەڕاندنەوەى هاوكێشەیەك، كە ئابووریناسانی لیبراڵیش شتێكی وەهایان نەگوتووە.

محەمەد كەمال بیریارانی سۆڤێتیی بە ئیكۆنۆمیست تۆمەتبار دەكات، هەڵبەت بەبێ ئەوەى ناوی بیریاران بهێنێت، بەڵام دیارترین ڕابەرانی شۆڕشی ئۆكتۆبەر لینین و ترۆتسكی بوون، كە ڕاڤە و لێكدانەوەیان تەواو ئەم بۆچوونانەى نووسەری كتێبی ماركس وەك فەیلەسوف ڕەتدەكەنەوە. بۆ نموونە لیۆن ترۆتسكی بەڕاشكاوی ئیكۆنۆمیزمی نادیالەكتیكیی ڕەتكردۆتەوە – واتا مەیلێك كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و یەكئاراستە،  هەموو ناكۆكییە كۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەكان بۆ نێو ژێرخانێكی ئابووریی دادەبەزێنێت – كە یەكێك بوو لە تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی تەفسیری ماتریالیستیی عەوامانەى پلیخانۆڤ بۆ ماركسیزم (هەمان ئەو ماتریالیزمەى محەمەد كەمال بە ماتریالیزمی نوێی دەزانێت). لەڕاستیدا، دابڕانی ترۆتسكی لە ئیكۆنۆمیزم یەكێك بوو لە هەنگاوە یەكاڵاكەرەوە و قەتعییەكان بەرەو تیۆری شۆڕشی بەردەوام. پەرەگرافێكی بنچینەیی ناو نامیلكەى دەرەنجامەكان و ئاسۆكان بەدیقەت و وردبینییەوە مێخ و ستوونە سیاسییەكانی نێو ئەم دابڕانە شیدەكاتەوە: "وێناكردنی ئەوەى دیكتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیك سەر بە گەشەى تەكنیكیی و سەرچاوەكانی وڵاتێكە، بریتییە لە پێشبڕیارێكی ماتریالیزمی "ئیكۆنۆمیانە" كە بەشێوەیەكی ساویلكانە پووچ و بێمانایە. ئەم گۆشەنیگایە هیچ پەیوەندییەكی بەماركسیزمەوە نییە" (ترۆتسكی، 1962، ل195). هەروەها تەواو ناسراو و بەناوبانگە، كە لینین هێندەى گرنگیی بە فەلسەفە و دیالەكتیك داوە، هیچ هێندە گرنگیی بە ئابووریی نەداوە و تەنانەت ڕەخنەى توند لە پلیخانۆڤ دەگرێت و بە داروینیست-ئیكۆنۆمیست تۆمەتباری دەكات. لینین هەمیشە كاوتسكی، واتا ئەوەى پێیدەگوترا باوكی ماركسیزم، بە حەتمیگەرایەك تۆمەتبار دەكات كە بە توندی قاچی لە تەڵەى ئیكۆنۆمیزمی میكانیكیی چەقیوە. ئەمەشی بە هۆكاری كەوتنە داوی جەنگی یەكەمی جیهانیی دەزانی. هەروەها محەمەد كەمال هەمان بۆچوونی حەتمیگەرای پلیخانۆڤ دووبارە دەكاتەوە كاتێك پێیوایە ماركس دژی فۆیەرباخ نەبووە پلیخانۆڤ، دەیتوانی ئەم دێڕە سەرسوڕهێنەرانە بنووسێت: "لە تێزەكانی ماركسدا دەربارەى فۆیەرباخ ... هیچ یەكێك لە ئایدیا بنچینەییەكانی فەلسەفەى فۆیەرباخ ڕەتنەكراونەتەوە؛ تەنها چاككراون و دەستكاریكراون ... ڕوانگە ماتریالیستییەكانی ماركس و ئەنگڵس لەنێو ئەو ئاراستەیەدا دروست ببوون و سەریان هەڵدابوو كە لۆژیكی ناوەكیی فەلسەفەى فۆیەرباخ ڕێگای پێدەدا" (پلیخانۆڤ، ل.31-32). محەمەد كەمال كاتێك بانگەشە بۆ كۆمەڵێك بۆچوون دەكات بەبێ ئەوەى بەهیچ جۆرێك بە بەڵگەى زانستیی پشتڕاستی بكاتەوە و تەنها لە فۆرم و شێوەى پروپاگەندە و بانگەشەدا دەیهێڵێتەوە. واتا، كاتێك دەڵێت بیریارانی سۆڤێتیی ئیكۆنۆمیستن، ئاماژە بەهیچ سەرچاوە و بۆچوونێكی ئەوان ناكات.

 

دوو: هەڵەى وەرگێڕان و ڕووتكردنەوەى ماركس

ئایا دەبێت وەك هەر كەسێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ وەرگێڕانی تێكستەكانی ماركسدا بكەین؟ یاخود دەتوانین مادام كتێبێكی ماركسمان وەرنەگێڕاوە، بەڵكو كتێبێكمان دەربارەى ئەو نووسیوە، چۆنمان بوێت ئاوا دەق و نووسراوەكانی وەربگێڕین؟ بێگومان نەخێر. هەر كەسێك بە هەڵە لە ڕستەیەكی بیریارێك تێگەیشت، بێگومان بەهەڵەش تەفسیری دەكات. ئەمەش زیاتر لە هەر بیرمەندێكی دیكە، بۆ ماركس ڕاستە، چونكە ئەگەر فەیلەسوفانی دیكە هیچ كاركرد و ڕۆڵێكی كۆمەڵایەتیی، سیاسیی و كاركردی كۆمەڵایەتییان لە كۆمەڵگادا نەبووبێت، بێگومان ماركس پێچەوانەیە. هەڵەكردن لە گواستنەوەى ئیقتباسێكی ماركس، بێ هیچ ئەملاوئەولایەك، دەبێتە هۆى لێكدانەوەى هەڵە بۆ فیكرەكانی ئەو و هەروەها سەر لە خوێنەریش تێكدەدات. كتێبەكەى د. محەمەد كەمال، پڕیەتی لە هەڵەى وەرگێڕان، كە بواری ئەوەم نییە سەرجەمیان دەستنیشان بكەم و ڕاستیان بكەمەوە، بەڵكو تەنها بە چەند بڕگە و ڕستەیەك وازدەهێنم. ئەم هەڵانەش وایكردووە لە چەند شوێنێكدا، سەرەڕای ئایدیۆلۆژیای بوونگەرایی و فینۆمینۆلۆژییە ئەبستراكتەكەى، تەفسیری هەڵە بۆ ماركس بكات.

با سەرەتا لە تێزە هەرە بەناوبانگەكەوە دەستپێبكەین: تێزی یانزەهەم. نووسەری ئەم كتێبە، بە دوو شێوەى جیاواز لە دوو شوێنی جیاواز ئەم تێزە كورتە یەك ڕستەییە وەردەگێڕێت، هەردوو جارەكەش، جیاواز و بەشێوەى هەڵە. لە وەرگێڕانی یەكەمجاردا محەمەد كەمال وەها دەنووسێت: "لە تێزی یانزەیەمی نووسراوەكەى ماركس (تێزەكانی فیۆرباخ)دا دەردەكەوێت، گوایە فەیلەسوفەكان تەنها ڕاڤەى فرەجۆریان بۆ جیهان كردووە و هەوڵی گۆڕینیان نەداوە" (ل71، جەختكردنەوە لە منەوە). لە شوێنێكی دیكەدا ئەم تێزە بە جۆرێكی دیكە وەردەگێڕێت: "لەتێزی یانزەیەمدا ماركس دەنووسێت: فەیلەسوفەكان تەنها بەشێوەى جیاواز جیهانیان ڕاڤەكردووە، بەهەرحاڵ، كێشەكە ئەوەیە كە بیگۆڕیت" (ل107، جەختكردنەوە لە منەوە). جگە لەوەى جیاوازیی بەرچاو لەم دوو وەرگێڕانەدا دەردەكەوێت، لێرەدا چەند وشەیەكیشم زەقكردوونەتەوە، كە تێزەكە پێچەوانە دەكەنەوە: گوایە و كێشە. بەڵام پێش ئەوە با سەیرێكی دەقە ئەڵمانییەكە بكەین بزانین دەڵێت چی:

Die Philosophen haben die Welt nur verschieden interpretiert; es kömmt drauf an, sie zu verändern.

بە ئینگلیزییش وەها وەرگێڕدراوە:

The philosophers have only interpreted the world, in various ways; the point is to change it.

من بەمجۆرە لەهەر شوێنێك پێویستم بەم تێزە بووبێت، وەرمگێڕاوە:

"فەیلەسوفان بەشێوازی جۆراوجۆر تەنها تەفسیری جیهانیان كردووە، [بەڵام] خاڵەكە گۆڕینی جیهانە".

نە لە دەقە ئەڵمانیی، نە لە ئینگلیزیی و نە لە وەرگێڕانەكەى منیشدا، چەند شتێك نابینرێت: گوایە، كێشە، لەگەڵ "بیگۆڕیت". لە وەرگێڕانی یەكەمدا، بە بەكارهێنانی وشەى "گوایە"، تێزەكەى ماركس دەكاتە دەربڕینێكی گوماناویی، و لە هەمان وەرگێڕاندا، ئەركی گۆڕینی جیهان دەداتە پاڵ فەیلەسوفان، لەكاتێكدا ماركس چ لە سەرەتای نووسینیدا، و چ لە نووسراوەكانی دواتریدا، هیچ كاتێك و هەرگیز شتێكی وەهای دەرنەبڕیوە. ماركس لەوە بەئاگابووە فەیلەسوفان و فەلسەفە پێگەیان لەنێو چینی ناوەڕاست و وردەبۆرژوازیی دایە و هیوای ماركس بە چینی ناوەڕاستیش نەبووە بۆ گۆڕینی جیهان، بەڵكو گۆڕانی مێژوو و هاتنەئارای هەر قۆناغێكی مێژوویی و سەرهەڵدانی هەر بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتیی، پەیوەندیی بە وەستانی مێژوو و شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانەوە هەبووە و گۆڕانی هەر مۆدێلێكی بەرهەمهێنان بووەتە هۆی گۆڕینی سیستەمی كۆمەڵایەتییش. گۆڕینی جیهانیش لەسەردەمی نوێدا، لەلایەن پرۆلیتاریاوە ڕوودەدات، واتا بكەر و سەبژێكتی شۆڕشگێڕیی، فەیلەسوفان نین، بەڵكو پرۆلیتاریا سەبژێكتی شۆڕشگێڕییە. تێزی یانزەهەم، ئاماژەیەكی خێرا بە ‘مانای چالاكیی پراكسیسی-ڕەخنەیی، ‘شۆڕشگێڕی‘‘ دەكات كە فراگمێنتی یەكەم بەوە كۆتایی دێت. ئەگەر چالاكییەك كە سوبێكتی ئینسانی دروست دەكات هەم ‘هەستەكی‘ و هەم ‘ئوبێكتیڤ‘ بێت، ئەوا جیهانی ئوبكێتەكان دەگۆڕێت. كەواتە هەبوون لە پلەى ئینساندا یان بوون وەك مرۆڤ، تەنها ناسین، نیشتەجێبوون و درێژەدان بەژیان نییە لە جیهاندا (گۆشەنیگای ماتریالیزمی كۆن)، بەڵكو گۆڕینیەتی. ‘چالاكیی پراكسیسی-ڕەخنەیی و ‘شۆڕشگێڕیی‘ تەنها بۆ گۆڕینی جیهانە. لە وەرگێڕانی دووەمدا هەڵەیەكی دیكە ڕوویداوە كە لەبری وشەى "پرس"، "خاڵ" یان "مەسەلە"، وشەى "كێشە" بەكارهاتووە و ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەوەى "كێشەكە ئەوەیە كە بیگۆڕیت". واتا بەگوێرەى ئەم دەربڕینە كاتێك ماركس ڕوودەكاتە تۆ (وەك كەسی دووەمی تاك) و پێت دەڵێت ئەگەر بتەوێت جیهان بگۆڕیت كێشەیە. خوێنەر وا لەم ڕستەیە تێدەگات كە گۆڕینی جیهان كێشەیە نەك پرس و مەسەلە. ماركس بەڕوونی ئاماژە بە پراكسیسی شۆڕشگێڕیی دەكات لە گۆڕینی جیهاندا. نەك ئەوەى گۆڕینی جیهان بە كێشە بزانێت و لە ڕستەكەشدا، ڕووناكاتە كەسی دووەمی تاك و جێناوی (تۆ) بەكاربهێنێت، ماركس ڕوودەكاتە بزووتنەوەى جەماوەریی و سەبژێكتی شۆڕشگێڕیی بۆ گۆڕینی جیهان، نە فەیلەسوفان، بەڵكو: پرۆلیتاریا.

تێزێكی دیكەی ماركس بەمجۆرە وەردەگێڕێت: "ڕاڕەوی ماتەریالیستیی مرۆڤەكان، وەكو بەرهەمی ژینگە و پەروەردە دەبینێت و گۆڕانیش لە مرۆڤدا دەكات بە گۆڕانی ژینگە و پەروەردە. ئەوە لەبیر دەكات كە مرۆڤەكان ژینگە دەگۆڕن و خودی فێركەریش پێویستی بە فێربوونە. لەبەر ئەمە، ئەم ڕاڕەوە بەپێویست كۆمەڵگە دابەشدەكات (بۆ نموونە لای ڕۆبەرت ئۆون). پێكەوەبوونی گۆڕانی ژینگە و چالاكیی مرۆڤ دەبێت تێگەیشتنی هۆشەكییانەى بۆ بكرێت و بەكردەوەیەكی شۆڕشگێڕانە لێكبدرێتەوە" (ل19) ئەگەر لە ناڕوونیی وەرگێڕانەكە بگەڕێین، تەنها لەسەر بڕگەى كۆتایی هەڵوەستە بكەین، واتا بەگوێرەى وەرگێڕانەكەى سەرەوە "كردەوەیەكی شۆڕشگێڕانە" ئەوا دەبینین چەمكی "revolutionäre Praxis" "پراكسیسی شۆڕشگێڕانە" بەهەڵە كراوە بە كردەوە و جگە لەوە لەناو تێزەكاندا، ماركس بە مەبەستەوە ئەم دەربڕینەى "بۆڵد و ئیتالیك" كردووە، واتا لەناو ڕستەكەدا بەمەبەستەوە زەقیكردۆتەوە، بەڵام بێگومان لای محەمەد كەمال بەهیچ شێوەیەك نابینرێت و لە بنەڕەتدا ئەمە هەر گرنگیی پێنەدراوە. بۆ ئەمە گرنگە؟ پراكسیس خۆى چییە؟

ماركس بە ئەڵمانیی زاراوەى “Praxis” لە تێزەكاندا دەربارەى فۆیەرباخ و لە “ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیی”دا بەكاردەهێنێت، بۆیە ئەم وشەیە بەئاسانیی قابیلی وەرگێڕان نییە بۆ زمانە جیاوازەكان، چونكە نە بە مانای پراكتیكی ئینگلیزیی یان كردە (action) دێت، نە كردەوە و پراكتیسیش دێت. لە زمانی لاتینیی كۆندا، دوو وشەمان هەبوو: پراكسیس و پۆئیسیس، پراكسیس: واتا كردەی پەتی و بێ ئامانج، پۆئیسیس واتا كردەى هەستەكیی و جوانیناسیی، ئەوان جیاوازییان لەناو ئەم دوو زاراوەیەدا دەكرد. پراكسیس كردەوەیەكە لە ئامانجەكەى جیاناكرێتەوە، واتا كردەیەكە ئەنجام دەدرێت، ئامانجێكی لەپشتەوەیە، پراكسیس چالاكیی ڕەخنەیی شۆڕشگێڕیی، واتا زەین بە نیگایەكی ڕەخنەییەوە لە ئوبێكت دەڕوانێت چونكە خودی ئەم چالاكییە كە ئامانجدارە بۆ گۆڕینی بابەتەكە یان دونیای دەرەوەیەتی، نەك تەنها ڕوانینێكی زەینیی جوانیناسانە و هەمان دیدگای چالاكیی ڕەسەن بێت كە بریتییە لە دانیشتن لە ژوورێكدا و نووسینی شیعر و ڕۆمان بێت، بەڵكو نیگای پراكسیس نیگایەكی ڕەخنەیی شۆڕشگێڕییە. بۆیە ئەگەر سەیری تێزی یەكەمی ماركس بكەین "چالاكیی هەستپێكراوی مرۆیی یان چالاكیی پراكسیس".

لە شوێنێكی دیكەدا نووسەر دەڵێت: "ماركس گوتەنی، كۆمەڵگەى سەرمایەداری، لە ڕوانگە فەلسەفییەكەیەوە، سەرمایە دەخاتە ژوور بوونی مرۆڤ و پەیوەندییەكەى بە سروشتەوە" (ل157) ئەمە بەتەنها هەڵەى وەرگێڕان نییە، بەڵكو هەروەها ناڕاستگۆییە لە گواستنەوەی بۆچوونی ماركس. ماركس هەرگیز سیستەمی سەرمایەداریی وەك ئایدیایەكی ڕووتی فەلسەفیی نابینێت و نامۆبوونیش هەرگیز چەمك و كاتیگۆرییەكی فەلسەفیی نییە، وەك محەمەد كەمال بەشێكی كتێبەكەى بۆ تەرخانكردووە تا چەمكی نامۆبوون لە واقیعی كۆمەڵایەتیی دووربخاتەوە و چاكەتێكی فەلسەفیی لەبەر بكات و بیكاتە ئامۆزای هێگڵ و پاشان هایدیگەر. لەبەشی تایبەت بە چەمكی نامۆبووندا بە وردیی هەڵوەستە لەسەر ئەم بابەتە دەكەم. بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم جگە لەوەى لە هیچ شوێنێكی "سەرمایە"دا ڕستەیەكی وەها بوونی نییە، هاوكات پێدانی زانیاریی هەڵەیە بە خوێنەر.

سەرەڕای ئەوەى كتێبەكەى محەمەد كەمال بەگشتیی لەگۆشەنیگای سەبژێكتیڤیتەى بۆرژوازیی و بایۆگرافیی و ژیاننامەنووسیی بۆرژوازییەوە نووسراوە، كە كەسایەتییەكان لە ژینگە كۆمەڵایەتیی، سیاسیی، مێژوویی، ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان دادەبڕێت و تەنها تەركیز دەكاتە سەر خوڵق و خوو و مەزاجی شەخسیی نووسەرەكان، ئەوا زۆر وشەى نەشیاو و نادروست بەكاردەهێنێت. لە زۆر شوێنی ئەم كتێبەی محەمەد كەمالدا جگە لە زانیاریی هەڵەى مێژوویی، بۆ نموونە لە شوێنێكدا نووسینی مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست بەهاوكاتی "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیی" (1845) دەزانێت، كە لەڕاستیدا لە 1848دا نووسراوە، هاوكات ڕاكردن و كۆچی ماركس لەم وڵات بۆ ئەو وڵات، و ئاوارەبوونی و ژیانی لە هەژاریی و دەربەدەرییدا، وەك بژاردەیەكی ئازادانەى شەخسیی ماركس دەبینێت، وەك بڵێیت چیتر حەزی لە بەرلین نییە و دەچێتە پاریس و تاقەتی پاریسی نامێنێت و دەچێتە لەندەن، بەڵام لەبیری دەكات یاخود نایەوێت ئەوە بە خوێنەر بدات، كە هەموو ڕژێمەكانی ئەوروپا كۆكبوون و لەهاوپەیمانێتییدا بوون دژی ماركس و ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕەى ماركس لەپاڵیدا وەستابوو. نووسەر باس لەوە ناكات، كە لە گەڕەكی سۆهۆی لەندەنیش، ئەڵمانیا چەندان سیخوڕی بەسەر ماركسەوە دانابوون و بەرپرسانی بریتانیای لێ هان دەدا چالاكییەكانی ڕابگرن. نا، نەخێر، هەموو ئەمانە لە كتێبەكەى د. محەمەد كەمالدا بژاردەى ئازادانە و مەزاجی شەخسیی ماركسن. با لەوانەش گەڕێین لە هەمووی سەیر و سەمەرەتر بە كارهێنانی چەندین وشەى وەك "بەرگریكردن لە داوێنپیسیی و بەدئەخلاقیی" و هتد دەبینین، كەچی لە شوێنێكدا دەڵێت: "ماركس پارە وەك گەوادێكى جیهانی پێناسە دەكات" (ل175). تووشی شۆك بووم كاتێك بەر وشەی "گەواد" كەوتم. لەكاتێكدا ساڵانێك پێش ئێستا ئەم وتارەى ماركس لەلایەن منەوە كراوە بە كوردیی و بە وردیی ئاگاداری ناوەرۆكەكەیم، تووشی گومان بووم لەوەى ئایا بڵێیت وەرگێڕانەكەم هەڵە نەبووبێت و خێرا گەڕامەوە سەر هەدوو دەقی ئەڵمانیی و ئینگلیزیی. لەڕاستیدا ئەم ڕستەیە بە ئەڵمانیی بەمجۆرەیە:

Es ist die allgemeine Hure, der allgemeine Kuppler der Menschen und Völker

وەرگێڕانی وشە بە وشەى ئەم ڕستەیە بەمجۆرەیە: "[پارە] سۆزانیی هاوبەش، [پارە] گرێدەرەوەى گشتیی و هاوبەشی خەڵك و نەتەوەكانە". لێرەدا وشەى (Kuppler) بە مانای گەواد دەرككراوە، و وا بینراوە كە لە گۆشەنیگای گشتیی كۆنەپارێزییەوە، پارە خەریكی گەوادییكردنە. لەكاتێكدا كۆی وتارەكەى ماركس باس لەم مەسەلەیە ناكات. دەكرێت ئەم وشەیە بە (procurer) بۆ ئینگلیزیی وەربگێڕدرێت، كە بە مانای "دەڵاڵ"، "بەدەستهێنەر"، "گرێدەرەوە" و هتد دێت، بەڵام ئەمەش نەك لە مەلها و سۆزانیخانەكان، بەڵكو لە بازاڕی پشك و بۆرسە و قەباڵەدا پارە ئەم ڕۆڵە دەبینێت.

هەروەها لە شوێنێكی دیكەدا دەڵێـت: "لێرەدا ماركس نموونەى نووسراوەكانی شەكسپیر و گوێتە دەهێنێتەوە، كە چۆن باسی گرنگیی پارە بۆ دامەزراندنی بەهای ڕەوشتی و جوانی لە كۆمەڵگەدا دەكەن" (ل174). جارێكی دیكە گەڕامەوە سەر هەمان وتار بزانم لەكوێدا ماركس باسی "گرنگیی" (Importance, Wichtigkeit) پارە دەكات؟ ماركس باسی خەسڵەت (Eigenschaften) دەكات نەك گرنگیی و پاشان خۆشی ناو لە وتارەكەی دەنێت: "دەسەڵاتی پارە لە كۆمەڵگای بۆرژوازییدا" (Die Macht des Geldes) بەبێ هیچ گومانێك نەك گرنگیی پارە. وردبوونەوە لە هەڵبژاردنی چەمك و زاراوەكان، ئێجگار گرنگە لەكاتی وەرگێڕاندا، ئینجا ئەگەر ئەمە بۆ كەسێكی وەك ماركس بێت، كە فیكرە شۆڕشگێڕییەكەى بۆ نزیكەى زیاتر لە سەدە و نیوێك ئیلهامی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكانی جیهان بووە.

هەڵبەت وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، محەمەد كەمال بە هیچ شێوەیەك بە ئەمانەتەوە و بە وردبینییەوە مامەڵەى لەگەڵ وەرگێڕانی ئیقتباسەكاندا نەكردووە و سەرتاپای ئەم كتێبە پڕییەتی لەم ناوردبینییە، بەڵام لێرەدا تەنها ئاماژە بە دوو چەمكی دیكە دەكەم بۆ ئەوەى خوێنەر لە بەشەكانی دیكە دوورنەخەمەوە.

محەمەد كەمال بەهای بەكاربردن (Use-Value, Gebrauchswert) بە بەهای سوود (Interest Value) وەریدەگێڕێت، كە لە بنچینەدا سوود، بەهای نییە و بەهای ئاڵوگۆڕیش (Exchange value- Tauschwert) بە "بەهای گۆڕین" (Change Value) وەردەگێڕێت كە لە بنەڕەتدا ئەمەیان بەمانای ڕێكخستنی نرخی پشك و قەباڵە لە پشكە هاوبەشەكاندا دێت و زیاتر لە بازاڕی دارایی و پشك و قەباڵەكاندا دروستە كە هیچ پەیوەندییەكی بە بەهای ئاڵوگۆڕەوە نییە. ماركس بەهای بەكاربردن دژی بەهای ئاڵوگۆڕ بەكاردەهێنێت: واتا بەكەڵكبوون و بەكارهێنانی كاڵایەك دژی هاوتا ئاڵوگۆڕەكەى كە بەهۆیەوە كاڵا لە بازاڕدا بەراورد بە ئۆبژێكت و بابەتەكانی دیكە دەكرێت. ماركس بەهای بەكاربردنی كاڵا و بەهای ئاڵوگۆڕی كاڵا لەیەكتر جیادەكاتەوە.

بەشی داهاتوو تەرخان دەكەم بۆ چەمكەكانی "نامۆبوون"، "مێژوو"، "ماركس و كانت"، "ماركس و كولتوور" و هتد.

ماویەتی...