هەڵتۆقینى دەوڵەمەندەكان

2017-12-17



بەهۆی كەرتی نیشتەجێبونەوە، لەماوەیەكی پێوانەیی كەمدا ژمارەیەك دەوڵەمەندی گەورە لە هەرێمی كوردستان دەركەوتن.


وادەردەكەوێت وەبەرهێنان لە كەرتی نیشتەجێبوندا بوبێتە هۆی "هەڵتۆقین"ی كۆمەڵێك دەوڵەمەندی نوێ‌ كەپێشتر خەڵك نەیناسیون.


لەدوای ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادی عێراق،هەرێمی كوردستان كرانەوەی سیاسی و ئابوری زیاتری بەخۆوە بینی، سەرە رای ئەوەش دوای ناردنی بەشە بودجەی 17% لە حكومەتی ناوەندەوە بۆ هەرێم، پارەیەكی زۆر هاتە هەرێمی كوردستانەوە و بوژانەوەی ئابوری هەرێمەكەی گرتەوە.

شاری سلێمانی كە ئەو كات هەرێمێكی سەربەخۆ بوو، بەر لەشارەكانی دیكەی هەرێم دەرگای وەبەرهێنانی كردەوە پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە(89) ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی 2004.لە دوای یەكگرتنەوەی هەردوو هەرێمەكوردیەكە لە ساڵی 2006 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە یاسای وەبەرهێنان دەرچوو،ئامانجەكەی رەخساندنی فرسەتی گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان بوو. بەڵام ژمارەیەك كۆمپانیا بە هاوكاری كەسانی بڕیاربەدەست توانیان بەهۆی ئەو یاسایەوە لەماوەیەكی كورتدا سامانێكی گەورە بەدەست بهێنن.

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی

سەرمایە گوزاری لەكەرتی نیشتەجێبوندا ریسكی تێدانییە و قازانجەكەی خێراو چاوەڕوانكراوە، جگە لەوەی قازانجێكی زۆری تێدایە كە هەندێ‌ جار گەیشتۆتە 200%

هەموان كۆكن لەسەر ئەوەی یاسای وەبەرهێنان پڕە لە كەلێن و كەموكوڕی كە ڕێگەدەدات بە دەوڵەمەندبونێكی خێراو نائاسایی، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە ئەمە جۆرێكە لە گەندەڵی كە بەیاسا رێكخراوە. هەربۆیە لەوانەیە راستتر بێت یاساكە ناوبنرێت"یاسای تاڵانكردنی هەرێمی كوردستان".


فەرمان غەریب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت" ئەو یاسایە لەوانەیە بۆ كاتی خۆی باش بوبێت،بەڵام كاتێك بە كردەیی كارمان تێدا كرد بۆمان دەركەوت چەندین كەموكوڕی تێدایە و پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە"


یاساكە بواری ئیستیغلالكردنی زۆری تێدایە و هەندێكیش درێغیان نەكردووە لە ئیستیغلالكردنی ئەو كەموكوڕییە یاساییانە. بەتایبەتی لە كەرتی نیشتەجێ بوندا.
بە ووتەی بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان "لە هەموو یاسای وەبەرهێناندا تەنها یەك ووشەی تێدایە سەبارەت بە نیشتەجێ‌ بوون، كەچی بەشی زۆری ئەو پرۆژە وەبەرهێنانەی ئەنجامدراون لە چەند ساڵی رابردودا لە كەرتی نیشتەجێبوندابون، ئەمەش نهێنییە گەورەكەیە.بۆچی وەبەرهێنەران بەخێرایی و بەو قەبارەیە ڕویان كردە كەرتی نیشتەجێ‌ بون؟.


 ئەو دەڵێت" سەرمایە گوزاری لەكەرتی نیشتەجێبوندا ریسكی تێدانییە و قازانجەكەی خێراو چاوەڕوانكراوە، جگە لەوەی قازانجێكی زۆری تێدایە كە هەندێ‌ جار گەیشتۆتە 200%"

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان

لە پرۆژەكانی وەبەرهێناندا سەرمایەگوزاری نییە چونكە سەرمایە تیایدا بریتییە لە سفر،هەر لەبەر ئەوەشە قازانج تیایدا ناكۆتاییە


لەكاتێكدا ئەگەر سەرمایەدارێك بیەوێت كارگەیەكی چیمەنتۆ یان ئاسن دابمەزرێنێت ئەوا پێویستی بە سەرمایەیەكی 100-300 ملیۆن دۆلاری دەبێت و دەستمایەكەیشی لە ساڵانێكی دورودرێژدا دەگەڕێتەوە بۆی و قازانجیشی كەمترە، بەڵام پارەی پرۆژەی نیشتەجێبون پارەیەكی مۆڵە و لەماوەیەكی كەمدا دەگەرێَتەوە بە قازانجێكی زۆرەوە.


د.عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر لەوەش دەڵێت"لە پرۆژەكانی وەبەرهێناندا سەرمایەگوزاری نییە چونكە سەرمایە تیایدا بریتییە لە سفر،هەر لەبەر ئەوەشە قازانج تیایدا ناكۆتاییە".


بەپێی یاسای وەبەرهێنان هەركەسێك پرۆژەیەكی ستراتیژی ئەنجام بدات حكومەت لەسەر پێشنیاری دەستەی وەبەرهێنان زەویەكەی بۆ تاپۆ دەكات بە نرخێكی رەمزی یان بەخۆڕایی.


وەبەرهێنەكانی كەرتی نیشتەجێبون ئەم بڕگەیەیان قۆستۆتەوە و ئەمەش سەرچاوەی دەوڵەمەندبونەكەیانە.


فەرمان غەریب دەڵێت"یاساكە ناڕۆشنە، دیارینەكردووە پرۆژەی ستراتیژی كامانەن، بۆیە ئەوەی پرۆژەی نیشتەجێبون یان بەنزینخانە یان تەنانەت باڵەخانەیەكی بازرگانیشی دروستكردبێ وەك پرۆژەی ستراتیژی ساغیكردۆتەوە بەسەر حكومەتدا، ئەوەش كەموكورتیەكی دیكەیە لە یاساكەدا".


بۆئەوەی ببیتە خاوەن پرۆژەیەكی نیشتەجێ‌ بوون پیویست بەوە ناكات خاوەن سەرمایە بیت یان ئەزمونی كاركردنت لە بواری بیناسازیدا هەبێت، تەنها ئەوەندە بەسە كە خاوەنی ئەو چانسەبیت حكومەت لە ماستەر پلانی شاردا شوێنێكی ئاڵتونیت بۆ تەرخان بكات، ئەو كاتە بەو پارەیەی قۆناغ بە قۆناغ لە كڕیارەكانی وەردەگریت، لەڕێگەی بەڵێندەرەكانەوە قۆناغ بە قۆناغ كارەكەی پێ‌ تەواو دەكەیت. لە دوایشدا قازانجەكەی بە مۆڵی دێتە دەستت.

سەرۆكی سەندیكای ئابوری ناسانی كوردستان

ئەو كەسانەی پرۆژەی نیشتەجێبونیان وەرگرتووە كەسانی سەر بەدەسەڵات و دەستڕۆیشتووبون،ئەمانە كۆمەڵێك دەوڵەمەندی هەڵتۆقیون كە پێشتر لە بازاڕی كاردا دەرنەكەوتن و خەڵك نەیناسیون

پرسیارە گرنگەكە ئەمەیە، چۆن دەتوانیت پارچە زەویەكی گرنگت لە شوێنێكی شاردا دەست بكەوێت؟
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی جەخت لەوە دەكات ئەوان لایەنی پەیوەندیدار نین بۆ تەرخانكردنی زەوی، بەڵكو لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانییەوە شوێن بۆ پرۆژەكانی نیشتەجێبون تەرخان دەكرێت.

بەپێی بەدواداچونەكانی دواڕۆژ تەرخانكردنی زەوی لەلایەن حكومەتەوە بەپێی ماستەر پلانێك نەبووە كە حكومەت دەیەوێت لەكوێ‌ چ جۆرە پرۆژەیەك ئەنجام بدرێت، بەڵكو لە هەر سێ‌ شارەكەی كوردستان زۆرجار رێك كەوتووە كە خاوەن پرۆژە گەڕاوە بەشاردا و شوێنێكی بۆخۆی دیاریكردووە.

دەوڵەمەندبوون لە كەرتی نیشتەجێبوندا پێویستی بە زیرەكی و لێهاتویی نییە، تەنها پێویستی بە شانسێكە كە هەتبێت بۆ ناسینی بەرپرسێكی حیزبی یان حكومی.
ئەمیر قەساب، سەرۆكی سەندیكای ئابوری ناسانی كوردستان دەڵێت "ئەو كەسانەی پرۆژەی نیشتەجێبونیان وەرگرتووە كەسانی سەر بەدەسەڵات و دەستڕۆیشتووبون،ئەمانە كۆمەڵێك دەوڵەمەندی هەڵتۆقیون كە پێشتر لە بازاڕی كاردا دەرنەكەوتن و خەڵك نەیناسیون. ئەمانە لە هیچ سیكتەرێكدا پێشینەیان نەبوە بەڵكو ناوێك بوە هاتۆتە پێشەوە و لەسەر كەرتی نیشتەجێبون دەوڵەمەند بوە ".

هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات كۆمپانیەك كە ئیش دەكات ئەبێت سەرمایەیەكی دیاریكراو یان نەختینەی پارەی هەبێت، لێرە بە یەك ملیۆن دینارەوە دەتوانێت كۆمپانیایەك دابنێیت و پرۆژەیەكی 100 ملیۆن دۆلاری وەربگریت.

دیوانی چاودێری دارایی لە راپۆرتێكدا لەسەر گەندەڵیەكانی كەرتی نیشتەجێبون ئەوەیان بۆ دەركەوتوە بەهای هەندێك لەو زەویانەی دراون بە پرۆژەكان چەند قاتی ئەو سەرمایە زیاتر بوە كە لە پرۆژەكەدا خەرج دەكرێت.

نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی، لەبارەی ئەو پرۆژانەوە دەڵێت"قازانجی خەیاڵی لەو پرۆژانەدا كراوە، ئەو زەویانە لەلایەن حكومەتەوە بە خۆڕایی دراوتە وەبەرهێنەكان، بەڵام ئەگەر سەیری بڕی تێچون و قازانجیان بكەی، دەردەكەوێت كە ئەو كۆمپانیایانە زەویەكانیشان فرۆشتۆتەوە بەخەڵك"
ئەو جەخت دەكاتەوە لەوەی حكومەت هیچ لێپرسینەوەیەكی لەسەر پرۆژەكانی نیشتەجێبون نەكردوە، نەیشیتوانیوە زەمانەتی ئەو پارەیەی هاوڵاتی بكات كە دەیداتە ئەو كەسانە، لەكاتێكدا چەندین پرۆژە هەیە پارەیان وەرگرتوە و كارەكەیان بۆ تەواو نەكراوە.

،،

زۆرینەی ئەو كەسانەی پەلاماری كەرتی نیشتەجێبونیان داوە ئەوانەبون كە بە دەستی خاڵی و تەنانەت گیرفانی خاڵیشەوە چونەتە ناو كاری نیشتەجێبونەوە، نەخاوەنی كۆمپانیایەكی دیار و نە خاوەنی سەرمایەیەكی گەورەبون، لەكاتێكدا لە دونیادا نەبووە كەسێك وەبەرهێنان بكات بە گیرفانی خاڵییەوە، بۆیە گومانی زۆر هەیە كە ئەم كەسانە تەنها روكارێك بووبن بۆ كارەكتەرە راستەقینەكان كە بەرپرسانن.

زۆرینەی ئەو كەسانەی پەلاماری كەرتی نیشتەجێبونیان داوە ئەوانەبون كە بە دەستی خاڵی و تەنانەت گیرفانی خاڵیشەوە چونەتە ناو كاری نیشتەجێبونەوە، نەخاوەنی كۆمپانیایەكی دیار و نە خاوەنی سەرمایەیەكی گەورەبون، لەكاتێكدا لە دونیادا نەبووە كەسێك وەبەرهێنان بكات بە گیرفانی خاڵییەوە، بۆیە گومانی زۆر هەیە كە ئەم كەسانە تەنها روكارێك بووبن بۆ كارەكتەرە راستەقینەكان كە بەرپرسانن.


جێگری سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی دەڵێت" زۆربەی ئەو پرۆژانە دراوە بە خەڵكانی نا پرۆفیشناڵ كە كۆمپانیای بیناساسازی و ئەزمون و مێژویەكیان نەبووە لە بواری بیناسازیدا"

فەرمان غەریب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات ئێمە تەنها مامەڵە لەگەڵ نوسراو دەكەین،ئەوان كە دێنە ئێرە ناوی خۆیان لەسەر كاغەزەكانە، بۆیە ئێمە نازانین ئەو بەرپرسانە كێن كە پشكیان هەیە لەكارەكەدا، ئەوە رێكەوتنی كەسەكان خۆیانە لە دەرەوە.
بەڵام ئەو نایشارێتەوە كە زۆر جار كەسەكان بڕوایان وایە ئەگەر دۆستایەتی یان هاوبەشی لەگەڵ كەسێكی دەسەڵاتدار نەبێت پێی وایە كارەكانی ناڕوات و كێشەی بۆ دروست دەكرێت.

" هیچ كەسێك فشاری لێ‌ نەكردووم بۆ ئەوەی مۆڵەتی پرۆژەیەك بدەم ئەگەر بەرپرسێكیش پەیوەندی كردبێت وتویەتی بەپێی یاسا هاوكاری فڵان كەس بكەن،من خۆم فشار قبوڵ ناكەم لە هیچ كەس، پێم وتون ئەو بەرپرسەی ئەیەوێت كارێكی نایاسایی بكرێت با خۆی نوسراوی رەسمی بكات و بەرپرسیارێتیەكەی لە ئەستۆ بگرێت" فەرمان غەریب بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی وایووت.

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات ئەو جۆرە دەوڵەمەندبونەی بەهۆی كەرتی نیشتەجێ بونەوە هاتۆتە ئاراوە دەوڵەمەندیەكی نائاسایی و ناسروشتی و نا دادپەروەرانەیە.

ئەو دەڵێت"ئەمانە بەبێ‌ ئەوەی یەك دینار خەرج بكەن.پرۆژەیەكیان وەرگرتوە كە بە پارەی حكومەت و خەڵك كراوە، زەویەكەشیان بەخۆڕایی وەرگرتوە. ئەمە بۆتە هۆكاری هەڵتۆقینی چەندین دەوڵمەند بەشێوەیەكی زۆر خێرا،چونكە لەدنیادا نەبووە لە سفرەوە ببیتە دەوڵەمەند، پارە پارەپەیدادەكات، كەتۆ پارەت پێ نەبێت چۆن دەوڵەمەند دەبیت؟، ئەمە نیشانەی پرسیاری لەسەرە.لە هیچ شوینیكی دونیادا رونادات كەسێك هیچی نەبێت و دەوڵمەند بێت".

جێگری سەرۆكی ژوری بازرگانی دەڵێت" ئێمە ئەم كەسانە بە دەوڵەمەندی راستەقینە نازانین كۆمەڵێك دەوڵەمەندی هەڵتۆقیون كە پرۆژەكانی نیشتەجێبون دروستی كردون"

،،

"وڵاتێكی وەكو هەرێمی كوردستان بۆتە شوێنی سپیكردنەوەی پارەی لوبنان و كۆمەلێك وڵاتانی دیكە. سپیكردنەوەی پارەش لەم جۆرە كارانە دەبێت.پارەی پیسی وڵاتان پاك دەكرێتەوە بەناوی كەرتی نیشتەجێ‌ بونەوە".

سەرۆكی سەندیكای ئابوریناسانی كوردستان سەبارەت بەو پارانەی لە كەرتی نیشتەجێبوندا بەدەستهاتوە دەڵێت"تەئكیدم لەوەی كە ئەو پارانە پارەیەكی پیسە "
ئەو ئاماژە بەوە دەكات "وڵاتێكی وەكو هەرێمی كوردستان بۆتە شوێنی سپیكردنەوەی پارەی لوبنان و كۆمەلێك وڵاتانی دیكە. سپیكردنەوەی پارەش لەم جۆرە كارانە دەبێت.پارەی پیسی وڵاتان پاك دەكرێتەوە بەناوی كەرتی نیشتەجێ‌ بونەوە".

ترسی ئەوەهەیە دەركەوتنی ئەم سەرمایەدارە نوێیانە و پارەكانیان لەبری ئەوەی كە گەشەی ئابوری و ئاوەدانی لە وڵاتدا زیاد بكات، رۆڵیان هەبێت لە شێواندنی بازاڕی ئابوری هەرێمی كوردستاندا.
د.عیزەت سابیر دەڵێت"ئەم دەوڵەمەندە تازانە ناگەڕێن بەدوای پرۆژەیەكدا موجازەفەی تێدا بێت و چانسی قازانجی كەم بێت، سەرمایەكەی خۆیان ناخەنە

مەترسیەوە.ئەو پارەیەی دەستیان دەكەوێت یان لای خۆیان هەڵیدەگرن و یان دەیبەنە دەرەوەی هەرێم پرۆژەی پێدەكەن"

سەرۆكی سەندیكای ئابوریناسانی كوردستان گومانی خراپتری هەیە سەبارەت بەو سەرمایەبەی بەهۆی كەرتی نیشتەجێبونەوە كەڵەكە بووە
ئەو،دەڵێت" بەهۆی فرتوفێڵی كڕینی مەوادی سەرەتاییەوە ئەو پارەیەی دەستیان كەوتوە ناردویانەتە دەرەوە . واتە پارەی قورسی وڵاتەكەیان بردۆتە دەرەوە ، بەوهۆیەشەوە زیانیكی زۆریان لە بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان داوە".