دەستنووسەکانی عەبدولخالق چییان لێهات؟

2018-04-10

 

نووسەرێک وەک ناو، نووسەرێک وەک فیگەر، بەردەوام وەک سیمبولی تیرۆر  ئاماژەی بۆ دەکرێت. تا دوو کتێبیم نەخوێندەوە نەمزانی ئەو نووسەرە بیرکردنەوەو شیکاری لەبواریی ئەدەب و ئازادی بیرکردنەوەی مرۆڤدا لە چ ئاستێکی باڵادایە، لە خوێندنەوەی دوو کتێبەکەیدا، هەرچەندە ئازایەتی و بوێرییەکی زۆرم بینی، بەڵام سەرسام نەبووم بەم نووسەرە وەک ستایلی نووسین، ئەوەی زیاتر ڕایکێشام بەرەو جیهانی نادیاریی ئەو، بێ دەنگی و ونبوونی دەسنووسەکانی بوو. بۆ نووسەر پاش مردنی گرنگترین شت بۆ ناسینی دەستنووسەکانییەتی، بەڵام ئەم نووسەرە کوردە هیچ دەنووسینێکی  نەبینراو ون بوو. ئەوەی هەیە ڕەنگە هەندێجار لە ئەندێشەی تێکستی نووسەراندا  وەک تارماییەک دێت و دەچێت.

(ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواری و  دیوانی نالی کێ ڕاستە؟)ئەم دوو کتێبەی نووسەری تیرۆرکراوی کورد(عەبدولخالق مەعروف)م، پاش سی ساڵ لە چاپکردنی خوێندەوە. ئەم دوو کتێبە دوو دیدگای جیاوازی ئەوە، بۆ دونیای ئەدەبیی و هزریی. چەند کتێبێکی تری لە بواری تەکنیکیشدا هەیە، نە حەزم بە خوێندنەوەی ئەو بابەتانە هەیە و نە دەمەوێت لەو بابەتانەشەوە بچمە جیهانە نەزانرانراوەکەی ئەو.

لە هەر شوێنێک، ماڵ و کتێبخانەی نووسەرێکم بینی بێت یەکەمجار سەیری دەستنووس و نووسینە تەواونەکراوەکانیم کردووە(عەبدوڵڵا جەوهەر، پیرەمێرد، شێخ محەمەدی خاڵ و شێرکۆ بێکەس دەیان نووسەری تر) لە نزیکەوە بەرهەم و دەسنووسە تەواو نەکراوەکانیانم بینیون، ئەو بەرهەمانە چێژێکی تایبەتییان هەبووە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی ئەم نووسەرە تیرۆرکراوەم نەبینووە بمباتەوە بۆ جیهانە نەزانراو و ونبووەکەی ئەو.! یەکێک لەو تێکستانەی کە تارمایی عەبدولخالق تێیدا دەردەکەوێت چامەی(کەڵ)ی شێرکۆ بێکەسی شاعیرە:

به‌ ڕێکه‌وت له‌ناو هه‌ولێرا

"قه‌ڵا"م بینی، لاواز...لاواز

 ده‌ستێکم خسته‌ سه‌ر شانه‌ خۆڵاوییه‌که‌ی

ئه‌مناسیته‌وه‌؟!

لێم پرسی.

ئه‌ی تۆ نه‌بووی هه‌موو جارێ

 حه‌زره‌تی نالیی ئه‌یناردی

که‌ ئه‌گه‌یشتی..به‌رامبه‌رم

 له‌ دوکانی "عبدالخالق"ی گلێنه‌م دائه‌نیشتی!

 

،،

زیندووکردنەوەی عەبدولخالق بۆ ناو ڕۆمانی(ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان، عەبدولخالق خەون بە کتێبێکی ترەوە دەبینێ)بەرهەمی خەیاڵ و زیندووکردنەوەی عەبدولخالقە وەک پاڵەوان، یاریکردن و هێنانی ئەم کارەکتەرە دیارەیە و میکسکردنی هەردوو پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە (شێرزاد و شێرکۆ) بە ڕووداوی تیرۆرکردنی عەبدولخالق و دواتریش ونکردنی عومەری مەکتەبەیە لە دارستانە چڕەکانی وڵاتی سوید

 

عەتا محەمەد خەون بە عەبدولخالقەوە دەبینێ.!

دوای ٣٠ ساڵ لە تیرۆرکردن، فیگەر و ناوێک لەسەر زار و زمان دێت و دەچێت، عەبدولخالق مەعروف لە بری ئەوەی وەک تێکستێک جارێکی تر بەرهەم بێتەوە. دەبێتە ئەفسانە و تەنها وەک قارەمانێک ناودەبرێت.بەڵام عەتا محەمەد  لە ڕۆمانی(ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکاندا)خەون بە (عەبدولخالق)ەوە دەبینێت و لەناو دونیای ئەفسوونی تێکستەکانیدا دەینووسێتەوە.

(ولیەم، ئەو پاڵەوانەی خەونی دۆزینەوەی کتێبسازە کوژراوەکانی هەیە، نامەیەکی نهێنی دەستەی کتێبسازە کوژراوەکان دەنێرێت بۆ عەتا، نامەکەش هەفتەیەک دوای تیرۆرکردنی عەبدولخالق لە هەولێرەوە بۆیان ناردووەو لە نامەکەدا باس لەوە دەکات عەبدولخالق لەسەر کتێبێکی ترسناک لەبارەی ئیسلام کوژراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە ڕۆژێک عەبدولخالق بە دزییەوە نوسخەیەکی لەناو ڕەفەی کتێبفرۆشییەکەدا بە جێدێڵێت، بەڵام کەسێک چاوی لێدەبێت و دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی و دواتریش تیرۆرکردنی.)

زیندووکردنەوەی عەبدولخالق بۆ ناو ڕۆمانی(ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان، عەبدولخالق خەون بە کتێبێکی ترەوە دەبینێ)بەرهەمی خەیاڵ و زیندووکردنەوەی عەبدولخالقە وەک پاڵەوان، یاریکردن و هێنانی ئەم کارەکتەرە دیارەیە و میکسکردنی هەردوو پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە (شێرزاد و شێرکۆ) بە ڕووداوی تیرۆرکردنی عەبدولخالق و دواتریش ونکردنی عومەری مەکتەبەیە لە دارستانە چڕەکانی وڵاتی سوید، تێکشکانی(کات  و شوێن و پاڵەوان) لە ئەندێشەی نووسەردا، کۆکردنەوەی  ئەو کارەکتەرانە پێکەوە لەم ڕۆمانەدا، دڵەڕاوکێیەکی وا بە خوێنەر دەدەن بەدوای ڕوداوەکانیدا وێڵ بێت. کاتێک ئەم ڕۆمانەم دەخوێندەوە، وای لێکردم لەسەرەتای خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا ترس ودڵەڕاوکێم لە کۆتاییەکەی هەبێت، بۆ ئەوەی بزانم چارەنووسی شێرزاد و شێرکۆ و مریەم وماریا  بەکوێ دەگەن.

ئەمە جگە لە یاریکردن بە فیگەر و ناوی(عومەری مەکتەبە و ئازاد سوبحی و جەمال عیرفان و چەند ناوێکی تر) لەڕۆمانەکە، کە هەموی بەرهەمی ئەو خەیاڵەیە کە هەمیشە لە تێکستەکانی عەتا محەمەددا یاریی پێدەکرێت. ئەگەر ئەم پرۆسەیە لای ئەم ڕۆماننوسە پرۆسەی خەون بینین بێت، ئەوا بەشێکی ئەو خەون بینینە بە تیرۆرکردنی نووسەرێکی تری کوردەوەیە، بەڵام لە شار و مێژوویەکی جیاوازدا، کە ئەویش(جەمال عیرفان)ە، ئەم نووسەرەش لەسەردەمی دەسەڵاتداریی شیخ مەحموددا لە سلێمانی تیرۆر دەکرێت، جەمال عیرفان وەک منەوەری سەردەمی خۆی سەیرکراوەو لەسەر بیروباوەڕ و بیرکردنەوەکانی تیرۆر دەکرێت، وەک لە بەڵگەنامەی ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکاندا هاتووە(دوای ئەوەی جەمال عیرفان کتێبێک بە نهێنی دەنووسێت و بە دزییەوە لەناو کتێب و دەسنووسەکانی مزگەوتی (حاجی حان) دایدەنێت، بەڵام هەر زوو چەتەکانی خەیاڵ بەمە دەزانن و بەدوای ئەوانەشدا دەگەڕێن کە بە دزییەوە کتێب بڵاودەکەنەوە، دوای چەند ڕۆژێک جەمال عیرفان تیرۆر دەکەن.!)

 

 

،،

کتێبسازەکانی خەیاڵ، ئاگایان لە جموجوڵی پیاوانی بەعس دەبێت بە هاندانی چەند پیاوێکی ئاینی کە پلانی تیرۆرکردنی دادەنێن، عەبدولخالق لە تیرۆرکردن ئاگادار دەکەنەوە، ساڵانی پێشتریش کاتێک عەبدولخالق سەرقاڵی نووسینی ئەم کتێبەی دەبێت عەلادین سەجادی مامۆستای بە نامەکەی لە نووسینی ئەم کتێبە ئاگادار دەکاتەوە،  کەوریای خۆی بێت، ئەگەر نا بە دەردی (عەبدولڕەحمان زەبیحی)دەبەن.!

 

کتێبسازەکان، عەبدولخالق لە تیرۆرکردن ئاگادار دەکەنەوە.

سەرەتای بەهاری ١٩٨٥ ئەو کات هەولێر وەک شارەکانی تر، بە نائومێدیی و بێدەنگییەکی قوڵەوە یادی نەورۆز دەکەنەوە، لەو ساتە بێ دەنگی و نا ئومێدییەدا، چەند هەینییەک لەسەر یەک لە مزگەوتی خانەقای مەولانای ئەو شارەدا، مەلا ئەحمەدی مستەفا ئاغای هەڵشۆیی وتارخوێن، بە زمانێکی توند و نالۆژیکی هێرشی توند دەکاتە سەر عەبدولخالق و کتێبە نوێکەی.لەسەر مینبەرەکەیەوە هاوار دەکات:(هەندێ بە کرێگیراو و سەرلێشێواوی نۆکەری جولەکە و داعی سەڵیبییەت هەڵدەستن بەم کارە، یەکێک لەوانە کتێبێکی بڵاوکردووەتەوە بەناوی ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا، لەسەر نەهجی تیراژ و موستەشرقین تەحەدای خوا دەکەن و دوژمنی دینی ئیسلام و زانایانی ئیسلامن..... من لە ئەساسدا ئەم پیاوە دەناسم، بێ دینترین و کافرترین ئینسانە، لێرەوە ڕووی تێدەکەین و پێی دەڵێین ئەگەر شارەزایی نییە لە مێژووی ئیسلام، با دەمی خۆی لێنەکوتێت.!)مەلا بەم هات و هاوارەی هێندەی تر سۆزی موسوڵمانە سادەکانی نێو مزگەتەکەی بۆخۆی ڕاکێشا، هەر لەو ساتانەدا کتێبسازەکانی خەیاڵ، ئاگایان لە جموجوڵی پیاوانی بەعس دەبێت بە هاندانی چەند پیاوێکی ئاینی کە پلانی تیرۆرکردنی دادەنێن، عەبدولخالق لە تیرۆرکردن ئاگادار دەکەنەوە، ساڵانی پێشتریش کاتێک عەبدولخالق سەرقاڵی نووسینی ئەم کتێبەی دەبێت عەلادین سەجادی مامۆستای بە نامەکەی لە نووسینی ئەم کتێبە ئاگادار دەکاتەوە،  کەوریای خۆی بێت، ئەگەر نا بە دەردی (عەبدولڕەحمان زەبیحی)دەبەن.!

عەبدولخالق، بێ باکە و سوورە لەسەر جاپکردنی، دواجار کتێبەکەی چاپ دەکات، بە چەند رۆژێک دوای جاپکردنی، ڕێبەری کتێبسازەکان نامە بۆ چەند نووسەرێکی کورد دەنووسن و ترسی تیرۆرکردنی عەبدولخالق لەلایەن پیاوانی بەعسەوە ئاگادار دەکەنەوە، یەکێک لەو نامانە پاش نزیکەی ٢٥ ساڵ دەکەوێتە دەست عەتا محەمەد و ئەویش لەڕۆمانی(ڕێبەری کتێبسازە کوژاوەکان) خەونەکەی عەبدولخالق بە نووسینی ئەو کتێبەوەو خەونی جەمال عیرفان لە نووسینی کتێبێک و سەفەری عومەری مەکتەبە بە جانتایەک کتێبەوە بۆ سوید، کە چەند ڕاپۆرت و دەستنووسێکی لەبارەی کووشتنی چەند نووسەرێکی کوردی تێدایە، بە خەیاڵ دەنووسێتەوە.!

 

 

،،

لە ژوورەکەم دانیشتووم و پێش تیرۆرکردنم پێنووس دەگرم بەدەستمەوەو ژیانی خۆم دەنووسمەوە، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بزانن من کێم؟ با تەنها لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی عەتا محەمەدەوە من نەناسن، من تەنها پاڵەوانی چامەی (کەڵ)ی شێرکۆ نیم، ئەوانە منم، بەڵام منێکی تریش هەیە، کە لە دایکبوونمەوە تا تیرۆرکردنەکەمە، سەرەتاش وەک ناسینی هەمو کەسێکی ئاسایی  بەم دێڕانە لەسەر خۆم دەست پێدەکەم:

عەبدولخالق مەعروف، خۆی دەنووسێتەوە.!

لە ژوورەکەم دانیشتووم و پێش تیرۆرکردنم پێنووس دەگرم بەدەستمەوەو ژیانی خۆم دەنووسمەوە، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بزانن من کێم؟ با تەنها لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی عەتا محەمەدەوە من نەناسن، من تەنها پاڵەوانی چامەی (کەڵ)ی شێرکۆ نیم، ئەوانە منم، بەڵام منێکی تریش هەیە، کە لە دایکبوونمەوە تا تیرۆرکردنەکەمە، سەرەتاش وەک ناسینی هەمو کەسێکی ئاسایی  بەم دێڕانە لەسەر خۆم دەست پێدەکەم:

 عەبدولخالق مەعروف لە ڕۆژی ١/١/١٩٣٥ لە ناحیەی کەندیناوەی سەر بە شاری ھەولێر لە بنەماڵەیەکی ئاینی ھاتۆتە دنیاوە. قۆناغی منداڵی ھەر لەوێ بەسەربردووە، ساڵی ١٩٤٤ لە ھەمان شوێن خراوتە بەر خوێندن و تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندوە، پاشان باوکی لە قوتابخانە دەریدەھێنێت و دەیخاتە بەر خوێندنی ئایینی و ئەمجارە ڕێگای حوجرەو لای مەلاکان دەگرێتەبەر بەشە سەرەتاییەکانی خوێندنی ئایینی لە کەندیناواو ناوچەکانی دەوروبەری تەواودەکات.

دوای ئەوەی کە زانستە ئایینییەکانی خوێند، بڕیاریدا بچێت بۆ میسر بۆ ئەوەی لە زانکۆی ئەزھەر درێژە بە خوێندن بدات، لە ڕۆژی ٢/٤/١٩٥٤ چوو بۆ میسر  بەڵام ھەلی خوێندنی لەو زانکۆیە بۆ نەڕەخسا، لەبەرئەوە بە ناچاری گەڕایەوە بۆ ھەولێرو پاشان چووە بەغداو لەوێ لەلای مامۆستایان  قزڵچی و  عەلادین سەجادی دەستیکردەوە بە خوێندن.

لە پاش ماوەی دووساڵ درێژەدان بە خوێندن، بەشداری تاقیکردنەوەیەکی کرد کە بۆ ئیمام تابوریی سەرکەوتنی بەدەستھێناو بوو بە ئیمام تابور لە سوپای عێراقدا. ھەر لەو ساڵەدا بوو بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٥٧دا دەستیدایە دروستکردنی جۆرێک لە ئیزگەی ڕادیۆو لەم کارەشیدا بەردەوامبوو ھەتا لە ساڵی ١٩٦٠دا کە ئەوکاتە لە بەغدا نێشتەجێ بوو ئیزگەیەکی دروستکرد، لە ساڵی ١٩٦٣دا، بەغدای بەجێھێشت و گەڕایەوە بۆ ھەولێر پاشان لە کۆیە پەیوەندی کرد بە شۆڕشی کوردەوەو لەوێش سودیان لە تواناو شارەزاییەکەی وەرگرت بۆ دامەزراندنی ئیزگەی شۆڕش، کە یەکەمجار لە ئەشکەوتی (ڕەش) لە ناوچەی (ژاژەڵە) ئەو ئیزگەیە دانراو خۆی بەرپرس و سەرپەرشتیاری کاروباری تەکنیکی و ھونەریی ئەو ئیزگەیە بوو. لە ساڵی ١٩٦٧دا، لە کاتی گفتوگۆی نێوان حکومەت و شۆڕشی ئەیلولدا کرا بە بەڕێوەبەری گومرگی قەزای دوکان، لە بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆدا لە لایەن ڕژێمەوە دەستگیرکراو ڕەوانەی بەندیخانەی بەغدا کراو لەوێشەوە گواسترایەوە بۆ موسڵ، دواتر کە ئازادکرا، پەیوەندی کردەوە بە شۆڕشەوە.

دوای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتننامەی ئازاری١٩٧٠، گەڕایەوە بۆ ھەولێر لە ١/٥/١٩٧١دا شۆڕش ناردییە دەرەوە بۆ چیکوسلوفاکیا بە مەبەستی خوێندن لە بواری ئامێرو ئامرازە ئەلکترۆنیەکاندا لە کۆمپانیای(تیسلا)نزیکەی ساڵێک لەوێ مایەوەو بڕوانامەی دیبلۆمی لەو بوارەدا وەرگرت.

دواتر لە ساڵی ١٩٧٦دا لە ھەولێر دوکانێکی بۆ کاروباری تەکنیکی کردەوەو لە لایەک خەریکی کاروباری تەکنیکی و زانستی دەبوو لە دوکانەکەیدا، ئەم دوکانەی کردبووە جێگای کۆبوونەوەی ڕۆشنبیران و نووسەران و بەردەوام دوکانەکەی جێگای گفتوگۆی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی و سیاسی بوو، جگە لە زمانی عەرەبی، بە باشی خۆی فێر زمانی ئینگلیزی کردبوو، ئەوەش یارمەتیەکی باشی دابوو لە بواری نووسینی زانستیدا.لە بواری ئەدەبیشدا شارەزاییەکی باشی ھەبوو بە تایبەتی لە شیعری کلاسیکی کوردیدا، ھەر لەو بوارەدا کتێبێکی لەسەر ئەو ڕاوبۆچونانە نووسیووە کە پێشتر لەسەر دیوانی نالی نووسراون. دواتریش کتێبێکی بەناونیشانی(ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردی)دا بە چاپگەیاند. ئەم کتێبە بووە مایەی نیگەرانبوونی زۆرێک بە دەرچوون لە سنووری ئیسلام لێکیان دەدایەوەو نووسەرەکەیشیان بە دژی ئایین ناودەبرد. ھەر ئەم کتێبە بووە ھۆی سەرەکی تیرۆرکردنی.

عەبدولخالق مەعروف لە ڕۆژی ١٠/٤/١٩٨٥دا لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی ئازادی لە شاری ھەولێر تیرۆرکرا.

 

 

،،

مام جەلال:

عەبدولخالق مەعروف  لە ڕیزی پێشەوەی شەھیدانی قەڵەمی مێژووی ئێمەدا ناوێکی درەوشایەوەو ھەڵوێست و کارو بەرھەمەکانی ناسنامەی نەمرییان پێبەخشیووە، لە مێژووی داھاتووی ئێمەدا ناوی عەبدولخالق و شەھیدەکانی تری قەڵەم ھاوشان لەگەڵ ناوی سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستاندا بە گەشاوەیی دەمێننەوە.

 

 

مام جەلال لەبارەی عەبدولخالقەوە، چی دەڵێت؟

لە چلەی ماتەمینییەکەیدا، کە لە شاخ بۆی سازکرا، بەڕێز مام جەلال وتارێکی خوێندەوە، تێیدا باسی ھەڵوێستی زانستی و نیشتمانی و نەتەوەیی  عەبدولخالقی کردو وەکو قەڵەمێکی بوێرو تێکۆشەرێکی کۆڵنەدەرو ئازادیخوازێک دایە قەڵەم و لە پەرەگرافێکی وتارەکەیدا دەڵێت: عەبدولخالق مەعروف، پیاوێکی دڵسۆز بوو، خاوەنی ڕاو ھەڵوێستی تایبەتی خۆی بوو، زیاتر لە سی ساڵ خەباتی کرد، دوای شۆڕشی ئەیلول چوو بۆ ئەوروپاو بەشداری پێکھێنانی لیژنەی ڕێکخستنی ئەوروپای یەکێتی کرد. پاش گەڕانەوەشی بۆ ھەولێر ھەر بە دڵسۆزی مایەوە بۆ شۆڕش. ژیانی عەبدولخالق مەعروف ژیانێکی شۆڕشگێڕانە بوو، ھەمیشە دڵسۆز بوو بۆ کوردو کوردستان، ئەو نووسەرە ئازایە، لە ڕیزی پێشەوەی شەھیدانی قەڵەمی مێژووی ئێمەدا ناوێکی درەوشایەوەو ھەڵوێست و کارو بەرھەمەکانی ناسنامەی نەمرییان پێبەخشیووە، لە مێژووی داھاتووی ئێمەدا ناوی عەبدولخالق و شەھیدەکانی تری قەڵەم ھاوشان لەگەڵ ناوی سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستاندا بە گەشاوەیی دەمێننەوە.

 

بەرھەمە چاپکراوەکانی بریتین لە:

١-ئەنتینا، کە کتێبێکی زانستی تەکنیکییە لە ساڵی ١٩٧٧دا بە چاپی گەیاندووە.

٢-تەکنیکار، کتێبێکی زانستی تەکنیکییە لە ساڵی ١٩٨١دا بە چاپی گەیاندووە.

٣-دیوانی نالی و کێ ڕاستە، کتێبێکی لێکۆڵینەوەیە لە ساڵی ١٩٨٤دا بە چاپی گەیاندووە.

٤-ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا. لێکۆڵینەوەیە لە ساڵی ١٩٨٤ بە چاپی گەیاندووە.

٥-اجھزە الارسال زانستی تەکنیکییە بە زمانی عەرەبی لە ساڵی ١٩٧٩دا بە چاپی گەیاندووە.

 

بەشێك لەکتێبی ساتێ پێش بیرچوونەوە-نووسینی کامەران سوبحان بڵاوبوەتەوە