مام جەلال: بەتەمای گرتنی سەری ڕەش بووین

2021-08-28

ئەوان كە لەسەردەمی شاخدا چەندین جەولەی شەڕی ناوخۆیان ئەنجامدابوو، لەپاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991‌و هاتنەوەیان بۆناو شار، لەساڵی 1994، گەڕێكی دیكەی شەڕی ناوخۆیان ئەنجامداو شەڕەكەش لە قەڵادزێوە هەڵگیرساو تەواوی كوردستانی گرتەوە.


مام جەلال لە كتێبی دیداری تەمەن"دا دەڵێت:" لە قەڵادزێ لە نێوان دوو گروپی پارتی‌و یەكێتیدا شەڕ ڕوویداو پەرەیسەند بۆ ڕانیە، هەردوولا هەڵەیان كرد هەم برادەرانی پارتی كە چووبوون لە قەڵادزێ بەزۆر خۆیان بسەپێنن‌و هێزی خۆیان نیشان بدەن، هەم برادەرانی یەكێتی كەزۆر توند وەڵامی ئەو كێشەیەیان دایەوەو ژیرانەو وردبینانە مەسەلەكەیان چارەسەر نەكرد".


مام جەلال هۆكاری هەڵگیرسانی شەڕەكە دەخاتە ئەستۆی هەردوولاو ئاماژەش بەوە دەدات كە هاندانی ئێران بۆ پارتی هۆیەك بووە بۆ زیاتربوونی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی،" یەكێتی‌و پارتی هەردوولا لێپرسراون بەرانبەر بەوكارەی كە تاكو ئێستاش پاشماوەی ماوە، هاندانی ئێران هۆیەكبوو بۆ پەرەسەندنی ناكۆكییەكان، پارتی پشتیوانی ئێرانی هەبوو، وەعدیان پێدرابوو ئەگەر لەگەڵ ئێمە كەوتنە شەڕەوە یارمەتیان بدەن‌و چەك‌و تەقەمەنیان بدەنێ".
تاڵەبانی باسلەوە دەكات كە ئەوكاتەی لە قەڵادزێ شەڕ لە نێوان پارتی‌و یەكێتیدا ڕوویداوە ئەو لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا لە " ڕۆما" بووەو تەلەفۆنیان بۆ كۆسرەت ڕەسووڵ‌و بەرپرسانی باڵای یەكێتی كردووەو ئەوانیان ڕاسپاردووە كە بچنە لای مەسعود بارزانی‌و دڵی بدەنەوەو بەقسەی بكەن‌و گوێڕایەڵی بكەن، بەڵام ئەوە سەری نەگرتووەو شەڕەكە تەشەنەی سەندووە.

دەربارەی قۆناغەكانی تەشەنەسەندنی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی، مام جەلال زۆرتر باسدەكات‌و دەڵێت:" لەسەر داوای مەسعود بارزانی ئێمە شەقلاوەمان چۆڵكرد، لە شەقلاوە دوو بارەگای بچوكمان هێشتەوە، بارەگای مەڵبەندو ماڵەكەی خۆم، پارتی كەڵكیان لەوە وەرگرت، دوای ئەوەش، نێچیرڤان بارزانی چوو دەستی بەسەر پارەكەی ئیبراهیم خەلیل دا گرت، مەسعود بارزانی بەڵێنیدا ئەو پارەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم دوای ئەوەی بارەگای پارتی لە سلێمانی دەكرێتەوە، نەوشیروان پێشنیاری كرد هەردوو كارەكە لە یەككاتدا ئەنجام بدرێت، مەسعود بارزانی منی جیاكردەوەو بەڵێنی شەرەفی دامێ‌، كە یەكەمجار بارەگای پارتی بكرێتەوە، دوای ئەوە ڕاستەخۆ من پارەكە بەدەستی خۆم دەهێنمەوەو دەتاندەمەوە، من هاتم لەسلێمانی بارەگای پارتیم كردەوە، ئینجا داوامان لەمەسعود بارزانی كرد بەشی دووەمی ڕێكەوتنەكە جێبەجێبكات، مەسعود بارزانی ناردی بەشوێن كۆسرەت‌و ڕۆژ نوری شاوەیسدا" لەوكاتەدا كۆسرەت رشەسووڵ سەرۆكی حكومەت‌و ڕۆژنوری شاوەیس جێگری بوو" كە پارەكەیان بداتێ، كە ئەوان چوون وتی " وەڵا پارەكە هەمووی نێچیرڤان بردویەتی‌و تازە ناگەڕێتەوە.
پاش كەمتر لە ساڵێك لە شەڕی ناوخۆی پارتی‌و یەكێتی، دوو ناوچەیی‌و دوو سنوری سەریهەڵداو یەكێتی لە بادینان‌و شەقلاوە دەركراو پارتیش لە ناوچەی سۆران‌و سلێمانی دەركراو، ئیدی لەوێوە نەخشەی ئەو دوو ئیدارەییە دانرا كە تا ئێستاش بەردەوام‌و بەرقەرارە.
مام جەلال لەبەشی دووەمی كتێبی "دیداری تەمەن"دا چیرۆكی ئەو دابەشبوونە بەمجۆرە دەگێڕێتەوەو دەڵێت:"
كۆسرەت ڕەسووڵ بە مەسعود بارزانی وت ئەگەر ئێوە شەقلاوە بگرن، ئێەش هەولێر دەگرین، پێیوتبوو ئێمە قبوڵ ناكەین ئێوە شەقلاوە بگرن، ئەوان وتبوویان باشە

،،

بەڵام لە پڕێكدا هێزێكیان هاتە ناو شەقلاوەوەو پەلاماری ماڵەكەی منیان داو دواتر مەڵبەندیشیان گرت، كە ئەوەیان كرد ئیتر كار لەكار ترازاو ئێمەش بارەگای سلێمانیمان گرت‌و دەرمانكردن".

جگە لە هەوڵی ناوخۆیی، لە سەر ئاستی دەرەوەش چەندین هەوڵی جۆراوجۆر درا بۆ كۆتایهێنان بەشەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی، بە وتەی مام جەلال پارتی ئاشتەوایی نەویستووەو هەوڵەكانی كۆتایپێهێنانی شەڕی قبوڵ نەكردووە:" ئێمە هەوڵەكانمان بۆ وەستانی شەڕ قبوڵ كرد، بەڵام پارتی قبوڵی نەكرد، پارتی گرەوی كردبوو دەیووت هەردەبێت هەولێر چۆڵ بكەن، ئەوكاتە پارتی پشتئەستوور بوو بە پشتیوانی ئێران‌و توركیا، بۆیە هەوڵی ئاشتی ڕەفز دەكرد، لە پاریس ڕێكەوتین‌و هەردوولامان ڕەزامەند بووین، پارتی چوو نهێنی ڕێكەوتننامەكەی بە توركەكان گەیاند، دركاندنی ئەو نهێنییە "مسیۆ میتەران"ی زویر كرد، چونكە وتبووی جارێ دەنگ مەكەن هەتا مەسعودو جەلال دێن بۆ ئەوێ‌و بە ئامادەبوونی ئەوان ئەوكاتە ڕێكەوتننامەكە ئیمزا دەكەین، ئەوەبوو مەسعود نەهات‌و بەهانەی هێنابوویەوەو وتبووی ناتوانم بە توركیادا بچم بۆ فەرەنسا".


لە 31ی ئابی 1996دا شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی گەشتە لوتكەو پارتی بەهاوكاری سوپای عێراق یەكێتی لە هەولێرو زۆرینەی خاكی كوردستان دەرپەڕاند.
دەربارەی ڕووداوی 31ی ئاب مام جەلال دەڵێت:" دەمێكبوو برادەرانی پارتی هەڕەشەیەیان دەكرد، هانی فەكیكی لەگەڵ لێپرسراوێكی گەورەی پارتی قسەی كردبوو كە دەتانەوێت " ئای ئێن سی" بكەوێتە نێوان ئێوەو یەكێتییەوە، ئەویش وتبوو" مایحل المشكلە الا دبابات ابو عدی"، پارتی دەمێكبوو لەگەڵ عێراقدا پەیوەندی هەبوو، بەداخەوە پارتی بۆ سەپاندی دەسەڵاتی خۆی هەموو شتێكی دەكرد، واتە نە ئەسڵەمییەوە لە هیچ هەنگاوێك، جارێك ئێرانیان هێنایە سەرمان‌و جارێك سووپای توركیاو جارێك سوپای عێراق".


وەكو تاڵەبانی باسیكردووە ئەوان بەر لە هەفتەیەك لە 31ی ئاب زانیویانە كە سوپای عێراق دێت بۆ هەولێر:" پارتی لەوە نە سڵەمییەوە هاوكاری سوپای عێراق بكات‌و بیهێنێت بۆ داگیركردنی كوردستان، ئێمە دەمانزانی عێراق دێت، پێشئەوە بە حەفتەیەك دەمانزانی كە عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی دێت".
لە " دیداری تەمەن"دا، مام جەلال زۆر لەبارەی سیویەكی ئاب‌و هاتنی سوپای عێراقەوە بۆ هەولێر دواوەو وتوویەتی:" پارتی زۆر هەوڵیدا خۆی بە تەنها هەولێر بگرێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، ئەو شكستە بێهیوایكردن كە ئەوان بەتەنها ناتوانن هەولێر بگرن، تاریق عەزیز لە كتێبەكەیدا دەڵێت: مەسعود داوای لێكردین‌و وتی كە هەولێر لەژێر دەسەلاتی ئێرانییەكاندایەو جەلال‌و ئێرانییەكان هەوڵی لەناوبردنی من دەدەن، منیش داوای یارمەتی دەكەم".


لە 31ی ئابدا، هێزی یەكێتی بەتەواوی ڕووخاو لە لایەن پارتییەوە تا "سەیرانبەن" ڕاونران، مام جەلال باسلەوە دەكات ئەو شكستەیان دەرئەنجامی بەلێنی ئەمەریكا بووە بۆیان كە ئەگەر حكومەتی عێراق هێرش بكاتە سەر هەولێر ئەمەریكا لێیدەدات، مام جەلال دەڵێت:" پێشئەوەی سوپای عێراق هێرش بكات، ئێمە لەگەڵ ئەمەریكییەكاندا قسەمان كرد، ئەوان بەڵێنیان پێداین‌و وتیان ئەگەر عێراق هێرش بكات ئەوا ئێمە لێیان دەدەین، ئێمەش پێمانوابوو ئەگەر سوپای عێراق هێرش بكات‌و ئەمەریكا لێیان بدات ئەوا ئێمە نەك هەر دەیانشكێنین بەڵكو دەچین چەكەكانیشیان كۆ دەكەینەوە، هەڵەكەی ئێمە لەوەدابوو كە نەدەبوایە ئێمە ئەوەندە خۆشباوەڕبین بە ئەمەریكا".


وەكو مام جەلال باسیدەكات، دواتر ئەمەریكییەكان وتوویانە، ئەوە شەڕی نێوان دوو هێزی كوردییەو یەكێكیان دەعوەتی حكومەتی عێراقی كردووە كە هەولێر ڕزگار بكات‌و ئەوەیان كردووەتە بیانوو بۆ دەخالەت نەكردن.

،،

پاش زیاتر لە مانێگ بەسەر ڕووداوی سیویەكی ئابدا، یەكێتی بە پاڵپشتی‌و هاوكاری ئێران هەمان شكستی بەسەر پارتیدا هێناو جگە لە شاری هەولێر، پارتی ڕاونایەوە بۆ ئەو شوێنانەی كە پێش 31ی ئاب لێیبوون.

دەربارەی گەڕانەوەی یەکێتی بەهاوکاری ئێران، مام جەلال دەڵێت:" پاش سیویەكی ئاب چەند هەزار پێشمەرگەیەكمان كۆكردەوە، پێشتریش كۆسرەت چوو بوو بۆ ئێران‌و پێمان وتن كەوا پارتی لەگەڵ عێراق ڕێكەوتووەو هێرشمان ئەكەنە سەر، ئێرانییەكان وتیان مەترسن، ئێمە ئەو چەكەی كە عێراق بەكاری دەهێنێت ئەوەتان دەدەینێ‌و هەركات عێراق پەلاماری ئێوە بدات ئێمەش پاسدار دەنێرین بۆ پشتگیریتان".

دەربارەی ڕۆڵ‌و هاوكاری ئێران بۆ یەكێتی لەپاش 31ی ئاب، مام جەلال دەڵێت:" ئێرانییەكان چەكیان پێفرۆشتین، وتیان پشتیوانیتان دەكەین، هەڵەمان كردووە كە پیشتر هاوكاریمان نەكردوون، ئێستا لەسەرتان دەكەینەوە، ورەی پێشمەرگە بەرز بوویەوە كە بیستیان ئێران هاوكاریمان دەكات".


بەوتەی مام جەلال، لەگەڕانەوەی یەكێتیدا بەهاوكاری ئێران، یەكێتی دەیتوانی هەولێرو شەقلاوەش بگرێت، بەڵام ئەمەریكاو توركیاو عێراق‌و ئێران ڕێگەیان نەداون لەوە زیاتر بچنە پێشەوە،" هێزی پارتی بەتەواوی ڕووخابوو، ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتبوو خراپتر بەسەر ئەواندا هاتبوو، لەكاتی شكستەكەی پارتیدا ئێمەیان ڕاگرت، عێراق هەڕەشەی بۆ ناردین ئەگەر بچینە هەولێر لێمان دەدەن، ئەمەریكییەكانیش تەلەفۆنیان بۆ كردم وتیان ئەگەر بچنە هەولێر ئەوا عێراق تەداخول دەكاتەوە، ئێرانییەكانیش پێیانوتین مەچنە هەولێرەوە، ئەگینا دەمانتوانی بەئاسانی هەولێرو شەقلاوەش بگرین، ئێمە سەفینمان گرتبوو، بەتەمای گرتنی سەری ڕەش بووین، بەڵام بەهۆی گوشاری توركیاو تكای ئەمەریكاو داخوازی عێراقەوە هەڵوێستەیەكمان كرد".


دەربارەی داخوازییەكەی عێراق‌و داواكەی توركیاوە مام جەلال وتوویەتی:"دیڤید وێڵش یاریدەدەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵات تەلەفۆنی بۆ كردم‌و وتی وەزیر لەسەر خەتە پێم دەڵێت با جەلال شەڕەكە بوەستێنێت‌و چیتر نەچنە پێشەوە، حكومەتی عێراقیش هەواڵیان بۆ ناردین‌و وتیان مەسعود بارزانی دەخیلی سەرۆك بووە كە سەری ڕەش نەگیرێت، سەرۆك تكات لێدەكات كە نەچنە سەری ڕەش‌و سەری ڕەش مەگرن، چونكە لەوكاتەدا سەرۆك ناچارە بەرگری لەسەری ڕەش بكات، ئێمە ئەمجارە نامانەوێت بەشداری شەڕ ببین لەگەڵتان".