هیچ ژیانێکی دروست لەناو سیستەمێکی هەڵەدا نییە

2020-03-30

هێرۆ خوسرەوی

"هیچ ژیانێکی ڕاست لەناو ژیانێکی هەڵەدا نییە"[1] ئەمە ڕستەیەکی ناو تێکستەکانی مینیمال مۆڕالیای ئادۆرنۆیە، کە بەگشتیی بۆ باسكردن لەو بارودۆخە دەگوترێتەوە و دەهێنرێتەوە كە هەیە و لەڕاستیشدا ڕستەكە بەمشێوەیەیە: "چیتر ڕێگا نادرێت بەدروستی لەناو ژیانی تایبەتی خۆتدا بژیت"، تێکستەکانی ئەم کتێبە سەختییەکانی ژیان لە کۆمەڵگای مۆدێرنەدا دەخاتە بەرچاومان. هەر ئەم ڕستەیە وامان لێدەکات بیر لەوە بكەینەوە ئایا ئەو کێشە و گرفتانەی لەم سەردەمەدا ئەزموونیان دەکەین و بەردەوام گلەیی و گازەندە دەکەین لەو بارودۆخەی تێیکەوتووین، هێشتا دەرفەتێک هەیە بۆ باشتربوون، ئومێدەواربوون بۆ داهاتوویەکی باشتر و بۆ پێکەوە ژیانێک دوور لەستەم و چەوساندنەوە لەلایەن وڵاتانی ئیمپریالیستیی و سیاسەتەکانییان، سەرمایەداران و سیستەمی سەرمایەداریی، و ئیتر لەهەر لایەکی دیکەشەوە بێت.


بەگەڕانەوە بۆ ڕابردوو بەگوێرەی هۆلگەر ڕۆگال (پرۆفیسیۆرێکی ئەڵمانییە، کە لەبواری ژینگە و ئابووریی ئیکۆلۆژییدا کاردەکات) لە کتێبی "ئابوورییەکی ئیکۆلۆژیی ٢٠٠٨"[2]دا، جیاوازییەکی چۆنێتی و چەندێتی لەنێوان لەناوبەرە ژینگەییە مۆدێرنەکان و ئەوانەی پێش سەردەمی پیشەسازیی دەخاتەڕوو. لەسەردەمی پێش و یاخود سەرەتای پیشەسازییدا تێکدەرە ژینگەییەکان تەنیا لە چەند ناوچەیەک و شوێنێکدا یاخود لەچەند شارێکدا قەتیس مابوون کە پەیوەندیی و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان بە سیستەمی ئیكۆلۆژییەوە نەبووە، ڕووبارەکان و جۆگەلەکان دەکران هەر لەماوەیەکی کەمدا دوای پشوویەک دووبارە لە پاشماوە فرێدراوەکان بە سروشتی خۆیان خاوێن ببنەوە و بێنەوە باری پێشووی خۆیان. بەڵام لەم سەردەمەی ئێستادا بەپێچەوانەوە هیچ گەڕانەوەیەک نییە بۆ هەمان باری پێشوو.

،،

هەر وەک دەزانرێت لەگەڵ دەستپێکی پیشەسازییدا بەمیکانیکییکردن، بەکیمیاییکردنی کشتوکاڵ، ئاڵوگۆڕ و مامەڵە ئابوورییەکان لەتەواوی جیهاندا سەرهەڵدەدەن و هەر ئەمانەش دەبنە هۆکاری سەرەکیی بۆ تێکدانی ژینگە و یەکێک لە دەرئەنجامەکانیش گۆرانی کەش و هەوا و گەرمبوونی گۆی زەوییە.

کاریگەرییەکانی پیشەسازیی چیتر تەنها کاریگەریی سادە نین کە بتوانرێت بەدۆزینەوەی هۆکار و ڕیشەی دروستبوونەکەی بەئاسانی ڕێگەی پێبگیرێت و بناسرێتەوە، بەڵکو زۆر لەوە ئاڵۆزترن. ئەو کاریگەرییانەش کە تەنیا لەڕێگەی شیکاریی زانستییەوە دانیان پیانراوە و بەدی دەکرێن وەکو: بەدوکەڵبوون و چوونە ناو هەواوە، پیسبوونی بەرگە هەوا و پیسبوونی ئاو لەگەڵ ئەمانەشدا ئەو گازانەی کە نابینرێن و هەستیان پێناکرێن وەکو: تیشکە رادیۆئەکتیڤییەکان، ژەهرە ئۆرگانییەکان....هتد. کە هۆکارێکی سەرەکیین بۆ دروستبوونی ئەم کێشانەی پێشتر باسکران. (ڕۆگال، ٢٠٠٨، ل.٢٢)


گۆڕانی کەش و هەوا، نەمان و کەمبوونەوەی ئەڵتەرناتیڤەکان، هەژاریی و برسێتیی بۆ زۆرینەی دانیشتوانی جیهان، و دەکرێت لیستێکی درێژ لە خراپ گەشەسەندنەکانی ئابووریی جیهانی سەرمایەداریی بنوسین، لەهەمانکاتدا زیادبوونی سەرمایە و داهاتی کەمینەیەک. لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ هەر یەک لە ئێمە لە هەر لایەکی جیهانەوە کۆمەڵێک ڕووداو و پێشهات ئەزموون دەکەین کە پێشتر لە مێژووی مرۆڤایەیتیدا نەبوون یان ئەوەی بۆ ئەم سەردەمەی ئێمە زۆر تازەن.


بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و ئەو کێشە جیهانییانەی کە بۆ ژینگە دروست بوون، ئیتر لە دارستانەکان و ژینگەی زیندەوەرانەوە بگرە تا ئەو گۆرانکارییانەی کە بەسەر ژینگەی مرۆیی و کۆمەڵایەتییدا هاتوون، ئێمە وەکو مرۆڤ کەوتووینەتە بەر مەترسی و هێرشێکەوە، کە لەو سیستەمە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرمایەداریی ڕابەرایەتیی دەکات، و بەمەش نە تەنیا ژیانی مرۆڤەکان خستراوەتە مەترسییەوە بەڵکو شوێن و لانکەی ژیانی هەموو زیندەوەرانی سەر زەویش لەژێر هێرش و فشارێکی زۆردا سات دوای سات بەرەو لەناوچوون دەڕوات، لەگەڵ ئەم لەناوچوونی ژینگەیەشدا کارەساتە سروشتییەکانیش سەرهەڵدەدەن و بەشێوەیەکی بەرچاو لە شێوازی جۆراوجۆردا ئەزموونیان دەکەین.


گەشەسەندنی ئابووریی جیهانیی کەوتۆتە دژیەکییەکی دیارەوە، بەو واتایەی کە ئیتر نەک تەنیا وڵاتە پیشەسازییەکان بەشدارن لە تێکدانی زەوی و کەش و هەوا، بەڵکو وڵاتە ڕوولەگەشەکان و گەشەنەسەندوەکانیش لە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتە پیشەسازییەکانن (هەڵبەت بەهۆی بەجیهانییبوونی سەرمایە و ڕاكردنی سەرمایە بۆ شوێنە دوورە دەستەكان و ئەو شوێنانەى كەرەستەى خاو و هێزی كار هەرزانن). بە پێی لێکۆڵینەوەکان و داتا کۆکراوە جیهانییەکان، بارودۆخی وڵاتانی ڕوولەگەشە ڕوو لەزیادبوونە لەڕووی ڕێژەی بەرزبوونەوەی ئابووریی و بەکاربردنی كەرەستە خاوەکان. تا ئەم ساڵانەی دوایی وڵاتە پیشەسازییەکان بەشداربوون لە بەکاربردنی ٨٠٪ ی كەرەستە خاوە سروشتییەکانیان، و ئەمە لەم دە ساڵەی دواییدا زۆر گۆڕانکاریی بەسەردا هات. چین و هیندستان وەک دوو وڵاتی ڕوولەگەشە کە هیشتا نەگەیشتبوون بە وڵاتانی گەشەسەندووی پیشەسازیی، ئێستا لەڕیزی ئەو وڵاتانەن کە توانای زۆرترین کڕین و فرۆشتنیان هەیە. (تێکڕای بەرهەمهێنانی ناخۆیی لە جیهاندا: ئەمریکا ٢٢٪، چین ١٤٪، ژاپۆن٧،٥٪ ، هیندستان ٦،٥٪، ئەڵمانیا ٤،٨٪).


لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئابووریی و زیاتر ڕووتاندنەوەی سروشتدا کۆمەڵێک دەرئەنجامیش دەرکەوتوون، کە مایەی مەترسین بۆ هەموو سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان، بێکارییەکی لەڕادەبەر، وێرانبوونی شوێنی ژیانی سەدان ملیۆن کەس و ناچاربوونیان بە کۆچکردن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەرکەوتنی کۆمەڵێک نەخۆشیی کە کۆڤید ١٩ یەکێکە لە دەرکەوتەکانی سیستەمی سەرمایەداریی و کاریگەرییەکانی ئەو سیستەمە بۆ سەر مرۆڤایەتیی و سروشت، کە هێشتا هەموو ئەمانە بۆ زۆرێک نەبووە بە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن.


زۆرێک لێرەو لەوێ باسی گۆرینی جیهان دەکەن و زۆرێکیش پێیانوایە دەبێت لە گۆرینی ژیانی تایبەتی خۆمانەوە دەست پێبکەین، بۆ ئێمەو لەم ساتەدا هەردوو ڕێکارەکان یەک ئامانجن. ژیانمان بەستراوەتەوە بەو سیستەمەوە و قۆرخکراوە. لەگەڵ هەوڵدانمان بۆ گۆڕینی ژیانمان دەبێت بیر لەگۆڕینی ئەو سیستەمەش بکەینەوە کە تا ئێستا باڵادەستە و دەیەوێت لە داهاتووشدا. "گۆڕینی سیستەم نەک گۆڕینی کەش و هەوا" ئەمە یەکێکە لە دروشمەكانی بزووتنەوەکانی کەش و هەوا، کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ڕێگە و شوێنی دیكە بگرترێتەبەر بۆ بەرەنگاری بەرانبەر ئەو کێشە جیهانییانەی کە لەمڕۆدا هەن و بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بە شکۆوە بتوانێت لەسەر زەوی بەردەوام بێت، پێویست بە زیندوومانەوەی سروشت دەکات.

،،

بۆیە پێویستمان بە مۆدێلێکی دیكەى سیاسەت، فەلسەفە، ئێتیک، ئابووریی، شێوازێکی نوێی ژیانکردن هەیە، کە هەوڵدەدەم ئەم مۆدێلە بەشێوەیەکی پوختەکراو بخەمە بەر دەستی خوێنەر.

مۆدێلی سێ هێلی بەناویەكداچوو Triple bottom line

بەرلەوەی باس لەم مۆدێلە بکرێت پێویستە چەمکی 'قابیلیەتی مانەوەی زەوی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە' (Sustainability/ Nachhaltigkeit) ڕوون بکرێتەوە. لە بنەڕەتدا ئەم چەمکە بەواتای زیاتر هێشتنەوەی زەوی بەشێوەیەکی ژیانشیاو بۆ وەچەکانی دواتر دێت، ئەمیش لەڕێگەی هۆشیاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئێتیکییەوە، بەشیوەیەک مامەڵە لەگەڵ سروشت و كەرەستەكاندا بکرێت کە نەبێتە هۆی زێدە بەکارهێنان و بەفیڕۆدانییان، لەهەمانکاتدا وەک ئەخلاقێکی مرۆیی و بەرپرسیارانە بەرانبەر بە ئەو کەسانەی کە لەدوای ئێمەوە لەسەر زەویدا دەژین. ئەمەش بەواتای مافی بەکارهێنان و سودمەندبوونی یەکسان بۆ هەموو نەوەکان و نەک تەنیا خۆپەرستییەكی ڕووت، بەها سەرەکییە ئێتیکییەکان دادپەروەریی و بەرپرسیارێتیی دەگرێتەخۆ. دادپەروەرییەک لە نێوان مرۆڤەکان لەوکاتەی تیایدا دەژین و لەنێوان نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتوودا، لەگەڵیشیدا بەرپرسیارێتیی بۆ باش ژیانکردنیان. لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا لەلایەن بزوتنەوە ئیکۆلۆژییەکانەوە گرنگییەکی زۆری پێدراوە و پێگەی خۆی لەنێو خەبات و شێوەژیانی زۆرێک لە بزووتنەوە ڕزگاریخواز و یەکسانییخوازەکاندا و زۆرێک بەشی ژیاندا گرتووە.
ئەم مۆدێلە لە سێ بەش پێکدێت، کە بەشێوەیەکی هاوکێشەئاسا تەواوکەری یەکترن و گرنگیدان بە بەشێکیان دوو بەشەکەی دیكە زەرەرمەند دەکات، و بەپێچەوانەوە بێ بایەخگرتنی بەشێکیش کاریگەریی زاڵبوونی دوو بەشەکەی دیكە دەبێت، بۆ پراکتیزەکردنی ئەم قابیلیەتی مانەوەی زەوییە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پێویست بەم مۆدێلە دەکات. کە پێکدێن لە گرنگیدان بەم سێ ئامانجە:


ئامانجی کۆمەڵایەتیی: ئەم ئامانجە زیاتر تەركیز دەخاتە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بارودۆخی کۆمەڵایەتی، شوێنی گوزەران و شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتیی، بەجۆرێک بەدەستخستنی ئاساییشی کۆمەڵایەتیی بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا. پاراستن و گرنگیدان بە تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتیی و چانسی یەکسان بۆ بەشداریی کۆمەڵایەتیی و ژیانی کۆمەڵایەیتی و لەگەڵیشیدا یەکسانیی جێندەری. پاراستن و ڕاگرتنی ئاساییشی ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەسەر بنەمای ئاشتیی. پاراستنی بنەما دیموکراتیی و یاساییەکانی وڵات. گرنگییدان بە تەندروستیی گشتیی و هەلومەرجەکانی ژیان. هەروەها بەهێزبوونی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان وەك گەرەنتیی پاراستنی ئەم ماف و ئامانجانە.


ئامانجی ئیکۆلۆژیی: ئەم ئامانجە بریتییە لە پاراستنی ئەتمۆسفێری زەوی، کە نەبێتە مایەی گۆڕانکارییە مەترسیدارەکان و لەگەڵێشیدا بەکارهێنانی ئەو كەرەستانەى کە توانای دووبارە دروستبوونەوەیان هەیە، لەچوارچێوەیەکدا بۆ قابیلییەتی هێشتنەوەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو. کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەو كەرەستانەى توانای دووبارە دروستبوونەوەیان نییە یان ملیۆنان ساڵی پێویستە، بۆئەوەی دووبارە بکرێت سەرهەڵبدەنەوە، بۆ نموونە نەوت. ڕاگرتنی جۆراوجۆرییەکانی سروشت، ڕووەک، بەرهەمەکانی خۆراکی و کشتوکاڵییەکان و هەلومەرجی تەندروست.


ئامانجی ئابووریی: ئەرکی ئەم ئامانجە بریتییە لە بەدیهێنانی دۆخێکی خۆشگوزەران بۆ هەموو ئەندامانی بەشداربوو لە جوڵەی بازنەیی ئابوورییدا، ئەویش بە خستنەسەرکاری زۆرترین ڕێژەی خەڵک و لەهەمانکاتیشدا کارێکی قبوڵکراو، دابینکردنی پێداویستی بە بەرهەمی قابیلیەتی مانەوەی زەوی، سیاسەتی دووبارە دابەشکردنەوە، هاوسانگی ڕاگرتنی ئابووریی دەرەکیی و بەیەکەوەکارکردن بۆ گەشەسەندنی دوو لایەنە و جێگیرهێشتنەوەی نرخ و ڕێگریکردن لە چڕبوونەوەی ئابووریی.


ئێمە دەتوانین لە زۆر ڕێگەوە هەمووان هۆشیار بکەینەوە ئیکۆسیستەم بۆ باش ژیانکردنی نەوەکانی دوای خۆمان بە تەندروستی و ژیانشیاو بهێڵینەوە. زۆر گرنگە ئاگاداری مامەڵەکانمان بین و کە چ شتێک شێوازێکی قابیلیەتی مانەوەی زەوی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە هەیە. لەگەڵ ئیکۆلۆژییە فاکتۆرەکانی وەک کەمکردنەوەی دەرپەڕاندنی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و هەڵگرتنی وزە و هێشتنەوە و دەستخستنی كەرەستە سروشتییەکاندا لایەنە کۆمەڵایەتییەکانیش زۆر گرنگن وەک بەرگریکردن لە ستانداردێکی کۆمەڵایەتیی بۆ بەرهەمهێنان و مامەڵەیەکی ڕەوا بەبێ چەوساندنەوەی کەسی بەرانبەر، و هەروەها فاکتۆرە ئابوورییەکانیش گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە وەک بوژاندنەوەی بەرهەمی خۆماڵی. هەروەها بەهای كاڵاكان و خزمەتگوزارییەكان و دابەزاندنیان بۆ ئاستی بەهای كار، نەك بەرزكردنەوەیان بۆ ئاستی بەهای ئاڵوگۆڕ و كەڵەكەى سەرمایە.

هێرۆ خوسرەوی
خوێندكاری زانستە سیاسییەكانی زانكۆی گۆتە لە فرانكفورت

سەرچاوەکان:
Theodor Adorno: Minima Moralia. Reflexionen aus dem beschädigten Leben.  Suhrkamp (January 1, 2001).
Holger Rogall, Ökologische Ökonomie (Eine Einführung), Verlag VS Verlag für Sozialwissenschaften, 2 Auflage, 2008.