-
- ڤیدیۆ
نەشتەرگەرییەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ژن و پیاوێک هەرای ناوەتەوە
دیپلۆماتیک - گەرمیان مەحمود
مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە رووداوێکی دەگمەندا نەشتەرگەری دڵ بۆ دوو نەخۆش دەکات و ژیانیان لە مردن رزگار دەکات..
مەسعود پزیشکیان، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیدا زیاتر لە ١٦ ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، گەڕایەوە بۆ پیشەکەی پێشووی کە پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵە و یەکێکە لە پزیشکە ناودارەکانی ئێران بۆ نەشتەرگەری دڵ..
ئەو هەرچەندە ئێستا سەرۆککۆماری ئێرانە، بەڵام جارێکی دیکە بۆ چەند کاتژمێرێک وازی لە سەرۆکایەتیی وڵات و سیاسەت و رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا هێنا و جلە دیپلۆماسییەکانی دانا ئەو جلانەی لەبەرکرد کە پێشتر بۆ ژووری نەشتەرگەری لەبەری کردبوون.
پزیشکیان لە نەخۆشخانەیەکی تەبرێز چووە بەشی نەخۆشییەکانی دڵ و نەشتەرگەریی دڵی بۆ پیاوێکی تەمەن ٤٦ ساڵ ئەنجامدا و دوی ئەویش نەشتەرگەری دڵی بۆ ژنێکی تەمەن ٣٦ ئەنجامدا و ئێستا هەردووکیان لە چاودێری چڕ دەرهێنراون و تەندروستییان زۆر باشە..
پێشتر رانەگەیەندرابوو کە سەرۆککۆماری ئێران نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکان دەکات، وەک ئەوەی میدیا لە خۆی کۆ بکاتەوە و رووماڵی نەشتەرگەرییەکان بکەن، بەڵکو لە دوای نەشتەرگەرییەکە، چەند وێنەیەکی مەسعود پزیشکیان لەگەڵ تیمی پزیشکی و کەسوکاری نەخۆشەکان بڵاوکرایەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و وەک کارێکی دەگمەن باسدەکرا..
وێنەکان لە تەواوی ئێران و ناوچەکە دەنگی داوەتەوە و هەمووان ستایشی دەکەن بەوەی کە وازی لە بەڕێوەبردنی وڵات هێناوە و ژیانی دوو کەسی لە مردنی رزگار کردووە.
2025-05-24