وانەکانی کۆریای باشور لە بارەی کۆرۆناوە

2020-04-02

بەهۆی پابەندنەبوونی کەنیسەیەک لە کۆریا بە ڕێنمایەکانەوە، ژمارەیەکی زۆری نەخۆشی کۆرۆنا لە کۆریای باشور لە ماوەیەکی کەمدا دەستنیشانکرا. بەڵام وڵاتەکە بە خێرایەکی زۆر و کاریگەریەکی باشەوە ڕووبەڕووی پەتاکە بووەوە کە دەکرێ زۆر شتیان لێوە فێربین و بۆ کوردستان سودیان لێوەرگرین.

پێشکەشکردنی زانیاری و شەفافیەت:

رۆژانەو و بەشێوەیەکی شەفاف و ڕاستگۆیانە ژمارەی تووشبووان و مردووان و ئەوانەی کە چارەسەرکراون لە لایەن وەزارەتی تەندروستیەوە بڵاودەکرایەوە. ڕاستگۆیی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆریای باشور دەربارەی نەخۆشیەکە وای لە هاوڵاتیان کرد کە متمانەیان بە حکومەت هەبێ و گوێ لە ڕێنماییە تەندروستیەکان بگرن. زۆربەی هەرە زۆری خەڵک بە خۆشحاڵیەوە پابەندی ڕێنمایەکانی حکومەت دەبوون بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دەستشوشتن و لەبەرکردنی دەمامک و دروستنەکردنی قەڕەباڵەغی بەبێ ئەوەی حکومەت ناچار بێ کە میکانیزمی توندوتیژ لە پرۆسەکەدا بەکاربهێنێ.

هیچ ڕووداوێکی کۆکردنەوەی شتومەک و خواردن لە کۆریای باشور ڕووینەدا لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە. کەمترین ڕێگری لە هاتوچۆ حکومەتی کۆریای باشور قەدەغەی هاتوچۆی نەکرد. وڵاتەکە تەنها قەدەغەی هاتنەناوەوەی کرد بۆ ئەو کەسانەی کە لە شاری وهانی چینەوە دەهاتن بۆ کۆریا. هیچ چێشتخانە و شوێنێکی گشتی دانەخران.

،،

هاوڵاتیان خۆیان پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و خۆیان لە قەڕەباڵەغی دوورخستەوە. هەروەها پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکاندا بوو بە ئۆنلاین.

داخستنی سنورەکان بابەتێکی جێگای مشتومڕە لە کۆریا ئێستاشی لەگەڵدا بێ. دەسەڵاتی سیاسی لە کۆریا مەترسی ئەوەی هەیە کە داخستنی سنورەکان کاریگەری هەبێ لەسەر ئابوری وڵاتەکە. بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیون پێیان باشترە کە سنورەکان دابخرێ.

بەڵام وەکو چارەسەرێکی مامناوەند هەموو کەسێک کە دەچێتە کۆریاوە پێویستە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ماڵەوە بمێنێتەوە بۆ ئەوانەی کە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیەکەیان نیە. بۆ ئەوانەی کە نیشانەی کۆرۆنایان هەبێ پشکنین بۆ هەموویان ئەکرێ. لە حاڵی حازردا هەموو ئەوانەی کە لە ئەمریکاو و ئەوروپاوە ئەگەڕێنەوە بۆ کۆریا لە فرۆکەخانە پشکنینیان بۆ ئەکرێ.

تەنانەت ئەگەر پشکنینەکانیان نێگەتیڤ بێ بۆ ماوەی دوو هەفتە دەبێ دابڕێن. بەدواداچوونی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە: لەباتی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێگری لە جوڵەی خەڵک، کۆریای باشور سیاسەتێکی تری بەکارهێنا.وڵاتەکە بە چڕی گەڕا بەدوای ئەوانەی کە پەیوەندییان بە نەخۆشەکانی کۆررۆناوە هەبووە. دوای ئەوەی کەسێک پشکنینەکی دەریدەخست کە کۆرۆنای هەیە، ئیتر پرۆسەیەکی دوردرێژی بەدواداچوون دەستی پێئەکرد. هەموو ئەو شوێنانەی کە کەسەکە سەردانی کردووە پشکنینی بۆ ئەکرا.

هەموو ئەو چێشتخانە و کافتریا و پاس و شەمەندەنەفەر..هتدی کە کەسەکە سەردانی کردون پشکنینی بۆ ئەکرا. هەروەها حکومەت سوودی لەو پەیوەندییانە وەرئەگرت کە کەسەکە لەڕێی مۆبایلەوە کردویەتی بۆ دەستنیشانکردنی ژمارەی ئەاونەی کە پێویستیان بە پشکنینە. هەروەها لەڕێی کریدت کارتەوە پێداچوونەوە ئەکرا بۆ ئەو بازاڕ و مارکیتانەی کە کەسەکە شتی لێکڕیون.

دوای ئەوە لەڕێی مەسیجی تەلەفونەوە پەیوەندی دەکرا بە هەموو ئەو کەسانەی کە نەخۆشەکە پەیوەندی هەبووە لەگەڵیان و داوایان لێئەکرا کە یا خۆیان دابڕن یا پشکنینی کۆرۆنا بکەن. هەرچەندە ئەم شێوازە لە بەدواداچوونی کەسە تووشبوەکان و ئەوانەی کە پەیوەندییان پێیانەوە کردوە لەڕوی ئازادی تاکەکەسەوە ڕەنگە پێشێلکاری تیا بێ، بەڵام هاوڵاتیانی کۆریا بە گشتی کارەکەیان پێ باش بووە و کێشەیەکی ئەوتۆی لەسەر دروستنەبووە تاوەکو ئێستا.

پشکنینی فراوان و خێرا حکومەتی کۆریای باشور هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە زۆر بە بەرفراوانی پشکنینی ئەنجامدا. لە کۆتاییەکانی مانگی یەک حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا و کارگەکانی بواری تاقیگە کۆبووەوە و داوایلێکردن پەلە بکەن لە دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری کیتکەکانی پشکنین. لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکادا ژمارەیەکی زۆری کتی پشکنین دابینکرا. هەبوونی بڕێکی باش لە کت هاوکار بوو بۆ پشکنینی ژمارەیەکی زۆری خەڵک. لەسەرەتادا کەسەکان سەردانی دەزگا تەندروستیەکانیان دەکرد بۆ ئەنجامدانی پشکنین.

بەڵام ئەو پرۆسەیە بوە هۆی توشکردنی چەند پزیشک و کارمەندێکی تەندروستی و ئەوە بوو چەند دەزگایەکی تەندروستی داخرا بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە. بۆیە دواتر بڕیاردرا کە پشکنینی خەڵک لە دەرەوی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان بکرێ. یەکێک لەو شێوازانەی کە لە سەرانسەری کۆریا جێبەجێکرا ئەوە بوو کە خەڵک بەبێ ئەوەی لە ئۆتۆمبیل دابەزێ پشکنینی بۆ ئەکرا. هەر پشکنینێک نزیکی ١٥٠ دۆلاری تێئەچێ، بەڵام کۆریا بەخۆڕایی پێشکەشی هاوڵاتیانی ئەکا. کاردانەوەی خێرا و گونجاو ئەنجامدانی پشکنینی خێرا و بەرفراوان دەریخست کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک توشی ڤایرۆسەکە بووە. لەسەرەتادا هەموو کەسێک کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بوو داخڵی نەخۆشخانە دەکرا.

بەڵام زوو دەرکەوت کە داخڵکردنی هەموو ئەوانەی تووشبون ئەرک و بارگرانیەکی زۆر بۆ کەرتی تەندروستی دروستئەکا و زۆربەی ئەوانەیشی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن پێویستیان بە نەخۆشخانە نیە.

،،

هەروەها داخڵکردنی ئەوانەی کە پێویستیان بە نەخۆشخانە نیە وای کرد کە جێگا بۆ ئەوانە نەمێنێتەوە کە بەڕاستی پێویستیان پێی هەبو.

بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، نەخۆشەکان دابەشکرانە سەر چەند گروپێک بە گوێرەی سەختی حاڵەتەکانیان.

ئەوانەی کە دۆخیان خراپ بوو داخڵی نەخۆشخانە دەکران. ئەوانەی کە نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان زۆر بە سەختی نەگرتبو داخڵنەئەکران. لەباتی ئەوەی ببرێنە نەخۆشخانە، چەند شوێنێکی وەکو پێشەنگا و هۆڵی گەورەی کۆبوونەوە...هتد کرایە شوێنی مانەوەی ئەو نەخۆشانەی کە نیشانەکانیان سوکتربوو و پێویستیان بە نەخۆشخانە نەبو.

تاوەکو ١٥ی سێ، ١٦ سەنتەری گەورە لە سەرانسەری وڵاتەکە دابینکرا و شوێنی مانەوەی ٣ هەزار نەخۆش لەو سەنتەرانە دابینکرا. پزیشک و کارمەندی تەندروستی بۆ ئەو سەنتەرانە دابینکرا کە تا و نیشانەکانی کۆئەندامی هەناسەی نەخۆشەکان بپێوی. ئەوانەی کە نیشانەیان هەبوو یا بەساڵاجوو یا نەخۆشی درێژخایەنیان هەبو ئەولەویەتیان پێدەدرا لە داخڵکردنیان بۆ نەخۆشخانە خەرجیی تەندروستی کۆریای باشور سیستمێکی نیشتیمانی بیمەی تەندروستی هەیە و هەموو هاوڵاتیەک بە بێ بەرامبەر خزمەتی تەندروستی وەردەگرێ.

بۆ هەندێ چارەسەری دیکە پارەیەکی کەم لە نەخۆش وەردەگیری بەڵام بۆ نەخۆشیە گواستراوەکانی وەکو کۆرۆنا هیچ پارەیەک لە نەخۆش وەرناگیری. حکومەت بەگویرەی بەرنامەیەکی تایبەت قەرەبووی ئەوانە ئەکاتەوە کە بەهۆی دابڕاندنیان توشی زەرەری ئابوری بوونەتەوە. هەرچەند هێشتا چەند کێشەیەک هەیە لە سیستمی تەندروستی کۆریا وەکو ناڕەزایەتی هەندێ لە نەخۆشخانە تایبەتەکان لە وەرگرتنی نەخۆشی کۆرۆنا، بەڵام کۆریا نموونەیەکی زۆر سەرکەتوی پیشاندا و ئەکرێ کوردستان سود لەو ئەزمونەی کۆریا وەرگرێ.