فەیلەسوفە گۆڵپارێزەکە ئەلبێرت کامۆ، ئەو فەیلەسوفەی هەژاری کردی بە گۆڵچی

عیشق و خۆشەویستییەکی لەڕادەبەدەری هەبوو بۆ تۆپی پێ.
2022-12-15

سالار مەحمود

 خۆی بە قەرزاری تۆپی پێ دەزانێت و لە زۆرینەی نووسین و ڕۆمانەکانیدا باس و خواسی یاری تۆپی پێ ئامادەیی هەیە.

فیکرو فەلسەفەو خەڵاتی نۆبڵ نەیانتوانی ئەو لە دونیای تۆپی پێ داببڕن، لەدوای ئەوەشی کە خەڵاتی " نۆبڵ"ی وەرگرت، ناو یاریگایەکی تۆپی پێ و نێو ئاپۆرای جەماوەری دیاریکرد بۆ ئەو کەناڵە تەلەفیزیۆنییەی کە دەربارەی وەرگرتنی خەڵاتەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرد.
 ئەلبێرت کامۆی فەیلەسووفی فەڕەنسی، لە ساڵی ۱۹۱۳ لە گوندی " زرعان" نزیک لە پایتەختی جەزائیر، لە باوکێکی فەڕەنسی و دایکێکی ئیسپانی لە دایکبووەو ساێک لەپاش هاتنە دنیای، باوکی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دەکوژرێت.
 هەرچەندە لە ژینگەیەکی زۆر هەژاردا، لە دایکبووەو گەورە بووە، بەڵام هەر زوو ئاوێزان و عاشق بە دونیای تۆپی پێ دەبێت و وەکو یاریزانێکی هەڵکەوتوو دەردەکەوێت.
بەهۆی ئەو هەژارییە سەختەی کە تێیدا ژیاون، هەرکاتێک کامۆ دەگەڕایەوە ماڵەوە داپیرەی تەماشای پێڵاوەکانی دەکرد تا بزانێت بەهۆی یاریکردنەوە هیچیان لێنەهاتووەو نەدڕاون.
ــ سەبارەت بە پاراستنی  پێڵاوەکانی، ئەو بەردەوام لەژێر چاودێری و هەڕەشەی داپیرەیدا بووە، هەر بۆیە ئەوە وایلێدەکات کە لە پێناو سەلامەتی و پاراستنی پێڵاوەکانیدا، واز لەیاریکردن بێنێت و لەهێرشبەرەوە ببێتە گۆڵپارێز.
بە پشت بەستن بە دەستەکانی و بوونی بە گۆڵپارێز، هەم خۆی لە هەڕەشەکانی داپیرەی پاراست و هەم لەیاریکردنیش دا نەبڕا. 

 

ــ سەرباری ئەوەی کە هەژاری ئەلبێرت کامۆی فەیلەسووفی کردە گۆڵپارێز، هاوکات بۆ ئەوەی داپیرەو خێزانەکەی ڕێگەی یاریکردنی لێنەگرن، هەر لە منداڵییەوە دەستی بەکاری پاککەرەوە کردو بەوەش هەم یارمەتی خێزانە هەژارەکەی دەداو هەم بەو ڕێگەیەش توانی لەگەڵ مەعشوقەکەیدا کە تۆپی پێیە بەردەوام بێت.
 ئەلبێرت کامۆ، لە ساڵی ۱۹۳٦دا کۆلێژی ئەدەبیات بەشی فەلسەفە لەزانکۆی جەزائیر تەواو دەکات و لەسەردەمی خوێندنی زانکۆشدا، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی زانکۆکەی دەبێت.
ئەو فەیلەسووف و ڕۆماننووس و  ئەدیب و شاعیر بوو، لە ساڵی ۱۹٥۷ خەڵاتی " نۆبڵ"ی بۆ ئەدەب پێبەخشرا، کاتێک تەلەفیزیۆنی فەڕەنسی داوای چاوپێکەوتنیان لێکرد، ئەو یاریگای " پارک دی پرێنس"ی دیاریکرد بۆ ئەوەی لەنێو ئاپۆرای هاندەرانی هەردوو یانەی " ڕاسینگ" و " مۆناکۆ"وە قسەیان دەربارەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵەوە بۆ بکات.

هەژاری و گۆڵپارێزی، ڕۆڵی گەورەیان گێڕا لە نەخشاندنی بیرو دونیابینی ئەلبێرت کامۆی فەیلەسوفداو، خۆی دەڵێت گۆڵپارێزی ئەوەی لا بەرجەستە کردم کە بە بردنەوە مرۆڤ نابێتە پاڵەوان و بە دۆڕاندنیش نابێتە کارەکتەرێکی بێزراو، ئەو دەشڵێت، گۆڵپارێزی فێری کردم کە ژیان پێوویستی بە تێڕامان و ئاوڕلێدانەوە هەیە.

 ئەلبێرت کامۆ، بەردەوام لە نووسینەکانیدا ستایشی یاری تۆپی پێدەکات و پێیوایە شانۆو یاریگای تۆپی پێ باشترین و ڕاستەقینەترین زانکۆن و لایشیوابووە کە تۆپی پێ رۆشنبیرییەکی گەورەو راستەقینەی بۆ جیهان پێیە کە هیچی کەمتر نییە لە ئەدەبیات و شیعر و سینەما.

 ئەلبێرت کامۆی فەیلەسووف و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، بەهایەکی باڵاتر بە تۆپی پێ دەبەخشێت و لە ئاستێکی باڵادا ستایشی دەکات و دەڵێت: من قەرزاری تۆپی پێم، هەموو ئەوەی لەبارەی ڕەوشت و پابەندبوونەوە فێری بووم و دەیزانم لە تۆپی پێوە فێربووم"