هەرێمی كوردستان تەنها لە ماوەی سێ ساڵدا ڕوبەڕوی زیاتر لە 27 ملیار دۆلار قەرزبۆتەوە، لەكاتێكدا تەنها لەو سێ ساڵەدا زیاتر لە 25 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی هەبوە، ئەگەر لەئێستادا كەمبونەوەی داهات و بەرهەمی نەوت هەڕەشەبێت بۆسەر هەرێمەكە، ئەوا قەرزەكان مەترسین بۆ سەر ئێستا و داهاتوش.
سەرەتای نەهامەتیەكان
بڕیاری حكومەتی عێراق لەسەردەمی نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی عێراقدا بۆ بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2014 دا هەرێمی كوردستانی ڕوبەڕوی كێشەی دارایی كردەوە، دواتریش دەركەوتنی داعش و هاتنی ئاوارە و دابەزینی نرخی نەوت كێشە دارایەكانی لەهەرێمی كوردستان قوڵتر كردەوە.
لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم بە شێوازی جۆراو جۆر كەوتە ژێر باری قەرزێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكیەوە.
قەرزە دەرەكیەكان
قەرزە دەرەكیەمان مەبەست لەو قەرزانەیە كە حكومەتی هەرێم لە توركیا یان لە كۆمپانیا نەوتیەكانی كردوە، كە زۆرینەی قەرزەكان پارەی پێشوەخت وەرگیراون لەبەرامبەر نەوتدا "نەوتی پێش وەخت فرۆشراو" یان لە حكومەتی توركیا وەرگیراون.
بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی هەرێم 11 ملیار و 464 ملیۆن دۆلار قەرزاری توركیا و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتە بەمشێوەیە:
یەكەم: چوار ملیار دۆلار پارەی حكومەتی توركیا، كە پێشتر خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەمەی ئاشكراكردوە، كە ئەم پارەی داوەتە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان.
دووەم: یەك ملیار و 150 ملیۆن دۆلاری توركیا كە بەشێوەی قست دراوە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
سیێیەم: 514 ملیۆن دۆلار پارەی كۆمپانیای تی ئی سی توركی
چوارەم: سێ ملیار دۆلار پارەی ڕۆزنەفت
پێنجەم: 800 ملیۆن دۆلار كۆمپانیای لیتاسكۆی ڕوسی
شەشەم: یەك ملیار دۆلار ڤیتۆڵی سویسری
حەوتەم: 500 ملیۆن دۆلار تراڤی گۆرای سویسری
هەشتەم: 500 ملیۆن دۆلار گلێن كۆری سویسری.
قەرزە ناوخۆییەكان:
هەر لەم سێ ساڵەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان 16 ملیار دۆلار لەسەر ئاستی ناوخۆ قەرزار بوە بەم شێوەیە:
یەكەم: هەشت ملیار دۆلار پارەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران كە مانگانە ئەم قەرزە زیاد دەكات بەوپێیەی پاشەكەوت بەردەوامە و لەئێستادا پاشەكەوتی موچەی هێزە ئەمنیەكان" پێشمەركە، پۆلیس، ئاسایش" یشی هاتۆتە سەر.
دووەم: حكومەتی هەرێم هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە دەستی بردوە بۆ پارەی بانكی ناوەندی عێراق لقەكانی سلێمانی و هەولێر، بەپێی زانیارییەكان 5 ملیار دۆلاری لەو بانكانە ڕاكێشاوە و نەیداوەتەوە.
سێیەم: هەر لەم سێ ساڵەدا حكومەتی هەرێم سێ ملیار دۆلاری پارەی بەڵێندەر و پڕۆژەكان قەرزدار بوە و نەیداوەتەوە.
قەرزەكان و یاسا كارپێكراوەكان
لەهەرێمی كوردستان تەنها یاسا ڕێگا بەحكومەتی هەرێم بدات قەرز بكات، یاسای ژمارە "7" ی ساڵی 2015 ی یاسای راكێشانی مایەیە، كە لە ڕۆژی 16 ی 6 ی 2015 پەرلەمانی كوردستان پەسندی كردوە، ئەگەرچی ئەم یاسایە هەیە بەڵام حكومەت لە وەرگرتنی قەرزەكان ڕەچاوی زۆرێك لە بڕگە و ماددەكانی نەكردوە و بەشێك لە قەرزەكان پێش دەرچونی ئەم یاسایەش كراون.
ماددەی نۆیەم لە یاساكە دەڵێت، "پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابوری و وەزارەتی پلاندانان بڕی مایە راكێشراوەكە بۆ پڕۆژەكانی ژێرخانی ئابوری و وەبەرهێنان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە خەرج بكەن، دوای راستاندنی لەلایەن پەرلەمانەوە".
بەڵام لەهەرێمی كوردستان هیچ كام لەو پارانە بۆ پڕۆژەكانی ژێر خانی ئابوری تەرخان نەكراون بەوپێیەی لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا سەرجەمی پرۆژەكان و بەتایبەت ئەو پرۆژانەی خزمەت بە ژێرخانی ئابوری دەكەن ڕاگیراون.
قەرزكردن و قەرزداربونی حكومەتی هەرێم بە بەهای 27 ملیار دۆلار لە سێ ساڵدا زۆر پرسیار دەوروژێنێت، ئەم پارانە لەكوێن؟ چەندی لێخەرجكراوە؟ بۆچی بوارێك خەرجكراوە؟ سەرجەم موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەو سێ ساڵەدا بە بێ پاشەكەوت 28 ملیار و 800 ملیۆن دۆلارە، كە ئەوەش تەنها ملیارێك و 336 ملیۆن دۆلاری زیاترە لە تەواوی قەرزەكان، بەمانایەكی تر تەنها ئەو پارەیەی قەرزكراوە بەشی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات بەبێ پاشەكەوت لەو سێ ساڵەدا، ئەی كەواتە پارەی داهاتی نەوتی هەرێم و كەركوك و نەوتی هەناردەكراو بە تانكەر و داهاتی ناخۆ چی بەسەر هاتوە، كە زیاتر لە 25 ملیار دۆلارە؟!
داهاتوی كوردستان لەسایەی قەرزەكاندا
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە "دیپلۆماتیك" ی ڕاگەیاند، هەر وڵاتێك سەروەری نەبێت و قەرزدار بێت متمانەی لاواز دەبێت، جگە لە فائدە، عمولەشی دەچێتەسەر بەوەش ڕۆژ بەڕۆژ قەرزەكان گەورەتر دەبن.
وتیشی، مەترسی قەرز تەنها لەئێستادا نیە، بەڵكو قەرز باجێكە جیلەكانی داهاتوو لە كوردستان دەیدات.
داعش و داهات
هاتنی داعش ئەگەر بە دیوێكدا مایەی مەترسی بوو بۆسەر هەرێمی كوردستان بەدیوێكی تردا بوە مایەی خێر ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی كوردستان سودییان لەو دەرفەتە وەربگرتایە.
بەتەنها مانگێك دوای دەركەوتنی داعش و كەوتنی موسڵ و تكریت و سەڵاحەدین، ڕۆژی 10 ی 7 ی 2014 لیوای یەكی نەوت و گازی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بەسەر كێڵگە نەوتیەكانی ئاڤانا و بای حەسەنی كەركوكدا گرت، بەوەش ڕۆژانە زیاتر لە 260 هەزار بەرمیل هاتە سەر نەوتی هەرێمی كوردستان.
نەوتی كەركوك بۆ هەرێمی كوردستان خەزنەیەكی بەنرختر بو لە نەوتەكەی خۆی، بەوپێیەی نەوتی كەركوك بە نرخی جیهانی دەفرۆشرێت، لەكاتێكدا نەوتی كوردستان بە نۆ دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات لە سێ ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان تەنیا بە نەوتی كێڵگە نەوتیەكانی ئاڤانا و بای حەسەن زیاتر لە 12 ملیار و 733 ملیۆن دۆلاری دەستكەوتوە، ئەمە جگە لەوەی لە كێڵگە نەوتیەكانی جەمبور و خەباز و بابەگوڕگوڕ بای 2 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتوە، بەوەش كۆی داهاتی نەوتی كەركوك بۆ هەرێمی كوردستان لەو سێ ساڵەدا زیاتر لە 15 ملیار دۆلار بوە.
داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان
هەرێمی كوردستان بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی سامانەسروشتیەكان و بەپێی ئامارەكانی كۆمپانیای سۆمۆ، لەو سێ ساڵەدا داهاتی نەوتەكەی بە بۆری و بە تانكەر، زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بوە، بێگومان ئەمە دوای دەركردنی ئەو پارانەی دراونەتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لەكوردستان، ئەوەش دەمانگەیەنێت بەو ئەنجامەی هەرێمی كوردستان لەم سێ ساڵەدا (2014 _2017) ئەو داهاتەی لە نەوتی كەركوك و هەرێمی كوردستان دەستی كەوتوە زیاتر لە 25 ملیار دۆلارە.
بەپێی دوا ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان 5 ملیۆن و 300 هەزار كەسە، بەوەش كە ئێستا هەرێمی كوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزدارە، واتە هەرتاكێكی ئەم هەرێمە زیاتر لە 5 هەزار دۆلار قەرزدارە، هەر تاكێكیش كە ئەمڕۆ لەدایك دەبێت هەمان بڕ قەرزدارە.