داخی حوجرە

2022-02-26

د. عوسمان محەمەد غەریب

سەبارەت بە حوجرەو زانایانی کۆن دەمەوێ لێرەدا چەند خاڵێک بخەمە ڕوو:
خاڵی یەکەم: هیچ مەنهەجێک – جگە لە وەحی کیتاب و سووننەت- موقەددەس نییە کە پێویستی بە پێداچوونەوە و نوێسازیی نەبێت، بۆیە ئاساییە مەنهەجی حوجرە وەک مەنهەجەکانی دیکە لە هەندێ خاڵدا بۆ ئەم زەمانە پێویستی بە موراجەعە هەبێت، بەڵام ڕەخنەگرتن لە کوێ و، گاڵتەپێکردن و سووکایەتیی لە کوێ؟ نێوانیان سەد کێوی شاهۆن.

بەڵام با ئەوەش بڵیم بەو خودایەی هەموومانی درووست کردووە هەتا زیاتر بخوێنمەوە نەخوێنەواریی و ئاستی نزمی خۆم و زانایان و پسپۆڕانی ئێستەو، ئاستی بەرزی مامۆستانی کۆنی دەرچووی حوجرەم بۆ دەردەکەوێت.

خاڵی دووەم: گریمان هەموو ڕەخنەی ئەو ڕەخنەگرانە ڕاستەو دروستە، بەڵام مرۆڤی ژیر لە بری ئەوەی نەفرەت لە تاریکیی بکات مۆمێک دادەگرسێنێت، جا لێرەدا لە بری ئەوەی سەرقاڵی ڕەخنە لە زانا و مەنهەجی کۆن بن، کە تەنها خودا دەزانێ بە چ زەحمەت و دەردەسەریی و هەژاریی و برسییەتی و کوڵەمەرگیی و بێ کتێبییەوە خوێندوویانە و پێگەشتوون، کێ دەستی گرتوون قۆڵی لێ هەڵماڵن و حوجرەی مۆدێرنە دابمەزرێنن و، زانا و شەرعزانی بلیمەت پێ بگەیەنن، بەڵام وەک دەبینین زۆربەیان هیچ مەدرەسە و حوجرەیان دانەمەزراندووە و، ئەوانی دیکەش بە مەنهەجێکی لاواز و سادەو کرچ وکاڵەوە مەدرەسەیان داناوەو، کە قەت نایانگەیەنێتە ئاستی ئەوەی ببنە موستەعید لای مامۆستای ئیبنولقەرەداغی و پێنجوێنی و مودەڕڕێس و بالک و کانی سانانی، بەڵکو تەنها فێری هەندێ بابەتی پچڕ پچڕی نەحو و صەرف و بەلاغە و هتد بوون، دواتر لەبری ئەوەی ببنە هۆکاری گەشەکردنی زانست و مەعریفەت، هەندێکیان بوونەتە هۆکاری ئەو فەوزا فیکرییەی کە کوێریش دەیبینێت و، هەر لەو مەدرەسانەدا کەسانی دژە فەرموودە و خاوەن فیکری بۆگەن و تێکدەر هاتوونەتە دونیاوە.

،،

بۆ نەیانتوانییوە لەگەڵ ئەو هەموو تێریی و، ئاسانکاریی تەکنۆلۆژیی و، فرەکتێبیی و فرەسەرچاوەییەدا چەند کەسێکی کەم پێ بگەیەنن ئاستی زانستییان –ناڵێم وەک زانایانی کۆن بێت- بەڵکو نزیک ئاستی فەقێکانیان بێت.

لە وەڵامدانەوەی محەممەد شەحرووردا سەبارەت بە بابەتی زانستی خودا توێژینەوەیەکی وردم نووسیی، بەڵام بە ڕاستیی شاعیر و زانای گەورەی حوجرە جەنابی مەولەویی تووشی شۆکی کردم کە بینیم بە سێ دێڕە شیعر وەڵامی ئەو بابەتە هەستیارەی بە جوانترین شێوە داوەتەوە.
ئاخر کەسێکی وەک مەولەویی کە لە ژیانیی خوێندنیدا کەسێکی عەرەبی نەبینیوە چ جای ئەوەی لە زانا بلیمەتەکانییان فێر بێت، ئاخر چۆن فێری ئەو زانستە بووە و، جگە لە حوجرە و زانای کورد- کێ فێری کردووە.
بۆ زانا عەرەبزانەکانی ئێستە ناتوانن چەند دێڕەشیعرێکی وەک شیعرەکانی فەضیلە بهۆننەوە.

خودا خێری مامۆستای مودەڕیس بنووسێت، گەر ئەو نەبوایە لە شیعرەکانیشی تێنەدەگەشتن.
کێش خۆی بە زۆر پیتۆڵ و زیرەک دەزانێت با بچمە خزمەتی و، پرسیاری مانای چەند دێڕەشیعرێکی فەضیلەی لێ بکەم، تا بزانین بەبێ ڕاڤەو شرۆڤەی مامۆستای مودەڕڕیس زمانی لاڵ نابێت.
با لە ئاستی نزمی زانست و شەرع و زمانی عەرەبیی گەڕێین و، پرسیارێک لە خۆمان بکەین: ئەرێ بۆ لە زمانی کوردیشدا کۆڵەوارین و ناتوانین بگەینە سێبەری قەد و باڵای بەرزی مامۆستایانی کۆن؟!


خاڵی سێیەم: پرسیارێک دەکەم و دەڵیم: ئاخۆ –جگە لەو زانایانەی کە دەرچووی حوجرە ڕەسەنەکان بوون- کێ ئایینی ئیسلامی بە ئێمە گەیاند؟ دیارە ئەگەر ئەو زانا گەورانە نەبوونایە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەو جوانییە نەدەگەشتە ئێمە.
تا خەڵکیش پەیڕەوی ئەو مەنهەجە ڕەسەنە بوون کەش و هەوای فیکریی و ئایینی بڕواداران ئارام بووە و، فەوزای فیکریی ئایینیی سەری هەڵنەداوە و، فیکری بۆگەنی توندوتیژیی و تەکفیر و تەبدیع و کوشتن و سەربڕین و سووتاندن و تێهەڵدان وجوودی نەبووە.
بەڵام کاتێ مەدرەسەی بێسەروبەر لە هەندێ شوێندا جێی ئەو مەدرەسە ڕەسەنانەیان گرتەوە و، درووشمی جوان و زاراوەی بریقەداری نوێگەریی و پابەندبوون بە کیتاب و سوونەتیان بەرز کردەوە، ئیتر لەوێوە فەوزای فەتوا و ئیجتیهادی خواروخێچ کوردستانی ئارامییان تەنی و، فیکری بۆگەنی توندوتیژیی و تەکفیر و تەبدیع و کوشتن و سەربڕین و سووتاندن و تێهەڵدان گۆڕەپانیان بۆ چۆڵکرا و، بوونە هۆکاری ئەو گەڕەلاوژەیە کە تیایدا سەگ ساحێبی خۆی ناناسێت، بگاتە ئەو ئاستەی نەک لە کورستاندا بەڵکو لە جیهاندا زانای ناودار نەماوە تەکفیر یان تەبدیع نەکرێت، بەڵکو بە زانایانی ئەشعەریی و مەزهەبییەوە نەوەستاون و، ڕووی تەکفیر و تەبدیعیان کردووەتە زانا هاوڕەوتەکانییان و، ئەوانیشیان تەکفیر یان تەبدیع کردووە و، دواتر دەستی چەپەڵیان بۆ ئیمامە کۆنەکانی وەک ئیمامی ئەبوو حەنیفە و نەوەویی و ئیبن حەجەری عەسقەلانی و سەدەها زانای دیکە ڕاکێشاوە، بەمەشەوە نەوەستاون بەڵکو پەلاماری خودی پێشەواکانی خۆشیان داوە و تەکفیریی ئیبن تەیمیەشیان کردووە.

بۆ پرسیار لە خۆمان ناکەین، کێ بەرپرسی ئەوم هەموو فەوزا و گەڕەلاوژە فیکرییەیە، ئایا حوجرە ڕەسەنەکان، یان فیکری لامەزهەبیی و ئیدعای درۆی شوێنکەوتنی کیتاب و سووننەت؟


خاڵی چوارەم: گەر مامۆستایانی کۆن گرنگییان بە شەرع و تەفسیر نەداوە، نازانم ئەو هەموو شەرعزان وموفەسسیرە کوردانە چۆن پێگەیەنران؟ مامۆستای مودەڕڕیس خۆی بە تەنها سێ تەفسیری نووسیوە، جگە لە کتێبی تایبەت بە (علوم القران) و (علوم الحدیث)، بەڵکو جەنابیان زانستی فەرموودەیان بە زمانی شیرینیی کوردیی پەخشاندووە و ڕاڤەشی کردووە.

خاڵی پێنجەم: هەموومان قەرزاری زانا کۆنەکانیین کە بە هێزی زانست توانوویانە عەقیدەی ئەم میللەتە لە فیکری باطنییە و شیعەگەریی بپارێزن.
بە درێژایی مێژووش زانایانی شیعە و دەسەڵاتی سیاسیی شیعە هەوڵیان داوە لە کوردی ئەهلی سووننە نزیک ببنەوە و، ئەو خۆشەویستیە پاکە خاکیەی ڕێبازە جیا جیاکانی سۆفیگەریی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە و، جار و باریش ویستوویانە هزری باوەڕی شیعەگەریی تێکەڵ بە هزر و بیری ئەهلی تەصەوف بکەن.

لە لایەکی دیکەوە هەوڵیان داوە ڤایرۆسی ڕێبازی خواروخێچی وەک ڕەوتی بابیی و بەهائیی و بەکتاشیی و نیعمەت ئیلاهیی و عەلی ئەڵڵایی و خاكسالاریی لە نێو ئەهلی سوونەدا بڵاو بکەنەوە، بەڵام –بە تایبەت لە کوردستانی ئازیزماندا- بە هۆی ئەوەوە کە پێشەوا و ڕابەرانی زانستی شەرعیی هەمیشە بە چەکی زانست و مەعریفەت وەک لەمپەر و بەربەستێکی سەخت لەبەردەم هزر و بیری باطنیی و شیعەگەرییدا وەستاون و، سەرکەوتوانە هەوڵیان داوە کە تاکی موسوڵمانی کورد بەو هزرانە نەخەڵەتێ و، واز لە بیر و باوەڕی سوننی بوونی خۆی نەهێنێ، و بۆ ئەم مەبەستە کتێبگەلێکی زۆریان نووسیوە وەک (النوافض للروافض لمحمد بن عبد الرسول البرزنجي)، و (الرد على الشيعة لحيدر بن أحمد الكردي الحسين آبادي).

،،

لاپەڕەکانی مێژوو شایەتحاڵی سەرکەوتنی ئەو زانا پاڵەوانانە بوون و، پێمان دەڵێن کە کورد بە شێوەیەکی گشتیی قەت وازی لە ئاینزای خۆی نەهێناوە و، بە دەگمەن نەبێ نەبوەتە شیعە.


ئیبن ڕەجەبی حەنبەلیش –ڕەحمەتی خودای لێ بێ- بۆمان دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێ لە قوتابخانەی موستەنصریە زانای ناوداری حەنبەلیی (نور الدين عبد الرحمن بن عمرَ البصريُّ) لە کۆڕێکی دادوەرییدا دەبێت، زانایانی کۆڕ پێی سەرسام دەبن، زانایەکیان بە ناوی (بهاء الدين ابن الفخر عيسى) -کوردێکی شیعەمەزهەب بوە- پرسیار دەکات و دەڵێ: ئەم مامۆستا خەڵکی کوێیە؟ دەڵێن:خەڵکی بەصرەیە، دەڵێ: ئەی سەر بە چ مەزهەبێکە؟ دەڵین: حەنبەلییە، ئەویش دەڵێ: بە خودا سەیرە، خەڵکی بەصرە بیت و حەنبەلیی بیت! شێخ نوورەدینیش دەڵێ: لەوە سەیرتر ئەوەیە کورد بیت و ڕافیزیی بیت، ئیتر شەرم دایدەگرێ و بێدەنگ دەبێ، ئیبن ڕەجەبی حەنبەلیش دوای گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە دەڵێ: چونکە لە نێو کوردا ڕافزیی بوون و شیعەگەریی بوونی نیە یان دەگمەنە.!!(1)

خاڵی شەشەم: ئایا تەنها کەسانی پیر و پەککەوتە و تەقلیدیی ڕوویان لە مامۆستای مودەڕڕیس کردوە؟
بە ڕاستیی ئەوەی کەمێک هاتوچۆی مامۆستای کردبێت دەزانێت ئەم قسە زۆر دوورە لە ڕاستییەوە.

جەنابی مامۆستای مودەڕڕیس سەدەها قوتابیی هەبوون و، زۆرێک لەوانە بوونەتە زانا و مەرجەعی گەورە، داخی داخانم ئەوەندەی عەرەب ڕێز لە مامۆستایانی کوردی گرتووە، کورد ڕێزی لێ نەگرتوون.

پڕۆفیسۆر دکتۆر هاشم جەمیل کە لەبواری فیقهی بەراوردا لە جیهانی ئیسلامییدا نموونەی نییە و کتێبەکانی بوونەتە مەنهەج لە زۆرێک لە زانکۆکاندا، قوتابی مامۆستای مودەڕڕیس بوو و، بە شانانزییەوە باسی مامۆستای دەکرد، جارێکیان سەبارەت بە خولع ئایا فەسخە یان تەڵاقە، ڕای خۆی خستە ڕوو، منیش پێم گوت: قوربان، بەڵام جەنابی مامۆستای مودەڕڕیس وا نافەرموێت، ئەویش بەوپەڕی ڕێزەوە فەرمووی: پێڵاوەکانی مامۆستای مودەڕڕیس لەسەر سەرم، لە پاشان فەرمووی: ئەوەندە قەرزاری مامۆستام ناتوانم پاداشتی بدەمەوە، چونکە بەیانییان دەچوومە خزمەتیی و دەرسم دەخوێند، دواتر دەچوومە خزمەتی شێخ ئەمجەد زەهاویی، بەڵام لەبەر گرنگیی دەرسەکانی مامۆستای مودەڕڕیس پاش عەسریش دەگەڕامەوە لای مامۆستا و دەرسی ترم دەخوێند.

خاڵی حەوتەم: ئەو حوجرانەی کوردستان هەزارەها بلیمەتی گەورەیان پێگەیاندووە و، وەک دیاریی و خەڵاتێک بە جیهانی ئیسلامییدا بڵاو بوونەتەوە، لە مامۆستای گەورەمان مامۆستا محەممەد عەلی قەرەداغییم بیستووە لە عیراقدا زیاتر لە دووسەد و پەنجا ساڵ فەتوا بە دەست زانای کورد بووە.
بەڵکو دەبینین مامۆستایانی دەرچووی ئەو حوجرانە وەک شێخ ئیبراهیمی شارانی گۆرانیی و شێخ محەممەد عەبدولڕەسوول بەرزنجیی ودەیەها زانی تر بوونەتە موفتی مەدینەی مونەووەرە، تەنها بنەماڵەی بەرزنجیی سێسەد ساڵ موفتی مەدینە بوون.

هیوادارم ئەوەندەی سەرقاڵی ڕەخنەگرتنین لە ڕابردوو، ئاوڕێک لە خۆمان بدەینەوە و، بەرواوردێکی وردی خۆمان و، هیممەت و زانستی زانایانی کۆن بکەین، تا پێگەی خۆمانمان بۆ دەرکەوێت.
مامۆستای مودەڕڕیس دەیفەرموو: بیرم نایەت ڕۆژێ لە پاش نوێژی بەیانیی نووستبم، هەموو ڕۆژێ دوای نوێژی بەیانیی، دەرسم خوێندووە، یان دەرسم گوتووەتەوە، یان موراجەعەم کردووە.
هەروەها ئەوەندە عاشقی عیلم و زانست بوو دەیفەرموو: دەترسم خودا لەسەر زانست پاداشتم نەداتەوە، چونکە زانست بووەتە هەوا و ئارەزووم.

لە کتێبی باوەشێنی دڵدا داستانێکی سەرنجڕاکێش لە مەلا ئەحمەدی ڕەش دەگێڕێتەکە کاتێ بە یەکەوە فەقێ بوون، جارێکیان مەلا ئەحمەد سەرقاڵی بابەتێکی زانستیی بووە، بەڵام ماندوو بووە و خەوی هاتووە، پەنجەی خۆی بریندار کردووە و خوێی تێ کردووە لەبەر ئەوەی خەوەکەی بزڕێت و بتوانێت بابەتە زانستییەکە تەواو بکات.

سەرچاوەکان:
(1) ذيل طبقات الحنابلة، زين الدين عبد الرحمن بن أحمد بن رجب بن الحسن، السَلامي، البغدادي، ثم الدمشقي، الحنبلي (المتوفى: 795هـ)، المحقق: د عبد الرحمن بن سليمان العثيمين، مكتبة العبيكان – الرياض، الطبعة: الأولى، 1425 هـ - 2005 م:4/198، و طبقات المفسرين للداوودي، محمد بن علي بن أحمد، شمس الدين الداوودي المالكي (المتوفى: 945هـ)، دار الكتب العلمية – بيروت:1/285، و التاج المكلل من جواهر مآثر الطراز الآخر والأول، أبو الطيب محمد صديق خان بن حسن بن علي ابن لطف الله الحسيني البخاري القِنَّوجي (المتوفى: 1307هـ)، وزارة الأوقاف والشؤون الإسلامية، قطر، الطبعة: الأولى، 1428 هـ - 2007 م:244.